





























Hadeeth Cards
Da'wa cards that highlight great meanings from the noble prophetic hadiths in a simple style and attractive display that helps the Muslim to have a deeper understanding of his religion in an easy way
All
لە عبداللەی کوڕی عەباسەوە -ڕەزای خوایان لێبێت- دەڵێت: «کاتێک پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- وهاوەڵانی هاتن بۆ مەککە، موشریکەکان ووتیان: کەسانێکن دێن بۆ لاتان کە تا وتینی یەسریب -مەدینە- لاوازیانی کردووە، بۆیە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- فەرمانى پێکردن: بە (سووکە ڕاکردن) لە سێ تەوافدا، ولە نێوان گۆشەکان (ڕوکنەکان) ڕێ بکەن، تەنها ئەوە ڕێگر بوو لەوەى کە فەرمانیان پێبکات بە (سووکە ڕاکردن) لە هەموو تەوافەکاندا بریتی بوو لە ڕەحمەت ونەرم ونیانی بەرامبەریان».
بوخاری و موسلیم هاوڕان لەسەریپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- لە ساڵی شەشی کۆچی بۆ عومرە کردن لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە هاوەڵان هات بۆ مەککە، کافرەکانى قورەیش دەرچوون بۆ جەنگ کردن دژی وڕێگری لێکردنی، بەڵام لە نێوانیاندا پەیماننامەیەک بەسترا، كە تێیدا هاتبوو پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- وهاوەڵان لەم ساڵەدا دەگەڕێنەوە (عومرە ناکەن) بەڵام ساڵی داهاتوو دێن بۆ عومرە کردن وسێ ڕۆژ لە مەککە دەمێننەوە، بۆیە لە ساڵی حەوتی کۆچیدا هاتن بۆ جێبەجێکردنی عومرە. موشریکەکان -وەکو ڕق دەبڕینێک- ووتیان: کەسانێک دێن بۆ ئێرە کە تینی گەرمی یەسریب لاوازیانی کردووە. کاتێک ئەم قسەیان گەیشت بە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ویستی قسەکەیان ڕەت بکاتەوە بۆیە فەرمانى بە هاوەڵان کرد کە بە خێرا ڕێ بکەن (سووکە ڕاکردن ئەنجامبدەن) مەگەر لە نێوان گۆشەی یەمانى وگۆشەی بەردە ڕەشەکە نەبێت کە لەو دوو شوێنەدا بە ئاسایی ڕێبکەن، ئەمیش بۆ دەربڕینی ڕەحمەت وبەزەییەک بەرامبەریان، چونکە کاتێک لە نێوان دوو گۆشەکە (ڕوکنەکە) دەبن موشریکەکان نایان بینن، کە چووبوونە سەر شاخی (قوعەیقیعان) بۆ ئەوەى سەیری مسوڵمانان بکەن لە کاتى تەواف کردنیان وئەمیش ئەوانی توڕە کرد هەتاوەکو ووتیان: ئەو مسوڵمانانە وەکو ئاسک وان، بۆیە ئەم (سووکە ڕاکردنە) بوو بە سونەت بۆ هەرکەسێک بێت بۆ مەککە بۆ تەواف کردن، ئەمیش بۆ بیرهێنانەوەى ئەوەى بەسەر پێشینی ئێمەدا ڕوویداوە، وبۆ شوێنکەتنیان وچاولێکردن لە ئارامگرتنیان لەسەر خزمەتی ئیسلام وئەو کردەوە مەزنانەى ئەنجامیان داوە بۆ سەرخستنی ئیسلام وبەرزکردنەوەى وشەی خودا، وخواى گەورە هیدایەتمان بدات بۆ شوێنکەوتنی ڕێبازی ئەوان. وڕێکردنی ئاسایی لە نێوان هەردوو گۆشەکە و ئەنجام نەدانى (سووکە ڕاکردن) حوکمەکەى هەڵوەشێندراوەتەوە؛ چونکە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- لە حەجی ماڵئاواییدا (سوکە ڕاکردن)ی ئەنجامدا لە تەواف کردنێکی کامڵدا، هەروەکو لەم گێڕانەوەیەدا هاتووە: «أن رسول الله -صلى الله عليه وسلم- رمل من الحجر إلى الحجر ثلاثًا، ومشى أربعًا» [رواه مسلم] واتە: «پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- (سوکە ڕاکردن)ی ئەنجامدا لە بەردەکەوە (مەبەست بەردە ڕەشەکە) هەتاوەکو دیسانەوە گەڕایەوە بۆ لای بەردەکە سێ جار (لە سێ تەواف دا)، وچوار تەواف ڕێی کرد (ڕێکردنی ئاسایی ئەنجامدا)».
لە عبداللە کوڕی عومەرەوە -ڕەزای خوایان لێبێت- دەڵێت: «ڕۆژێکیان چوومە سەربانی ماڵی حەفسە، پێغەمبەرم بینی -صلى اللە علیە وسلم- سەرئاوی دەکرد؛ ڕووی لە شام وپشتی لە کەعبە بوو». ولە گێڕانەوەیەکدا: «ڕووی بەرەو ئاراستەی (بیت المقدس) بوو -لە شام-».
بوخاری و موسلیم هاوڕان لەسەریئیبن عومەر -ڕەزاى خوایان لێبێت- باسی ئەوە دەکات: کە ڕۆژێکیان هات بۆ ماڵی حەفسەی خوشکی کە خێزانى پێغەمبەر بوو -صلى اللە علیە وسلم-، وچووە سەربانی ماڵەکە، وپێغەمبەری بینی -صلى اللە علیە وسلم- کە سەرئاو دەکات وڕووی لە شام وپشتی لە قیبلەیە. وئیبن عومەر -ڕەزاى خوایان لێبێت- ئەمەی ووت وەکو وەڵامێک بۆ ئەوانەى کە دەیانووت نابێت ڕوو لە (بیت المقدس) بکرێت کە دەکەوێتە شامەوە لە حاڵەتی سەرئاوی کردن، ولە گێڕانەوەیەکی تردا: «ڕووی بەرەو ئاراستەی (بیت المقدس) بوو -لە شام-». بۆیە ئەگەر مرۆڤ لە کاتى سەرئاو کردندا ڕووی بەرەو ئاراستەی قیبلە بوو بە مەرجێک لە ناو خانوودا (لە پشت دیوارەوە) بێت ئەوا دروستە وئاساییە.
لە عبداللەی کوڕی عەباسەوە -ڕەزای خوایان لێبێت- دەڵێت: «پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- لە حەجی ماڵئاواییدا تەوافی کرد (بە دەوری کەعبەدا) بە سواری وشترێکەوە، دەستلێدانى لە ڕوکن (گۆشە) بەهۆی گۆچانێکەوە بوو».
بوخاری و موسلیم هاوڕان لەسەریپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- تەوافى کرد بە دەوری کەعبەدا لە حەجی ماڵئاوایی وخەڵکی بە دەوروپشتیدا کۆبونەوە: هەندێکیان دەیانویست بزانن چۆن تەواف دەکات، وهەندێکی تر دەیانویست سەیری بکەن؛ بۆیە قەرەباڵەغییەک دروست بوو، وچونکە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- بە بەزەیی ودادپەروەرە لەسەر پشتی وشترەکەى تەوافی دەکرد بۆ ئەوەى خەڵکی هەمووی بیبینن، وگۆچانێکی پێبوو کە لوتکەکەى چەماوە بوو، ودەستلێدانى لە ڕوکن -گۆشە- (مەبەست بەردە ڕەشەکەیە کە لە گۆشەی -ڕوکنی ڕۆژهەڵاتی کەعبەدایە-) بەهۆی ئەم گۆچانەوە بوو (واتا: ڕاستەوخۆ دەستی بەر بەردە ڕەشەکە نەدەکەوت بەڵکو تەنها گۆچانەکەى لێدەدا)، وپاشان ماچی گۆچانەکەى دەکرد هەروەکو لە گێڕانەوەى (مسلم)دا هاتووە.
لە عبداللەی کوڕی عومەرەوە -ڕەزای خوایان لێبێت- دەڵێت: «پێغەمبەرم نەبینی -صلى اللە علیە وسلم- دەست لە هیچ شوێنێکی کەعبە بدات جگە لە دوو گۆشە یەمانیەکە (ڕوکنە یەمانیەکە) نەبێت».
بوخاری و موسلیم هاوڕان لەسەریپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەستی نەدەدا لە گۆشەکانی (ڕوکنەکانى) کەعبە جگە لە گۆشەی ڕەش وگۆشەی یەمانی (ڕوکنی ڕەش -الرکن الأسود- وڕوکنی یەمانی -الركن اليمانى-) نەبێت، کەعبە چوار گۆشەی هەیە، گۆشەی ڕۆژهەڵات دوو فەزڵی هەیە: 1. لەسەر ئەو بنچینەیە کە ئیبراهیم -علیه السلام- دروستی کرد. 2. وبەردە ڕەشەکەی (الحجر الأسود)ی تێدایە. وگۆشەی یەمانی یەک فەزڵی هەیە، ئەویش ئەوەیە لەسەر ئەو بنچینەیە کە ئیبراهیم دروستی کرد. وگۆشەی شام وعێراق هیچ لەم فەزڵانەیان نییە، چونکە دروستکردنیان لە دەرەوەى بنچینەى دروستکردنی ئیبراهیمە چونکە بەردە ڕەشەکە لە کەعبە دەرهێنرا لەو ئاراستانەوە، بۆیە دەستلێدان وماچکردنی بەردە ڕەشەکە ڕێگەپێدراوە، ودەستلێدان لە گۆشەی یەمانى ڕێگەپێدراوە بە بێ ماچکردنی، ودوو گۆشەکەى تر دەستلێدان وماچکردنیان ڕێگەپێدراو نییە لە شەریعەتدا، وشەریعەتی ئیسلام لەسەر شوێنکەوتن وجێبەجێکردنی ئەحکامە شەرعیەکان بنیات نراوە، نەک لەسەر داهێنان وبیدعە کردن لە دیندا، وشەریعەتی خودا چەندەها حیکمەت ودانایی تێدایە کە نهێنی زۆریان لە خۆگرتووە.
لە ئەنەسی کوڕی مالیکەوە -ڕەزای خوای لێبێت- دەڵێت: «پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- کاتێک بۆ دەست بەئاو گەیاندن دەچوو، من وتازە پێگەیشتووێک ئاو ودار گۆچانێکمان بۆ ھەڵدەگرت؛ وبە ئاوەکە تارەتی دەگرد».
(البخاري ومسلم) هاوڕان لەسەریئەنەسی کوڕی مالیک -ڕەزای خوای لێبێت- باسی ئەوەمان بۆ دەكات كە ئەو وخزمەتكارێكی هاوتەمەنی شوێنی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەكەوتن ئەگەر دەربچووایە بۆ دەست بەئاو گەیاندن، وگۆچانێكیان لەگەڵ خۆیان دەبرد كە سەرەكەی وەكو سەری ڕم وابوو بۆئەوەی پارچە قوماشێكی پێوە هەڵبواسن ودایبپۆشێت لەكاتی دەست بەئاو گەیاندنیدا، هەروەها وەكو سوترەیەك -بەربەستێك- بەكاری دەهێنا لەكاتی نوێژدا، هەروەها كوندەیەکی لە پێست دروستكراوی بچووكیان لەگەڵ خۆیان هەڵدەگرت كە پڕ بوو لە ئاو، ئەگەر پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- سەرئاوكردنی تەواو بكردایە یەكێكیان كوندەكەی پێدەدا وتارەتی بە ئاوەكە دەگرد.
لە عبداللەی کوڕی عەباسەوە -ڕەزای خوای لێبێت- دەڵێت: «پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- لە عەرەفاتەوە چوو بۆ موزدەلیفە -ئیفازەی کرد:أَفاضَ- لە ڕۆژی عەرەفەدا، ولە پشتیەوە دەنگی بەرز ولێدان ودەنگی وشتری دەبیست، بۆیە -صلى اللە علیە وسلم- بە قامچیەکەى ئاماژەی بۆیان کرد وفەرمووی: «ئەی خەڵکینە، بە هێوری پێش بکەون، چاکەکاری بەپەلە کردن بەدەست ناهێندرێت».
بوخاری و موسلیم هاوڕان لەسەریپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- لە عەرەفاتەوە چوو بۆ موزدەلیفە -ئیفازەی کرد:أَفاضَ- لە ڕۆژی عەرەفەدا ولە پشتیەوە دەنگی بەرز ولێدان ودەنگی وشتری دەبیست، وئەمیش بەهۆی کردەوەى ئەو خەڵکانە بوو کە لە سەردەمی جاهیلیەتدا لەسەر ئەم جۆرە کاران ڕاهاتبوون؛ چونکە لە سەردەمی جاهیلیەتدا ئەگەر لە عەرەفاتەوە بەرەو موزدەلیفە بهاتنایە ئەوا زۆر بەخێرایی دەهاتن بۆ ئەوەى بگەنە شوێنی مەبەست پێش ئەوەى تاریکایی شەویان بەسەردا بێت، وئەمیش هۆکاری ئەوە بوو کە زۆر بە توندی لە وشترەکانیان دەدا، وپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- بە قامچیەکەى ئاماژەی بۆیان کرد، وفەرمووی: ئەی خەڵکینە بە هێوری ڕێ بکەن وپێش بکەون، چونکە چاکەکاری وخێر ئەنجامدان بەپەلەیی وخێرایی ڕۆیشتن بەدەست ناهێندرێت.
لە ئەنەسی کوڕی مالیکەوە -ڕەزای خوای لێبێت- دەڵێت: «پیاوێکی ئەعرابی هات ولە گۆشەیەکی مزگەوتەکەدا میزی کرد، وخەڵکەکە بەگژیدا چوون، بەڵام پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- نەهی لێیان کرد، هەتا میزەکەى تەواو کرد، پاشان فەرمانیکرد بە سەتڵێک ئاو بۆ ئەوەى بڕژێندرێت بەسەر میزەکەدا (بۆ ئەوەى بۆن وشوێنەوارەکەى نەمێنێت)».
بوخاری و موسلیم هاوڕان لەسەریلە خووی ئەعرابەکان* ئەوەیە کە وشک ونەفامن، ئەمیش بەهۆی دووریان لە فێربوونی ئەو پەیامەى خودا بۆ پێغەمبەرەکەى دایبەزاندووە -صلى اللە علیە وسلم-. وکاتێک پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- لە نێو هاوەڵانیدا بوو لە مزگەوتی نەبەوی، پیاوێکی ئەعرابی هات ولە گۆشەیەکی مزگەوتەکە میزی کرد، وپێی وابوو ئەوێ وەکو دەشت وایە، وهاوەڵان -ڕەزای خوایان لێبێت- ئەمەیان بەلاوە شتێکی گەورە بوو؛ ئەمیش بەهۆی مەزنی ڕێز وقەدری مزگەوتەوە ولێی توڕەبوون لە کاتی میزکردنەکەیدا، بەڵام خاوەنی جوانترین ڕەوشت کە نێردراوە بۆ موژدەدان وئاسانکاری لەسەر خەڵکی فەرمانى پێکردن کە وازی لێبهێنن، چونکە دەیزانی حاڵی ئەعرابەکان چۆنە، وبۆ ئەوەى بەشێکی زیاتر لە نێو مزگەوتەکە و لاشە وجلەکەى پیس نەکات کە ببێتە مایەی زیانلێدان بۆی، وبۆ ئەوەى لە پاشاندا ئامۆژگاری وفێرکردن قبوڵ بکات کاتێک پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- فێری دەکات، وفەرمانى کرد کە شوێنی میزەکەى پاک بکەنەوە ئەویش بە ڕشتنی سەتڵێک ئاو بەسەر شوێنەواری میزەکەدا. *(ئەعرابەکان: مەبەست ئەو عەرەبانەیە کە دەشتەکان دەژین، واتا: لە دەرەوەى شار وگوندەکان دەژین)
لە ئیبن سیرینەوە -ڕەحمەتی خوای لێبێت- دەڵێت: «پێشوازیمان لە ئەنەس کرد -ڕەزاى خواى لێبێت- کاتێک لە شامەوە هات، بینیم لەسەر پشتی گوێدرێژەکە نوێژی دەکرد، وڕووی بەرەو ئاراستەیەک بوو -ئاراستەی چەپی قیبلە (ڕووی لە قیبلە نەبوو)-، ئیبن سیرین دەڵێت: منیش ووتم: بینیم بەرەو ئاراستەی تر جگە لە ئاراستەی قیبلە نوێژت دەکرد؟ ئەویش (ئەنەس) ووتی: «ئەگەر ئەوە نەبێت کە پێغەمبەرم بینی -صلى اللە علیە وسلم- بەم شێوەیە نوێژی دەکرد؛ ئەوا منیش بەم شێوەیە نوێژم نەدەکرد».
بوخاری و موسلیم هاوڕان لەسەریئەنەسی کوڕی مالیک -ڕەزاى خواى لێبێت- هات بۆ شام، و بەهۆی مەزنی قەدر وڕێزی وفراوانى زانستی خەڵکی پێشوازییان لێیکرد، گێڕەرەوەى فەرموودەکە کە موحەمەدی کوڕی سیرینە -ڕەحمەتی خوای لێبێت- یەکێک بوو لەوانەی کە پێشوازیان لێیکرد بینی ئەنەس لە سەر پشتی گوێدرێژەکەى نوێژ دەکات، وئاراستەی قیبلە بەرەو لای چەپی بوو (واتا ڕووی لە قیبلە نەبوو)، وسەبارەت بەمە پرسیاری لێیکرد، ئەویش (ئەنەس) پێیانی ووت کە ئەو پێغەمبەری بینیووە -صلى اللە علیە وسلم- کە بەم شێوەیە نوێژی کردووە، وئەگەر پێغەمبەری نەبینیایە -صلى اللە علیە وسلم- کە بەم شێوەیە نوێژ دەکات؛ ئەوا ئەویش بەم شێوەیە نوێژی نەدەکرد.
لە عائیشەوە -ڕەزای خوای لێبێت- دەڵێت: «ئوم حەبیبە بۆ ماوەى حەوت ساڵ تووشی ئیستیحازە* بوو، وسەبارەت بەمە پرسیاری لە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- کرد؟ ئەویش فەرمانی پێیکرد کە خۆی بشوات (لە پاش تەواوبوونی سوڕی مانگانەى ئاسایی)، (عائیشە) دەڵێت: بۆیە ئەویش بۆ هەموو نوێژێک خۆی دەشۆرد». *(ئیستیحازە: ئەو خوێنەیە کە تووشی هەندێک ئافرەت دەبێت ولە پاش تەواوبوونی کاتی سووڕی مانگانەوە -کاتی حەیزەوە- هەر بەردەوام دەردەچێت، واتا هیچ پەیوەندییەکی نییە بە سووڕی مانگانەوە)
بوخاری و موسلیم هاوڕان لەسەریپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- فەرمانى کرد بە ئوم حەبیبە کرد بەوەی خۆی بشوات (غوسڵ) بکات کاتێک پرسیاری لێیکرد سەبارەت بەوەی چی بکات کاتێک تووشی ئیستیحازە* دەبێت، واتا خۆی بشوات لە پاش تەواو بوونی ماوەى سووڕی مانگانەى ئاسایی وپاشان بۆ نوێژەکان دەستنوێژ نوێ بکاتەوە، بەڵام ئوم حەبیبە بۆ هەموو نوێژێک خۆی دەشۆرد (غوسڵی دەکرد)، وماوەى حەوت ساڵ تووشی ئیستیحازە بوو، وئەمیش حاڵەتێکە تووشی هەندێک ئافرەت دەبێت، وبنچینە بریتیە لە سووڕی مانگانە (حەیز) کە لە چەند ڕۆژێکی دیاریکراوی مانگدا ڕوو دەدات وچەند نیشانەیەکی لەگەڵدایە کە ئافرەتان دەیزانن. *(ئیستیحازە: ئەو خوێنەیە کە تووشی هەندێک ئافرەت دەبێت ولە پاش تەواوبوونی کاتی سووڕی مانگانەوە -کاتی حەیزەوە- هەر بەردەوام دەردەچێت، واتا هیچ پەیوەندییەکی نییە بە سووڕی مانگانەوە)