





























Hadeeth Cards
Da'wa cards that highlight great meanings from the noble prophetic hadiths in a simple style and attractive display that helps the Muslim to have a deeper understanding of his religion in an easy way
All
لە ئەبی موسای ئەشعەرییەوە -ڕەزای خوای لێبێت- کە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «بەردەوام بن لە خوێندنی قورئان، سوێند بە ئەو زاتەی کە نەفسی موحەمەدی بە دەستە خێرایی لە بیرچوونی قورئان زیاترە لە خێرایی خۆ دەربازکردنی وشتر لەو پەتەى پێوەى بەستراوە».
بوخاری و موسلیم هاوڕان لەسەری(بەردەوام بن لە خوێندن وپێداچوونەوەی قورئان): واتە پارێزگاری بکەن لە خوێندنی بە بەردەوامی وپێداچوونەوەی جا بە شێوەی ڕۆژانە بێت یان لە هەفتەیەکدا چەند رۆژێک دابنرێت بۆ خوێندن وپێداچوونەوەى ئەو بەشانەى لەبەرکراوە، (سوێند بە ئەو زاتەی کە نەفسی موحەمەدی بە دەستە خێرایی لە بیرچوونی قورئان زیاترە لە خێرایی خۆ دەربازکردنی وشتر لەو پەتەى پێوەى بەستراوە)، بۆیە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ئەو قورئانەی کە لەبەرکراوە چواندی بەو وشترەی کە ڕا دەکات لەو پەتەی پێوەى بەستراوە بە شتێکدا، خوای گەورە ئەم نیعەمەتە مەزنەی بەخشیوە بەم کەسە کە لەبەری بکات بۆیە پێویستە بیپارێزێت وبەردەوام بێت لە سەر پێداچوونەوەی، بۆیە باشتر وایە هەموو ڕۆژێک حزبێک (واتە: نزیکەی دە لاپەڕە یان تۆزێک زیاتر -نیو جوزئی قورئان-) بخوێنێت، بۆ ئەوەی لە بیری نەچێتەوە، ئەگەر کەسێکیش لەبیری کرد بەهۆی سروشتی مرۆڤەوە ئەوا زیانی پێناگەیەنێت، بەڵام کەسێک کە خوێندنی قورئان وپێداچوونەوەی بە ئەنقەست پشت گوێ بخات کە نیعمەتێکە خودا پێی بەخشیووە ئەوا ئەم کەسە دەبێت لە سزای خوای گەورە بترسێت، بۆیە پێویستە سوور بێت لە سەر پێداچوونەوە وخوێندنی قورئان بۆ ئەوەی لە سینگیدا بمێنێت، وهەروەها کردەوەی پێبکات چونکە کردەوە کردن دەبێتە هۆی پاراستن ومانەوەی لەبەرکراوەکە.
لە عوسمانی کوڕی عەفانەوە -ڕەزای خوای لێبێت- کە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «خێرترینتان وباشترینتان ئەوانەن کە قورئان فێر دەبن وقورئان فێر دەکەن».
بوخاری گێڕاویەتیەوە(خێرترینتان وباشترینتان ئەوانەن کە قورئان فێر دەبن وقورئان فێر دەکەن): ئەمە وتارێکی گشتییە بۆ ئومەت، باشترین وخێرترینی خەڵکی ئەوانەن کە هەردوو سیفەتەکەیان تێدایە ئەویش فێربوونی قورئان وفێرکردنیەتی، کە لە کەسێکی ترەوە فێر بێت وخۆی کەسی تر فێر بکات، چونکە فێربوونی قورئان لە شەرەفمەندترین زانستەکانە، فێربوون وفێرکردن لایەنی وتن (لفظي) و واتايى (معنوي) دەگرێتەوە: 1/ وتن (لفظي): هەرکەسێک قورئان لەبەر بکات و خەڵکی فێری چۆنیەتی خوێندنەوەی قورئان بکات، واتا فێری تەجویدی قورئانیان بکات ئەوا دەچێتە ڕیزی ئەوانەی قورئان فێری خەڵک دەکەن. 2/ واتايى (معنوي): فێربوونی تەفسیر وڕاڤەی قورئان کە ئەو زانستانە دەگرێتەوە کە پەیوەندیان بە لێکدانەوەی واتاکانی قورئانەوە هەیە، ئەگەر مرۆڤ خەڵکی فێری چۆنیەتی تەفسیری قورئان وفێری چۆنیەتی بەکارهێنانی (بنچینەکانی تەفسیری قورئان - أصول التفسیر)یان بۆ بکات ئەمەیش هەر فێرکردنی قورئانە.
لە ئەبی هورەیرەوە -ڕەزای خوای لێبێت- کە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «ماڵەکانتان مەکەن بە گۆڕستان، شەیتان ڕادەکات لەو ماڵەی کە (سورەتی البقرة)ی تێدا دەخوێندرێت».
موسلیم گێڕاویەتیەوەئەبو هورەیرە -ڕەزای خوای لێبێت- باسی ئەو دەکات کە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- نەهی کردووە لەوەی کە ماڵەکان وەکو گۆڕستانی لێبکرێت بە شێوەیەک کە هیچ نوێژێکی تێدا نەکرێت وقورئانی تێدا نەخوێندرێت، وئەو ماڵانەی نوێژی تێدا ئەنجام نادرێت بە گۆڕستان ناوبراوە چونکە نوێژ کردن لە گۆڕستاندا دروست نییە، پاشان پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- باسی ئەوە دەکات کە شەیتان لەو ماڵە نامێنێت وڕا دەکات کە (سورەتی البقرة)ی تێدا دەخوێندرێت چونکە شەیتان ڕەشبین وبێ هیوا دەبێت لە گومڕاکردنیان ولادانیان لە ڕێگای ڕاست ئەمیش بە هۆی بەرەکەتی خوێندنی ئەو سورەتە وجێبەجێکردنی ئەو فەرمانانەی کە تێیدایە.
لە ئەبی مەسعودی بەدرییەوە -ڕەزای خوای لێبێت- کە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «ئەوەی دوو ئایەتی کۆتایی (سورەتی البقرة) بخوێنێت؛ ئەوا بۆ ئەو شەوە بەسە بۆی».
بوخاری و موسلیم هاوڕان لەسەریپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- هەواڵی ئەوە دەدات کە هەرکەسێک دوو ئایەتی کۆتایی (سورەتی البقرة) بخوێنێت پێش خەوتنی ئەوا خوای گەورە دەیپارێزێت لە شەڕ وشتی ناپەسەند وخراپ، سەبارەت بە دەستەواژەی (بەسە بۆی)، ووتراوە بە مانای ئەو دێت بەسە بۆی لە شەونوێژ کردن واتا شوێنی شەونوێژ کردنی بۆ دەگرێتەوە، یان ووتراوە: بەسە بۆی کە بیخوێنێت چونکە جێی هەموو زیکرەکانی تری بۆ دەگرێتەوە، یان ووتراوە: کەمترین بڕی خوێندنەوەی قورئانە لە شەونوێژدا، وجگە لەمانەش ووتراوە، وهەموو ئەوانەی باسکراوە دروستە و دەستەواژەکە دەیگرێتەوە.
لە ئیبن مەسعودەوە -ڕەزای خوای لێبێت- کە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «ئەوەی پیتێک لە کتێبەکەی خوای گەورە (قورئان) بخوێنێت؛ ئەوا چاکەیەکی بۆ دەنووسرێت وچاکەیش بە دە ئەوەندەیە، ناڵێم (ألم) پیتێکە، بەڵکو: ئەلیف (أ) پیتێکە، و لام (ل) پیتێکە، و میم (م) پیتێکە. [[-واتا بە خوێندنی (ألم) سی چاکەی بۆ دەنووسرێت]] ».
تورموذی گێڕاویەتیەوەئیبن مەسعود -ڕەزای خوای لێبێت- لەم فەرموودەدا ئەوە دەگێڕێتەوە کە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- باسی ئەوەی کردووە کە ئەگەر هەر مسوڵمانێک پیتێک لە کتێبەکەی خوای گەورە (قورئان) بخوێنێتەوە ئەوا پاداشتی خوێندنەوەى یەک پیت دە چاکەیە، ودەفەرموێت: (ناڵێم (ألم) پیتێکە) واتە مەبەست ئەوە نییە کە وتنی (ألم) بە یەک پیت دەژمێردرێت، بەڵکو ئەلیف (أ) پیتێکە و لام (ل) پیتێکە ومیم (م) پیتێکە، بۆیە ئەو کەسەی ((ألم)) بخوێنێتەوە ئەوا سی چاکەی بۆ دەنووسرێت، ئەمەش نیعمەتێکی مەزنە وپاداشتێکی گەورەیە، بۆیە پێویستە مرۆڤ زۆر قورئان بخوێنێت.
لە عائیشەوە -ڕەزای خوای لێبێت- دەڵێت: «پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- لە هەموو کاتێکدا یادی خوای گەورەی دەکرد».
بوخاری گێڕاویەتیەوە به سیغەی جەزمواتای فەرموودەکە: (پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- یادی خوای گەورەی دەکرد): بە هەموو جۆرەکانی زیکرکردن لە تەسبیح کردن (سبحان الله) وتەهلیل کردن (ﻻ إله إﻻ الله) وتەکبیر کردن (الله أكبر) وتەحمید کردن (الحمد لله) ولەوانەش خوێندنی قورئان، چونکە خوێندنی قورئان یادی خوای گەورەیە، بەڵکو لە باشترین جۆرەکانی یادکرنە. (لە هەموو کاتێکدا): واتە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- یادی خوای گەورەی دەکرد لە هەموو کاتەکانی ئەگەر تووشی دەستنوێژشکانی بچووک (الحدث الأصغر) وەکو: (خەوتن)، یان دەستنوێژشکانی گەورە (الحدث الأکبر) وەکو: (لەشگرانی) بوایە، بەڵام زانایان دەڵێن: جۆرەکانی تری یادکردن دروستە لە کاتی لەشگرانیدا جگە لە خوێندنی قورئان؛ کە بە هەموو شێوەیەک دروست نییە لە کاتی لەشگرانیدا نە بە ڕاستەوخۆ خوێندن لە قورئانەکەوە یان نە بە لەبەرکردنەوە، ئەمەش بە هۆی فەرموودەی عەلی -ڕەزای خوای لێبێت- کە دەڵێت: (كان النَّبي -صلى الله عليه وسلم- يُقْرِئُنَا القرآن ما لم يَكُن جُنباً) رواه أحمد وأصحاب السنن الأربعة. واته: (پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- قورئانی بۆمان دەخوێند ئەگەر لەشگران نەبوایە)، وزانایان ناکۆکن لە بارەی ئافرەتێک لە سووڕی مانگانەدا بێت (تووشی حەیز هاتبێت) یان ئافرەتێک تووشی زەیستانی هاتبێت، ئایا ئەمانەش وەکو کەسی لەشگران وان؟ زانایان دەڵێن: دروستە بۆیان کە قورئان بخوێنن بە لەبەرکردنەوە کە دەست لە قورئانەکە (موسحەفەکە) نەدەن، چونکە ئەمان ماوەکەیان درێژە وحاڵیان وەکو حاڵیان کەسی لەشگران نییە، وهەروەها لەو حاڵەتانەش کە قورئان خوێندن تێیاندا دروست نییە وەکو کاتی چوونە سەرئاو بۆ میزکردن وپاشەڕۆ فڕێدان ولە کاتی جیماع کردن و هەروەها ئەو حاڵەت وشوێنانەی کە شایستە نین قورئانیان تێدا بخوێندرێت چونکە لە گەڵ مەزنی قورئان نایەنەوە وەکو حەمامەکان وشوێنەکانی سەرئاوکردن وجگە لەو شوێنە پیسانە.
لە سەعیدی کوڕی موسەیبەوە لە باوکیەوە موسەیبی کوڕی حەزەن -ڕەزای خوای لێبێت- دەڵێت: کاتێک ئەبو تاڵیب خەریک بوو کۆچی دوایی بکات (نزیک بوو لە کاتی سەرە مەرگ)؛ پێغەمبەر -صلى الله علیه وسلم- هات بۆ لای، عبداللە کوڕی ئەبی ئومەیە وئەبو جهل لە لای بوون، پێغەمبەر -صلى الله علیه وسلم- فەرمووی: ئەی مامە، بڵێ: (لا إله إلا اللە)، وشەیەکە کە لای خوای گەورە شاهێدیت بۆ دەدەم لە سەری، ئەو دووانەی کە لە لای بوون پێیان ووت: ئایان پەشیمان دەبیتەوە لە ئاينی عەبدولموتەڵیب؟، پێغەمبەر -صلى الله علیه وسلم- قسەکانی دووبارە کردەوە، وئەوانیش قسەکانیان دووبارە کردەوە، بۆیە دواین شت کە (ئەبو تاڵیب) ووتی ئەوەیە کە ئەو لە سەر ئاینی عەبدولموتەڵیبە، وڕەتی کردەوە کە بڵێت: لا إله إلا اللە، پێغەمبەر -صلى الله علیه وسلم- فەرمووی: داوای لێخۆشبوون (ئیستیغفار)ت بۆ دەکەم؛ ئەگەر نەهیم لێ نەکرێت، بۆیە خوای گەورە ئەم ئایەتەی دابەزاند: {مَا كَانَ لِلنَّبِيِّ وَالَّذِينَ آمَنُوا أَنْ يَسْتَغْفِرُوا لِلْمُشْرِكِينَ وَلَوْ كَانُوا أُولِي قربى...}، [التوبة: 113]واته: {ڕەوا وشایستە نیە بۆ پێغەمبەر وباوەڕداران کە داوای لێخۆشبوون بکەن بۆ ھاوبەشدانەران با خزمی نزیکیشیان بن...}. وخوای گەورە سەبارەت بە ئەبو تاڵیب ئەم ئایەتەی دابەزاند: {إِنَّكَ لا تَهْدِي مَنْ أَحْبَبْتَ وَلَكِنَّ اللَّهَ يَهْدِي مَنْ يَشَاءُ وَهُوَ أَعْلَمُ بِالْمُهْتَدِينَ}، [القصص: 56] واته: {بەڕاستی (ئەی موحەممەد -صلى الله علیه وسلم-) تۆ ناتوانیت ئەو کەسەی کە خۆشت دەوێت ڕێنمونی وهیدایەتی بدەیت، بەڵام خودا ھەرکەسێکی بوێت ھیدایەتی دەدات وئەو (خودایە) زاناترە بە ئەوانەی هیدایەت وڕێنمونی وەرگرن}.
بوخاری و موسلیم هاوڕان لەسەریپێغەمبەر -صلى الله علیه وسلم- لە کاتى سەرەمەرگی ئەبو تاڵیبدا سەردانی کرد وبانگەوازى کرد بۆ مسوڵمان بوون؛ بۆ ئەوەى کۆتایی ژیانی بە مسوڵمانى بمرێت وبەمەش خۆشی وسەرفرازی دەستبکەوێت، وداواى لێکرد وشەی یەک خوا پەرستی (تەوحید) بڵێت، وموشریکەکان ووتیان لە سەر ئاینی باوباپیرانت بمێنەوە کە شیرکە، چونکە زانیان واتاى ئەم وشەیە چیە (لا إله إلا الله) کە بریتیە لە پەرستنی خواى گەورە بە دڵسۆزیەوە وبەریئبوونە لە پەرستنی جگە لە خودا، وپێغەمبەر -صلى الله علیه وسلم- داوای لە مامى کرد کە ڕستەی شایەتمان بڵێت، وموشریکەکانیش ڕێگرییان لێی کرد لەوەى بیڵێت وهۆکاری ئەوە بوون کە شوێنی هەق نەکەوێت ولە سەر شیرک بمرێت. ودواى ئەمە پێغەمبەر -صلى الله علیه وسلم- سوێندی خوارد کە داوا لە خودا دەکات لێی خۆش ببێت ئەگەر قەدەغەی لێنەکرێت، بۆیە خواى گەورە قەدەغەی لێیکرد وڕوونی کردەوە کە هیدایەت بە دەستی خودایە وبە هەرکەسێک بیەوێت دەیبەخشێت، چونکە دەزانێت کێ هیدایەت بۆی باشە وکێ بۆی باش نیە، وخواى گەورە ئەم ئایەتانەى دابەزاند: {مَا كَانَ لِلنَّبِيِّ وَالَّذِينَ آمَنُوا أَنْ يَسْتَغْفِرُوا لِلْمُشْرِكِينَ وَلَوْ كَانُوا أُولِي قُرْبَى مِنْ بَعْدِ مَا تَبَيَّنَ لَهُمْ أَنَّهُمْ أَصْحَابُ الْجَحِيمِ}[التوبة: 113]،واته:{ ڕەوا وشایستە نیە بۆ پێغەمبەر وباوەڕداران کە داوای لێخۆشبوون بکەن بۆ ھاوبەشدانەران با خزمی نزیکیشیان بن لە پاش ئەوەی کە بۆیان دەرکەوتووە کە بێگومان ئەو (ھاوبەشدانەرانە) ھاوەڵ وپێڕی دۆزەخن}، وسەبارەت بە ئەبو تاڵیب: {إِنَّكَ لا تَهْدِي مَنْ أَحْبَبْتَ وَلَكِنَّ اللَّهَ يَهْدِي مَنْ يَشَاءُ وَهُوَ أَعْلَمُ بِالْمُهْتَدِينَ}[القصص: 56]،واته:{بەڕاستی (ئەی موحەممەد ﷺ) تۆ ناتوانیت ئەو کەسەی خۆشت بوێت ڕێنمونی بکەیت بۆ هیدایەتدان، بەڵام خودا ھەرکەسێکی بوێت ھیدایەتی دەدات وئەو(خودایە) زاناترە بەوانەی ڕێنمونی وەردەگرن}.
لە ئەبی موسای ئەشعەریەوە -ڕەزای خوای لێبێت- کە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «نمونەی ئەو ئیماندارەی کە قورئان دەخوێنێت وەکو نمونەی باڵنگ (ترنج) وایە بۆن وتامی خۆشە، ونمونەی ئەو ئیماندارەی کە قورئان ناخوێنێت وەکو نمونەی خورما وایە بۆنی نییە بەڵام تامی خۆشە، نمونەی ئەو مونافیقەی (دوو ڕووەی) کە قورئان دەخوێنێت وەکو نمونەی ڕەیحان وایە بۆنی خۆشە بەڵام تامی تاڵە، ونمونەی ئەو مونافیقەی کە قورئان ناخوێنێت وەکو نمونەى گوژاڵک وایە بۆن وتامی تاڵە».
بوخاری و موسلیم هاوڕان لەسەری(نمونەی ئەو ئیماندارەی کە قورئان دەخوێنێت): واتە سیفەتی سەیر وچاکی هەیە کە خاوەن دڵێکی جێگیرە ئەمیش بەهۆی پتەوی ئیمانی وئاسوودە بوونی لە کاتی خوێندنی قورئان، وئاسوودە بوونی خەڵکی بەهۆی بیستنی دەنگیەوە و وەرگرتنی پاداشت بەهۆی گوێگرتن وفێربوونە، ئەو ئیماندارەی قورئان دەخوێنێت هەموو خێرێکی تێدایە بۆ خۆی وبۆ خەڵکیش، (دەخوێنێت): کارێکی ڕانەبردووە بۆ بەردەوام بوون ودووبارە کردنەوەیە کە ئاماژە بەوە دەکات کە قورئان خوێندن بووە بە خووی ئەم کەسە. (وەکو نمونەی باڵنگ (ترنج) وایە بۆن وتامی خۆشە): خەڵکی چێژ دەبینن لە تامەکەى وهێور دەبنەوە بەهۆی بۆنەکەى، ولەوەیە مەبەست لە تام لێرەدا مامەڵەی کەسی ئیماندار بێت لەگەڵ خەڵکیدا کە مامەڵەی خۆش وشیرینە، وئەم میوەیە تایبەتکراوە چونکە لە بەتامترین میوەکانە لە زۆربەى وڵاتەکان، وچەندەها سیفەتی تێدایە لەوانەش شێوەی جوان وتامی خۆش وتوێکڵێکی نەرم. (ونمونەی ئەو ئیماندارەی کە قورئان ناخوێنێت وەکو نمونەی خورما وایە بۆنی نییە بەڵام تامی خۆشە): بەهۆی ئیمانەوە ئەم مرۆڤە کەسێکی چاکە، و وەکو خورما تامێکی خۆشی هەیە ولەوەیە مەبەست لە تام لێرەدا مامەڵەی کەسی ئیماندار بێت لەگەڵ خەڵکیدا کە مامەڵەی خۆش وشیرینە بەڵام زۆر دەرناکەوێت مەگەر کەسێک لێی نزیک بێتەوە، تام وبۆن لێرەدا ئاشکرا ودیار نین، ودەرنەکەوتنی بۆن لێرەدا کە بەهۆیەوە خەڵک ئاسوودە دەبێت بەهۆی نەخوێندنی قورئانەوەیە، ئەو ئیماندارەی قورئان دەخوێنێت زۆر چاکترە لەو ئیماندارەی قوئان ناخوێنێت وفێری ونابێت. (نمونەی ئەو مونافیقەی (دوو ڕووەی) کە قورئان دەخوێنێت): کە لە ناخەوە هیچ ئیمانێکی نییە بەڵام خەڵکی ئاسوودە دەبن بە بیستنی قورئان خوێندنی، ومونافیق لە ناخدا کەسێکی پیسە وهیچ خێرێکی تێدا نییە وچاوەڕێی ئەنجامدانى خێری لێناکرێت، -مونافیق یان دووڕوو: ئەو کەسەیە کە وا دەردەخات ئیماندارە بەڵام دڵ وناخی کافر وبێباوەڕ بە ئیسلام-، پەنا بە خودا، بۆنی خۆشە ئەمیش بەهۆی ئەوەى کە قورئان دەخوێنێت بە شێوەیەکی ڕێک وجوان (بە تەرتیل وتەجویدەوە)، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا مونافیقە، پەنا بە خودا. (وەکو نمونەی ڕەیحان وایە بۆنی خۆشە بەڵام تامی تاڵە): بۆنی خۆشە بەهۆی خوێندنی قورئانەوە، وتامی تاڵە وەکو کوفر وبێباوەڕ بوونەکەى، وئەمیش بەهۆی خراپی نیەت ومەبەستی، ولەوەیە مەبەست لە تام لێرەدا مامەڵەی کەسی مونافیق بێت لەگەڵ خەڵکیدا کە مامەڵەی وشک وڕەق وئازاردەرە وخۆشی وشیرینی تێدا نییە. (ونمونەی ئەو مونافیقەی کە قورئان ناخوێنێت): کە ناخی هیچ ئیمانێکی تێدا نییە، ولە ڕووکەشدا هیچ خێرێکی تێدا بەدی ناکرێت ولەگەڵ ئەمەشدا زیانی بۆ خەڵکی هەیە. (وەکو نمونەى گوژاڵک وایە بۆن وتامی تاڵە): بۆنی خۆشی نییە بەهۆی نەخوێندنی قورئانەوە، وتامیشی نییە بەهۆی نەبوونی ئیمانەوە، ولەوەیە مەبەست لە تام لێرەدا مامەڵەی کەسی مونافیق بێت لەگەڵ خەڵکیدا کە مامەڵەی وشک وڕەق وئازاردەرە وخۆشی وشیرینی تێدا نییە. پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- لەم فەرموودەیەدا نمونەی هێنایەوە بۆ ئیماندار وکافر، وچینەکانى خەڵکی ڕوونکردەوە بە پێی خوێندن وفێربوونی قورئانەوە، بۆیە پێداگیر بە ئەی مسوڵمان لەوەیە کە لە ئیمانداران بیت؛ ولەوانە بیت کە قورئان دەخوێنن بە ڕێکی وجوانى وفێری دەبن وفێری خەڵکی دەکەن بۆ ئەوەى وەکو باڵنگ (ترنج) بیت کە تام وبۆنیشی خۆشە.
لە ئەبی دەردائەوە -ڕەزای خوای لێبێت- کە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «هەرکەسێک دە ئایەتی سەرەتای (سورەتی الکهف) بخوێنێت؛ ئەوا پارێزراو دەبێت لە دەججال». ولە گێڕانەوەیەکدا: « -دە ئایەت- لە کۆتایی (سورەتی الکهف)».
موسلیم گێڕاویەتیەوەئەوەى دە ئایەتی سەرەتا یان دە ئایەتی کۆتایی (سورەتی الکهف)ی لەبەر بێت، ئەوا خواى گەورە دەیپارێزێت لە شەڕ وخراپەی دەججال، ولە فیتنەکەى، ولە زاڵبوونی بەسەریدا، بۆیە بە ئیزنی خواى گەورە ناتوانێت زیانی پێبگەیەنێت.