





























Hadeeth Cards
Da'wa cards that highlight great meanings from the noble prophetic hadiths in a simple style and attractive display that helps the Muslim to have a deeper understanding of his religion in an easy way
All
لە ئەنەسی کوڕی مالیکەوە -ڕەزای خوای لێبێت- دەڵێت: لەگەڵ پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- بووین لە سەفەرێکدا وهەندێکمان بەڕۆژوو بووین، وهەندێکمان بەڕۆژوو نەبووین، لە شوێنێکدا وەستاین (بۆ پشوودان) لە ڕۆژێکی گەرمدا، ئەوەمان کە زۆرترین سێبەری هەبوو ئەوە بوو کە چارۆکەى (جلی یەک پارچەی درێژی) لەبەردا بوو، وهەمان بوو بە دەستی سێبەری بۆ خۆی پەیدا دەکرد لە تیشکی خۆر، ئەوانەى بەڕۆژوو بوون کەوتن بەسەر زەویدا، وئەوانەى بەڕۆژوو نەبوون خێمەیان (بۆیان) هەڵدا وئاژەڵەکانیان ئاو دا، پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: «ئەوانەى ئەمڕۆ بەڕۆژوو نەبوون پاداشتی خۆیان وەرگرت».
بوخاری و موسلیم هاوڕان لەسەریهاوەڵان -ڕەزای خوایان لێبێت- لەگەڵ پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- بوون لە یەکێک لە سەفەرەکانیدا، لەوەیە غەزاى (فەتح وڕزگارکردنی مەککە) بێت، هەندێک لە هاوەڵان بەڕۆژوو بوون، وهەندێکیان بەڕۆژوو نەبوون، وپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ڕەزامەندی نیشاندا لە کردەوەى هەردوو کۆمەڵەکە، لە شوێنێکدا لایاندا بۆئەوەى پشوو وەربگرن وئیسراحەت بکەن لە گەرما وتینی تیشکی خۆر، کاتێک لەو شوێنە لایاندا لە نیوەڕۆدا، هەندێک لەوانەى بەڕۆژوو بوون کەوتن بەسەر زەویدا ئەمیش بەهۆی تینوێتی وگەرماوە، ونەیانتوانى ئیش بکەن، وئەوانەى بەڕۆژوو نەبوون، هەستان وخێمەیان هەڵدا و وشترەکانیان ئاودا، وخزمەتی برا ڕۆژووگرەکانیان کرد، کاتێک پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- کردەوەکانیانی بینی لە خزمەتکردن ویارمەتیدان؛ هانی سوپاکەى دا وفەزڵ وپاداشتیانی ڕوونکردەوە وفەرمووی: (ئەوانەى ئەمڕۆ بەڕۆژوو نەبوون پاداشتی خۆیان وەرگرت).
لە عبداللە کوڕی یەزیدی کوڕی عاسمەوە دەڵێت: «کاتێک خواى گەورە دەستکەوتەکانى جەنگی بەخشی بە پێغەمبەرەکەى لە ڕۆژی (جەنگی) حونەیندا؛ ئەویش لە نێوان خەڵکیدا دابەشی کرد، ولە نێوان (ئەوانەى تازە بوون بە موسوڵمان) بۆئەوەى دڵیان زیاتر دامەزراو بێت لەسەر ئیسلام، وهیچ شتێکی نەبەخشی بە ئەنساڕەکان. وا دیار بوو هەندێکیان دڵتەنگ بوون لە نەفسی خۆیاندا؛ چونکە بەش بە خەڵکی بەخشرا بەڵام بە ئەوان نەبەخشرا. بۆیە (پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم-) وتاری بۆیان دا وفەرمووی: «ئەی کۆمەڵی ئەنساڕ، ئایا کاتێک هاتم بۆ لای ئێوە گومڕا نەبوون؛ خودا بەهۆی منەوە هیدایەتی ئێوەى دا؟ ئایا ناکۆک نەبوون؛ خودا بەهۆی منەوە تەبایی خستە نێوانتانەوە؟ ئایا هەژار نەبوون؛ خودا بەهۆی منەوە دەوڵەمەندی کردن؟»، هەرکاتێک هەرشتێکی بفەرمووایە؛ ئەنساڕەکان دەیانووت: خودا وپێغەمبەرەکەى فەزڵ ومینەتیان هەیە بەسەرمانەوە. فەرمووی: «ئەگەر بتانەوێت دەڵێن: تۆ هاتیت ئاوا وئاوا بوویت، ئایا ڕازی نابن خەڵکی بە پەز و وشترەکانیان بڕۆنەوە وئێوەش لەگەڵ پێغەمبەری خودا بڕۆنەوە بەرەو ماڵەکانتان؟ ئەگەر کۆچ (هیجرەت) نەبووایە، پیاوێک دەبووم لە ئەنساڕ، ئەگەر خەڵکی ڕێگای دۆڵێک یان شاخێک بگرنەبەر، من ڕێگای دۆڵی وشاخی ئەنساڕ دەگرمە بەر، ئەنساڕ وەکو شیعارن (وەکو جلی سەرەکی سەر پێست وان)، وخەڵکی وەکو دیسارن (وەکو جلی دووەمن لە سەرەوەى پۆشاکی سەرەکى)، بێگومان ئێوە لە پاش من دەبینن فەزڵی خەڵکی تر دەدرێت بەسەر ئێوە (مافتان دەخورێت)، بۆیە ئارام بگرن هەتاوەکو دەگەن بە لای من لەسەر گۆلاوەکە (لەسەر حەوزی کەوسەر)».
بوخاری و موسلیم هاوڕان لەسەریکاتێک خواى گەورە نیعمەتی فەتح ودەستکەوتی (غەنیمەى) بەخشی بە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- لە جەنگی حونەیندا وپاش ئەوەى کۆتایی هێنا بە گەمارۆدانى (تائیف) وپاشان جارێکی تر گەڕایەوە بۆ گێڕانەوەى دەستکەوتەکان، پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- بە کەسانێکی بەخشی کە تازە مسوڵمان بوون بۆئەوەى دڵیان زیاتر دامەزراو وجێگیر بێت لەسەر ئیسلام، بەڵام هەندێک لە ئەنساڕەکان پێیان ناخۆش بوو کە بەشی ئەوان نەدراوە بەڵام باشترینی نێو ئەنساڕەکان ڕازی بوون چونکە دەزانن ئەم کارەى پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- هەقە وحیکمەتێکی لە پاشەوەیە، وکاتێک قسەی هەندێک لەوانەى پێیان ناخۆش بوو گەیشتە لای پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- کە هەندێکیان ووتیان: پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- دەستکەوتەکان بە ئەوان دەبەخشێت لەکاتێکدا خوێنی ئەوان دەچۆڕێت بەسەر شمشێرەکانمانەوە و واز لە ئێمە دەهێنێت، بۆیە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- فەرمانیکرد بەوەى کۆ ببنەوە لە ژێر خێمەیەکدا، وفەرمووی: (ئەی کۆمەڵی ئەنساڕ، ئایا باسی ئەو قسانەى ئێوە چییە کە گەیشتووە بە من . . هەتاوەکو کۆتایی). بۆیە ڕەخنەى لێگرتن وئامۆژگاری کردن وباسی فەزڵ وپشتیوانى ئەوانى کرد سەبارەت بە سەرخستنی ئەو وئاینی ئیسلام کە ئەو پێی هاتووە و ئیسلام بووە هۆی ئەوەى کە نەفسیان ئاسوودە بێت وزانیان کە خودا پاداشتی زۆری بۆیان داناوە بەهۆی هاوەڵێتی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- وپشتیوانى کردنی وهەروەها پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- لەگەڵیان دەگەڕێتەوە بەرەو مەدینە تەنانەت لە پاش فەتحی مەککە، ئەمە جگە لە پاداشتی نەبڕاوی ڕۆژی دوایی بەهۆی سەرخستنی ئاینی ئیسلام وئارامگرتن لەسەر ئەم ڕێبازە، وپێیانی ڕاگەیاند لە پاش ئەو دەبینن فەزڵی خەڵکی تر دەدرێت بەسەر ئەوان (مافیان دەخورێت)، بۆیە دەبێت ئارام بگرن هەتاوەکو دەگەن بە لای ئەو لەسەر حەوزی کەوسەر.
لە ئەبی سەعیدی خودریەوە -ڕەزای خوای لێبێت- کە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- لە دەی (دە ڕۆژ وشەوی) ناوەڕاستی ڕەمەزان ئیعتیکافی دەکرد، ساڵێکیان ئیعتیکافی کرد هەتاوەکو گەیشت بە شەوی بیست ویەک -ئەویش ئەو شەوەیە کە بەیانیەکەى لە ئیعتیکاف کردن دەردەچێت-، فەرمووی: «هەرکەسێک ئیعتیکافی کرد؛ با لە دەى کۆتادا (دە ڕۆژ وشەوی) ئیعتیکاف بکات، ئەو شەوەم پێڕاگەیەندرا پاشان لە بیرم دەرهێندرا، خۆم بینیەوە کە لە نێو ئاو وقوڕدا سوجدەم دەبرد لە بەیانیەکەیدا، بۆیە بە دوایدا بگەڕێن (بە دوای شەوی قەدر) لە دەی کۆتادا (دە شەوی کۆتادا)، وبە دوایدا بگەڕێن لە تاکەکان (شەوە تاکەکان)». ئەبو سەعید دەڵێت: «ئەو شەوە باران باری، و (بنمیچی:سەقفی) مزگەوت لە لقی دارخورما بوو، دڵۆپە ئاوەکان هاتە نێو مزگەوتەوە، چاوەکانم پێغەمبەری خودای بینی -صلى اللە علیە وسلم- ولە نێوچەوانى شوێنەواری ئاو وقوڕ هەبوو لە بەیانی بیست ویەکدا».
بوخاری و موسلیم هاوڕان لەسەریئەبو سەعیدی خودری -ڕەزای خوای لێبێت- باسی ئەوە دەکات کە پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- لە دەی (دە ڕۆژ وشەوی) ناوەڕاستی ڕەمەزان ئیعتیکافی دەکرد ئەمیش بۆ ئەوەى بگەڕێت بە دواى شەوی قەدر، ساڵێکیان وەکو خووی ئاسایی خۆی ئیعتیکافی کرد هەتا گەیشتە شەوی بیست ویەک، ئەویش ئەو شەوەیە کە بەیانیەکەى لە ئیعتیکاف کردن دەردەچێت، پێی ڕاگەیەندرا کە شەوی قەدر لە دەی کۆتادایە بۆیە بە هاوەڵانی فەرموو: هەرکەسێک ئیعتیکافی کردووە لە دەی ناوەڕاستدا؛ ئەوا با لە ئیعتیکاف کردن بەردەوام بێت ولە دەى کۆتادا (دە ڕۆژ وشەوی) ئیعتیکاف بکات. وباسی ئەوەى کرد کە خواى گەورە پێی ڕاگەیاندووە بەڵام پاشان لە بیری دەرهێناوە، بەڵام لە خەوندا هەندێک شتی بینی کە نیشانەیە لەو ساڵەدا ئەویش بریتیە لە: سوجدە بردن لە نێو ئاو وقوڕدا سوجدەم دەبرد لە نوێژی بەیانی ڕۆژی بیست ویەکدا. خواى گەورە خەونەکەى پێغەمبەری لە ڕاستیدا بەدیهێنا -صلى اللە علیە وسلم-، لە شەوی بیست ویەکدا باران باری ومزگەوتی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- پایەکانی لە لقی دارخورما بوو وبنمیچەکەى (سەقفەکەى) لە لقەکانى دارخورما بوو، دڵۆپە ئاوەکانی باران هاتە نێو مزگەوتەوە، بۆیە پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- لە نێوچەوانى شوێنەواری ئاو وقوڕ هەبوو لە بەیانی بیست ویەکدا.
لە جابری كوڕی عبد اللە وە -ڕەزای خوای لێبێت- دەڵێت: پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- لە سەفەردا بوو، قەرەباڵەغیەکی بینی وخەڵکانێک سێبەریان دروست کردبوو بۆ پیاوێک، ئەویش فەرمووی: «ئەمە چییە؟»، ووتیان: ڕۆژووی گرتووە، فەرمووی: «لە چاکەکاری نییە ڕۆژووگرتن لە سەفەردا»، و لە گێڕانەوەى (مسلم)دا فەرمووی: «سوود لە ئەو ڕوخسەتانەى خودا وەربگرن کە پێتانى بەخشیووە».
(البخاري ومسلم) هاوڕان لەسەریپێغەمبەری خودا -صلى الله عليه وسلم- لە گەشتێکدا بوو، پیاوێکی بینی کە خەڵک لە دەوری کۆبوونەتەوە، و سێبەریان بۆ كردبوو بەهۆی گەرمی تیشكی خۆر و تینوێتی زۆرەوە، فەرمووی: چییەتی؟ ووتیان: بەڕۆژووە، فەرمووی: لە چاکەکاری نییە ڕۆژووگرتن لە سەفەردا، پابەند بن بە ڕوخسەتی خوداوە کە بۆ ئێوەی بڕیار داوە.
لە ئەبی دەردائەوە -ڕەزای خوای لێبێت- دەڵێت: «لەگەڵ پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەرچووین لە مانگی ڕەمەزاندا، لە گەرمایەکی بەتیندا، هەتا تەنانەت یەکێک لە ئێمە دەستی بە سەریەوە بوو (بۆ خۆپاراستن لە) تینی (گەرمای تیشکی خۆر)، وهیچ یەکێک لە ئێمە بەڕۆژوو نەبوو جگە لە پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- وعبداللەی کوڕی رەواحە نەبێت».
بوخاری و موسلیم هاوڕان لەسەریلە ئەبی دەردائەوە -ڕەزای خوای لێبێت- باسی ئەوە دەکات کە دەرچوون بۆ سەفەرێک لە مانگی ڕەمەزاندا، و لەو ڕۆژەدا گەرمایەکی بەتین هەبوو، هەتا تەنانەت یەکێک لە ئەوان دەستی بە سەریەوە بوو (بۆ خۆپاراستن لە) تینی (گەرمای تیشکی خۆر)، وهیچ یەکێک لە ئەوان بەڕۆژوو نەبوو جگە لە پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- وعبداللەی کوڕی رەواحەی ئەنساڕی نەبێت -ڕەزای خوای لێبێت-، ئارامگر بوون لەگەڵ ئەو گەرمایە وڕۆژوویان گرت، وئەمیش بەڵگەیە لەسەر ئەوەى کە دروستە ڕۆژوو بگیرێت ئەگەرچیش سەفەرەکە ناڕەحەتی تێدا بێت ئەگەر ناڕەحەتیەکە نەگاتە ئاستی زۆر ترسناک.
لە ئەبی هورەیرەوە -ڕەزای خوای لێبێت- کە پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «هیچ زەکاتێک لەسەر مسوڵمان نییە لە خزمەتکارەکەى* وئەسپەکەیدا». ولە گێڕانەوەیەکدا: «جگە لە زەکاتی سەرفیترە نەبێت ( کە واجبە) بدرێت (لە جیاتی) بەندەکە». *(خزمەتکارەکەى: مەبەست کۆیلە وبەندەیە کە لەو سەردەمەدا دەکڕان ودەبوون بە موڵکی ئەو کەسەی دەیانکڕێت)
بوخاری و موسلیم هاوڕان لەسەریزەکات لەسەر بنەمای یەکسانی ودادپەروەری بنیات نراوە، بۆیە خواى گەورە واجبی کردووە کە زەکات بدرێت لەو سامانانەى کە گەشە دەکەن وئەوەى دێتە دەرەوەى زەوی وهەروەها لە شتومەکی دانراو بۆ بازرگانى بە ڕێژە ومەرجی تایبەتی خۆی. بەڵام ئەو سامانانەى کە گەشە ناکەن -کە بەکاردێن- زەکاتیان لێ نادرێت چونکە مسوڵمان بۆ خۆی بەکاریدەهێنێت وەکو ئەو شتانەى سواری دەبێت بۆ هاتوچۆ وەکو وشتر وئەسپ وئۆتۆمبێل وهەروەها ئەو کەسانەى بۆ خزمەتکردن کڕیویانیەتی وەکو کۆیلە وخزمەتکار، و بەهەمان شێوە ڕاخەر ودەفر وهەموو ئەو شتانەى بەکاریدەهێنێت. بەڵام لە زەکاتی سەرفیترەدا دەبێت لەجیاتی خزمەتکار (کۆیلە:بەندە) بدرێت ئەگەرچیش بۆ بازرگانی بەکار نایەت، چونکە زەکاتی سەرفیترە پەیوەستە بە لاشەوە نەک بە سامانەوە.
لە عبداللەی کوڕی عومەرەوە -ڕەزای خوایان لێبێت- دەڵێت: «پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- نەهی کردووە لە (ویساڵ)*. ووتیان: تۆ (ویساڵ) ئەنجامدەدەیت؟ فەرمووی: من وەکو ئێوە نیم، من خواردن وخواردنەوەم پێدەبەخشرێت». ولە ئەبو سەعیدی خودریەوە -ڕەزای خوای لێبێت- کە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: «هەرکەسێک لە ئێوە ویستی (ویساڵ) ئەنجامبدات ئەوا با هەتاوەکو کاتی پارشێو (سەحەر) بێت». *(ویساڵ: واتە بەردەوام بوون لە ڕۆژووگرتن ونەشکاندنی ڕۆژووەکە پاش بانگی ئێوارە وبەردەوامبوون لە ڕۆژوو بۆ ڕۆژێکی تر یان زیاتریش)
بوخاری و موسلیم هاوڕان لەسەریپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- نەهی کردووە لە ویساڵ* وەکو ڕەحمەت وبەزەییەک بەرامبەر هاوەڵان، بەڵام هاوەڵان بەهۆی خۆشەویستیان بۆ خێر وچاکە وئەنجامدانى ئەو شتانەى لە خودا نزیکیان دەکاتەوە حەزیان دەکرد ئەوانیش ویساڵ ئەنجام بدەن چونکە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ئەنجامی دەدا ووتیان: تۆ ویساڵ ئەنجامدەدەیت، بەڵام -صلى اللە علیە وسلم- پێیانی فەرموو ئەو شتێکی پێدەبەخشرێت لە لە لایەن خوداوە شوێنی خواردن وخواردنەوەى ڕاستەقینەی بۆ دەگرێتەوە بۆیە وزەی دەبێت بۆ ئەنجامدانى پەرستن وماندوو نابێت، بەڵام پێیانی فەرموو هەرکەسێک لە ئێوە حەز دەکات ویساڵ ئەنجامبدات، دەتوانێت هەتاوەکو پارشێو (سەحەر) ڕۆژووەکەى نەشکێنێت. شەریعەتی ئیسلامی ئاسانکارییە بۆ سەر مرۆڤەکان وهیچ قورسی وناڕەحەتی وتوندی وقوڵییەکی تێدا نییە، چونکە بەردەوام بوون لە ڕۆژووگرتن ونەشکاندنی ڕۆژوو زیاتر لە ڕۆژێک؛ ماندووبوونی لاشەی تێدایە وهۆکارە بۆئەوەى تووشی زیان بێت، وخواى گەورە ئەرکێک ناخاتە سەر کەسێک کە لە توانایدا نەبێت، چونکە ئاسانکاری وا دەکات کردەوەکە بەردەوام بێت وکەسەکە بێزار نەبێت، وهەروەها ئەو دادپەروەریەی تێدایە کە خودا لەسەر زەوی دایناوە؛ ئەمیش بریتیە لە جێبەجێکردنی ئەوەی خودا فەرمانی پێکردووە لە پەرستن وهەروەها پێدانی ئیسراحەت بە لاشە بۆئەوەى بەهێز بێت بۆ ئەنجامدانى پەرستنەکان. *(ویساڵ: واتە بەردەوام بوون لە ڕۆژووگرتن ونەشکاندنی ڕۆژووەکە پاش بانگی ئێوارە وبەردەوامبوون لە ڕۆژوو بۆ ڕۆژێکی تر یان زیاتریش)
لە موحەمەدى کوڕی عەبادی کوڕی جەعفەرەوە دەڵێت: «پرسیارم لە جابری کوڕی عبدالله کرد -ڕەزای خوایان لێبێت-، (ووتم): «ئایا پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- نەهی کرد لە ڕۆژووگرتنی ڕۆژی جومعە؟ ووتی: بەڵێ». ولە گێڕانەوەیەکدا، (ووتی) : «(بەڵێ)، سوێند بە پەروەردگاری کەعبە».
نەسائی گێڕاویەتیەوە - بوخاری و موسلیم هاوڕان لەسەریچونکە ڕۆژی جومعە، ڕۆژی جەژنە لە لای مسوڵمانان بۆیە شەریعەت نەهی کردووە لە تایبەتکردنی ئەو ڕۆژە بۆ ڕۆژوو گرتن وشەونوێژ کردن، مەگەر بۆ کەسێک نەبێت ڕۆژێک پێشی لەگەڵی یان ڕۆژێک لە پاشی لەگەڵی بەڕۆژوو بێت لێرەدا دروستە، یان لەو ڕۆژووانە بێت کە کەسێک لەسەری ڕاهاتوو وەکو ڕۆژووگرتنی ڕۆژێک وشکاندنی ڕۆژەکەى پاشتر -ڕۆژووگرتنی نیوەى مانگ یان نیوەى ساڵ-، وهەروەها بۆئەوەیە کە خەڵکی پێیان وا نەبێت کە ڕۆژی جومعە تایبەتکراوە بە پەرستنێک زیاد لەو پەرستنانەی کە واجب کراوە.
لە عائیشەوە -ڕەزای خوای لێبێت- کە پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «هەرکەسێک بمرێت وڕۆژووی (قەزری) لەسەر مابێت کە بیگرێتەوە؛ ئەوا دەبێت میراتگرەکەى لە جیاتی ئەو (ڕۆژووە قەرزەکە) بگرێتەوە».
بوخاری و موسلیم هاوڕان لەسەریعائیشە -ڕەزای خوای لێبێت- باسی ئەوە دەکات کە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- فەرمانیکرد بە میراتگری ئەو کەسەی مردووە؛ ئەگەر کەسە مردووەکە ڕۆژووی فەرزی لەسەرە وەکو ڕۆژوو قەرزی ڕەمەزان یان نەزر یان کەفارەت؛ ئەوا دەبێت میراتگرەکە لە جیاتی کەسە مردووەکە بیگرێتەوە، چونکە ئەمە قەرزێکە لەسەری، وکەسە نزیکەکەى لە پێشترە بۆئەوەى لە جیاتی ئەو وەکو قەزا بیگرێتەوە؛ وئەمیش چاکەکاری وپاداشت وگەیاندنی پەیوەندى خزمایەتیە تەنانەت پاش مردنیشی، وئەمیش سونەتە (موستەحەبە) نەک واجب بێت.