





























Hadeeth Cards
Da'wa cards that highlight great meanings from the noble prophetic hadiths in a simple style and attractive display that helps the Muslim to have a deeper understanding of his religion in an easy way
All
لە ئەبی هورەیرەوە -ڕەزای خوای لێبێت- دەڵێت: حەسەنی کوڕی عەلی -ڕەزای خوای لێبێت- خورمایەکی هەڵگرت لەو خورمایەی وەکو خێر بەخشرا بوو، وکردیە دەمیەوە، پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: «کخ کخ فڕێی بدە، ئایا نازانیت کە ئێمە لە خێرکردن ناخۆین». ولە گێڕانەوەیەکدا: «وەرگرتنی خێر حەڵاڵ نییە بۆ ئێمە».
موسلیم گێڕاویەتیەوە - بوخاری و موسلیم هاوڕان لەسەریحەسەنی کوڕی عەلی -ڕەزای خوای لێبێت- خورمایەکی هەڵگرت لەو خورمایانەى وەکو زەکاتى خورما بەخشرا بوو؛ وکردیە نێو دەمی، پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- پێی فەرموو: (کخ کخ): واتا ئەمە بۆ تۆ ناگونجێت، وپاشان فەرمانى پێیکرد کە لە دەمی دەریبکات، وفەرمووی: (ئایا نازانیت کە ئێمە لە خێرکردن ناخۆین) یان (وەرگرتنی خێر حەڵاڵ نییە بۆ ئێمە).خێرکردن حەڵاڵ نییە بۆ ئەهلی بەیتی -بنەماڵەى- پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- چونکە ئەوانە بەڕێزترینی نێو خەڵکین، وزەکات وخێرکردنەکان چونکە دەبەخشرێن بۆئەوەى سامانەکانى خەڵکی پاک بکرێنەوە لە پیسیەکان، وبۆیە گونجا نییە کە ببەخشرێت بە بەڕێزترینەکانى نێو خەڵکی، هەروەکو پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- بە مامى عەباس فەرمووى -ڕەزاى خواى لێبێت- : (إنا آل محمد لا تحل لنا الصدقة؛ إنما هي أوساخ الناس) واتە: (ئێمە بنەماڵەى موحەمەد -ئەهلی موحەمەد- وەرگرتنی خێر حەڵاڵ نییە بۆمان؛ چونکە ئەوانە پیسی خەڵکین) واتا دەبەخشرێن بۆئەوەى خەڵکی لە پیسی تاوان وگوناهەکانی نەفسیان وسامانەکانیان پاک ببنەوە بۆیە گونجاو نییە ببەخشرێت بە بەڕێزترینی مرۆڤەکان کە بنەماڵەى پێغەمبەرە -صلى اللە علیە وسلم-.
لە ئەبی بەکرەوە -ڕەزای خوای لێبێت- کە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «کات سوڕانەوەى تەواو کرد وگەڕایەوە وەکو ئەو ڕۆژەی خواى گەورە ئاسمانەکان وزەوی دروستکرد: ساڵێک دوازدە مانگە، چوار مانگیان حەرامکراون (پیرۆزن): سیانیان لەدوای یەکن: (زو ئەلقەعدە:ذُو القَعْدَةِ)، و (زو ئەلحیجە:ذُو الحَجَّةِ)، و (موحەرەم:المحرمُ)، و(ڕەجەبی موزەر:رَجَبُ مُضَرَ) کە لە نێوان جەمادی وشەعبانە، ئایا ئەمە چی مانگێکە؟»، ووتمان: خودا وپێغەمبەرەکەى باشتر دەزانن، بێدەنگ بوو هەتاوەکو پێمان وابوو بە ناوێکی تر بانگی دەکات، فەرمووی: «ئایا مانگی -زی ئەلحیجە:ذي الحجة- نییە؟»، ووتمان: بەڵێ، فەرمووی: «ئەمە چی شارێکە؟»، ووتمان: خودا وپێغەمبەرەکەى باشتر دەزانن، بێدەنگ بوو هەتاوەکو پێمان وابوو بە ناوێکی تر بانگی دەکات، فەرمووی: «ئایا ئەمە (ئەلبەلدە:البلدة) -واتا: مەککە- نییە؟»، ووتمان: بەڵێ، فەرمووی: «ئەمە چی ڕۆژێکە؟»، ووتمان: خودا وپێغەمبەرەکەى باشتر دەزانن، بێدەنگ بوو هەتاوەکو پێمان وابوو بە ناوێکی تر بانگی دەکات، فەرمووی: «ئایا ڕۆژی قوربانیکردن نییە؟»، ووتمان: بەڵێ، فەرمووی: «خوێنتان وماڵتان وشەرەفتان حەرامن لەسەر یەکتر، وەکو حەرامبوونی ئەم ڕۆژە ولەم شارە ولەم مانگەدا، دەگەن بە پەروەردگارتان ولێپرسینەوەتان لێدەکات لەسەر کردەوەکانتان، بۆیە لە پاش من مەگەڕێنەوە بۆ کوفر بەشێوەیەک لە گەردنی یەکتر بدەن، با ئەوەى ئامادەیە؛ بیگەیەنێت بە ئەو کەسەی ئامادە نییە، لەوەیە ئەوەى وشەکانى پێدەگات باشتر لێی تێبگات لەوەى بیستوویەتی»، پاشان فەرمووی: «ئایا -پەیامەکەم- گەیاند، ئایا -پەیامەکەم- گەیاند؟»، ووتمان: بەڵێ، فەرمووی: «خودایە شاهێد بە».
بوخاری و موسلیم هاوڕان لەسەریپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- لە ڕۆژی قوربانیدا وتاری دا، ئەمیش لە حەجی ماڵئاواییدا بوو، هەواڵی دا سەبارەت بەوەى لەو کاتەی ساڵدا مانگەکان بەو شێوەیە کە خواى گەورە لە شەریعەتدا دایناوە ومانگە حەرامکراو وپیرۆزەکان -الأشهر الحرم- لە شوێنی خۆیانن، و-نەسیئـ :النسيء- نەماوە (ئەمیش بریتیە لە پاشخستنی مانگە حەرامکراوەکان -الأشهر الحرم- وگۆڕینیان بە پێی ویستی خۆیان لە سەردەمی جاهیلیەتدا)؛ نەسیئیان دەکرد مانگی حەرامکراویان بە حەڵاڵ دادەنا وبە پێچەوانەوە، بەڵام پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ڕوونیکردەوە کە ژمارەی مانگەکان دوانزەیە ئەوانیش بریتین لە مانگەکانى: محرم (موحەرەم)، وصفر (سەفەر)، وربيع الأول (رەبیعی یەکەم)، وربيع الثاني (رەبیعی دووەم)، وجمادى الأولى (جەمادی یەکەم)، وجمادى الثانية (جەمادی دووەم)، ورجب، (رەجەب)، وشعبان (شەعبان)، ورمضان (ڕەمەزان)، وشوال (شەوال)، وذو القعدة (زو ئەلقەعدە)، وذو الحجة (زو ئەلحیجە). ئەم دوانزە مانگەکە خواى گەورە بۆ بەندەکانى دایناوە لەو کاتەى ئاسمانەکان وزەوی دروستکردووە. وهەورەها -صلى اللە علیە وسلم- ڕوونیکردەوە لە نێو ئەم مانگانە چوار مانگیان پیرۆزترن وحەرامکراون -هەندێک شت نابێت تێیان ئەنجامبدرێت-، سیانیان لە پاش یەکترەوە دێن: وذو القعدة (زو ئەلقەعدە)، وذو الحجة (زو ئەلحیجە)، محرم (موحەرەم)، خواى گەورە ئەم مانگەکانى حەرامکردووە بۆیە جەنگ بەرپاکردن تێیاندا حەرامکراوە، ونابێت تێیاندا کەس دەستدرێژی بکاتە سەر کەسێکی تر، چونکە ئەم مانگانە کاتی ڕۆیشتنی خەڵکین بۆ ماڵی خودا -بیت الحرام- لە مەککە، بۆیە خواى گەورە حورمەت وپیرۆزی تایبەتی بۆیان داناوە بۆئەوەى جەنگ لەم مانگانەدا ڕوونەدات لەکاتێکدا خەڵکی دەڕۆن بۆ ماڵی خودا، وئەمیش لە حیکمەتەکانى حەرامکردنی ئەم مانگەیە. پاشان -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: (-ڕەجەبی موزەر:رَجَبُ مُضَرَ- کە لە نێوان جەمادی وشەعبانە): ئەمیش مانگی چوارەمی ساڵی کۆچییە، لە جاهیلیەتدا لەم مانگەدا عومرەیان ئەنجامدەدا، ولە سێ مانگەکەى تر حەجیان ئەنجامدەدا، وجەنگ بەرپاکردن لەم مانگەدا حەرامە هەروەکو سێ مانگەکەى تر، بەڵام لە جاهیلیەتدا ساڵی وا هەبوو ئەم حەرامکردنەیان دەگۆڕی وبە ئارەزووی خۆیان پێش وپاشیان دەخست. پاشان پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- پرسیاری لێیانکرد: (ئایا ئەمە چی مانگێکە؟ وچی شارێکە؟ وچی ڕۆژێکە؟)، ئەم پرسیارەی لێیانکرد بۆئەوەى گرنگی بەو قسە بدەن کە لە پاشاندا دێت وسەرنجیان لە لای بێت؛ چونکە بابەتێکی گەورەیە، پرسیاری لێیانکرد: (ئایا ئەمە چی مانگێکە؟): ووتیان: خودا وپێغەمبەرەکەى دەزانێت؛ بە دووریان زانی کە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ناوی مانگەکە بڵێت کە لای هەمووان زانراوە کە مانگی -ذي الحجة:زی ئەلحیجەیە-، بەڵام بەهۆی ڕەوشت وئەدەبیان بەرامبەر پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ناوی مانگەکەیان نەووت؛ چونکە زانراوە بەڵکو ووتیان: خودا وپێغەمبەرەکەى دەزانن. پاشان پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- بێدەنگ بوو، چونکە مرۆڤ ئەگەر قسە بکات پاشان ماوەیەک بێدەنگ بێت؛ خەڵکی ئاگایان لە قسەکانى دواتر دەبێت وسەرنج ڕادەکێشن وبە جوانى گوێ دەگرن، بێدەنگ بوو، هەتاوەکو ئەبو بەکرە دەڵێت: پێمان وابوو بە ناوێکی تر ئەو مانگە بانگ دەکات، پاشان فەرمووی: (ئایا مانگی -زی ئەلحیجە:ذي الحجة- نییە؟)، ووتمان: بەڵێ، فەرمووی: (ئەمە چی شارێکە؟)، ووتیان: خودا وپێغەمبەرەکەى باشتر دەزانن، هەرچەندە دەیانزانى شاری مەککەیە بەڵام بەهۆی ڕەوشت وئەدەبیان بەرامبەر پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- ئەمەیان نەووت، چونکە ئەمیش زانراوە لە لای پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم-، ونەیانووت: ئەی پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- ئەمە شتێکی زانراوە بۆچی پرسیار سەبارەتی دەکەیت؟ بەڵکو ووتیان: خودا وپێغەمبەرەکەى دەزانن. پاشان بێدەنگ بوو هەتاوەکو پێیان وابوو بە ناوێکی تر بانگی دەکات، فەرمووی: (ئایا ئەمە [ئەلبەلدە:البلدة] -واتا: مەککە- نییە؟)، ووتیان: بەڵێ، و(ئەلبەلدە:البلدة) ناوێکە لە ناوەکانى شاری مەککە، پاشان فەرمووی: (ئەمە چی ڕۆژێکە؟)، ووتیان: خودا وپێغەمبەرەکەى باشتر دەزانن، هەروەکو جارەکانى پێشووتر، فەرمووی: (ئایا ڕۆژی قوربانیکردن نییە؟)، ووتیان: بەڵێ ئەی پێغەمبەری خودا، وئەوان دەیانزانى مەککە ومانگی -زی ئەلحیجە:ذي الحجة- وڕۆژی قوربانیکردن؛ هەموویان حەرامکراون -هەندێک کردەوە تێیدا- وپیرۆزن. پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: (خوێنتان وماڵتان وشەرەفتان حەرامن لەسەر یەکتر، وەکو حەرامبوونی ئەم ڕۆژە ولەم شارە ولەم مانگەدا): پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- جەختیکردەوە لەسەر حەرامبوونی ئەم سێ شتە: خوێن، وسامان، وشەرەف وکەسایەتی؛ هەموو مسوڵمانێک حەرامە لەسەر مسوڵمانێکی تر، - خوێنەکان: هەموو نەفسێک دەگرێتەوە وئەوەى پەیوەندی بە لاشەی مرۆڤەوە هەیە لە ئازاردان. - سامانەکان: هەموو ماڵ وسامانێکی زۆر یان کەم دەگرێتەوە. -شەرەف وکەسایەتی: ئەمیش زینا وهاوڕەگەزبازی وبوهتان وغەیبەت وجوێن وهەموو شتێک هاوشێوەى ئەمانە دەگرێتەوە، هەموو ئەمانە حەرامن لەسەر مسوڵمان ونابێت بە هیچ شێوەیەک دەستدرێژی بکاتە سەر خوێن یان سامان یان شەرەف وکەسایەتی مسوڵمانێکی تر، ئەگەر هەر مسوڵمانێک سنووری ڕێزداری وحورمەتی مسوڵمانێکی تر تێبپەڕێنێت ئەوا شایستەى سزادانە ئینجا هەندێک لەو سزایانە لە دونیادا سنووری شەرعی -حەددی- بۆ دانراوە وهەندێکی تر هەڕەشەى سزای لەسەر هاتووە لە ڕۆژی قیامەتدا. پاشان -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: (دەگەن بە پەروەردگارتان ولێپرسینەوەتان لێدەکات لەسەر کردەوەکانتان): واتا ئاگاتان لە قسە وکردەوەکانتان بێت وئاگاتان لەم سێ شتە بێت کە باسکراوە چونکە هەموو قسە وکردەوەیەکی نەوەى ئادەم لێپرسینەى لەسەرە لە ڕۆژی قیامەتدا؛ ئەگەر چاک بن بە چاکە پاداشت دەدرێتەوە، وئەگەر خراپ بن یان خواى گەورە لێی خۆش دەبێت یان سزا دەدرێت. (بۆیە لە پاش من مەگەڕێنەوە بۆ کوفر بەشێوەیەک لە گەردنی یەکتر بدەن): چونکە ئەگەر مسوڵمانان لە گەردنی یەکتر بدەن ویەکتر بکوژن لەوەیە ئەمە نیشانەى ئەوەیە خوێنی یەکتر بە حەڵاڵ دەزانن، وئەوەى خوێنی مسوڵمانان بە حەڵاڵ بزانێت کافر دەبێت. پاشان پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- فەرمانیکرد ئەوەى ئامادەیە؛ بیگەیەنێت بە ئەو کەسەی ئامادە نییە، واتا ئەوەى ئامادەى ئەم وتارەیە بیگەیەنێت بیگوازێتەوە بۆ ئەوانەى گوێیان لێ نەبووە، پاشان هەواڵی ئەوەیدا -صلى اللە علیە وسلم- لەوەیە ئەوەى وشەکانى پێدەگات باشتر لێی تێبگات لەوەى بیستوویەتی، ئەمە وەسیەت وڕێنموێنی وئامۆژگاری پێغەمبەری خودایە -صلى اللە علیە وسلم- بۆ ئەوانەى ئامادە بوون لەو ڕۆژەدا وبۆ هەموو مرۆڤێکە کە ئەم فەرموودەیە دەبیستێت هەتاوەکو ڕۆژی قیامەت. پاشان پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: (ئایا -پەیامەکەم- گەیاند، ئایا -پەیامەکەم- گەیاند؟): پرسیاری لە هاوەڵان دەکرد -ڕەزاى خوایان لێبێت-، ووتیان: (بەڵێ): واتا بەڵێ پەیامەکەت گەیاند. پاشان -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: (خودایە شاهێد بە): لەسەر ئەوەى پەیامەکەم گەیاند.
لە ئەبی زەرەوە -ڕەزای خوای لێبێت- کە پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «ئەگەر لە مانگێکدا سێ (ڕۆژ) بەڕۆژوو بوویت؛ ئەوا (ڕۆژانی) سیانزە وچواردە وپانزە بەڕۆژوو بە (لە مانگی کۆچی)». ولە قەتادەى کوڕی میحلانەوە -ڕەزای خوای لێبێت- دەڵێت: «پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- فەرمانى پێمان دەکرد بەوەى ڕۆژانی سپی (أیام البیض) بەڕۆژوو بین: سیازدە وچواردە وپانزە (لە مانگی کۆچی)». ولە ئیبن عەباسەوە -ڕەزای خوایان لێبێت- دەڵێت: «پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- ڕۆژووی نەدەشکاند لە ڕۆژە سپییەکاندا (أیام البیض) نە لە کاتی نیشتەجێبوون ونە لە کاتى سەفەردا (واتە ئەم سێ ڕۆژە بەردەوام بەڕۆژوو دەبوو)».
ئیبنو ماجه گێڕاویەتیەوەلە ئەبی زەرەوە -ڕەزای خوای لێبێت- کە پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: (ئەگەر لە مانگێکدا سێ -ڕۆژ- بەڕۆژوو بوویت): واتا ئەی ئەبو زەر ئەگەر ویستت بەڕۆژوو بیت لە هەرمانگێک جگە لە مانگی ڕەمەزان کە دەبێت مسوڵمان هەمووی بەڕۆژوو بێت؛ ئەوا سێ ڕۆژ بەڕۆژوو بە وئەم ڕۆژووە سونەتە. (ئەوا -ڕۆژانی- سیانزە وچواردە وپانزە بەڕۆژوو بە -لە مانگی کۆچی-): ئەم ڕۆژانە لە مانگی کۆچیدا پێیان دەووترێت ڕۆژە سپیەکان -الأیام البیض- چونکە مانگ تێیدا بە ڕوونی وسپی دەردەکەوێت وڕۆژووگرتنی ئەم سێ ڕۆژە لە هەموو مانگێکدا سونەتە وکرەدەوەیەکی چاکە. ولە ئیبن عەباسەوە -ڕەزای خوایان لێبێت- دەڵێت: (پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- ڕۆژووی نەدەشکاند لە ڕۆژە سپییەکاندا -أیام البیض-): ئەمیش ڕۆژانی سیازدە وچواردە وپانزەى مانگی کۆچی دەگرێتەوە؛ چونکە مانگ ڕووناک دەبێتەوە وسپێتیەکەى بە جوانی وڕوونی دەردەکەوێت لە سەرەتا وکۆتاکانى ئەم ڕۆژانەدا، بۆیە سونەتە مسوڵمان بەڕۆژوو بێت وەکو حەمد وسوپاسێک بۆ خواى گەورە. کاتێک دەفەرموێت: (نە لە کاتی نیشتەجێبوون ونە لە کاتى سەفەردا -واتە ئەم سێ ڕۆژە بەڕۆژوو دەبوو بە بەردەوام-): واتە بەردەوام ئەم سێ ڕۆژە بەڕۆژوو دەبوو لە هەموو مانگێکدا بۆیە سونەتێکی جێگیرە -سنة مؤکدة-، وهەروەها چونکە لە ناوەڕاستی مانگدایە وزۆرجار ناوەڕاستی هەموو شتێک دادپەروەرترینە.
لە ئەبی هورەیرەوە -ڕەزای خوای لێبێت- کە پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «کاتێک بانگ دەدرێت بۆ نوێژ ئەنجامدان؛ شەیتان دوور دەکەوێتەوە وبای لێوە دەردەچێت بۆئەوەى گوێی لە بانگەکە نەبێت، ئەگەر بانگ تەواو بوو دەگەڕێتەوە هەتا کاتێک قامەت دەکرێت بۆ نوێژ ئەنجامدان، ئەگەر قامەت کردن تەواو بوو دەگەڕێتەوە، بۆئەوەى سەرنج وبیرکردنەوە لە مرۆڤ تێکبدات -وەسوەسەى بۆ دەکات- دەڵێت: بیر لە ئەوە بکەرەوە، بیر لە ئەوە بکەرەوە -بیر لە شتێک دەکاتەوە کە پێشتر بیری لێ نەدەکردەوە- هەتاوەکو پیاو نازانێت چەند (ڕکات) نوێژی کردووە».
بوخاری و موسلیم هاوڕان لەسەریکاتێک بانگبێژ بانگ دەدات، شەیتان دوور دەکەوێتەوە بۆئەوەى گوێی لە بانگەکە نەبێت، وبای لێوە دەردەچێت، وا دیارە بە ئەنقسەت ئەمە دەکات، بۆئەوەى گوێی لە بانگی بانگبێژەکە نەبێت، یان ئەمە دەکات وەکو گاڵتەکردن بە بانگەکە هەورەکو چۆن نەفامەکان ئەم جۆرە کارە ئەکەن، ولەوەیە بەئەنقسەت ئەمە بکات چونکە بۆ نوێژکردن دەبێت مرۆڤ پاک بێت بەڵام ئەو بە پێچەوانەوە لە کاتى بانگدا پیسی وبۆگەنی خۆی دەردەخات، ویان لەوەیە بە ئەنقسەت ئەمە نەکات بەڵکو لە کاتی بیستنی بانگدا لە ترسدا ئەم بایەی لێوە دەردەچێت بەهۆی دەنگی بانگەکەوە. (ئەگەر بانگ تەواو بوو دەگەڕێتەوە هەتا کاتێک قامەت دەکرێت بۆ نوێژ ئەنجامدان، ئەگەر قامەت کردن تەواو بوو دەگەڕێتەوە): بۆئەوەى وەسوەسە بۆ مرۆڤ دروست بکات، دێت بۆئەوەى سەر لە نەوەى ئادەم بشێوێنێت وسەرقاڵی بکات لە نوێژەکەى، وشەیتان دوور دەکەوێتە لە کاتى بانگدان چونکە بە ئاشکرا بانگەوازى بۆ وشەی یەک خوا پەرستی -تەوحید- ودروشمەکانى تری ئیسلام دەکرێت، وحەز ناکات گوێی لە یادی خواى گەورە بێت -عز وجل-، وئەمیش ماناى ئەم ئایەتەیە: {مِن شَرِّ ٱلْوَسْوَاسِ ٱلْخَنَّاسِ} [الناس: 3] واتە: {له شەڕ و خراپەی ئەو شەیتانەى که وەسوەسە وخەیاڵ دەخاته دڵەوە (کاتێک ناوی خودا ببرێت) خۆی پەنھان دەدات}، واتا کاتێک ناوی خواى گەورە دەهێندرێت، خۆی دەشارێتەوە ودوور دەکەوێتەوە. (بۆئەوەى سەرنج وبیرکردنەوە لە مرۆڤ تێکبدات -وەسوەسەى بۆ دەکات-): دێت و بۆئەوەى مرۆڤ بیری لە لای خۆی نەبێت وسەرنجی لای ئەو وشانە نەبێت کە دەیڵێت وبیری لێنەکاتەوە چونکە ئەگەر بیری لێبکاتەوە ئەوا بە خشوعی وجوانی نوێژەکە ئەنجامدەدات وشەیتانیش ئەمەى ناوێت. (پێی دەڵێت: بیر لە ئەوە بکەرەوە، بیر لە ئەوە بکەرەوە -بیر لە شتێک دەکاتەوە کە پێشتر بیری لێ نەدەکردەوە): واتا لە پێش نوێژەکەدا هەرگیز بیری لە ئەم شتانە نەدەکردەوە بەڵام لە کاتى نوێژدا شەیتان تووشى وەسواسی دەکات بۆئەوەى بیرم لەم وشانە بکاتەوە وئاگاى لە یادی خواى گەورە نەبێت وبیری لێ نەکاتەوە. (و- هەتاوەکو پیاو نازانێت چەند -ڕکات- نوێژی کردووە): واتا مرۆڤ خەیاڵی دەڕوات ونازانێت چەندێک ڕکاتی ئەنجامداوە، لە کاتی نوێژدا ئامادە بوو ئەگەرچیش خوێندنەوەى قورئان ونزاکردنی تێدایە؛ چونکە زۆربەى بە نهێنی دەووترێت وپاڕانەوەیە بۆیە لێرەیە دەیەوێت ئەم زیکر وخوێندانە لە نوێژخوێن تێکبدات وخشوعی نەمێنێت وبیری بۆ شوێنێکی تر بڕوات، وهەروەها ووتراوە: لە کاتی بانگدا ڕا دەکات بۆئەوەى ناچار نەبێت شاهێدی بۆ نەوەى ئادەم بدات لە ڕۆژی قیامەتدا هەروەکو لە گێڕانەوە -ئەبی سەعید:أبي سعيد-دا هاتووە .
لە موعازەى عەدەویەوە دەڵێت: پرسیاری لە عائیشە کرد -ڕەزای خواى لێبێت-: ئایا پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- لە هەموو مانگێکدا سێ ڕۆژ بەڕۆژوو دەبوو؟ ووتی: «بەڵێ»، ووتم: لە چی بەشێکی مانگدا بەڕۆژوو دەبوو؟ (عائیشە) ووتی: «بایەخی بەوە نەدەدا لە چی بەشێکی مانگ بەڕۆژوو دەبێت».
موسلیم گێڕاویەتیەوەلە موعازەى عەدەویەوە دەڵێت: پرسیاری لە عائیشە کرد -ڕەزای خواى لێبێت-: ئایا پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- لە هەموو مانگێکدا سێ ڕۆژ بەڕۆژوو دەبوو؟ ئەویش ووتی: (بەڵێ): ئەمیش کەمترین ژمارەی ڕۆژەکان بوو، دەڵێت: ووتم: (لە کام ڕۆژانەى مانگدا)، بۆئەوەى بۆی دیاری بکات لە چی ڕۆژێکی هەفتەدا یان لە کام ڕۆژانەى مانگدا بەڕۆژوو بووە، ئەویش وەڵامی دایەوە بەوەى بایەخی بەوە نەدەدا لە چی بەشێکی مانگ بەڕۆژوو دەبێت؛ لە سەرەتای یان ناوەڕاستی یان کۆتایی، ڕۆژەکان پێکەوە یان جیاواز بێت، واتا گرنگی نەدەدا بەوەى دیاری بکات چی ڕۆژێک بێت لە مانگدا؛ واتا پاداشت دەنووسرێت لە هەر سێ ڕۆژێکی مانگ بێت، بۆیە بە پێی لێکدانەوەى خۆی بەڕۆژوو دەبوو -صلى اللە علیە وسلم-، بۆیە هەندێک جار هەندێک شتی دەهاتە پێش کە ڕێگر بوو لەوەى ڕەچاوی ڕۆژووگرتنی ئەم سێ ڕۆژە بکات بە شێوەیەکی دیاریکراو، یان ئەوەتا ئەمەی ئەنجامدەدا بۆئەوەى ڕوونی بکاتەوە کە دروستە.
لە شورەیحی کوڕی هانیئەوە دەڵێت: هاتم بۆ لای عائیشەوە بۆئەوەى پرسیاری لێبکەم سەبارەت بە مەسحکردن لەسەر خوفەکان*، (عائیشە) ووتی: باشترە بچیت بۆ لای عەلی کوڕی ئەبی تاڵیب، پرسیاری لێبکە چونکە ئەو سەفەری دەکرد لەگەڵ پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم-، ئێمەیش پرسیارمان لێیکرد، (عەلی) ووتی: «پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- سێ ڕۆژ وشەوەکانى دانا بۆ کەسی موسافیر -ڕێبوار-، وڕۆژ وشەوێک بۆ کەسی نیشتەجێبوو». *(خوف: وەکو گۆڕەوی وایە لە پێ دەکرێت؛ بەڵام لە پێست دروست دەکرێت)
موسلیم گێڕاویەتیەوەشورەیحی کوڕی هانیئی حاریسی لە هاوەڵانی عەلی بوو -ڕەزای خوای لێبێت-، وهات بۆ لای ئیمامى عەلی -ڕەزای خوای لێبێت- بۆئەوەى فتواى بۆ بدات سەبارەت بە مەسحکردن لەسەر خوفەکان*، وئەم پرسیارکردنە لە پاش ئەوە بوو کە دایکمان عائیشە -ڕەزای خوای لێبێت- ناردی بۆئەوەى سەبارەت بە ئەم بابەتە پرسیار لە عەلی بکات، چونکە ئەو شارەزاترە لە سونەتی مەسحکردن بەسەر خوف وگۆرەوییەکاندا**، دەڵێت: (پرسیارمان لێیکرد سەبارەت بە مەسحکردن): واتا: سەبارەت بە ماوەکەى، ومەسحکردن بریتیە لە هێنانى دەستی تەڕ بەسەر ئەندامەکەدا. عەلی کوڕی ئەبی تاڵیب -ڕەزای خوای لێبێت- بەو شێوەیە وەڵامی دایەوە: (سێ ڕۆژ وشەوەکانى دانا بۆ کەسی موسافیر -ڕێبوار-، وڕۆژ وشەوێک بۆ کەسی نیشتەجێبوو): ئەم بەڵگەیە وەکو ڕای زۆربەى زانایانە -جمهورە- سەبارەت بە دیاریکردنی ماوەى سێ ڕۆژ -72 کاتژمێر- بۆ کەسێک موسافیر -ڕێبوار- بێت، وڕۆژێک -24 کاتژمێر- بۆ کەسێک نیشتەجێ بێت، ماوەکەى زیاد کرد بۆ کەسی موسافیر -ڕێبوار-؛ چونکە شایستەترە بە ڕوخسەت پێدان زیاتر لە کەسێک نیشتەجێ بێت، چونکە کەسێک موسافیر بێت تووشی ناڕەحەتی زیاتر دەبێت. *(خوف: وەکو گۆڕەوی وایە لە پێ دەکرێت؛ بەڵام لە پێست دروست دەکرێت، وەکو نەعل وایە بەڵام قاپەڕەقەکان دادەپۆشێت)، **(گۆرەوی: هەرشتێکە کە پێ وگوێزنگەکان -قاپەڕەقەکان- دابپۆشێت ئەگەر لە موو یان خوری دروستکرا بێت، تەنک یان ئەستوور بێت، بەهۆی سەرما وبۆ داپۆشینی پێیەکان لە نێو پێڵاودا لە پێ دەکرێت وهەمان حوکمی خوفی هەیە)
عائيشە -ڕەزاى خواى لێبێت- دەڵێت: ئایا بۆتان بگێڕمەوە سەبارەت بە من وپێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم-، ووتمان: بەڵێ، ووتی: کاتێک شەوی من کە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- لە لام بوو، گەڕایەوە وچارۆکەکەى (بشتەکەى) ونەعلەکەى داکەند، لە لای پێیەکانى داینان، لێواری ئیزارەکەى (جلی نیوەى خوارەوەى لاشەی) خستە سەر جێگاکەی، وپاڵی دایەوە، پاڵکەوت هەتاوەکو پێی وابوو کە من خەوتووم، چارۆکەکەى بە هێواشی برد، ونەعلەکانى بە هێواشی لەپێکرد، ودەرگاکەی کردەوە ودەرچوو، پاشان بە هێواشی (دەرگاکەى) داخست، سەرپۆشەکەم کردە سەرم وڕووم داپۆشی، وئیزارەکەم توند بەست، پاشان لە پشتیەوە چووم، هەتاوەکو گەیشتە بەقیع، زۆر وەستا، پاشان سێ جار دەستی بەرز کردەوە، پاشان ئاوڕی دایەوە ومنیش ئاوڕم دایەوە، و بەپەلە ڕێی کرد ومنیش بەپەلە ڕێم کرد، وخێرا بوویەوە لە ڕێکردن ومنیش خێرا بوومەوە لە ڕێکردن، گەڕایەوە بۆ ماڵەوە ومنیش گەڕامەوە بۆ ماڵەوە، پێش ئەو چوومە ژوورەوە، کاتێک پاڵکەوتم هاتە ژوورەوە، فەرمووی: «ئەوە چیتە؟ ئەی عائیش، بۆچی وا هەناسە دەدەیت»، (عائیشە) ووتی: هیچ نییە، فەرمووی: «پێم دەڵێیت یان -اللطیف الخبیر*- (خواى گەورە) پێم دەڵێت»، ووتی: ئەی پێغەمبەری خودا، باوک ودایکم بە قوربانت بن، وهەموو شتێکم پێی ووت، فەرمووی: «تۆ ئەو ڕەشاییە بوویت کە لە پێشمەوە بینینم؟»، ووتم: بەڵێ، بە مشتێک لەسەر سینگمی دا کە ئازاردەر بوو، پاشان فەرمووی: «ئایا گومانت ئەوە بوو خواى گەورە ستەمت لێبکات وپێغەمبەرەکەى؟»، ووتی: هەرشتێک خەڵکی بیشارێتەوە؛ خواى گەورە پێی دەزانێت؟! بەڵێ، فەرمووی: «جبریل هات کاتێک منت بینی، بانگی کردم، ولە تۆ شاردیەوە، وەڵامم دایەوە، لە تۆ شاردمەوە، نەدەهاتە ژوورەوە چونکە جلەکانت دانا بوو، وگومانم وابوو کە خەوتوویت، حەزم نەکرد بەخەبەرت بکەمەوە، وترسام لەوەى هەست بە تەنیایی بکەیت، (جبریل) فەرمووی: «پەروەردگارت فەرمانت پێدەکات، کە بێیت بۆ لای ئەهلی بەقیع؛ وداواى لێخۆشبوونیان بۆ بکەیت»، ووتم: چییان پێ بڵێم ئەی پێغەمبەری خودا؟ فەرمووی: بڵی: «(السلام على أهل الديار من المؤمنين والمسلمين، ويرحم الله المستقدمين منا والمستأخرين، وإنا إن شاء الله بكم للاحقون)**». *(اللطیف: ناوێکی خواى گەورەیە بە واتای چاکەکار وبەبەزەیی ونەرمونیان دێت بەرامبەر بوونەوەرەکان. الخبیر: واتا زانا وشارەزا بە وردەکاری ونهێنی هەموو شتێک)، **(واتە: سەلام لە ئێوە بێت نیشتەجێبووانى ئەم شوێنە لە ئیمانداران ومسوڵمانان، وخواى گەورە ڕەحم بکات لە ئەوانەى لە پێشووتر چوون ولە ئەوانەیش لە داهاتوودا دێن-بۆ ئەم شوێنە-، وئێمە بە ویستی خواى گەورە دێین بۆ لای ئێوە)
موسلیم گێڕاویەتیەوەدایکی ئیمانداران عائيشە -ڕەزاى خواى لێبێت- باسێک دەکات سەبارەت بە ئەو لەگەڵ پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم-، کاتێک پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- لە بەشی شەوی ئەو لە لای بوو، هات بۆ سەر جێگاکەى، وچارۆکەکەى (بشتەکەى) ونەعلەکەى داکەند، لە لای پێیەکانى داینان، وپاڵی دایەوە، کاتێک گومانى وابوو کە من خەوتووم؛ چارۆکەکەى بە هێواشی برد، ونەعلەکانى بە هێواشی لەپێکرد، بۆئەوەى من خەبەرم نەبێتەوە، ونەعلەکانى بە هێمنی لەپێکرد ودەرگاکەی کردەوە ودەرچوو، پاشان بە هێواشی دەرگاکەى داخست، پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ئەمەی ئەنجامدا بە نهێنیەوە بۆئەوەى عائیشە خەبەری نەبێتەوە وبترسێت لە کاتی تەنیا بوونی لە تاریکی شەودا، عائیشە جلەکانى کردە بەری وسەرپۆشەکەی کردە سەری وڕووی داپۆشی، پاشان دەرچوو لە پشتیەوە، هەتاوەکو پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- گەیشتە بەقیع ئەمیش گۆڕستانێکە لە مەدینە؛ زۆر وەستا، پاشان سێ جار دەستی بەرز کردەوە؛ نزای دەکرد، پاشان ئاوڕی دایەوە بۆئەوەى بگەڕێتەوە بۆ ماڵەکەی وعائیشەیش بە خێرایی ئاوڕی دایەوە، وپاشان -صلى اللە علیە وسلم- بەپەلە ڕێی کرد وعائیشەیش بەپەلە ڕێی کرد، پێش ئەو چووە ژوورەوە، عائیشە پاڵکەوت وئەویش -صلى اللە علیە وسلم- هاتە ژوورەوە، فەرمووی: (ئەوە چیتە؟ ئەی عائیش، بۆچی وا هەناسە دەدەیت)، ماناى ئەوەیە: سینگی بەرز دەبووەوە وهەناسەی دەپچڕا وەکو کەسێک کە بە خێرایی ڕای کردبێت ونەتوانێت بە باشی هەناسە بدات لە کاتی قسەکردنیدا، عائیشە ووتی: هیچم نییە، فەرمووی: «پێم دەڵێیت یان -اللطیف الخبیر*- (خواى گەورە) پێم دەڵێت»، ئەویش باسەکەى بۆی گێڕایەوە، فەرمووی: (تۆ ئەو کەسە بوویت کە لە پێشمەوە ڕێت دەکرد؟) ووتی: بەڵێ، بە مشتێک لەسەر سینگی عائیشەی دا کە ئازاردەر بوو، پاشان فەرمووی: (ئایا گومانت ئەوە بوو خواى گەورە ستەمت لێبکات وپێغەمبەرەکەى؟): واتا ئایا گومانت وایە خواى گەورە ستەمت لێبکات وپێغەمبەرەکەی ستەمت لێبکات؛ ئەمیش بە ماناى ئەوە دێت شەوی تۆ بێت ومافى تۆ بێت کە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- لە لای تۆ بمێنێتەوە کەچى بچێت بۆ لای یەکێکی تر لە خێزانەکانى؟ ئەمە نادادپەروەری وستەمە، عائیشە ووتی: (هەرشتێک خەڵکی بیشارێتەوە؛ خواى گەورە پێی دەزانێت؟! بەڵێ): واتا وەکو ئەوە وابێت کە خۆی قسەکەى خۆی بەڕاست دابنێت، ووتی: بەڵێ، هەرشتێک خەڵکی بیشارێتەوە؛ خواى گەورە پێی دەزانێت. پاشان پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- پێی فەرموو کە جبریل هاتووە بۆ لای، ونەهاتە ماڵەوە؛ چونکە عائیشە جلەکانى دانا بوو؛ خەریک بوو بخەوێت، وپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- گومانى وابوو کە خەوتووە، وحەزی نەکرد بەخەبەری بکاتەوە بۆئەوەى کاتێک تەنهایە نەترسێت لە تاریکایی شەودا، جبریل -علیه السلام- بە پێغەمبەری فەرموو -صلى اللە علیە وسلم-: پەروەردگارت فەرمانت پێدەکات، کە بچیت بۆ لای ئەهلی بەقیع؛ وداواى لێخۆشبوونیان بۆ بکەیت، پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- فەرمانەکەى جێبەجێکرد؛ هات بۆ لای گۆڕستانى بەقیع ونزای بۆ مردووەکان کرد وداواى لێخۆشبوونی بۆیان کرد، عائیشە ووتی: چییان پێ بڵێم ئەی پێغەمبەری خودا؟ فەرمووی: بڵی: (السلام على أهل الديار من المؤمنين والمسلمين، ويرحم الله المستقدمين منا والمستأخرين، وإنا إن شاء الله بكم للاحقون)**. *(اللطیف: ناوێکی خواى گەورەیە بە واتای چاکەکار وبەبەزەیی ونەرمونیان دێت بەرامبەر بوونەوەرەکان. الخبیر: واتا زانا وشارەزا بە وردەکاری ونهێنی هەموو شتێک)، **(واتە: سەلام لە ئێوە بێت نیشتەجێبووانى ئەم شوێنە لە ئیمانداران ومسوڵمانان، وخواى گەورە ڕەحم بکات لە ئەوانەى لە پێشووتر چوون ولە ئەوانەیش لە داهاتوودا دێن-بۆ ئەم شوێنە-، وئێمە بە ویستی خواى گەورە دێین بۆ لای ئێوە)
لە ئەبی هورەیرەوە -ڕەزای خوای لێبێت- دەڵێت: لەگەڵ پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- گۆزەڵەیەک ئاوی هەڵگرتبوو بۆ دەستنوێژگرتنی وپێدوایستیەکانى، کاتێک شوێنی دەکەوت وهەڵیدەگرت، فەرمووی: «ئەوە کێیە؟» ووتی: من ئەبو هورەیرەم، فەرمووی: «هەندێک بەردم بۆ بهێنە بۆئەوەى تاراتی پێبکەم، وئێسک وتەپاڵەم بۆ مەهێنە». منیش هەندێک بەردم بۆی هێنا بە لێواری جلەکەم هەڵم دەگرت، ولە تەنیشتی دایانم نا، پاشان ڕۆیشتم هەتاوەکو تەواو بوو ولەگەڵیدا ڕێم کرد، ووتم: بۆچی ئێسک وتەپاڵەت بەکارنەهێنا؟ فەرمووی: «ئەوانە خواردنی جنۆکەکانن، وکۆمەڵێک لە جنۆکەکانى نوسەیبین هاتن بۆ لام، وچەندێک باش بوون، پرسیاریانم لێم کرد سەبارەت بە قوت وخواردنیان، بۆیە منیش داوام لە خواى گەورە کرد ئەگەر بە لای هەر ئێسکێک یان تەپاڵەیەک تێپەڕ ببن؛ خواردنیان لەسەر بدۆزنەوە».
بوخاری گێڕاویەتیەوەئەبی هورەیرە -ڕەزای خوای لێبێت- ڕێی دەکرد لەگەڵ پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- گۆزەڵەیەک ئاوی هەڵگرتبوو بۆ دەستنوێژگرتنی وپێدوایستیەکانى پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم-، ئەویش -صلى اللە علیە وسلم- فەرمانى پێیکرد کە هەندێک بەردی بۆ بهێنێت بۆئەوەى خۆی پێ پاک بکاتەوە، وئێسک وتەپاڵەی (پاشەڕۆی ئاژەڵی) بۆ نەهێنێت، ئەبوهورەیرەش هەندێک بەردی بۆی هێنا بە لێواری جلەکەی هەڵی دەگرت، ولە تەنیشتی دایای نا، پاشان ڕۆیشت هەتاوەکو تەواو بوو، ئەبو هورەیرە پرسیاری لێیکرد: هۆکاری چی بوو ئێسک وپاشەڕۆی بەکارنەهێنا بۆ خۆ پاککردنەوە؟ -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: ئەوانە خواردنی جنۆکەکانن، وکۆمەڵێک لە جنۆکەکانى نوسەیبین* هاتن بۆ لای. وبە چاکە وەسفیانی کرد، وپرسیاریان لێیکرد سەبارەت بە قوت وخواردنیان، ئەویش داواى لە خواى گەورە کرد ئەگەر بە لای هەر ئێسکێک یان پاشەڕۆیەکی ئاژەڵ تێپەڕ ببن؛ خواردنی لەسەر بدۆزنەوە، وئەمە تایبەتکراوە لە -صحیح مسلم- دا: (لكم كل عظم ذكر اسم الله عليه يقع في أيديكم أوفر ما يكون لحما، وكل بعرة علف لدوابكم) واتە: (بۆ ئێوەیە هەموو ئێسکێک دەستتان بکەوێت کە ناوى خوداى لەسەر هێنرا بێت؛ گۆشتی لەسەر زیاتر دەبێت، وهەموو پاشەڕۆیەکی ئاژەڵ -تەپاڵەیەک- خواردنە بۆ ئاژەڵەکانتان). *(نوسەیبین: شوێنێکی بەناوبانگە لە نێوان عێراق وشام)
لە عبداللەی کوڕی عەمرو -ڕەزای خوایان لێبێت- کە پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «کاتی (نوێژی) نیوەڕۆ ئەو کاتەیە کە خۆر لە نێوەندی ئاسمان لادەدا؛ کاتێک سێبەری کەسێک نزیکی باڵا وبەرزی خۆیەتی، ئەگەر ھێشتا کاتی (نوێژی) عەسر نەھاتبێت، وکاتی (نوێژی) عەسر لەو ماوەیە دەستپێدەکات کە هێشتا زەردایی خۆر دەرنەکەوتووە، وە کاتی (نوێژی) مەغریب (لەو کاتەوە دەست پێدەکات کە خۆر ئاوا دەبێت) هەتا ئەو کاتەی شەفەقی سوور ئاوا دەبێت، و(نوێژی) عیشا (لە دوای کۆتایی ھاتنی ماوەى -نوێژی- مەغریب) هەتا نیوەی شەوە، وکاتی (نوێژی) بەیانیش لە کاتی ھەڵھاتنی سپێدەی بەیانە هەتا ئەو کاتەی ڕۆژ ھەڵدێت، ئینجا هەرکاتێک ڕۆژ ھەڵھات، ئیتر نوێژ مەکەن، چونکە خۆر لە نێو ھەردوو شاخی شەیتانەوە ھەڵدێت».
موسلیم گێڕاویەتیەوەئەم فەرموودەیە باسی کاتەکانى نوێژ دەکات، پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: 1- کاتی نوێژی نیوەڕۆ: وبە نوێژی نیوەڕۆ -صلاة الظهر- ناونراوە چونکە لە کاتی (الظهيرة) ئەنجامدەدرێت ولە زمانى عەرەبیدا سەرەتاى ئەو کاتەیە کە خۆر لە ماوەى (زەوال)؛ لە نیوەى ئاسمان لا دەدات وبەرەو ئاراستەى ڕۆژئاوا دەڕوات، وسێبەری شتەکان بەرەو ئاراستەى ڕۆژهەڵات دەبێت، ئەمیش هەتاوەکو ئەو کاتەیە سێبەری پیاوێک نزیکی سێبەری خۆیەتی ولە زمانى کوردیدا پێی دەووترێت: نیوەڕۆ چونکە لە نیوەى ڕۆژدایە. 2- کاتی نوێژی عەسر: کاتی ئەم نوێژە ئەو ماوەیە کاتێک سێبەری کەسێک ھێندەی باڵا وبەرزی خۆی بێت، وبەردەوام دەبێت بە بێ مەکروهیەت هەتاوەکو زەردایی خۆر دەرنەکەوتبێت، ئەمە ماوەى نوێژی عەسرە، بەڵام پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: (ومن أدرك ركعة من العصر قبل أن تغرب الشمس فقد أدرك العصر) واتە: (هەرکەسێک بگات بە ئەنجامدانى ڕکاتێک لە نوێژی عەسر پێش ئەوەى خۆر ئاوا بێت؛ ئەوا نوێژی عەسری ئەنجامداوە)، ولە گێڕانەوەیەکی تردا: (وقت العصر ما لم تغرب الشمس) واتە: (کاتی -نوێژی- عەسر هەتاوەکو -ئەو ماوەیە کە- خۆر ئاوا نەبێت)، لە گێڕانەوەیەکدا: (ما لم تصفر الشمس، وسقط قرنها الأول) [رواه مسلم] واتە: (ئەگەر خۆر زەرد نەبێت ویەکەم قۆچی -شاخی- دیار نەمێنێت). 3- کاتی نوێژی مەغریب: لەو کاتەوە دەست پێدەکات کە خۆر ئاوا دەبێت هەتا ئەو کاتەی شەفەقی سوور ئاوا دەبێت، شەفەقی سوور بە شێوەیەکی ئاسۆیی لە ئاسماندا دەردەکەوێت لە پاش خۆرئاوا بوون، وئەمیش بەڵگەیە لەسەر ئەوەى ماوەى نوێژی مەغریب هەتاوەکو ئەو کاتەیە کە شەفەقی سوور لە ئاسماندا نامێنێت، ئەگەر هەندێکی نەمێنێت ماناى ئەوە نییە کاتى نوێژی عیشا هاتووە، هەروەکو چۆن ئەنجامدانی نوێژی مەغریب ڕێگەپێدراو نابێت لە پاش دیار نەمانى بەشێک لە بازنەیی خۆر یان تەنها هەندێکی دیار بێت. 4- کاتى نوێژی عیشا: لە پاش دیار نەمانى شەفەقی سوورە لە ئاسماندا بە یەکدەنگی زانایان هەتاوەکو نیوەی شەو ئەمیش باشترین کاتە، بەڵام لە کاتى پێویستدا هەتاوەکو دەرکەوتنی بەیان درێژ دەبێتەوە. 5- کاتی نوێژی بەیانی: واتا بەیانی ڕاستگۆ -الفجر الصادق- هەتاوەکو ئەو کاتەیە کە خۆر هەڵدێت؛ ئەگەر بەشێکی بچووکیشی بێت، وئەگەر ئەو بەشە بچووکەش دەرکەوت، (ئەگەر خۆر هەڵهات ئەوا ئیتر نوێژ مەکەن): واتا واز لە نوێژ کردن بهێنن (چونکە خۆر لە نێو ھەردوو شاخی شەیتانەوە ھەڵدێت): واتا لە ئاراستەى هەردوو لایەکانى سەری؛ چونکە شەیتان چاوەڕێی کاتی خۆر دەرچوون دەکات ودەوەستێت بەرامبەر خۆر؛ بۆئەوەى سوجدەبردن وپەرستنی کافرەکان بۆ خۆر وەکو ئەوە وابێت پەرستنەکە بۆ ئەوە یان لەوانەیە ئەوانەیشی شەیتان دەپەرستن لە کاتی خۆر هەڵهاتن وخۆرئاوا بوون بەو ئاراستەدا سوجدەی بۆ ببەن، بۆیە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- نەهی کردووە لە ئومەتەکەی نوێژ بکەن لەو کاتانەدا؛ بۆئەوەى نوێژکردن بۆ خواى گەورە لەو کاتەدا نەبێت کە شەیتان وخۆری تێدا دەپەرسترێت.