





























Hadeeth Cards
Da'wa cards that highlight great meanings from the noble prophetic hadiths in a simple style and attractive display that helps the Muslim to have a deeper understanding of his religion in an easy way
All
لە حوزەیفەوە -ڕەزای خوای لێبێت- کە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «فەزڵ بە ئێمە بەخشراوە بەسەر خەڵکیدا لە سێ شتدا: ڕیزەکانمان وەکو ڕیزەکانى فریشتەکانن، وهەموو سەر زەوی کراوە بە مزگەوت بۆ ئێمە، وخاکەکەى کراوە بە پاککەرەوە بۆ ئێمە (بۆ تەیەموم کردن) ئەگەر ئاومان نەدۆزیەوە»، وفەزڵێکی تریشی باسکرد.
موسلیم گێڕاویەتیەوەئەم فەرموودەیە باسی فەزڵ وڕێزلێنان لەم ئومەتە دەکات بەسەر ئومەتەکانى تر بە هەندێک تایبەتمەندی، پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: (فەزڵ بە ئێمە بەخشراوە بەسەر خەڵکیدا لە سێ شتدا): واتا خواى گەورە چەند فەزڵ وڕێزلێنان وتایبەتمەندییەکی بە ئێمە بەخشیووە بەسەر ئومەتانى پێشووتردا لە سێ سیفەتدا، وئەمەیش سنوودارکردنی سیفەتەکان نییە تەنها بۆ ئەم سیانە؛ چونکە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- سیفەت وتایبەتمەندییەکانى ئومەتەکەى بۆ سەر دادەبەزی یەک لە دوای یەک، بۆیە هەواڵی دەدا سەبارەت بە ئەوانەى لەسەری دابەزیووە لەکاتێکدا کە گونجاو بووایە. (ڕیزەکانمان وەکو ڕیزەکانى فریشتەکانن): واتا وەستانمان لە نوێژدا وەکو وەستانی فریشتەکانن لە لای پەروەردگاریان، واتا سەرەتا ڕیزەکانى پێشەوە کامڵ دەکەن ئینجا ئەوانەى دواتر، پاشان لە تەنیشت یەکتر دەوەستن وڕیزەکان ڕێکدەخەن، هەروەکو لە گێڕانەوەیەکدا هاتووە: (ألا تصفون كما تَصُف الملائكة عندَ ربِّها؟) فقلنا: يا رسول الله، وكيف تَصُفُّ الملائكة عند ربِّها؟ قالَ: (يتمون الصفوف الأولى، ويتراصون في الصَفِّ) [رواه أبي داود] واتە: (ئایا ڕیزەکان ڕێک ناخەن هەروەکو چۆن فریشتەکان ڕیزەکان ڕێکدەخەن لە لای پەروەردگاریان؟) ووتمان: ئەی پێغەمبەری خودا، فریشتەکان چۆن ڕیزەکان ڕێکدەخەن -چۆن دەوەستن لە ڕیزەکاندا- لە لای پەروەردگاریان؟ فەرمووی: (سەرەتا ڕیزەکانى پێشەوە پڕ دەکەنەوە، ولە تەنیشت یەکتر دەوەستن لە ڕیزەکاندا). ئەمیش بە پێچەوانەى ئومەتەکانى پێشووتر، ئەوان لە نوێژدا دەوەستان بەهەر شێوەیەک بووایە. (وهەموو سەر زەوی کراوە بە مزگەوت بۆ ئێمە): واتا خواى گەورە هەموو ڕێگەى داوە بە ئێمە بە نوێژکردن لە هەر شوێنێکی سەر زەوی، بۆیە مسوڵمان لە هەر شوێنێک بوو وکاتی نوێژ هات؛ دەتوانێت نوێژ بکات، وشوێنێک تایبەت نەکراوە بۆ نوێژکردن ئەمیش بۆ ئاسانکاری لەسەر ئەم ئومەتە، بە پێچەوانەى ئومەتەکانى پێشووتر؛ چونکە ئەوان تەنها دەبوو لە نێو کڵێسا وکەنێست -پەرستگای جولەکە- نوێژ بکەن، بۆیە لە هەندێک گێڕانەوەدا هاتووە: (وكان مَنْ قبلي إنَّما يُصلون في كنائسهم) [رواه أحمد] واتە: (ئەوانەى پێش من تەنها دەبوو لە نێو کڵێساکانیان نوێژ بکەن)، ولە گێڕانەوەیەکی تردا: (ولم يَكن أحَدٌ من الأنبياء يصلِّي حتى يبلغ مِحْرَابه) واتە: (هیچ یەکێک لە پێغەمبەران نوێژی نەدەکرد هەتاوەکو دەگەیشتە نێو میحرابەکەى -شوێنی نوێژکردنەکەى-). گشتگیری ئەم فەرموودەیە ئەو شوێنانە ناگرێتەوە کە شەریعەت نەهی کردووە لە نوێژکردن تێیاندا، وەکو: گەرماو -حەمام-، وئاودەستخانە، وگۆڕستان، وشوێنی مانەوەى وشترەکان، وشوێنە پیس وبۆگەنەکان. (وخاکەکەى کراوە بە پاککەرەوە بۆ ئێمە -بۆ تەیەموم کردن- ئەگەر ئاومان نەدۆزیەوە): واتا تەیەموم کردن بە خاک وخۆڵ کاتێک ڕێگەپێدراوە ئەگەر ئاو دەست نەکەوێت، وهەروەها قورئانی پیرۆزیش ئاماژەى بۆ ئەمە کردووە، خواى گەورە دەفەرموێت: {فَلَمْ تَجِدُوا۟ مَآءً فَتَيَمَّمُوا۟ صَعِيدًا طَيِّبًا} [النساء:43] واتە: {ئینجا ئاوتان دەست نەکەوت ئەوە بە خۆڵێکی پاک تەیەموم بکەن}، وزانایان یەکدەنگن لەسەر ئەم ڕێگەپێدانە بە تەیەموم کردن، وهەروەها ئەو کەسەیش دەگرێتەوە کە تەنها ئەوەندە ئاوی پێیە ترسی تووشی بوون بە زیانی هەیە ئەگەر ئەو بڕە ئاوە بەکاربهێنێت بۆ دەستنوێژگرتن. (وفەزڵێکی تریشی باسکرد): ئەوەى باسکراوە لە پێشتووتر دوو دانە بوون، بۆ نوێژکردن وتەیەموم کردن بە یەک تایبەتمەندی دادەنرێن، بەڵام سێیەم لێرەدا باس نەکراوە بەڵام لە گێڕانەوەیەکی تردا هاتووە: (وأُوتِيتُ هؤلاء الآيات آخر سورة البقرة من كَنْز تحت العَرْش لم يُعْطَ منه أحَدٌ قَبْلِي، ولا يُعْطَى منه أحَدٌ بَعْدِي) [رواه النسائي] واتە: (وئەو ئایەتانەم پێبەخشراوە لە کۆتایی سورەتی -البقرة-دا لە گەنجینەکانى ژێر عەرش، لەو -گەنجینەیە- بە کەسی تر نەبەخشراوە لە پێش من، وبە کەسی تریش نابەخشرێت لە پاش من).
لە عائیشەوە -ڕەزای خوای لێبێت- دەڵێت: «من وپێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- یەک تەشتی ئاومان بەکاردەهێنا بۆ خۆشۆردن لە لەشگرانی، بە نۆرە بە دەستەکانمان ئاومان لێی دەردەهێنا». ولە گێڕانەوەیەکدا: «دەستەکانمان بەیەکدەگەیشت (پێکەوە ئاومان دەردەهێنا لە تەشتەکەدا)».
ئیبنو حیبان گێڕاویەتیەوە - بوخاری و موسلیم هاوڕان لەسەریدایکمان عائیشە -ڕەزای خوای لێبێت- باسی ئەوە دەکات کە ئەو لەگەڵ پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- پێکەوە خۆیان دەشۆرد لە یەک تەشتی ئاودا؛ بۆئەوەى لەشگرانی لەسەر خۆیان نەهێڵن. وشێوازى ئەم بەشداری کردنەى لە خۆشۆردن باسکردووە، (بە نۆرە بە دەستەکانمان ئاومان لێی دەردەهێنا): جاری وا هەبوو من دەستم دەبرد بۆ تەشتەکە بۆئەوەى ئاوی لێ دەربهێنم وجاری وا هەبوو ئەو ئاوی لە دەفرەکە دەردەهێنا. بەڵام لە گێڕانەوەى دووەمدا کە (إبن حبان) گێڕاویەتیەوە وردەکاری تر هاتووە سەبارەت بەم شێوازى خۆشۆردنە، دەڵێت: (دەستەکانمان بەیەکدەگەیشت -پێکەوە ئاومان دەردەهێنا لە تەشتەکەدا-): واتا پێکەوە ئاویان لە تەشتەکە دەردەهێنا ودەستیان بەریەک دەکەوت لەکاتى دەرهێنانى ئاوەکە. بۆیە بەم پێی ئەم گێڕاونەوانە بێت جاری وا هەبووە بە نۆرە ئاویان دەرهێناوە لە تەشتەکە وجاری وا هەبووە پێکەوە ئاویان دەرهێناوە.
لە ئوم سەلەمەوە -ڕەزای خوای لێبێت- دەڵێت: ووتم: ئەی پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- من ئافرەتێکم قژم بە توندی پەلک دەکەم؛ ئایا بیکەمەوە بۆ خۆشۆردن لە لەشگرانی [ولە گێڕانەوەیەکدا: -وبۆ خۆشۆردن لە- سووڕی مانگانە]؟ -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: «نەخێر، بەسە بۆت کە سێ پڕ چنگی (هەردوو دەست) ئاو بکەیت بەسەر سەرتدا پاشان ئاو بکەیت (بەسەر هەموو لاشەتدا) وپاکدەبیتەوە».
موسلیم گێڕاویەتیەوەئوم سەلەمە -ڕەزای خوای لێبێت- باسی ئەوە دەکات کە قژی پەلک دەکات، پاشان پرسیاری لە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- کرد سەبارەت بە چۆنیەتی خۆشۆردن لە ڕوودانى گەورە -الحدث الأکبر- بەهۆی لەشگرانی وسووڕی مانگانە وزەیستانیەوە، ئایا پێویست دەکات کە پەلکەکەى قژی بکاتەوە بۆئەوەى ئاو بگاتە بنی قژی، یان پێویست ناکات پەلکەکەى قژی بکاتەوە؟ ئەویش -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: (نەخێر، بەسە بۆت کە سێ پڕ چنگی -هەردوو دەست- ئاو بکەیت بەسەر سەرتدا): واتا پێویست ناکات بەڵکو تەنها ئەوەندە پێویستە ئاو هێندەى هەردوو چنگی دەستت بکەیت بە سەر سەرتدا سێ جار، دەبێت زۆرینەى گومانت ئەوە بێت کە ئاوەکە گەیشتووەتە بنی قژ، ئەگەر ئاوەکە گەیشتبێتە بنی قژ یان نەگەیشت؛ ئەگەر ئەگەر گەیشتنی ئاو بە بنی قژ واجب بووایە ئەوا دەبووایە پەلکەکەى بکاتەوە بۆئەوەى دڵنیا بێت لەوەى ئاوەکە گەیشتووەتە بنی قژ یان نەگەیەشتووە. (سێ پڕ چنگی -هەردوو دەست-): سێ پڕ چەنگی هەردوو دەست؛ ئەم ژمارەیە دیاریکراو نییە، بەڵکو داواکراو ئەوەیە ئاو بگاتە بنی قژ؛ ئەگەر بە سێ چنگی پڕی هەردوو دەست ئاوەکە گەیشتە بنی قژ ئەوا ئەمە واجبە، وئەگەر نەگەیشت زیادکردن واجبە، بۆئەوەى زۆرینەى گومان ئەوە بێت کە ئاو گەیشتووەتە بنی قژ. (پاشان ئاوی بکەیت -بەسەر هەموو لاشەتدا-): واتا پاشان ئاو دەکەیت بەسەر هەموو لاشەتدا، ولە فەرموودەیەکی تردا: (ثمَّ تَصُبِّينَ على رأسِكِ الماءَ) واتە: (پاشان ئاو دەکەیت بەسەر سەرتدا -قژتدا-). (وپاکدەبیتەوە): ولە گێڕانەوەیەکی تردا: (فإذا أنت قد طَهُرت) [رواه أبو داود] واتە: (کەواتە تۆ پاکبوویتەوە) واتا لە ڕوودانى گەورە -الحدث الأکبر- کە تووشت بوو. بە کورتی: پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- بەو شێوەیە فەتواى بۆیدا کە واجب نییە پەلکەکەی قژی بکاتەوە بۆ خۆشۆردن لە لەشگرانی وسووڕی مانگانە، بەڵکو تەنها بەسە کە سێ پڕ چنگی ئاو بکات بەسەر سەریدا، وپاشان ئاو بکات بەسەر هەموو لاشەیدا، وبەم شێوەیە پاکبووەتەوە لە ڕوودانى گەورە -الحدث الأکبر-.
لە مەیمونەوە -ڕەزای خوای لێبێت- دەڵێت: «ئاوی خۆشۆردنم بۆ پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ئامادەکرد، بە دەستی ڕاستی ئاوی کردە سەر دەستی چەپی، وهەردوو دەستەکانی شۆرد، وپاشان دامێنی شۆرد، پاشان دەستەکانى هێنا بەسەر زەویدا وخۆڵی پێیاندا کرد (بە خۆڵ مەسحیانی کرد)، پاشان دەستەکانى شۆرد، پاشان ئاوی ڕادایە نێو دەمی ودەریکرد، وپاشان ئاوی ڕادایە نێو لووتی ودەریکرد، پاشان دەموچاوی شۆرد، وئاوی کرد بەسەر سەریدا، پاشان چەمایەوە وپێیەکانى شۆرد، پاشان پارچە پەڕۆیەکی بۆ هێنرا خۆی پێ وشک نەکردەوە».
بوخاری و موسلیم هاوڕان لەسەریواتاى فەرموودەکە: مەیمونە -ڕەزای خوای لێبێت- باسی ئەوە دەکات کە ئاوی خۆشۆردنی بۆ پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- ئامادەکرد بۆئەوەى خۆی بشوات بەهۆی لەشگرانی بوونی، بە دەستی ڕاستی ئاوی کردە سەر دەستی چەپی، وهەردوو دەستەکانی شۆرد چونکە ئاوەکان هۆکاری گواستنەوەى ئاون بۆیە پێویستە پاک بن، بۆیە سونەتە بشۆردرێن ئەمیش بۆ بەدیهێنانى پاکێتی وپاککردنەوەیان. شۆردنیان ولە گێڕانەوەیەکی تردا هەر مەیمونە -ڕەزاى خواى لێبێت- دەیگیڕێتەوە: (فغسل يديه مرتين أو ثلاثا) واتە: (دەستەکانى دوو یان سێ جار شۆرد). وپاشان بە دەستی چەپی دامێنی شۆرد بۆئەوەى پاشماوەکانى وەکو مەنی وهەرشتێکی تری لەسەر لاببات، ودامێن لێرەدا مەبەست ئەندامی نێرینەیە، هەروەکو لەم گێڕانەوەیەدا هاتووە: (ثم أفرغ على شِماله، فغسل مَذَاكِيرَه) واتە: (پاشان ئاوی هێنایە سەر دەستی چەپی وئەندامی نێرینەى شۆرد -گونەکانیش دەگرێتەوە-). پاشان دەستەکانى هێنا بەسەر زەویدا وخۆڵی پێیاندا کرد (بە خۆڵ مەسحیانی کرد)، ولێرەدا مەبەست دەستی چەپە هەورەکو لە گێڕانەوەى (البخاري)یدا هاتووە: (ثم ضَرب بِشِمَاله الأرض، فدَلَكَها دَلْكَا شديدا) واتە: (پاشان دەستی چەپی دا بەسەر زەویدا، بە چاکی دایماڵی -بەسەر زەویدا وتێکەڵی خۆڵەکەى کرد-). مەسحی کرد بەسەر خۆڵەکەدا بۆئەوەى پاشماوەى ئەو شتانە لا ببات کە لەوەیە پێوەیە نووسا بێت لە پاشماوەى ناخاوێن وبۆنی ناخۆش، پاشان دەستی چەپی بە ئاو شۆرد بۆئەوەى پاشماوەى ئەو شتانەى لەسەر لاببات کە پێیەوە نووسا بوو لە خۆڵ وپاشماوەکان، پاش شۆردنی دەستەکانى ئاوی ڕادایە نێو دەم ولووتی وئاوەکەى دەرکرد، وپاشان دەموچاوی شۆرد. وتێیدا نەهاتووە کە دەستنوێژی گرتبێت بەڵکو لە گێڕانەوەکەى (البخاري)یدا هاتووە هەورەکو عائیشە -ڕەزاى خواى لێبێت- دەیگێڕێتەوە: (ثم توضأ وضوءه للصلاة) واتە: (دەستنوێژی گرت هەروەکو دەستنوێژگرتن بۆ نوێژ). پاشان ئاوی کردە بەسەر سەریدا هەروەکو لە گێڕانەوەکەى تر هاتووە: (ثم أَفْرَغ على رأسه ثلاث حَفَنَات مِلءَ كَفِّه، ثم غَسَل سَائر جَسَده) واتە: (پاشان سێ جار ئاوی کرد بەسەر سەریدا بە ئەندازەى نێوان هەردوو چنگی دەستی، وپاشان هەموو لاشەی شۆرد)، ویەک جار بەسە ئەگەر هەموو لاشە شۆردرا. دواى ئەمە چوو بۆ شوێنێکی دوور لەو شوێنەى کە خۆی تێیدا شۆرد وپێیەکانى شۆرد؛ پاش دەستنوێژگرتن وخۆشۆردنی، وپێیەکانى جارێکی تریش شۆرد. وپاشان پارچە پەڕۆیەکی بۆ هێنرا خۆی پێ وشک نەکردەوە، ولە گێڕانەوەیەکی تردا -ڕەزاى خواى لێبێت- دەڵێت: (ثم أَتَيْتُه بالمِندِيل فَرَدَّه) واتە: (پاشان پارچە پەڕۆیەکم بۆی هێنا وڕەتی کردەوە). ولە گێڕانەوەیەکی تر: (أُتِيَ بِمِنْدِيلٍ فلم يَمَسَّه وجعل يقول: بالماء هكذا) واتە: (پاشان پارچە پەڕۆیەکی بۆ هێنرا ودەستی لێی نەدا وئاوەکەى بەم شێوەیە لێکرد)؛ واتا بە دەستەکانى شوێنەواری ئاوی خۆشۆردنەکەى لەسەر لاشەی لادەدا.
لە عائیشەوە دەڵێت: «پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ئەگەر خۆی بشۆردایە لە پاش لەشگرانی، دەستی پێدەکرد سەرەتا دەستەکانى دەشۆرد، پاشان بە دەستی ڕاستی ئاوی دەکردە سەر دەستی چەپی ودامێنی دەشۆرد، پاشان دەستنوێژی دەگرت وەکو دەستنوێژگرتن بۆ نوێژکردن، پاشان ئاوی دەبرد (بە دەستەکانى) وپەنجەکانى دەخستە نێو بنی قژیەوە (مووەکانیەوە)، هەتاوەکو ئەگەر پێی وابووایە کە قژی (مووەکانى) بە تەواوی تەڕ بوون؛ سێ چنگی (هەردوو دەست) بەسەر سەریدا دەکرد، وپاشان (ئاوی) دەکرد بەسەر هەموو لاشەیدا، پاشان پێیەکانى دەشۆرد».
بوخاری و موسلیم هاوڕان لەسەریعائیشە -ڕەزای خوای لێبێت- باسی غوسڵی (خۆشۆردنی) پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەکات کاتێک بیویستایە خۆی بشوات لە پاش لەشگرانی، سەرەتا دەستەکانی دەشۆرد بۆئەوەی پاک بن کاتێک دەیەوێت ئاو بهێنێت، وپاش ئەوە دەستنوێژی دەگرت وەکو دەستنوێژگرتنی بۆ نوێژکردن. چونکە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- مووی زۆر بوو (مووی ڕیشی وقژی)؛ دەستی تەڕ دەکرد ودەیهێنایە نێو مووەکانی هەتا دڵنیا دەبوو کە هەموو مووەکانی تەڕ کردووە وئاو گەیشتووە بە پێستی ژێرەوەی مووەکانی قژ وڕیشی، پاش ئەمە سێ جار ئاوی دەکردە سەریدا وپاشان هەموو لاشەی دەشۆرد، وشۆردنی پێیەکانى دوادەخست بۆئەوەى کۆتا ئەندام بێت کە بیشوات، لەگەڵ ئەم غوسڵە تەواو وکامڵەش؛ ئەوا تەنها یەک سەتڵ (تەشت) ئاو یان کەمتریش بەس بوو بۆئەوەی خۆی پێ بشوات.
لە ئەنەسی کوڕی مالیکەوە -ڕەزای خوای لێبێت- دەڵێت: ئوم سولەیم پرسیاری لە پێغەمبەری خودا کرد -صلى اللە علیە وسلم- سەبارەت بە ئافرەت کاتێک ئەوەى پیاو دەیبینێت لە خەودا ئەویش دەیبینێت (لە لەشگران بوون)؟ پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: «ئەگەر ئافرەت ئەوەى بینی با خۆی بشوات»، ئوم سولەیم ووتی: شەرمم کرد سەبارەت بەم مەسەلە، ووتی: ئایا ئەمە ڕوودەدات؟ پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: «بەڵێ (ڕوودەدات)، ئایا شێوەى (منداڵەکە) لە کوێوە دێت؟ ئاوی پیاو (مەنی پیاو) چڕ وسپیە، وئاوی ئافرەت (مەنی ئافرەت) تەنک وزەردە، هەرکامیان زاڵ بێت یان پێش بکەوێت؛ (منداڵەکە) لە ئەو دەچێت».
موسلیم گێڕاویەتیەوەدایکی ئەنەسی کوڕی مالیک -ڕەزای خوای لێبێت- بەناوى ئوم سولەیم -ڕەزاى خواى لێبێت- پرسیاری لە پێغەمبەر کرد -صلى اللە علیە وسلم- سەبارەت بە ئافرەت کاتێک ئەوەى پیاو دەیبینێت لە خەودا ئەویش دەیبینێت -لە لەشگران بوون-؟): واتا ئەوەى پیاو دەیبینێت لە خەوندا لە جیماع کردن؛ ئافرەتیش دەیبینێت؟. پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- وەڵامی دایەوە فەرمووی: (ئەگەر ئافرەت ئەوەى بینی با خۆی بشوات): واتا ئەگەر ئافرەت وەکو پیاو ئەوەى بینی با خۆی بشوات، ومەبەست ئەوەیە ئەگەر مەنی دەرچوو، هەروەکو لە گێڕانەوەى (البخاري)دا هاتووە: (قال: نعم إذا رأت الماء) واتە: (فەرمووی: بەڵێ، ئەگەر ئاو -مەنی-) بینی، ئەمیش پاش هەستان لە خەو دەیبینێت، بەڵام ئەگەر ئەوەى بینی لە خەوندا وتووشی لەشگرانی نەبوو ئەوا خۆشۆردنی لەسەر نییە، چونکە حوکمەکە بەستراوەتەوە بە دەرچوونی مەنی، (سئل النبي -صلى الله عليه وسلم- عن الرَّجُل يَجد البَلل ولا يَذْكُر احْتِلَاما، قال: "يغتسل" وعن الرَّجُل يَرى أن قد احْتَلم، ولا يَجِد البَلل، فقال: لا غُسْل عليه. فقالت أم سُليم: المرأة تَرى ذلك عليها الغسل؟ قال: نعم، إنما النَّساء شقائق الرجال) [رواه أحمد وأبو داود] واتە: (وکاتێک پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- پرسیاری لێکرا سەبارەت بە پیاوێک کە تەڕی -مەنی- دەبینێت بەڵام ئەو شتانە نابینێت لە خەوندا، فەرمووی: دەبێت خۆی بشوات، وسەبارەت بە پیاوێک -بە پێچەوانەوە- ئەو شتانە دەبینێت بەڵام تەڕی -مەنی- نابینێت، فەرمووی: خۆشۆردنی لەسەر نییە، ئوم سولەیم ووتی: ئەگەر ئافرەت ئەوە ببینێت -مەنی- ئایا خۆشۆردنی لەسەرە؟ -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: بەڵێ، چونکە ئافرەتان هاوتای پیاوانن -لە حوکمە شەرعیەکاندا-). کاتێک ئوم سولەیم وەڵامەکەى بیست لە پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- شەرمی کرد، ووتی: (ئایا ئەمە ڕوودەدات؟): ئایا دەکرێت ئافرەت ئەو جۆرە خەونانە ببینێت وەکو پیاوان ومەنی دەربچێت. پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: (بەڵێ -ڕوودەدات-): واتا وەکو پیاوان ئەو حاڵەتانەش ڕوودەدات لە لای ئافرەتان وجیاوازی نییە لە نێوانیان وهەمان حوکمیان هەیە. پاشان بە ئوم سولەیمی فەرموو: (ئایا شێوەى -منداڵەکە- لە کوێوە دێت؟)، ولە گێڕانەوەیەکی تر لە هەردوو سەحیحدا بخاري ومسلم- فەرمووی: (چۆن منداڵەکە لە دایکی دەچێت؟): واتا چۆن منداڵەکە لە دایکی دەچێت ئەگەر لە پاش جووتبوون مەنی ئافرەت دەرنەچێت؟!. پاشان پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- سیفەتی مەنی پیاو وئافرەتی بۆ ڕوونکردەوە، فەرمووی: (ئاوی پیاو -مەنی پیاو- چڕ وسپیە، وئاوی ئافرەت -مەنی ئافرەت- تەنک وزەردە): وئەم وەسفەش بە پێی حوکمی زۆرینەیە ولەکاتی سەلامەتبوونی تەندروستی مرۆڤەکەیە؛ چونکە لەوەیە مەنی پیاو چڕ نەبێت بەهۆی نەخۆشییەوە یان مەیلەو سوور بێت بەهۆی زۆری جووتبوونەوە، ولەوەیە مەنی ئافرەت سپی بێت بەهۆی بەهێزی ئافرەتەکەوە. وزانایان -ڕەحمەتی خوایان لێبێت- باسی نیشانە وسیفەتی تری مەنی پیاویان کردووە کە بەهۆیەوە دەزانرێت ئەمە -مەنی- ییە: لەوانەش: بەش لە پاش بەش دەردەچێت وەکو ئاوێکی فڕێدراو، وقورئانی پیرۆزیش ئاماژەی بۆ ئەمە کردووە: {خُلِقَ مِن مَّآءٍ دَافِقٍ}[الطارق: 6] واتە:{دروستكراوە لە ئاوێکی فڕێدراو (ھەڵقوڵاو)}، ودەرچوونەکەى لە پاش شەهوەت و چێژ وەرگرتن دەبێت، وئەگەر دەربچێت هەست بە ماندووبوون دەکات وحەز دەکات پشوو وەربگرێت وحەز بە جووتبوون ناکات لە پاشی دەرچوونی، وهەروەها بۆنەکەى وەکو بەری -گوڵی- دار خورمایە -طلع النخل- پێش ئەوەى خورماکە بەرهەم بێت، وبۆنی گوڵی دار خورما نزیکە لە بۆنی هەویرەوە. بەڵام سەبارەت بە مەنی ئافرەت زانایان وتوویانە: دوو نیشانەى هەیە بەهۆیانەوە دەناسرێتەوە: 1- بۆنەکەى وەکو بۆنی مەنی پیاوە. 2- شەهوەت وچێژ وەردەگرێت لە پاش دەرچوونی، وحەز بە جووتبوون ناکات لە پاش دەرچوونی. ومەرج نییە هەموو ئەو مەرجانەى پێشووی تێدا بێت بۆئەوەى حوکم لەسەری بدرێت کە مەنیە، بەڵکو یەک سیفەت بەسە، بەڵام ئەگەر هیچ سیفەتێک لەوانەى پێشووتری تێدا نەبوو؛ حوکمی مەنی نابێت، یان زۆرینەى گومان وابوو کە مەنی نییە. (هەرکامیان زاڵ بێت یان پێش بکەوێت؛ -منداڵەکە- لە ئەو دەچێت): هەرکەسێکیان مەنیەکەى زاڵ بوو بەسەر ئەوی تر بەهۆی چڕی وهێزیەوە یان مەنی یەکێکیان پێش ئەوی تر دەرچوو؛ ئەوا منداڵەکە لە ئەو دەچێت. وهەندێک لە زانایان دەڵێن: مەبەست لە -زاڵبوون:علا- واتا پێشکەوتنە؛ واتا مەنی هەرکامیان زووتر دەربچێت یان پێشبکەوێت؛ ئەوا منداڵەکە لە ئەو دەچێت، چونکە مەنی پیاو وئافرەت لە ڕەحمدا -منداڵداندا- کۆ دەبنەوە، پیاو مەنی دەردەکات وئافرەت مەنی دەردەکات، پاش کۆبوونەوەیان منداڵ دەخوڵقێندرێت، خواى گەورە دەفەرموێت: {إِنَّا خَلَقْنَا ٱلْإِنسَـٰنَ مِن نُّطْفَةٍ أَمْشَاجٍ نَّبْتَلِيهِ فَجَعَلْنَـٰهُ سَمِيعًۢا بَصِيرًا} [الإنسان: 1] واتە:{ئێمە ئادەمیزادمان دروست کرد لە دڵۆپێك ئاوی تێکەڵ (لە سەرەمێکوتەیەکی بچووکی پیاو وهێلکۆکەیەکی ئافرەت) بۆئەوەى تاقی بکەینەوە ئەمجا دەزگای بیستن وبینینمان پێی بەخشی}، واتا ئەم تێکەڵە لە مەنی پیاو ومەنی ئافرەت پێکهاتووە.
لە ئەبی هورەیرەوە -ڕەزای خوای لێبێت- دەڵێت: «پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- نەهی کردووە لە تارات کردن بە تەپاڵە یان ئێسک»، وفەرمووی: «ئەوان (شوێنی پیس) پاک ناکەنەوە».
(الدارقطني) ڕیوایەتی كردووەپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- نەهی کردووە لەو كەسەی سەرئاو دەكات بە میز یان پیسی كردن بەوەی بە ئێسكی ئاژەڵ یان تەپاڵە وپیسی وشكی ئاژەڵ خۆی پاك بكاتەوە؛ وفەرمووی: ئەوانە پیسی پاك ناكەنەوە، ولاشەی لەو پیسیە خاوێن نابێتەوە.
لە عائیشەوە -ڕەزاى خواى لێبێت- دەڵێت: پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ئەگەر لە سەرئاوکردن دەربچووایە، دەیفەرموو: «غفرانك» واتە:«خودایە، لێم خۆش بە».
(أبو داود والترمذي وابن ماجه وأحمد) ڕیوایەتیان كردووەپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ئەگەر لەسەرئاوكردن دەربچووایە دەیفەرموو: داوای لێخۆشبوونت لێدەكەم ئەی الله.
لە سەلمانەوە -ڕەزای خوای لێبێت- دەڵێت: موشریكەكان پێمانیان ووت: دەبینین هاوەڵەكەتان (مەبەستیان پێغەمبەرە -صلى اللە علیە وسلم-) فێری هەموو شتێکی کردوون تەنانەت چۆنیەتی سەرئاوكردنیش، (سەلمان) ووتی: بەڵێ، «نەهی لێمان کرد: لە تارات کردن بە دەستی ڕاست، ولە ڕوو كردن لە قیبلە (لە كاتی سەرئاوكردن)، ولە (خۆ پاككردنەوە) بە تەپاڵە یان ئێسک، وفەرمووی: «با هیچ یەكێكتان تارات نەكات (خۆی پاك نەكاتەوە) بە كەمتر لە سێ بەرد».
(مسلم) ڕیوایەتی كردووەسەلمان -ڕەزای خوای لێبێت- دەڵێت: موشریكەكان بە گاڵتەجاریەوە پێمانیان ووت: پێغەمبەرەكەتان ئێوەی فێری هەموو شتێك كردووە، تەنانەت فێری كردوون چۆن میز وپیسی بكەن لەكاتی سەرئاو كردن! سەلمان ووتی: بەڵێ، ئەدەبەكانی سەرئاوكردنی فێرمان كرد؛ ونەهی لێكردین لەوەی پاش تەواوبوونی سەرئاو بە دەستی ڕاست تارات بكەین ئەمیش بۆ ڕێزلێنانی دەستی ڕاست وپاراستنی لە پیسی، یان نەهی لێكردین لەوەی ڕوو بكەینە كەعبە لەكاتی میز یان پیسی كردن، ونەهی كردووە لە خۆپاككردنەوە بە تەپاڵەی ئاژەڵ وپیسی وئێسك، ونابێت كەمتر لە سێ بەرد بەكاربهێنێت بۆ خۆپاككردنەوە.