





























Hadeeth Cards
Da'wa cards that highlight great meanings from the noble prophetic hadiths in a simple style and attractive display that helps the Muslim to have a deeper understanding of his religion in an easy way
All
لە عروەى کوڕی زوبەیرەوە، کە عائیشە -ڕەزاى خواى لێبێت- دەڵێت: «پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ماچی هەندێک لە خێزانەکانى کرد، پاشان دەرچوو بۆ نوێژکردن ودەستنوێژی نەگرت». عروە دەڵێت: ووتم: ئەو خێزانەیە کێیە، ئەگەر تۆ نەبیت؟ ئەویش (عائیشە) پێکەنى.
ئیبنو ماجه گێڕاویەتیەوە - تورموذی گێڕاویەتیەوە - نەسائی گێڕاویەتیەوە - ئیبنوداود گێڕاویەتیەوە - ئەحمەد گێڕاویەتیەوەعائیشە -ڕەزاى خواى لێبێت- باسی ئەوە دەکات کە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ماچی یەکێک لە خێزانەکانى کرد، وپاشان چوو بۆ نوێژکردن ودەستنوێژی نەگرت. وعروە -ڕەزاى خواى لێبێت- کە ئەم فەرموودەیەی گێڕاوەتەوە لە عائیشەوە -ڕەزاى خواى لێبێت- لەم فەرموودەیە تێگەیشت وزانی ئەو خێزانەی لەم فەرموودەیەدا باسکراوە عائیشەیە -ڕەزاى خواى لێبێت-. پاش ئەوەى پێی ووت عائیشە -ڕەزاى خواى لێبێت- پێکەنی ئەمیش وەکو دانپێدانانێک بۆ تێگەیشتنی لەم فەرموودەیە. (ودەستنوێژی نەگرت): وئەمیش بنچینەیە، ئەگەر پیاو دەست لە خێزانی بدات وماچی بکات دەستنوێژی ناشکێت بەهیچ شێوەیەک، ئەگەر بە شەهوەتەوە بێت یان بێ شەهوەت؛ چونکە بنچینە مانەوە وبەردەوامی دەستنوێژە، بۆیە نابێت بووترێت دەستنوێژ دەشکێت مەگەر بە بەڵگەیەکی یەکلاکەرەوە بێت، وهیچ بەڵگەیەک نییە لەوەی دەستدان لە ئافرەت دەستنوێژ دەشکێنێت وبنچینەیە مانەوەى دەستنوێژەکەیە، وسەبارەت بەو ئایەتە کە خواى گەورە دەفەرموێت: {أَوۡ لَامَسْتُمُ ٱلنِّسَآءَ}[النساء: 43]، واتە: {یان جووت بوون لەگەڵ خێزانەکانتاندا}، ڕای پەسەند ئەویە: ئەم ئایەتە مەبەست لێی جیماع کردنە ولە خوێندنەوەیەکی تردا، {أَوۡ لَمستم ٱلنِّسَآءَ}، واتا مەبەست جیماع کردنە، هەروەکو ئیبن عەباس وکۆمەڵێک لە زانایان فەرموویانە. چونکە زۆرجار ماچکردنی هاوسەر بە شەهوەتەوەیە، وئەمیش بەڵگەیە بۆ ئەوەى کە دەستلێدان لە هاوسەر بە شەهوەتەوە دەستنوێژ ناشکێنێت، مەگەر ببێتە هۆی هاتنە خوارەوەى مەنی* يان مەزی**؛ ئەوا لێرەدا دەستنوێژ دەشکێت، ئەگەر مەنی دەربچێت پێویستە خۆی بشوات (غوسڵ) بکات ودەستنوێژ بگرێتەوە، وئەگەر مەزی دەربچێت پێویستە تەنها ئەندامی زاوزێ وگونەکان بشوات ودەستنوێژ بگرێتەوە. *(مەنی: ئاوێکی سپی لینجە وبۆنێکی بەهۆی شەهوەتەوە یان پاش جیماع کردن لە ئەندامی زاوزێوە دەردەچێت)، **(مەزی: ئاوێکی بێ ڕەنگی لینجە وبۆنی نیە زۆر جار پێش جیماع کردن بە هۆی شەهوەتەوە لە ئەندامی زاوزێوە دەردەچێت).
لە تەڵقی کوڕی عەلیەوە -ڕەزاى خواى لێبێت- دەڵێت: هاتین بۆ لای پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم-، پیاوێک هات کە بە پیاوێکی بەدەوی* دەچوو، ووتی: ئەی پێغەمبەری خودا، چی دەڵێیت سەبارەت بە کەسێک دەست لە ئەندامی نێرینەى بدات پاش دەستنوێژگرتن؟ -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: «ئایا هیچ شتێکی ترە جگە لە بەشێک لە خۆی»، یان فەرمووی: «بەشێکە لە خۆی». *(بەدەوی: واتا عەرەبێک لە دەشتدا بژێت لە دەرەوەى شار وگوند)
تورموذی گێڕاویەتیەوە - نەسائی گێڕاویەتیەوە - ئیبنوداود گێڕاویەتیەوە - ئەحمەد گێڕاویەتیەوەواتاى فەرموودەکە: (چی دەڵێیت سەبارەت بە کەسێک دەست لە ئەندامی نێرینەى بدات پاش دەستنوێژگرتن؟): واتا شەریعەت چی واجب کردووە ئەگەر کەسێک دەست لە عەورەتی بدات پاش دەستنوێژگرتن (بە ڕاستەوخۆ دەست لە پێستی عەورەت بدات بێ ئەوەى هیچ پارچە قوماشێک لە نێوان هەبێت)، ئایا ئەم کەسە هیچ شتێکی لەسەر هەیە؟ ولە ریوایەتی (أحمد)دا هاتووە: (الرَّجُل يَمَسُّ ذَكَرَه في الصلاة عليه الوضوء؟ قال: لا إنما هو مِنْك) واتە: (ئەگەر پیاوێک دەست لە عەورەتی بدات لە کاتى نوێژدا، ئایا دەبێت دەستنوێژ بگرێتەوە؟ -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: نەخێر، ئەوە بەشێکە لە خۆت). وپاشان پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی:(«ئایا هیچ شتێکی ترە جگە لە بەشێک لە خۆی»، یان فەرمووی: «بەشێکە لە خۆی»): واتا عەورەت (دامێن -ئەندامی نێرینە ومێینە-) وەکو ئەندامەکانى تری لاشەیە، ئەگەر کەسێک دەستنوێژی هەبێت دەست لە پێی یان لووتی بدات ئەوا دەستنوێژی ناشکێنێت بەهەمان شێوە ئەگەر دەست لە عەورەتی بدات دەستنوێژی ناشێکت، وئەم فەرموودەیە یان ئەوەتا حوکمی لاچووە وهەڵوەشێندراوەتەوە (نەسخ بووەتەوە) یان ئەوەتا بە ماناى دەستلێدان لە عەورەت دێـت لە پشت قوماشەوە (لە پشت ئەو جلەی لەبەرکراوە) ئەگەر بە شەهوەتەوە نەبێت، بەڵام ڕاستەوخۆ دەستلێدان لە پێستی عەورەت (ئەندامی نێرینە یان مێینە) دەستنوێژ دەشکێنێت، هەروەکو لە فەرموودەی تردا هاتووە, وزانايان فەرموویانە: سەبارەت بە نێرینە دەستدان لە ڕانەکان وگونەکان وئەوەى لە دەوروپشتی ئەندامی نێرینەیە دەستنوێژ ناشکێنێت ئەگەر بە شەهوەتەوە نەبێت.
لە ئەنەسەوە -ڕەزاى خواى لێبێت- دەڵێت: تێپەڕبوون بە لای جەنازەیەکدا، و وەسفی خێر وچاکەیان کرد، پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: «مسۆگەر بوو»، وپاشان بە لای جەنازەیەکی تردا تێپەڕبوون، و وەسفی شەڕ وخراپەیان کرد، پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: «مسۆگەر بوو»، عومەری کوڕی خەتاب -ڕەزاى خواى لێبێت- ووتی: چی مسۆگەر بوو؟ -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: «ئەمە وەسفی خێر وچاکەیتان کرد، بۆیە بەهەشتی بۆ مسۆگەر کرا، وئەوی تر وەسفی شەڕ وخراپەیتان کرد، بۆیە دۆزەخی بۆ مسۆگەر کرا، ئێوە شاهێدیدەری خودان لەسەر زەوی».
بوخاری و موسلیم هاوڕان لەسەریهەندێک لە هاوەڵان تێپەڕبوون بە لای جەنازەیەکدا شاهێدی خێر وپابەندبوونیان بە شەریعەتی خوداوە بۆی دا، کاتێک پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ستایشەکەیانی بیست، فەرمووی: (مسۆگەر بوو)، پاشا تێپەڕ بوون بە لای جەنازەیەکی تردا، شاهێدی خراپەیان بۆی دا، پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: (مسۆگەر بوو)، عومەری کوڕی خەتاب -ڕەزاى خواى لێبێت- ووتی: واتاى (مسۆگەر بوو) چییە لە هەردوو حاڵەتەکەدا (شوێنەکەدا)؟ پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: ئەوەى شاهێدی خێر وچاکەکاری وپابەندبوونتان (ئیستیقامەتتان) بۆی دا؛ ئەوا بەهەشتی بۆ مسۆگەر بوو، وئەوەى شاهێدی خراپەتان بۆی دا؛ دۆزەخی بۆ مسۆگەر بوو، ولەوەیە بە مونافیقی ودوو ڕوویی بەناوبانگ بێت. پاشان پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- هەواڵی ئەوەى دا کە هەرکەسێک کۆمەڵێک مسوڵمانی ڕاستگۆ وچاکەکار شاهێدی بۆ بدەن کە شایستەی چوونە بەهەشتە یان شایستەی چوونە دۆزەخە؛ ئەوا لە ڕاستیدا بە گوێرەی ئەو شاهێدیە دەبێت. ئەم شاهێدی دانە بە پێی حاڵی زۆرینە وکردەوە ئاشکراکانى مرۆڤەکانە ولەوەیە کەسێک لە کۆتا ساتەکانى ژیانی تەوبە بکات وکەس پێی نەزانێت یان کەم کەس پێی بزانن، یان لەوەیە بە پێچەوانەوە لە ڕێگای ڕاست لابدات وکەس پێی نەزانێت یان کەم کەس پێی بزانن؛ وخەڵکە چاکەکارە بەم حاڵەتە شاراوەى نەزانن وشاهێدی بۆ بدەن بەڵام شاهێدیەکیان پێچەوانەى ڕاستی حاڵەتی ئەو کەسەی بێت لە پاش مردن.
لە سائیبی کوڕی یەزیدەوە -ڕەزاى خواى لێبێت- دەڵێت: لە ناو مزگەوتدا بووم وپیاوێک بەردێکی پێمدا کێشا، سەیرم کرد عومەری کوڕی خەتابە -ڕەزاى خواى لێبێت-، ووتی: بانگی ئەوا دووانەم بۆ بکە، بانگیانم کرد وهێنامن بۆ لای، ووتی: خەڵکی کوێن؟ ووتیان: خەڵکی تائیفین، ئیمامی عومەر -ڕەزاى خواى لێبێت- فەرمووی: «ئەگەر خەڵکی شار بوونایە، ئەوا بە لێدان ئازارم پێتان دەگەیاند، دەنگتان بەرز دەکەنەوە لە مزگەوتی پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- !».
بوخاری گێڕاویەتیەوەسائیبی کوڕی یەزید -ڕەزاى خواى لێبێت- باسی ڕووداوێک دەکات کە ئامادەی بینینی بووە، ئەویش ئەوەیە دوو پیاو لە کاتی قسەکردنیاندا دەنگیان بەرز دەکردەوە لە مزگەوتی پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم-؛ بۆیە عومەری کوڕی خەتاب -ڕەزاى خواى لێبێت- گوێی لێیان بوو وبەردێکی وردی کێشا بە سائیبی کوڕی یەزیددا بۆ ئەوەى بانگی ئەو دوو پیاوە بکات. سائیب ووتی: دوو پیاوەکەم هێنا، وعومەری کوڕی خەتاب پرسیاری لێیان کرد: ئێوە خەڵکی کوێن؟ ووتیان: خەڵکی تائیفین. ئیمامی عومەر ووتی: ئەگەر خەڵکی ئەم شارە بوونایە (واتا: خەڵکی مەدینە بوونایە) سزام دەدان ولێتانم دەدا، چۆن دەنگتان بەرزدەکەنەوە لە مزگەوتی پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم-! وکاتێک خەڵکی شاری مەدینە نەبوون، عوزر وبیانووی بۆ هێنانەوە بەهۆی نەزانینیان؛ چونکە زۆرجار کەسێک حاڵی وەکو حاڵی ئەم دوو کەسە بێت ئەوا حوکمە شەرعییەکانى لە لا شاراوەیە ونایزانێت.
لە مەعدان کوڕی ئەبی تەڵحەی یەعمەریەوە -ڕەحمەتی خوای لێبێت- دەڵێت: لە ڕۆژی جومعەدا عومەری کوڕی خەتاب -ڕەزاى خواى لێبێت- وتاری دەدا ولە وتارەکەیدا فەرمووی: «ئەی خەڵکینە، ئێوە لە دوو ڕووەک دەخۆن کە وا دەبینم ئازاردەرن: پیاز، وسیر. پێغەمبەرم بینی -صلى اللە علیە وسلم- ئەگەر بۆنیانی بکردایە لە پیاوێکەوە؛ فەرمانی دەکرد، بۆیە پیاوەکە دەردەکرا بەرەو ناوچەی بەقیع، هەرکەسێک ویستی بیانخوات (با بۆنەکەیان لابەرێت) ئەویش بە چاک لێنانیان -کوڵاندنیان-».
موسلیم گێڕاویەتیەوەعومەری کوڕی خەتاب -ڕەزاى خواى لێبێت- باسی ئەوە دەکات هەرکەسێک ئامادەی وتار دەبێت با لە دوو ڕووەکی ئازاردەر نەخوات کە مەبەستی لێرەدا سیر وپیازە، وعەرەب هەرشتێکی حەزی لێ نەبێت لە قسە وکردەوە وپارە وخواردن وخەڵکی پێی دەڵێن (خبیث) کە بە ماناى پیس دێت بەڵام مەرج نییە لە بنەڕەتدا ئەو شتە پیس بێت کە لە فەرموودەکەدا ئەم وشەیە بەکارهاتووە. وهەروەها -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: (من أكل من هذه الشجرة المُنْتِنَة، فلا يَقْرَبَنَّ مسجدنا) واتە: (هەرکەسێک لەم دارە بۆن ناخۆشەی خوارد؛ ئەوا با نزیکی نەبێتەوە لە مزگەوتەکانمان) [رواه مسلم]. (سیر وپیاز): وهەر خواردنێک یان شتێکی تر کە بۆنی ناخۆشی هەبێت وەکو لە فەرموودەی تردا تەڕەپیاز (الکراث) هاتووە وهەروەها ترپ وتوتن وجگەرە وجگە لە ئەمانە، ولێرەدا باسی سیر وپیاز کراوە چونکە بە زۆری دەخورێن. (پێغەمبەرم بینی -صلى اللە علیە وسلم- ئەگەر بۆنیانی بکردایە لە پیاوێکەوە؛ فەرمانی دەکرد، بۆیە پیاوەکە دەردەکرا بەرەو ناوچەی بەقیع): پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- تەنها لە مزگەوت دەری نەدەکرد بەڵکو دووری دەخستەوە بۆ ناوچەی بەقیع ئەمیش وەکو سزایەک بۆی بەهۆی ئەوەى ئازاری مسوڵمانان وفریشتەکان دەدات، چونکە فریشتەکان تووشی ئازار دەبن بەهۆی شتێکەوە کە مرۆڤ ئازار بدات هەروەکو لە فەرموودەی تردا هاتووە. («هەرکەسێک ویستی بیانخوات -با بۆنەکەیان لابەرێت- ئەویش بە چاک لێنانیان -کوڵاندنیان-»): واتا هەرکەسێک حەزی کرد بیانخوات ئەوا بیانکوڵێنێت لە ناو چێشتدا -لێی بنێت- چونکە کوڵاندنیان وتێکەڵ بوونیان لە گەڵ خواردنی سەر ئاگر بۆنەکەیان ناهێڵێت بەڵام ئەگەر بە کاڵی بخورێن بۆنیان ئازاردەر دەبێت، وئەگەر بۆنە ناخۆشەکەى نەما ئەوا دروستە کەسەکە ئامادەی مزگەوت بێت چونکە هۆکارەکە نەماوە -کە بۆنە ناخۆشەکەیە-، وهەروەها لە گێڕانەوەیەکی تردا -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: (إن كنتم لا بد آكليهما فأميتوهما طبخاً) واتە: (ئەگەر هەر دەتانەوێت بیخۆن؛ ئەوا بۆنەکەیان مەهێڵن ئەویش بە لێنانیان -کوڵاندنیان وتێکەڵکردنیان لەگەڵ خواردنی تری سەر ئاگر-) [رواه أبو داود]. کوڵاندنیان لەسەر ئاگر -لێنیان- هۆکارە بۆ لابردنی بۆنە ناخۆشەکەى بۆیە ڕێگەپێدراوە بە چوونە نێو مزگەوت بۆ نوێژکردن یان بۆ هەر مەبەستێکی تر، بەڵام ئەگەر کاتی نوێژ کردن نەبوو؛ ئەوا ئاساییە بە کاڵی بخورێن بەڵکو فەرمانکراوە بە لێنانیان بۆ لابردنی بۆنەکەى چونکە ئازاردەرە.
لە بورەیدەوە -ڕەزای خوای لێبێت- کە پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «هەرکەسێک سوێندی خوارد، و ووتی: من پەیوەندیم بە ئیسلامەوە نەماوە وبەریئم لێی، ئەگەر درۆ بکات؛ ئەوا خۆی بەو شێوەیە کە وتوویەتی، وئەگەر ڕاست بکات؛ ئەوا بە سەلامەتی ناگەڕێتەوە بۆ ئیسلام (پابەندبوونی بە ئیسلامەوە ناکامڵ دەبێت)».
نەسائی گێڕاویەتیەوە - ئیبنوداود گێڕاویەتیەوە - ئەحمەد گێڕاویەتیەوەهەرکەسێک سوێندی خوارد، و ووتی: ئەو بەریئە وپەیوەندی بە ئیسلامەوە نەماوە، یان ووتی: جولەکەیە یان نەسڕانیە یان کافرە یان مولحیدە، باسی ئەم کەسە لە دوو حاڵ تێپەڕ ناکات: 1/ ئەگەر درۆ بکات لە ئەو شتەی سوێندی لەسەر خوارد، بۆ نمونە سوێند بخوات وبڵێت: ئەو بەریئە وپەیوەندی بە ئیسلامەوە نەماوە ئەگەر ئاوا وئاوا ڕووبدات، ولە کاتێکدا درۆ دەکات لەو باسەی دەیگێڕێتەوە، بۆ نمونە ئەگەر سوێند بخوات لەسەر ئەوەى کە زەید ئەمڕۆ لە سەفەر گەڕاوەتەوە وبەریئە وپەیوەندی بە ئیسلامەوە نەماوە یان بڵێت جولەکە یان نەسڕانیە ئەگەر ئەم ڕووداوە بەم شێوەیە نەبێت (زەید نەگەڕابێتەوە)، ولە کاتێکدا خۆی دەزانێت درۆ دەکات، ئەوا لەم حاڵەتەدا خۆی بەو شێوەیە کە وتوویەتی پەیوەندی بە ئیسلامەوە نەماوە یان بووەتە جولەکە یان نەسڕانی. 2/ ئەگەر ڕاستگۆ بێت لەوەى دەیڵێت، هەروەکو ئەوەى سوێند بخوات لەسەر ئەوەى پەیوەندی بە ئیسلامەوە نەماوە یان جولەکەیە یان نەسڕانییە ئەگەر زەید ئەمڕۆ لە سەفەر گەڕابێتەوە ولەکاتێکدا سوێندەکەى ڕاست بێت، لەم حاڵەتەدا بە سەلامەت وکامڵی ناگەڕێتەوە بۆ ئیسلام (پابەندبوونی بە ئیسلامەوە ناکامڵ دەبێت) ودیندارییەکەى ناکامڵ دەبێت، هەروەکو پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- فەرموویەتی، بەڵکو کامڵی وتەواوى ئیسلامەتیەکەى کەم دەکات بەهۆی ئەم قسەیەی کە وتەیەکی خراپ وناشیرینە ونیشانەى بێئاگایی وگەمژەیی ئەو کەسەیە کە ئەم جۆرە سوێندانە دەخوات.
لە ئەبی سەعیدی خودریەوە -ڕەزای خوای لێبێت- دەڵێت: پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- لە کاتى نوێژی جەژنی قوربان یان جەژنی ڕۆژووشکاندن (جەژنی ڕەمەزن) دەرچوو بەرەو شوێنی نوێژکردن، وبە لای ئافرەتاندا تێپەڕی، وفەرمووی: «ئەی كۆمەڵەی ئافرەتان خێر بكەن چونكە پێم نیشاندرا زۆرینەی خەڵكی دۆزەخ لە ئێوەن»، ووتیان: بۆچی ئەی پێغەمبەری خودا؟ فەرمووی: «نەفرەت زۆر دەكەن، وزۆر سپڵەن بەرامبەر مێردەكانتان، وکەم ئەقڵ وكەم ئاینداری نەبینیووە کە دەست بەسەر ئەقڵی پیاوێكی ژیر وهۆشمەند بگرێت وەکو ئێوە». ووتیان: كامە کەمی ئاینداری وئەقڵمانە ئەی پێغەمبەری خودا؟ فەرمووی: «ئایا شاهێدی دانی ئافرەت بە ئەندازەی نیوەی شاهێدی دانى پیاو نییە؟». ووتیان: بەڵێ، فەرمووی: «ئەوە لەبەر کەمی ئەقڵە، ئەگەر تووشی سووڕی مانگانە بێت؛ واز لە نوێژ وڕۆژوو ناهێنێت؟»، ووتیان بەڵێ، فەرمووی: «ئەوە کەمی ئاینداریەتی».
(البخاري ومسلم) هاوڕان لەسەریپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- لە ڕۆژێكی جەژندا دەرچوو بەرەو شوێنی ئەنجامدانی نوێژی جەژن، وپەیمانی بە ئافرەتان دابوو بەوەی بەتایبەت ئامۆژگاریان بكات، وپەیمانەكەی جێبەجێكرد، وفەرمووی: ئەی ئافرەتان خێر بكەن، وزۆر داوای لێخۆشبوون بكەن؛ ئەمانە لە گەورەترین هۆكارەكانی سڕینەوەی گوناهەكانن، چونكە من ئێوەم بینی لە شەوی شەوڕەویدا زۆرینەی خەڵكی دۆزەخ بوون. ئافرەتێك كە ژیر ودانا وڕێزدار دیاربوو؛ ووتی: بۆچی ئەی پێغەمبەری خودا ئێمە زۆرینەی خەڵكی دۆزەخین؟ فەرمووی: بەهۆی چەند شتێك: ئێوە زۆر جوێن دەدەن وزۆر نەفرەت دەكەن، وسپڵەن بەرامبەر مێردەكانتان. پاشان پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- وەسفی كردن: هیچ خاوەن ئەقڵ ودینداریەكی لاوازی وەكو ئێوەم نەبینیووە زاڵ بێت بەسەر پیاوی ژیر وئاقڵ وبڕیاردەر وخۆگر. ووتی: ئەی پێغەمبەری خودا، بۆچی ئەقڵ ودینداریمان لاوازە؟ فەرمووی: لاوازی ئەقڵ لەوەدایە كە شاهێدی دانی دوو ئافرەت بەهێندەی شاهێدی دانی یەك پیاوە؛ ئەمە بەهۆی لاوازی ئەقڵێتی، ولاوازی دینداری هۆكارەكەی كەمی ئەنجامدانی كردەوەی چاكە كە چەند شەو وڕۆژ نوێژ ناكات بەهۆی سووڕی مانگانەوە، وچەند ڕۆژ لە مانگی ڕەمەزان بەڕۆژوو نابێت بەهۆی سووڕی مانگانەوە؛ ئەمە لاوازی دینداریەتی، بەڵام ئەوان لۆمە ناكرێن ولێپرسینەوەیان لێناكرێت بەهۆی ئەمەوە؛ چونكە سروشتی خوڵقاندنیان بەم شێوەیە، هەروەكو چۆن مرۆڤ خوڵقێنراوە لەسەر خۆشویستنی پارە وسامان و بەپەلەیە لە كاروبارەكانیدا...هتد، بەڵام پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- هۆشداریدا سەبارەت بەم شتانە وەكو ئاگاداریەك بۆ پیاوان لە تووشبوون بە فیتنە بەهۆیانەوە.
لە دایکی عەتیەوە -ڕەزای خوای لێبێت- كە بەیعەتی دابوو بە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ؛ دەڵێت: «دەستوورمان وابوو لە پاش پاکبوونەوە لە بێنوێژی: لێڵاو وزەرداومان بە هیچ دانەدەنا (گوێمان پێی نەدەدا)».
رواه أبو داود بهذا اللفظ ورواه البخاري بدون زيادة (بعد الطهر)هاوەڵی بەڕێز دایکی عەتیە -ڕەزای خوای لێبێت- باسی ئەوەمان بۆ دەكات كە ئافرەتان لەسەردەمی پێغەمبەردا -صلى اللە علیە وسلم- ؛ پاش بینیی پاكبوونەوە لە سوووڕی مانگانە، ئەو ئاوەی لە ئەندامی زاوێی ئافرەتەوە دەردەچوو -كە ڕەنگی مەیلەو ڕەش یان زەردە- گوێیان پێی نەئەدا و بە سووڕی مانگانە حسێبان نەدەكرد ، بۆیە وازیان لە نوێژكردن وڕۆژگرتن نەدەهێنا بەهۆی ئەم ئاوە.
لە عائیشەوە (دایكی ئیمانداران) -ڕەزای خوای لێبێت- دەڵێت: ئوم حەبیبەی كچی جەحش كە خێزانی عبد الرحمن كوڕی عەوف بوو؛ سكاڵای بۆ لای پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- هێنا سەبارەت بە بەردەوامی خوێن دەرچون، ئەویش -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: «-نوێژ مەکە و- چاوەڕێ بکە هەتا ماوەى ئاسایی سووڕی مانگانەکەت تەواو دەبێت، پاشان خۆت بشۆ»، عائیشە دەڵێت: بۆیە بۆ هەموو نوێژێک خۆی دەشۆرد.
(مسلم) ڕیوایەتی كردووەیەكێك لە هاوەڵان لە ئافرەتان سكاڵای بۆ لای پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- هێنا سەبارەت بە خوێن دابەزینی بەردەوام لێی (ئەو خوێنەى لە پاش تەواوبوونی ماوەی سووڕی مانگانەوە دەردەچێت)، پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- فەرمانی پێكرد بەوەی نوێژ نەكات هێندەی ماوەى ئاسایی سووڕی مانگانە ؛ پێش تووشبوون بە ئەم حاڵەتە، پاشان خۆی بشوات ونوێژ بكات، بۆیە ئەویش بۆ هەموو نوێژێک خۆی دەشۆرد.