





























Hadeeth Cards
Da'wa cards that highlight great meanings from the noble prophetic hadiths in a simple style and attractive display that helps the Muslim to have a deeper understanding of his religion in an easy way
All
لە ئەبی ئەیوبی ئەنساڕیەوە -ڕەزای خوای لێبێت- کە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «ویتر جێگیرە وپێویستە (ئەنجامبدرێت)، هەرکەسێک ویستی ویتر ئەنجامدەدات بە حەوت (ڕکات)، و هەرکەسێک ویستی ویتر ئەنجامدەدات بە پێنج (ڕکات)، و هەرکەسێک ویستی ویتر ئەنجامدەدات بە سێ (ڕکات)، و هەرکەسێک ویستی ویتر ئەنجامدەدات بە یەک (ڕکات)».
ئیبنو ماجه گێڕاویەتیەوە - نەسائی گێڕاویەتیەوە - ئیبنوداود گێڕاویەتیەوەشیکردنەوەى فەرموودەکە: (ویتر جێگیرە وپێویستە -ئەنجامبدرێت-): واتا هەقە وجێگیرە لە سونەتدا وئەمیش جۆرێکە لە جەختکردنەوە، وهەروەها بە ماناى واجب بوونیش دێت، ولێرەدا مەبەست جەختکردنەوەیە لەسەر نوێژی ویتر چونکە بەڵگەکانى تردا بە ڕوونی هاتووە کە واجب نییە، هەروەکو لە فەرموودەیەک لە هەردوو کتێبی سەحیحدا هاتووە، تەڵحە کوڕی عبید الله دەڵێت: پیاوێک هات بۆ لای پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- خەڵکی نەجد بوو، وپرسیاری لە پێغەمبەر کرد -صلى اللە علیە وسلم- سەبارەت بەو نوێژانەى فەرزە لەسەری ئەنجامی بدات، پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: [خمس صلوات في اليوم والليلة] واتە: [پێنج نوێژە لە ڕۆژ وشەوێکدا]، پیاوەکە ووتی: ئایا هیچ نوێژێکی تر فەرزە لەسەرم؟ -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: [لا إلا أن تطوع] واتە: [نەخێر، مەگەر خۆت نوێژی سونەت ئەنجام بدەیت]. ئەم فەرموودەیە بەڵگەیە لەسەر ئەوەى ئەگەر نوێژی ویتر واجب بووایە ئەوا لەگەڵ پێنج نوێژە فەرزەکە باسی دەکرد. وهەروەها پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: [خمس صلوات كَتبهن الله على العِباد، فمن جاء بِهن لم يُضَيِّع مِنهن شيئا؛ اسْتِخْفَافَا بحقهن، كان له عند الله عهد أن يُدخله الجَنَّة] واتە: [پێنج نوێژ خواى گەورە فەرزی کردووە لەسەر بەندەکان، ئەوەى ئەنجامیان بدات وهیچیان لە دەست نەدات بەهۆی پشتگوێ خستنی فەرز بوونیانەوە، ئەوا پەیمانە لە لایەن خواى گەورەوە کە بیکاتە بەهەشتەوە]. ولە بەڵگەکانى تری واجب نەبوونی؛ ئەو فەرموودەیە کە لە هەردوو کتێبی سەحیحدا هاتووە، لە ئیبن عەباسەوە -ڕەزاى خوایان لێبێت- دەڵێت: پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- موعازی نارد بۆ یەمەن وپێی فەرموو: [فأعلمهم أن الله افترض عليهم خمس صلوات في اليوم والليلة] واتە: [پێیان ڕابگەیەنە؛ خواى گەورە پێنج نوێژی لەسەریان فەرز کردووە لە ڕۆژ وشەوێکدا]، ئەمە لە باشترین بەڵگەکانە لەسەر ئەم بابەتە چونکە کاتی ناردنی موعاز بۆ یەمەن ماوەیەکی زۆر کەم بوو پێش کۆچی دوایی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم-. وهەروەها لە بەڵگەکانى تر: عەلی -ڕەزاى خواى لێبێت- دەڵێت: [-نوێژی- ویتر فەرز نییە]. بۆیە کاتێک دەفەرموێت: (الوتر حق:ویتر جێگیرە وپێویستە -ئەنجامبدرێت-): زیاتر جەختکردنەوەیە لەسەر سونەت بوون وفەزڵی ئەم نوێژە -سونەتێکی زۆر جەختی لەسەر کراوەتەوە: سنة مؤکدە-. دەفەرموێت: (هەرکەسێک ویستی ویتر ئەنجامدەدات بە حەوت -ڕکات-، و هەرکەسێک ویستی ویتر ئەنجامدەدات بە پێنج -ڕکات-): واتا دوو ڕکات ئەنجامدەدات پاشان سەلامدەداتەوە ودوو ڕکاتی تر دەکات پاشان سەلام دەداتەوە، وپاشان یەک ڕکاتى ویتر دەکات وسەلام دەداتوە، ئەمە بنچینەیە لە شەونوێژدا چونکە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: [صلاة الليل مثْنَى مثْنَى] -متفق علیه- واتە: [شەونوێژ دوو ڕکات دوو ڕکات ئەنجامدەدرێت]. وهەروەها دەتوانێت هەمووی پێکەوە ئەنجامبدات وتەنها لە ڕکاتی کۆتایی دابنیشێت بۆ تەحیات خوێندن -بۆ تەشەهود-، وئەمیش دروستە، چونکە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ئەنجامیداوە هەروەکو لەم گێڕانەوەیەدا هاتووە، ئوم سەلەمە -ڕەزاى خواى لێبێت- دەڵێت: [وتر بِسبع وبِخمس لا يَفصل بينهن بسلام ولا بكلام] -رواه أحمد- واتە: [-نوێژی- ویتری ئەنجامدەدا بە حەوت یان پێنج ڕکات بە دواى یەکترەوە، بە بێ ئەوەى جیاوازى بکاتە نێوانیانەوە -لە کۆتایی نێوان دوو ڕکاتەکانەوە- بە سەلامکردن وقسەکردن -تەحیات خوێندن-]. کاتێک دەفەرموێت: (و هەرکەسێک ویستی ویتر ئەنجامدەدات بە سێ -ڕکات-): واتا دوو ڕکات ئەنجامدەدات پاشان سەلام دەداتەوە، پاشان یەک ڕکات نوێژی ویتر دەکات، چونکە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: [صلاة الليل مثْنَى مثْنَى] -متفق علیه- واتە: [شەونوێژ دوو ڕکات دوو ڕکات ئەنجامدەدرێت]، ولەوەیە مەبەست لێرەدا ئەوە بێت پێکەوە هەر سێ ڕکاتەکە ئەنجام دەدات وتەنها لە ڕکاتی کۆتایی بۆ تەحیات -تەشەهود- دادەنیشێت، ئوبەی کوڕی کەعب دەڵێت: [پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- لەنوێژی ویتردا: سبح اسم ربك الأعلى -سورەتی الأعلى-، ولە ڕکاتی دووەمدا -قل يا أيها الكافرون:سورەتی الکافرون-، ولە ڕکاتی سێیەمدا -قل هو الله أحد:سورەتی الإخلاص-ی دەخوێند، وتەنها لە ڕکاتی کۆتاییدا سەلامی دەدایەوە] -رواه النسائي-. وعائیشە -ڕەزاى خواى لێبێت- دەڵێت: [پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- لە دوو ڕکاتەکەى -نوێژی- ویتردا سەلامی نەدەدایەوە] -رواه النسائي-. شێخ ئیبن عوسەیمین -ڕەحەمەتی خواى لێبێت- دەڵێت: دروستە نوێژی ویتر بە سێ یان پێنج یان حەوت یان نۆ ڕکات ئەنجام بدرێت، ئەگەر نوێژی ویتری کرد بە سێ ڕکات؛ دوو شێوازى هەیە وهەردوویان دروستە: 1- هەر سێ ڕکاتەکە پێکەوە ئەنجامبدات بە یەک سەلامدانەوە. 2- لە پاش ئەنجامدانى دوو ڕکاتی یەکەم وتەحیات خوێندن سەلامدەداتەوە، پاشان یەک ڕکاتە ئەنجامدەدات. وباشتر ئەوەیە کە لە پاش ئەنجامدانى هەر دوو ڕکاتێک سەلام بداتەوە، پاشان یەک ڕکات نوێژی ویتر بکات بۆ ئەو نوێژانەى ئەنجامیداوە، چونکە بەم شێوەیە پەرستنی زیاتر ئەنجامدەدات وزۆرجار پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- بەم شێوەیە شەونوێژی کردووە. دەفەرموێت: (و هەرکەسێک ویستی ویتر ئەنجامدەدات بە یەک -ڕکات-): واتا تەنها یەک ڕکات -تاکە ڕکاتێک- ئەنجامدەدات ولە پێشیەوە دوو ڕکات ئەنجام نادات.
لە جابری کوڕی عبداللەوە -ڕەزای خوایان لێبێت- دەڵێت: «پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- پێشنوێژی بۆمان کرد لە ڕەمەزاندا؛ هەشت ڕکات و(نوێژی) ویتری (ئەنجامدا)، لە شەوی داهاتوودا؛ لە مزگەوت کۆ بووینەوە وهیوامان ئەوە بوو بێتە دەرەوە (بۆئەوەى پێشنوێژیمان بۆ بکات)، نەهات بۆ مزگەوت هەتاوەکو بەیانیمان بەسەردا هات، چووین بۆ لای پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- پێیمان ووت: ئەی پێغەمبەری خودا، هیوامان ئەوە بوو؛ بێیتە دەرەوە بۆ لامان وپێشنوێژیمان بۆ بکەیت، فەرمووی: «ترسام لەوەى (نوێژی) ویتر لەسەرتان فەرز بکرێت».
ئیبنو خوزەیمە گێڕاویەتیەوەشیکردنەوەى فەرموودەکە: (پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- پێشنوێژی بۆمان کرد لە ڕەمەزاندا؛ هەشت ڕکات و-نوێژی- ویتری -ئەنجامدا-): واتا مانگی ڕەمەزان پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- لە مزگەوتدا لە شەونوێژدا پێشنوێژی بۆ هاوەڵانی کرد وهەشت ڕکاتیان ئەنجامدا وپاشان نوێژی ویتریان کرد. (لە شەوی داهاتوودا؛ لە مزگەوت کۆ بووینەوە): واتا هاوەڵان لە مزگەوتدا کۆبوونەوە وگومانیان وابوو پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- وەکو شەوی پێشووتر دێت وپێشنوێژیان بۆ دەکات. ووتیان: (وهیوامان ئەوە بوو بێتە دەرەوە -بۆئەوەى پێشنوێژیمان بۆ بکات-): واتا بۆئەوەى پێشنوێژیان بۆ بکات لە شەونوێژدا. (نەهات بۆ مزگەوت هەتاوەکو بەیانیمان بەسەردا هات): واتا ئەوان لە مزگەوت چاوەڕێیان کرد هەتاوەکو بەیان دەرکەوت. (چووین بۆ لای پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم-): واتا ڕۆیشتن بۆئەوەى پرسیاری لێبکەن سەبارەت بە هۆکاری نەهاتنی بۆ پێشنوێژی کردنیان. (پێیمان ووت: ئەی پێغەمبەری خودا، هیوامان ئەوە بوو؛ بێیتە دەرەوە بۆ لامان وپێشنوێژیمان بۆ بکەیت): واتا حەزمان دەکرد وەکو شەوی پێشووتر لە شەونوێژدا پێشنوێژیمان بۆ بکەیت. (فەرمووی: ترسام لەوەى -نوێژی- ویتر لەسەرتان فەرز بکرێت): هۆکاری دەرنەچوونی ڕوونکردەوە ئەویش ئەوەیە ترسا لەوەى نوێژی ویتریان لەسەر فەرز بکرێت، ولە گێڕانەوەیەکدا: [خَشيت أن تُفرض عليكم] واتە: [ترسام لەوەى -شەونوێژی یان نوێژی ویترتان- لەسەر فەرز بکرێت]، ولە گێڕانەوەیەکی تردا: [خَشيت أن تفرض عليكم صلاة الليل] واتە: [ترسام لەوەى شەونوێژتان لەسەر فەرز بکرێت]، ئەمە هۆکاری دەرنەچوونی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- بوو بۆ پێشنوێژی کردنی هاوەڵانى، بەهۆی ڕەحمەت وبەزەییبەرامبەریان ترسا لەوەى لەسەریان فەرز بکرێت چونکە ئەگەر شەونوێژ فەرز بکرایە بێگومان قورس دەبوو لەسەر زۆرێک لە مسوڵمانان، بۆیە خواى گەورە بەم شێوەیە وەسفی پێغەمبەری کردووە -صلى اللە علیە وسلم- : {لَقَدْ جَاءَكُمْ رَسُولٌ مِنْ أَنْفُسِكُمْ عَزِيزٌ عَلَيْهِ مَا عَنِتُّمْ حَرِيصٌ عَلَيْكُمْ بِالْمُؤْمِنِينَ رَءُوفٌ رَحِيمٌ} [التوبة: 128] واتە: {سوێند بە خوا بەڕاستی بۆتان ھاتووە پێغەمبەرێک لە خۆتان قورس وگرانە بەلایەوە ناڕەحەتی وناخۆشی ئێوە زۆر سوورە لەسەر (باوەڕھێنان)تان بۆ بڕواداران زۆر دڵسۆز و میھرەبانە}. وبنچینەى فەرموودەکە لە هەردوو کتێبی سەحیحدا هاتووە، عائیشە -ڕەزاى خواى لێبێت- دەڵێت: پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- شەوێکیان لە نیوەى شەودا دەرچوو، لە مزگەوتدا نوێژی کرد، وپیاوانیش لە پشتیەوە نوێژیان کرد، بەیانی هات بەسەر خەڵکیدا، وباسیان کرد، بۆیە -بۆ شەوی دواتر- خەڵکی زیاتر کۆبوونەوە ونوێژیان لە پشتیەوە کرد، بەیانی هات بەسەر خەڵکیدا، وباسیان کرد، خەڵکی نێو مزگەوتەکە زۆرتر بوون لە شەوی سێیەمدا، پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- دەرچوو ولە پشتیەوە نوێژیان کرد، کاتێک شەوی چوارەم بوو؛ مزگەوت پڕ بوو لە خەڵکی هەتاوەکو پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەرچوو بۆ ئەنجامدانى نوێژی بەیانی، کاتێک نوێژی بەیانی تەواو کرد، ڕووی لە خەڵکی کرد، وشایەتمانى هێنا، وفەرمووی: [أما بعد، فإنه لم يَخْفَ عليَّ مكانَكم، لكني خَشِيت أن تُفرض عليكم، فتَعْجَزوا عنها] واتە: [لە پاشاندا، کۆبوونەوەتان لە لای من شاراوە نەبوو، بەڵکو ترسام لەوەى -شەونوێژتان- لەسەر فەرز بکرێت، ولەوەیە نەتوانن ئەنجامی بدەن].
لە عبداللە کوڕی عەمرو -ڕەزای خوایان لێبێت- دەڵێت: پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- پێمی فەرموو: «ئەی عبد الله، وەکو فڵان مەبە؛ شەونوێژی ئەنجامدەدا بەڵام وازی لە شەونوێژکردن هێنا».
بوخاری و موسلیم هاوڕان لەسەریپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- عبداللە کوڕی عەمروی ئاگادار کردەوە -ڕەزای خوایان لێبێت- سەبارەت بەوەى نەکات واز لە شەونوێژکردن بهێنێت وەکو فڵان کەس، وباسی ناوی نەکرد بۆئەوەى دایبپۆشێت، وپێویستە مسوڵمان ئاگادار بێت لەوەى زیادەڕەو نەبێت لە پەرستنەکاندا وزۆر لە خۆی نەکات لە شتێک کە لە توانایدا نەبێت، وئەگەر کەسێک بەم شێوەیە بێت ئەوا دینداری قورس دەبێت لەسەری چونکە کردەوە وپەرستنەکان زۆرن، بۆیە ئەمیش وایلێدەکات لە کۆتاییدا لاواز بێت وبچڕێت لە ئەنجامدانى ئەم پەرستنە؛ چونکە خواى گەورە هەندێک پەرستنی واجب کردووە لەسەر بەندەکانى لە هەندێک کاتدا دەبێت ئەنجامبدرێن بەڵام لە هەندێک کاتی تردا ئەنجام نادرێن، ئەمیش بۆ ئاسانکاری وڕەحمەت بەرامبەریان، چونکە مرۆڤ ئەگەر مامناوەند بوو ئەوا کردەوەکەى بەردەوام دەبێت، ودەتوانێت هەموو مافەکان جێبەجێ بکات، مافى خواى گەورە، مافى نەفس، ومافى خێزان وهاوڕێ؛ بە شێوەیەکی ئاسان ونەرمونیان، وپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: (إن أحب الأعمال إلى الله أدومها وإن قل) واتە: (خۆشەویستترین کردەوە لای خواى گەورە؛ ئەوەیە کە (بەندە) لەسەری بەردەوام بێت ئەگەرچیش کردەوەکە کەم بێت)، بۆیە پێویستە مرۆڤ هەندێک بەش دابنێت لە قورئانی پیرۆز کە لە شەونوێژدا بیخوێنێتەوە و لەسەری بەردەوام بێت بە پێی تواناى.ی
لە عەلی کوڕی ئەبی تاڵیبەوە -ڕەزای خوای لێبێت- کە پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «ئەی ئەهلی قورئان، (نوێژی) ویتر ئەنجامبدەن؛ خواى گەورە ویترە (تاکە)، و ویتری (تاکی) خۆشدەوێت».
ئیبنو ماجه گێڕاویەتیەوە - تورموذی گێڕاویەتیەوە - نەسائی گێڕاویەتیەوە - ئیبنوداود گێڕاویەتیەوە - ئەحمەد گێڕاویەتیەوەلەم فەرموودەیەدا فەرمانکراوە بە هاوەڵان وئەهلی قورئان؛ بەوەى نوێژی ویتر ئەنجامبدەن، چونکە خواى گەورە تاکە (ویترە) لە زاتی مەزنیدا ولە سیفات وکردەوەکانیدا وتاکی (ویتری) خۆشدەوێت. مەبەست لە ئەهلی قورئان: ئەوانەیە کە باوەڕیان بە قورئان هەیە بە شێوەیەکی گشتی، ئەوەى دەیخوێنێتەوە وئەوەیشی کە نایخوێنێتەوە، ئەگەرچیش فەرموودەکە زیاتر سەبارەت بە ئەوانەیە کە دەیخوێننەوە و لەبەری دەکەن، وخەتابی دەڵێت: مەبەست ئەوانەیە کە دەیخوێننەوە و لەبەرى دەکەن، بەتایبەت باسی ئەوان کراوە، چونکە ڕێز وپلەپایەى تایبەتیان هەیە وئاماژەیە بۆ گرنگی پێدانیان، بۆیە پێویستە هاوەڵان وئەهلی قورئان گرنگی بە نوێژی ویتر بدەن، ئەگەرچیش لە هەموو مسوڵمانێک داواکراوە کە نوێژی ویتر ئەنجامبدات، بەڵام ئەهلی قورئان تایبەتمەندی خۆیان هەیە لەسەر خەڵکی تر، چونکە ئەوانە نمونە و(قدوە)ن بۆ خەڵکی، چونکە زانستیان هەیە کە هاندەرەوە بۆ پەرستنەکان وکردەوە چاکەکان لەکاتێکدا خەڵکی تر ئەم زانستەیان نییە، بۆیە شایستەترە فەرمان بە ئەوان بکرێت.
قەیس کوڕی تەڵق دەڵێت: تەڵق کوڕی عەلی ڕۆژێک لە مانگی ڕەمەزاندا سەردانی کردین، هەتا ئێوارە لەگەڵمان مایەوە وڕۆژووەکەی لەگەڵ ئێمە شکاند، ئینجا پێشنوێژی بۆ کردین لە (شەونوێژ) ونوێژی ویتردا، پاشان گەڕایەوە بۆ مزگەوتەکەی، پێشنوێژی بۆ هاوەڵانی ئەنجامدا، کاتێک نوێژی ویتر مایەوە پیاوێکی هێنایە پێشەوە (بۆ پێشنوێژی کردن)، ووتی: پێشنوێژی بۆ هاوەڵانت بکە لە نوێژی ویتردا، چونکە گوێم لە پێغەمبەری خودا بووە -صلى اللە علیە وسلم- کە دەیفەرموو: «نابێت دوو (نوێژی) ویتر لە یەک شەودا ئەنجامبدرێن».
تورموذی گێڕاویەتیەوە - نەسائی گێڕاویەتیەوە - ئیبنوداود گێڕاویەتیەوە - ئەحمەد گێڕاویەتیەوەشیکردنەوەى فەرموودەکە: هاوەڵێکی بەڕێز بە ناوى تەڵق کوڕی عەلی -ڕەزاى خواى لێبێت- بە پێی کردەوەکەی ئەوە ڕووندەکاتەوە لە سەرەتاى شەودا پێشنوێژی کرد بۆ کەسە نزیکەکانى ونوێژی ویتری ئەنجامدا، پاشان پێشنوێژی کرد بۆ خەڵکی ناوچەکەى وپێشنوێژی بۆیان نەکرد لە نوێژی ویتردا بەڵکو کەسێکی تری پێشخست بۆئەوەى پێشنوێژیان بۆ بکات لە نوێژی ویتردا؛ چونکە ئەو گوێی لە نەهی کردنێک بووە لە پێغەمبەرەوە -صلى اللە علیە وسلم- کە فەرموویەتی: نابێت مرۆڤ دوو نوێژی ویتر لە یەک شەودا ئەنجامبدات.
لە ئەبی سەعیدی خودریەوە -ڕەزای خوای لێبێت- کە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «ئەگەر هەرکەسێک خەوت؛ پێش ئەوەى نوێژی ویتر بکات، یان لەبیری چوو؛ ئەوا با ئەنجامی بدات ئەگەر بیری کەوتەوە».
ئیبنو ماجه گێڕاویەتیەوە - تورموذی گێڕاویەتیەوە - ئیبنوداود گێڕاویەتیەوە - ئەحمەد گێڕاویەتیەوەشیکردنەوەى فەرموودەکە: ئەگەر هەرکەسێک خەوت پێش ئەوەى نوێژی ویتر بکات یان لەبیری چوو ئەنجامی بدات، هەتاوەکو بەیان دەرکەوت -کاتی بانگی بەیانی هات-؛ ئەوا لە پاش بانگى بەیانی -دەرکەوتنی بەیان- ئەنجامی دەدات، ئەم فەرموودەیە ڕوونی دەکاتەوە دروستە نوێژی ویتر لە پاش دەرکەوتنی بەیان -بانگی بەیان- ئەنجامبدرێت بۆ کەسێک لەبیری چوو بێت یان خەوتوو بێت؛ چونکە بیانوویەکی -عوزرێکی- شەرعی هەیە.
لە عائیشەوە -ڕەزای خوای لێبێت- دەڵێت: «پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- وازى لە هەندێک کردەوە دەهێنا لەکاتێکدا حەزی دەکرد ئەنجامی بدات، ئەمیش لە ترسی ئەوەی خەڵکیش لەوەیە ئەنجامی بدەن؛ بۆیە لەسەریان فەرز بکرێت، وپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- هەرگیز نوێژی چێشتەنگاوی ئەنجام نەدەدا (بە بەردەوامی)، ومن ئەنجامی دەدەم (بە بەردەوامی)».
بوخاری و موسلیم هاوڕان لەسەریعائیشە -ڕەزای خوای لێبێت- باسی ئەوە دەکات کە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- وازى لە هەندێک کردەوە دەهێنا لەکاتێکدا حەزی دەکرد ئەنجامی بدات، ئەمیش لە ترسی ئەوەی خەڵکیش لەوەیە ئەنجامی بدەن؛ بۆیە لەسەریان فەرز بکرێت ئەمیش قورس وناڕەحەت دەبێت لەسەریان وناتوانن ئەنجامی بدەن، پاشان -ڕەزاى خواى لێبێت- باسی ئەوەى کرد کە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- هەرگیز نوێژی چێشتەنگاوی ئەنجام نەدەدا بە بەردەوامی؛ ئەمە ڕای زانایانە، چونکە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- لە هەندێک کاتدا نوێژی چێشتەنگاوی ئەنجامدەدا بەهۆی فەزڵ وتایبەتمەندی وپاداشتەکەى، وهەندێک کات؛ ئەنجامی نەدەدا لە ترسی ئەوەى نەوەک لەسەر ئومەتەکەى فەرز بکرێت، هەروەکو عائیشە -ڕەزاى خواى لێبێت- باسیکرد لە سەرەتاى فەرموودەکەدا.
لە زەیدی کوڕی ئەڕقەمەوە -ڕەزای خوای لێبێت- دەڵێت: خەڵکانێکی بینی لە کاتی چێشتەنگاودا نوێژیان دەکرد، ووتی: دەزانن نوێژکردن لە کاتێکی تر جگە لەم ماوەیە باشترە، پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «نوێژی ئەوابەکان* کاتێکە کە وشتری پێگەیشتوو تینی گەرمی بەردەکەوێت». *(ئەواب: واتا ئەو کەسەی دەگەڕێتەوە بۆ لای خواى گەورە بە تەوبە کردن وداواى لێخۆشبوون لە خواى گەورە، و وازهێنان لە تاوان وگوناهەکان، وئەنجامدانى خێر وچاکەکان)
موسلیم گێڕاویەتیەوەزەیدی کوڕی ئەڕقەم -ڕەزای خوای لێبێت- خەڵکانێکی بینی لە کاتی چێشتەنگاودا نوێژیان دەکرد، باسی ئەوەی کرد کە پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- فەرموویەتی: (وێژی ئەوابەکان* کاتێکە کە وشتری پێگەیشتوو تینی گەرمی بەردەکەوێت): واتا باشترین کات بۆ ئەنجامدانى نوێژی چێشتەنگاو -الضحى- ئەو کاتەیە کە خۆر بەرز دەبێتەوە لە ئاسمان وزۆر گەرم و بە تین دەبێت بە شێوەیەک ژێر پێی وشترە تازە پێگەیشتووەکان خەریکە بسووتێت لە تینی گەرمای خۆردا، ئەمە ئەو کاتەیە کە ئەوابەکان نوێژی چێشەنگاوى -الضحى-ی تێدا ئەنجامدەدەن. *(ئەواب: واتا ئەو کەسەی دەگەڕێتەوە بۆ لای خواى گەورە بە تەوبە کردن وداواى لێخۆشبوون لە خواى گەورە، و وازهێنان لە تاوان وگوناهەکان، وئەنجامدانى خێر وچاکەکان)
لە جابری کوڕی یەزید کوڕی ئەسودەوە لە باوکیەوە دەڵێت: ئەو نوێژی لەگەڵ پێغەمبەری خودا کرد -صلى اللە علیە وسلم- لەکاتێکدا کوڕە منداڵێکی گەنج -غوڵامێک- بوو، کاتێک نوێژی کرد؛ دوو پیاو نوێژیان نەکردبوو لە گۆشەیەکی مزگەوتدا، بانگیانی کرد وهێنران، دەلەرزانەوە (لە ترسا)، فەرمووی: «چی ڕێگر بوو لەوەى لەگەڵ ئێمە نوێژ بکەن؟»، ووتیان: لە ماڵەوە نوێژمان کرد، -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: «ئاوا مەکەن، ئەگەر یەکێکتان لە ماڵەکەى نوێژی کرد پاشان گەیشتە ئیمام و(بینی) هێشتا نوێژی نەکردووە، با نوێژی لەگەڵدا ئەنجامبدات چونکە ئەم نوێژە بۆ ئەو سونەتە».
تورموذی گێڕاویەتیەوە - نەسائی گێڕاویەتیەوە - ئیبنوداود گێڕاویەتیەوە - ئەحمەد گێڕاویەتیەوە - دارەمی گێڕاویەتیەوەیەزید کوڕی ئەسود دەیگیڕێتەوە کاتێک کوڕە منداڵێکی گەنج -غوڵامێک- بوو؛ نوێژی لەگەڵ پێغەمبەری خودا کرد -صلى اللە علیە وسلم-، کاتێک پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- نوێژەکەی کرد؛ دوو پیاو بینی نوێژیان نەکردبوو لە گۆشەیەکی مزگەوتدا، فەرمانى کرد کە بانگ بکرێن بۆیە هێنران ودەلەرزان وتووشی شڵەژان هاتبوون (لە ترسدا)، پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- پێیانی فەرموو: بۆچی نوێژتان نەکرد لەگەڵ ئێمەدا؟ ووتیان: لە ماڵەوە نوێژمان کرد، -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: جارێکی تر ئاوا مەکەن، ئەگەر یەکێکتان لە ماڵەوە نوێژی فەرزی کرد پاشان گەیشتە ئیمام وبینی هێشتا نوێژ دەکات؛ با نوێژی لەگەڵدا ئەنجامبدات چونکە ئەم نوێژە بۆ ئەو سونەتە وپاداشتی زیاتر دەبێت.