





























Hadeeth Cards
Da'wa cards that highlight great meanings from the noble prophetic hadiths in a simple style and attractive display that helps the Muslim to have a deeper understanding of his religion in an easy way
All
لە ئەبی هورەیرەوە -ڕەزای خوای لێبێت- کە پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «باشترین ڕۆژووگرتن لە دوای ڕۆژووگرتنی مانگی ڕەمەزان؛ ڕۆژووگرتنی مانگی خودایە (مانگی موحەرەم)، وباشترین نوێژکردن لە پاش نوێژە فەرزەکان؛ شەو نوێژکردنە».
موسلیم گێڕاویەتیەوەڕۆژووگرتنی مانگی -موحەرەم- کە یەکەم مانگی ساڵی کۆچییە باشترین ڕۆژووگرتنە لە پاش ڕۆژووگرتنی مانگی ڕەمەزان چونکە ڕۆژووگرتن لە چاکترین کردەوەکانە وڕۆشناییە بۆیە لە باشترین کردەوەکانە لە یەکەم مانگی ساڵی کۆچیدا، بۆیە پێویستە لەسەر مسوڵمان سوور بێت لەسەر ڕۆژووگرتن لەم مانگەدا ئەگەر چەند ڕۆژێکیش بێت مەگەر بەهۆی عوزرێکی شەرعیەوە نەبێت. وکاتێک -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: (مانگی خودایە)؛ ئەمە بەڵگەیە لەسەر ئەوەى کە مانگێکی مەزنە وتایبەتمەندی خۆی هەیە بە سەر مانگەکانی ترەوە. و شەونوێژکردن لە باشترین نوێژەکانە لە پاش نوێژە فەرزەکان؛ چونکە خشوع زیاتر لە شەونوێژدا ئامادە دەبێت ئەمیش بەهۆی ئارامی دڵ وبە تەنها نزاکردن وپاڕانەوە لە خودا، خواى گەورە دەفەرموێت: ﴿إِنَّ نَاشِئَةَ اللَّيْلِ هِيَ أَشَدُّ وَطْئًا وَأَقْوَمُ قِيلًا﴾ [المزمل: 6]، واتە: ﴿بەڕاستی ھەستانی شەو دوای خەو (بۆ خودا پەرستی) قورسترە وگرانترە لە ڕووی کردارەوە (لە پەرستنی ڕۆژ) وبەھێزترە بۆ دڵ ودروسترە لە ڕووی ووتنەوە﴾، چونکە شەو کاتی هێمنی وسەکینەت وئارامی وئیسراحەتە؛ بۆیە ئەگەر بەندە لەم کاتەدا پەرستن ئەنجامبدات ئەوا ئەمە بە لای نەفسەوە زۆر قورس وناڕەحەت دەبێت ولاشە ماندوو دەبێت؛ بۆیە باشترین نوێژی سونەتە لای خواى گەورە.
لە ئەبی سەلەمەى کوڕی عبدالرحمانەوە -ڕەحمەتی خواى لێبێت- کە پرسیاری لە عائیشە کرد -ڕەزاى خواى لێبێت-: ئایا پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- چۆن نوێژی ئەنجامدەدا بوو لە مانگی ڕەمەزاندا؟ ئەویش (عائیشە ووتی): «پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- لە مانگی ڕەمەزان ومانگەکانی تریش زیاتر لە یانزە ڕکاتی ئەنجام نەدەدا، چوار ڕکاتی ئەنجامدەدا؛ باسی جوانی وڕێکی ودرێژخایەنی نوێژەکە مەکە، چوار ڕکاتی تری ئەنجامدەدا؛ باسی جوانی وڕێکی ودرێژخایەنی نوێژەکە مەکە، پاشان سێ ڕکاتی ئەنجامدەدا»، عائیشە دەڵێت: ووتم: ئەی پێغەمبەری خودا ئایا پێش ئەنجامدانى نوێژی ویتر دەخەویت؟ ئەویش فەرمووی:«ئەی عائیشە چاوەکانم دەخەون، بەڵام دڵم ناخەوێت».
بوخاری و موسلیم هاوڕان لەسەریپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- شەونوێژی ئەنجامدەدا لە هەموو مانگەکانى ساڵدا، وئەبو سەلەمە پرسیاری کرد سەبارەت بە شەونوێژی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- لە مانگی ڕەمەزاندا، ئایا نوێژکردنی لە مانگی ڕەمەزاندا وەکو نوێژکردنی بوو لە مانگەکانى تردا، لە ڕوانگەی ژمارەی ڕکاتەکان یان جیاواز بوو؟ وعائیشە -ڕەزاى خواى لێبێت- ووتی: جیاوازى لە ژمارەی ڕکاتەکان نەبوو لە مانگی ڕەمەزان ومانگەکانی تریشدا؛ چونکە هەموو جارێک یانزە ڕکاتی ئەنجامدەدا وزیادی نەدەکرد. پاشان چۆنیەتی نوێژەکانى ڕوونکردەوە: (چوار ڕکاتی ئەنجامدەدا): واتا دوو ڕکاتی ئەنجامدەدا وپاش خوێندنی تەحیات -تەشەهود- سەلامی دەدایەوە، وبە هەمان شێوە بۆ دوو ڕکاتەکەى تریش، وئەمەیش لە گێڕانەوەیەکی تردا لە لایەن عائیشەوە ڕوونکراوەتەوە کە دەڵێت: (كان رسول الله -صلى الله عليه وسلم- يصلِّي فيما بَيْن أن يَفرغ من صلاة العِشاء إلى الفجر، إحدى عَشَرة ركعة، يُسلِّم بَيْن كل ركعتين، ويوتر بواحد) [مسلم] واتە: (پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- لە نێوان نوێژی عیشا بۆ نوێژی بەیانی یانزە ڕکاتی ئەنجامدەدا، پاش ئەنجامدانى هەر دوو ڕکاتێک سەلامی دەدایەوە، وپاشان یەک ڕکات نوێژی ویتری ئەنجامدەدا). ولە گێڕانەوەیەکی تردا -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: (صلاة الليل مَثْنَى مَثْنَى) [متفق عليه] واتە: (شەونوێژ دوو ڕکات دوو ڕکات ئەنجامدەدرێت -واتا: پاش ئەنجامدانى هەر دوو ڕکاتێک وخوێندنی تەحیات سەلامدەداتەوە-). (باسی جوانی وڕێکی ودرێژخایەنی نوێژەکە مەکە): واتا باس لە چۆنیەتی نوێژەکان مەکە چونکە لە ئەوپەڕی جوانی وکامڵیدا بوو ئەمیش لە ڕوانگەى خوێندنەوە بە جوانی وڕێکی وتەجویدەوە وزۆر وەستان ودرێژی ماوەى ڕکوع وسوجدە بردن، وبە هەمان شێوە چوار ڕکاتی تریشی ئەنجامدەدا؛ دوو ڕکات دوو ڕکات ومەپرسە سەبارەت بە جوانی خوێندن وتیلاوە وتەجویدی قورئان ودرێژی ماوەی وەستان وڕکوع وسوجدە بردن. (پاشان سێ ڕکاتی ئەنجامدەدا): وا دیارە لەم گێڕانەوەیەدا کە هەرسێ ڕکاتەکەى بە یەکەوە ئەنجامدەدا تەنها لە ڕکاتی کۆتایی سەلامی دەدایەوە، بەڵام لە گێڕانەوەیەکی تردا عائیشە -ڕەزاى خواى لێبێت- ئەوە ڕووندەکاتەوە کە لە پاش هەموو دوو ڕکاتێک سەلامی دەدایەوە وپاشان یەک ڕکاتی نوێژی ویتر ئەنجامدەدا: (يُسلِّم بَيْن كل ركعتين، ويوتر بواحدة) [مسلم] واتە: (پاشان ئەنجامدانی هەر دوو ڕکاتێک سەلامی دەدایەوە، وپاشان یەک ڕکات نوێژی ویتری ئەنجامدەدا)، بۆیە ئەم فەرموودەیە بەڵگەیە لەسەر ئەوەى کە جیاوازی دەکردە نێوان سێ ڕکاتی کۆتایی ئەویش بە سەلامدانەوە لە پاش ئەنجامدانى دوو ڕکاتی یەکەم. (عائیشە دەڵێت: ووتم: ئەی پێغەمبەری خودا ئایا پێش ئەنجامدانى نوێژی ویتر دەخەویت؟): واتا چۆن دەخەویت پێش ئەوەى نوێژی ویتر ئەنجامبدەیت؟. (ئەویش فەرمووی: ئەی عائیشە چاوەکانم دەخەون، بەڵام دڵم ناخەوێت): واتا پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دڵی ناخەوێت وبێ سەرنج وبێ ئاگا نابێت وەکو چاوەکانى، بەڵکو هەست بە هەموو شتێک دەکات وئاگای لە هەموو شتێکی دەوروبەری هەیە، ولەوانەش: ئاگابوون لە کات، بۆیە خەوبینینی پێغەمبەران وەحی وسروشە.
لە عائیشەوە -ڕەزای خوای لێبێت- دەڵێت: «پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- لە شەودا سیانزە ڕکات نوێژی دەکرد، لەوانەش: ڕکاتێک نوێژی ویتر، ودوو ڕکات سونەتی پێش نوێژی بەیانی».
بوخاری و موسلیم هاوڕان لەسەریعائیشە -ڕەزاى خواى لێبێت- باسی ئەوە دەکات کە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- بەردەوام سیانزە ڕکاتی ئەنجامدەدا لە شەودا ولەوانەش نوێژی ویتر ودوو ڕکاتی سونەتی پێش نوێژی بەیانی، وبەم شێوەیە بەردەوام بوو لە ڕەمەزان وپاش ڕەمەزانیش، واتا شەونوێژی بەردەوام یانزە ڕکات بوو وپاش ئەوەى نوێژی ویتر دەکرد دەخەوت وهەڵدەستا دوو ڕکاتی سونەتی پێش نوێژی بەیانی ئەنجامدەدا بە هەموویانە سیانزە ڕکاتی ئەنجامدەدا لە شەودا، وئەگەر دە شەوی کۆتایی ڕەمەزان بووایە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- هەوڵ وکۆششێکی زۆری دەکرد لە پەرستندا کە لە مانگەکانى تردا بەو شێوەیە کۆششی نەدەکرد، وئەم کۆششە پەیوەستە بە درێژکردنەوەى خوێندن وزیکر لە ناو نوێژەکاندا نەک زیادکردنی ژمارەی ڕکاتەکان، ولە گێڕانەوەکاندا هاتووە کە سیانزە ڕکات یان یانزە ڕکات شەونوێژی ئەنجامداوە وگێڕانەوەی تر هاتووە کە کەمتر لەم ڕکاتانەى ئەنجامداوە، بەڵام ئەوەى لەسەری بەردەوام بووە وبە زۆری ئەنجامیداوە بریتی بوو لە یانزە ڕکات.
لە ئەبی سەعیدی خودریەوە -ڕەزای خوای لێبێت- کە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «نوێژی ویتر ئەنجامبدەن، پێش ئەوەى بەیانیتان بە سەردا بێت».
موسلیم گێڕاویەتیەوەنوێژی ویتر بەشێکە لە شەو نوێژکردن، کە کۆتایی بە شەو نوێژ ئەنجامدان دەهێندرێت بە ئەنجامدانى نوێژی ویتر کە ڕکاتێکە یان ئەگەر لە گەڵ دوو ڕکاتی تر ئەنجامبدرێت دەبێت بە سێ ڕکات، هەروەکو چۆن نوێژەکانى ڕۆژ کۆتایی پێدەهێندرێت بە نوێژی مەغریب کە ویتر وتاکە، بۆیە ئەم فەرموودەیە ئەوە ڕووندەکاتەوە کە کاتی نوێژی ویتر ئەنجامدەدرێت پێش دەرکەوتنی ئاسۆی بەیان -الفجر الصادق- کە کاتی بانگی بەیانییە.
لە جابرەوە -ڕەزای خوای لێبێت- کە پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «ھەرکەسێک ترسا لەوەى کە کۆتایی شەو خەبەری نەبێتەوە؛ ئەوا با لەسەرەتای شەوەوە نوێژی ویتر ئەنجامبدات، وھەرکەسێک ئارەزووى ئەوەى ھەبوو شەونوێژ لە کە کۆتایی شەو ئەنجامبدات؛ ئەوا با لە کۆتایی شەو نوێژی ویتر ئەنجامبدات، بە دڵنیاییەوە نوێژکردن لە کۆتایی شەو شاهێدی لەسەر دەدرێت (لە لایەن فریشتەکانەوە)، ولەو کاتەدا ئەنجامی بدات باشتر وچاکترە».
موسلیم گێڕاویەتیەوەئەم فەرموودەیە ئەوە ڕووندەکاتەوە کە ئەنجامدانى نوێژی ویتر لە سەرەتای شەودا دروستە وجائیزە، وبە تایبەت بۆ ئەو کەسانەى کە دەترسن لە کۆتایی شەودا خەبەریان نەبێتەوە بۆ ئەنجامدانى شەونوێژ، وهەروەها فەزڵی وپاداشتی نوێژکردن لە کۆتا بەشی شەودا ڕووندەکاتەوە وبە تایبەتیش لە سێیەکی کۆتاییدا چونکە لەم کاتەدا فریشتەکان ئامادەی دەبن وشاهێدی لەسەر دەدەن بۆ ئەو کەسەی ئەنجامی دەدات.
لە ئەبی هورەیرەوە -ڕەزای خوای لێبێت- دەڵێت: گوێم لە پێغەمبەری خودا بوو -صلى اللە علیە وسلم- کە دەیفەرموو: «فەزڵ وپاداشتی نوێژێک کە بە کۆمەڵ (بە جەماعەت) ئەنجامبدرێت بیست وپێنج هێندەی نوێژی یەکێکتانە بە تەنها، وفریشتەکانی شەو وفریشتەکانى ڕۆژ کۆدەبنەوە لە نوێژی بەیانیدا»، پاشان ئەبو هورەیرە -ڕەزاى خواى لێبێت- دەڵێت: ئەم ئایەتە بخوێننەوە ئەگەر ویستتان: ﴿إِنَّ قُرْآنَ الفَجْرِ كَانَ مَشْهُودًا﴾ [الإسراء: 78] واتە: ﴿بەڕاستی قورئان خوێندنی نوێژی بەیانی ھەمیشە دەبینرێت وشاهێدی لەسەر دەدرێت (لەلایەن فریشتەکانی شەو وڕۆژەوە)﴾.
(البخاري ومسلم) هاوڕان لەسەریپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ڕوونیدەكاتەوە كە پاداشتی ئەنجامدانی نوێژی كۆمەڵ بۆ پیاو لەگەڵ ئیمامدا؛ بیست وپێنج هێندەی پاداشتی نوێژ كردنیەتی بە تاك لە ماڵەوە یان لە دوكانەكەیدا، پاشان پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- باسی ئەوەی كرد كە فریشتەكانی شەو وڕۆژ كۆدەبنەوە لە نوێژی بەیانیدا، دواتر ئەبو هورەیرە -ڕەزای خوای لێبێت- ئەم ئایەتەی وەكو بەڵگەیەك هێنایەوە لەسەر ئەم باسە، ووتی: بخوێننەوە ئەگەر ویستتان: ﴿إِنَّ قُرْآنَ الفَجْرِ كَانَ مَشْهُودًا﴾ واتە: ﴿بەڕاستی قورئان خوێندنی نوێژی بەیانی ھەمیشە دەبینرێت وشاهێدی لەسەر دەدرێت (لەلایەن فریشتەکانی شەو وڕۆژەوە)﴾. [الإسراء: 78]، واتا: نوێژی بەیانی فریشتەكانی شەو وڕۆژ ئامادەی دەبن وشاهێدی لەسەر دەدەن.
لە ئیبن عەباسەوە -ڕەزای خوایان لێبێت- کە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «ھەر کەسێک گوێی لە بانگ بوو، و وەڵامی بانگی نەدایەوە (نەهات بۆ نوێژی جەماعەت)؛ ئەوا نوێژەکەی کامڵ نییە (کەموکورتی تێدایە)، مەگەر بیانویەکی شەرعی ھەبێت».
ئیبنو ماجه گێڕاویەتیەوەئەم فەرموودەیە بانگەوازى دەکات بۆ گرنگیدان بە نوێژی جەماعەت بە ئەوپەڕی گرنگیدانەوە، وپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ئەوەى ڕوونکردووەتەوە کە هەرکەسێک لە هەرشوێنێک بوو کە گوێی لە بانگ بێت، ئەوا دەبێت ئامادەی نوێژی جەماعەت (نوێژی بە کۆمەڵ) بێت لە مزگەوتدا، وئەگەر ئامادەی نوێژی جەماعەت نەبێت ئەوا نوێژەکەى کەموکورتی تێدا دەبێت وپاداشتی کەم دەبێت، وبەڵام فەرزەکەى لەسەر لادەچێت، وگوناهبار دەبێت بەهۆی دواکەوتن لە نوێژی جەماعەت بە بێ هیچ بیانوو وعوزرێکەوە، بەڵام ئەگەر کەسێک عوزرێکی شەرعی هەبێت وەکو نەخۆشی وباران وترس لەسەر نەفس وماڵ وخێزان ومنداڵ وجگە لە ئەمانە؛ ئەوا گوناهبار نابێت.
لە زەیدی کوڕی سابتەوە -ڕەزای خوای لێبێت- دەڵێت: پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم ژوورێکی بۆ خۆی تایبەتکرد لە ناو مزگەوتدا کە لە لقە سەوزەکانی دارخورما دروستکرا بوو، لەوێدا چەند شەوێک نوێژی کرد هەتا خەڵکی کۆبوونەوە ئەوانیش شەونوێژیان ئەنجامدەدا، وپاشان شەوێکیان دەنگیان نەبیست وایان زانی خەوتووە، بۆیە هەندێکیان بە دەمیان هەندێک دەنگیان دەرکرد وەکو کۆکە کردن بۆ ئەوەى ئاگاداری بکەنەوە وبزانێت ئەوان لێرەن وبێتە دەرەوە، پاشان -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: «ئێوە هەر ئەوەتان ئەنجامدەدا هەتاوەکو من ترسام کە ئەم نوێژکردنە فەرز بکرێت لەسەرتان، وئەگەر فەرز بکرێت لەسەرتان؛ ئەوا ئەنجامی نادەن، ئەی خەڵکینە لە ماڵەکانتان نوێژ بکەن؛ باشترین نوێژی پیاو لە ماڵەکەیدایە مەگەر نوێژی فەرز نەبێت».
بوخاری و موسلیم هاوڕان لەسەریئەم فەرموودە ئەوە ڕووندەکاتەوە کە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ژوورێکی هەبوو کە لە لقە سەوزەکانی دارخورما دروستکرا بوو لە ناو مزگەوتدا، ولە ناو ئەو ژوورەدا ئیعتیکافی دەکرد بۆیە هەندێک لە هاوەڵان دەیانبیست ودەهاتن لە پشتیەوە نوێژیان دەکرد، بەڵام پاش چەند شەوێک دەنگیان نەبیست وپێیان وابوو کە خەوتووە، وهەندێک دەنگیان دەرکرد وەکو کۆکە کردن بۆ ئەوەى بە خەبەری بکەنەوە وئاگادار بێت کە ئەوان ئامادەن، ودەرچوو بۆ لایان -صلى اللە علیە وسلم-، وبۆی ڕوونکردنەوە کە ئەو نەخەوتووە بەڵکو ترسا لەوەى کە ئەم شەونوێژە فەرز بکرێت لەسەریان، وڕوونی کردەوە ئەگەر فەرز بکرێت ئەوا ناتوانن ئەنجامی بدەن، وهەروەها باسی ئەوەیشی کرد کە باشتر وایە نوێژی سونەت (نافیلە) لە ماڵەوە ئەنجامبدرێت.
لە ئەبی هوڕەیڕەوە -ڕەزای خوای لێبێت- کە پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «خێرترین ڕیزەکانی پیاوان؛ ڕیزەکانى یەکەمن، وشەڕترین ڕیزەکانى پیاوان؛ ڕیزەکانی کۆتان، وخێرترین ڕیزەکانی ئافرەتان؛ ڕیزەکانی کۆتان، وشەڕترین ڕیزەکانی ئافرەتان؛ ڕیزەکانی یەکەمن».
(مسلم) ڕیوایەتی كردووەپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- پێمان ڕادەگەیەنێت كە خێرترین ڕیزەكانی پیاوان لە نوێژدا كە زۆرترین پاداشت وفەزڵیان بۆ هەیە ؛ ڕیزەكانی یەكەمن، چونكە نزیكترینن لە ئیمام لەڕوانگەی بیستن وشتی ترەوە، ودوورن لە ئافرەتان، وخراپترین ڕیزەكانی پیاوان ؛ ڕیزەكانی پاشەوەن چونكە پاداشت وفەزڵیان كەمترە ودوورترن لە داواكارییەكانی شەریعەت. خێرترین ڕیزەكانی ئافرەتان ئەوانەی پاشەوەن ؛ چونكە داپۆشراوترە بۆیان، ودوورترن لە تێكەڵبوون لەگەڵ پیاوان ولە سەیركردنیان ولە تووشبوون بە فیتنە، وخراپترینیان ڕیزەكانی پێشەوەن؛ چونكە نزیكترینن لە پیاوان ولە تووشبوون بە فیتنە.