





























Hadeeth Cards
Da'wa cards that highlight great meanings from the noble prophetic hadiths in a simple style and attractive display that helps the Muslim to have a deeper understanding of his religion in an easy way
All
لە ئەبی بەکرە نوفەیع کوڕی حارسی سەقەفیەوە -ڕەزای خوای لێبێت- دەڵێت: «پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ڕوخسەتی دا (بۆ مەسحکردنە سەر خوف وگۆرەوییەکان) بۆ کەسی موسافیر -ڕێبوار- سێ ڕۆژ وشەوەکانیان*، وبۆ کەسی نیشتەجێبوو ڕۆژ وشەوێک**، ئەگەر دەستنوێژی گرت وخوفەکانى (یان گۆرەوییەکانی) لەپێکرد: مەسحیان بەسەردا بکات». *(سێ ڕۆژ وشەوەکانیان: مەبەست سێ ڕۆژە 72 کاتژمێر)، **(ڕۆژ وشەوێک: مەبەست 24 کاتژمێرە)
ئیبنو ماجه گێڕاویەتیەوە - دارەقوطنی گێڕاویەتیەوەشیکردنەوەى فەرموودەکە: (پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ڕوخسەتی دا): واتا بۆ مەسحکردنە سەر خوف -وگۆرەوییەکان-. (بۆ کەسی موسافیر -ڕێبوار- سێ ڕۆژ وشەوەکانیان*، وبۆ کەسی نیشتەجێبوو ڕۆژ وشەوێک**): ئەمیش بەڵگەیە لەسەرئەوەى ماوەى ڕێگەپێدراو بۆ مەسحکردن سێ ڕۆژە بۆ کەسی ڕێبوار -موسافیر-، ویەک ڕۆژە بۆ کەسی نیشتەجێبوو، ئەم ماوەیە فەرموودەی تری لەسەر هاتووە زیاتر لە دە گێڕانەوە لە لایەن هاوەڵانەوە. ماوەکەى زیاد کرد بۆ کەسێ ڕێبوار -موسافیر-؛ چونکە شایستەی ڕوخسەت پێدانە زیاتر لە کەسێکی نیشتەجێبوو، وماوەى مەسحکردنە پاش دەستنوێژگرن ومەسحکردن بەسەر خوفەکان یان گۆرەوییەکان دەستپێدەکات. وکاتێک دەفەرموێت: (ئەگەر دەستنوێژی گرت وخوفەکانى -یان گۆرەوییەکانی- لەپێکرد): واتا موسافیر -ڕێبوار- یان نیشتەجێبوو ئەگەر دەستنوێژی گرت پاش ئەوەى دەستنوێژی شکا لە ڕوودانى بچووک -الحدث الأصغر-، وخوف لە پێست دروستکراوە وپێیەکان دادەپۆشێت، وگۆرەویش بەهەمان شێوە لە پێ دەکرێت لە موو یان خوری -سوف- یان لۆکە یان پێست دروستدەکرێت لەوەیە تەنک یان ئەستوور بێت؛ هەتاوەکو سەرەوەى قولەپێکان دادەپۆشێت وبۆ سەرما وشتی تر لە پێ دەکرێت. ماناى ئەم ڕستەیەى کۆتایی لە فەرموودەکە ئەوەیە: ئەگەر خوفەکانى لەپێکرد لە پاش دەستنوێژگرتن؛ ئینجا دەبیت مەسحیان بەسەردا بکات، واتا بە دەستنوێژگرتنەوە دەبێت مەسح بەسەر خوفەکانیدا بکات، ئەگەر ماوەیش هەبێت لە نێوان مەسحکردن ولە پێکردنی گۆرەوییەکە ئاساییە بە مەرجێک دەستنوێژی نەشکێت لەو ماوەیە. هەرکەسێک دەستنوێژی هەبوو وخوفەکانی -یان گۆرەوییەکانى لەپێکرد- بۆی هەیە: (مەسحیان بەسەردا بکات): ئەمیش بریتیە لە تەڕکردنی دەستەکانى وهێنانیان -مەسحکردنیان- بەسەر ڕووی سەرەوەى خوفەکان یان گۆرەوییەکان؛ نەک ژێرەوەى یان ناوەوەى خوفەکان. *(سێ ڕۆژ وشەوەکانیان: مەبەست سێ ڕۆژە 72 کاتژمێر)، **(ڕۆژ وشەوێک: مەبەست 24 کاتژمێرە)
لە تەڵحە کوڕی عبید اللەوە -ڕەزای خوای لێبێت- دەڵێت: «نوێژمان دەکرد وئاژەڵ لە پێشمانەوە تێپەڕ دەبوو؛ ئەمەمان بۆ پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- باسکرد، فەرمووی: «با وەکو (بەرزی) زینەى (سەر پشتی) ئاژەڵ لە پێش هەریەکێکتان بێت، پاشان هەرشتێک کە تێپەڕ دەبێت (لە پشتی ئەو بەربەستەوە -سوترەیەوە-)؛ زیانی پێناگەیەنێت (نوێژەکەى پوچەڵ نابێتەوە ودروستە)».
موسلیم گێڕاویەتیەوەتەڵحە کوڕی عبید اللە -ڕەزای خوای لێبێت- باسی ئەوە دەکات کە نوێژیان دەکرد وئاژەڵ لە پێشیانەوە تێپەڕ دەبوو؛ ئەوانیش ئەمەیانن بۆ پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- باسکرد، ئەویش پێیانى فەرموو: هەرکاتێک یەکێک لە ئێوە نوێژی کرد وبەرستێک -سوترەیەک- وەکو بەرزی زینەى سەر پشتی ئاژەڵ لە پێشیەوە بوو، ئەوا ئەگەر هەرشتێک کە تێپەڕ دەبێت لە پشتی ئەو بەربەستەوە -سوترەیەوە-؛ زیانی پێناگەیەنێت (نوێژەکەى پوچەڵ نابێتەوە ودروستە)، ولە سوودەکانى بەربەست -سوترە- ئەوەیە کە نوێژەکە دەپارێزێت ودووری دەکاتەوە لەو شتانەى زیان لە دروستێتی وکامڵی نوێژەکە دەدەن، ودەبێتە هۆی ئەوەى کەس لە پێشیەوە تێپەڕ نەبێت چونکە ئەگەر سوترە دانەنێت وکەسێک لە پێشیەوە تێپەڕ بوو ئەوا ئەو کەسە گوناهبار دەبێت؛ بۆیە ئەم بەربەستە بووە هۆی دوورکردنەوەى مسوڵمانان لە گوناهبار بوون، وناڕەحەتی وخەجاڵەتی لە نوێژخوێن دوور دەخاتەوە.
لە سەبرەی کوڕی مەعبەدی ئەلجوهەنیەوە -ڕەزای خوای لێبێت- کە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «ئەگەر یەکێکتان نوێژی کرد، با بەربەستێک (سوترەیەک) لە پێش نوێژەکەى دابنێت، ئەگەر بە تیرێکیش بێت».
ئەحمەد گێڕاویەتیەوەفەرموودەکە ئەوە ڕووندەکاتەوە سونەتە نوێژخوێن بەربەستێک (سوترەیەک) لە پێش خۆی دابنێت کاتێک نوێژ دەکات، وبەربەست (السُترة:سوترە) هەموو شتێک دەگرێتەوە کە نوێژخوێن لە پێش خۆی دایبنێت ئەگەر کورت و وردیش بێت وەکو تیر، وئەمیش ئاماژەیەکە لە ئاماژەکان بۆ ئاسانکاری ولێبووردەیی شەریعەت.
لە ئەبی زەرەوە -ڕەزای خوای لێبێت- کە پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «ئەگەر یەکێکتان هەستا بۆئەوەى نوێژ بکات، دەبێت بەربەستێک لە پێش خۆی دابنێت؛ هێندەی بەرزی زينی (سەر پشتی) ئاژەڵ، ئەگەر شتێک لە پێشی نەبێت وەکو (بەرزی) زینەى سەرپشتی ئاژەڵ، ئەوا ئەگەر گوێدرێژ، وئافرەت، وسەگی ڕەش (بە پێشیدا تێپەڕ ببن) نوێژەکەى دەپچڕێنن (نوێژەکەى دروست نابێت وپوچەڵ دەبێتەوە)»، ووتم: ئەی ئەبا زەر، جیاوازى چییە لە نێوان سەگی ڕەش و سەگی سوور یان زەرد؟ (ئەبو زەر) ووتی: ئەی کوڕی برام، هەمان پرسیارەکەى تۆم لە پێغەمبەری خودا کرد-صلى اللە علیە وسلم-، فەرمووی: «سەگی ڕەش شەیتانە». ولە گێڕانەوەیەکی تردا: ئیبن عەباس -ڕەزاى خوایان لێبێت- دەڵێت: «نوێژ دەپچڕێت (دروست نابێت وپوچەڵ دەبێتەوە) بەهۆی (تێپەڕبوونی) ئافرەتێک تووشی سووڕی مانگانە بووبێت* وسەگ (لە پێش نوێژخوێنەکەوە)». *(ئافرەتێک تووشی سووڕی مانگانە بووبێت: مەبەست ئەوەیە باڵغ بووبێت)
ئیبنوداود گێڕاویەتیەوە - موسلیم گێڕاویەتیەوەنوێژخوێن ئەگەر هەستا بۆ نوێژکردن ئەوا دەبێت سوترەیەک -بەربەستێک- بۆ نوێژەکەى دابنێت بەرزییەکەى هێندەى زینی سەر پشتی ئاژەڵ بێت کە ئەمیش هێندەى درێژی دوو لەسەر سێی باڵ دەکات، ئەگەر ئەمە نەکات و یەکێک لەمانە لە پێشیەوە تێپەڕ ببێت؛ نوێژەکەى دەپچڕێت وبەتاڵ دەبێتەوە -دروست نابێت-: ئافرەتی باڵغ، وگوێدرێژ، وسەگی ڕەش، ئەگەر سوترەیەک لە پێش خۆی دابنێت ئەوا تێپەڕبوونی هەرشتێک لە پشت سوترەکەوە زیان بە نوێژەکەى ناگەیەنێت ئەگەرچیش یەکێک بێت لەو سیانەى باسکران. لە گێڕانەوەیەکی تردا: گێڕەرەوەى فەرموودەکە بەناوى عبد اللە کوڕی سامت ووتی: (ئەی ئەبا زەر، جیاوازى چییە لە نێوان سەگی ڕەش و سەگی سوور یان زەرد؟): واتە بۆچی سەگی ڕەش نوێژ دەپچڕێنێت بەڵام سەگەکانى تر بەو شێوەیە نین؟، ئەویش (ئەبو زەر) ووتی: ئەی کوڕی برام، هەمان پرسیارەکەى تۆم لە پێغەمبەری خودا کرد، -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: (سەگی ڕەش شەیتانە). ومەبەست لە پچڕانی نوێژ؛ واتا نوێژەکە دروست نابێت وپوچەڵ دەبێتەوە، ئەمیش فەتوای لیژنەى فەتوادانە (اللجنة الدائمة للإفتاء)، وهەندێک لە زانایان دەڵێن پچڕان واتا نوێژەکە کامڵ نابێت وخشوعی کەم دەبێتەوە بەڵام نوێژە دروستە وپوچەڵ نابێتەوە. وهەروەها باسکردنی ئافرەت لەگەڵ گوێدرێژ وسەگ پەنا بە خواى گەورە مەبەست بێڕێزی کردن نییە بە ئافرەت هەروەکو ئەمە گومانى هەندێک لە دوژمنانی ئاینی ئیسلامە، وباسکردنی دوو شت لەگەڵ یەکتر کە هەمان حوکمی سەرەنجامیان بێت ماناى ئەوە نییە هاوشێوەی یەکتر بن، پیاو تووشی فیتنە دەبێت ئەگەر ئافرەت لە پێشیەوە تێپەڕ ببێت بە تایبەت لە کاتی نوێژدا بەهۆی ڕازاندنەوەى شەیتانەوە ئەگەرچیش ئافرەتەکە مەحرەمی بێت چونکە شەیتان بە هەموو شێوەیەک هەوڵدەدات نوێژ لە مسوڵمان بشێوێنێت وسەرقاڵی بکات بۆیە نوێژەکەى پوچەڵ دەبێتەوە، وسەبارەت بە سەگ هەروەکو لە فەرموودەکەدا هاتووە شەیتانە وشەیتانیش هەموو شتێکی خراپ وزیانبەخش لەوەیە ئەنجامبدات دەرهەق بە مسوڵمانێک لە کاتی نوێژدا بێت ولەوەیە پەلاماری بدات وبترسێت وتووشی زیانی دەکات بۆیە نوێژەکەى دروست نابێت، وگوێدرێژ دەنگێکی لێوە دێت مرۆڤ سەرقاڵ دەکات وسەری لێ تێکدەدات وهەروەها شەیتان دەبینێت ولەوەیە لەو کاتەدا کە لە پێشی نوێژخوێنەوە تێپەڕ دەبێت شەیتان خۆی پێ نیشان بدات بۆئەوەى ئەو دەنگە ناخۆشە دەربکات بۆیە ئەمیش سەر لە نوێژخوێن تێکدەدات ونوێژەکەى پوچەڵ دەبێتەوە، ومرۆڤی مسوڵمانان لە فەرموودەى هاوشێوەى ئەمانە دەبێت ملکەچ بێت بۆ فەرمانى پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- ودەبێت دڵنیا بێت لەوەى ڕاست وحیکمەت ئەوەیە لە سونەتی پێغەمبەردا هاتووە -صلى اللە علیە وسلم-.
لە عائیشەوە -ڕەزای خوای لێبێت- دەڵێت: «عائیشە حەزی نەدەکرد دەستەکانی بخاتە سەر لاتەنیشتی کەمەری (لە کاتی نوێژکردندا) ودەیووت: «جولەکە ئەم کردەوەیە دەکەن».
بوخاری گێڕاویەتیەوەئەم فەرموودەیە ئەوە ڕووندەکاتەوە کە عائیشە -ڕەزای خواى لێبێت- حەزی نەدەکرد دەستەکانی بخاتە سەر لاتەنیشتی کەمەری (لە کاتی نوێژکردندا)، وپاشان هۆکارەکەى ڕوونکردەوە ئەویش ئەوەیە جولەکەکان ئەم کردەوەیە دەکەن.
لە ئەنەسی کوڕی مالیکەوە -ڕەزای خوای لێبێت- کە پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «ئەگەر خواردنی شێوان دانرا؛ ئەوا دەستبکەن بە خواردنی پێش ئەوەى نوێژی مەغریب ئەنجامبدەن، وپەلە مەکەن لە تەواوکردنی خواردنی».
بوخاری و موسلیم هاوڕان لەسەریئەگەر خواردن ئامادەکرا وکاتی بانگ بوو؛ ئەوا دەستبکەن بە خواردن، پێش ئەوەى نوێژ بکەن، ئەگەرچیش کاتی نوێژی جەماعەتەکە کەم بێت، وبۆ ماوەیەکی دیاریکراو بێت، وەکو نوێژی مەغریب؛ بۆئەوەى بیر وهۆش لە کاتى نوێژدا لە لای خواردنەکە نەبێت، ئەبو دەرداء دەڵێت: (لە نیشانەى تێگەیشتنی مرۆڤ ئەوەیە کە پێویستیەکەى جێبەجێ بکات -بە پێی پێویست خواردن بخوات- پێش ئەوەى کاتی نوێژەکەى بێت بۆئەوەى بە دڵێکی خاڵی وناسەرقاڵەوە نوێژەکەى بکات) [رواه البخاري].
لە عائیشەوە -ڕەزای خوای لێبێت- دەڵێت: «پرسیارم لە پێغەمبەری خودا کرد -صلى اللە علیە وسلم- سەبارەت بە ئاوڕدانەوە لە کاتى نوێژدا؟ فەرمووی: «ئەوە شێوازێکی کەمکردنەوەیە بەهۆیەوە شەیتان لە (پاداشتی) نوێژی بەندە کەمدەکاتەوە».
بوخاری گێڕاویەتیەوەعائیشە -ڕەزای خوای لێبێت- پرسیاری کرد لە پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- سەبارەت بە ئاوڕدانەوە لە کاتى نوێژدا، ئایا زیان بە نوێژ دەگەیەنێت وکاریگەری دەکاتە سەر نوێژەکەى؟ ئەویش فەرمووی: ئەم ئاوڕدانەوەیە شێوازێکی کەمکردنەوەیە بە خێرایی ونهێنی بەهۆیەوە شەیتان لە پاداشتی نوێژی بەندە کەمدەکاتەوە ونوێژەکەى لێ تێکدەدات.
لە عائیشەوە -ڕەزای خوای لێبێت- دەڵێت: پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- نوێژی کرد لە جلێکدا کە هێڵی ڕەنگاوڕەنگی تێدا بوو، بۆ ساتێکی کەم سەیرێکی هێڵە ڕەنگاوڕەنگەکانى کرد، کاتێک نوێژەکەى تەواوکرد، فەرمووی: «ئەم جلانەم ببەن بۆ ئەبی جەهم، وجلە ئاساییەکانى ئەبی جەهمم بۆ بهێنن؛ چونکە ئەمە سەرقاڵی کردم لە کاتی نوێژەکەمەدا»، ولە گێڕانەوەیەکدا: «سەیری هێڵە -ڕەنگاوڕەنگەکانم- دەکرد کاتێک لە ناو نوێژ بووم؛ ترسام لەوەى سەرقاڵم بکات».
بوخاری و موسلیم هاوڕان لەسەریئەبی جەهم جلێکی وەکو دیاری دا بە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- کە هێڵی ڕەنگاوڕەنگی تێدا بوو، ولە ڕەوشت جوانى پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ئەوە بوو کە دیاری قبوڵ دەکرد؛ ئەمیش بۆئەوەى دڵی ئەو کەسە نەشکێت کە دیاریەکە دەبەخشێت ودڵتەنگ نەبێـت، پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دیاریەکەى قبوڵ کرد، ونوێژی پێوە ئەنجامدا، چونکە هێڵی ڕەنگاوڕەنگی تێدا بوو، چونکە چاوەکان سەیری دەکەن وسەرنج ڕادەکێشن؛ ئەمیش بەهۆی ئەوەى پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- سەرقاڵ بێت وبە کامڵی بیری لە لای نوێژەکەى نەبێت، بۆیە فەرمانى پێیانکرد کە دیاریەکە بگەڕێننەوە بۆ ئەبی جەهم. و بۆئەوەى دڵی ئەبی جەهم نەشکێت وشتێکی تێدا نەبێت بەهۆی ڕەتدانەوەى دیاریەکە ودڵنیا بێت، فەرمانى پێیانکرد بەوەى جلێکی ئاسایی لە لای ئەبی جەهم بهێنن کە هێڵی ڕەنگاوڕەنگی تێدا نەبێت لە شوێنی ئەو دیاریەی -جلەی- ئەبی جەهم لە سەرەتادا وەکو دیاری پێیدا.
.لە عائیشەوە -ڕەزای خوای لێبێت- دەڵێت: «پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- فەرمانیکرد بە دروستکردنی مزگەوتەکان لە گەڕەکەکاندا، وپاک بکرێنەوە، وبۆن خۆش بکرێن».
ئیبنوداود گێڕاویەتیەوەپێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- فەرمانیکرد بە دروستکردنی مزگەوتەکان لە گەڕەکەکاندا، واتا هەر گەڕەک وناوچەیەک مزگەوتێکی تێدا بێت، وپاک بکرێنەوە وپیسی وشتی بۆگەنی تێدا لاببرێت، وبپارێزرێت، وبۆنی خۆشی تێدا بڵاو بکرێتەوە وەکو بخوڕ وبۆنی خۆشی تر.