





























Hadeeth Cards
Da'wa cards that highlight great meanings from the noble prophetic hadiths in a simple style and attractive display that helps the Muslim to have a deeper understanding of his religion in an easy way
All
لە ئەنەسی کوڕی مالیکەوە دەڵێت: جارێکیان پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- سواری ئەسپێک بوو، لەسەر ئەسپەکە کەوت؛ تەنیشتی ڕاستی بریندار بوو، یەک نوێژ بە دانیشتنەوە نوێژی کرد، ئێمە لە پشتیەوە بە دانیشتنەوە نوێژمان کرد، وکاتێک تەواو بوو، فەرمووی: «ئیمام (پێشنوێژ) بۆ ئەوە دانراوە؛ بۆئەوەى (نوێژخوێنەکان) شوێنی بکەون (لە حاڵەتەکانى ناو نوێژدا)، ئەگەر (ئیمام) بە پێوە نوێژی کرد؛ ئێوەش بە پێوە نویژ بکەن، ئەگەر ڕکوعی برد؛ ئێوەش ڕکوع ببەن، وئەگەر سەری بەرز کردەوە (لە ڕکوع بردن)؛ ئێوەش سەرتان بەرز بکەنەوە (لە ڕکوع بردن)، وئەگەر ووتی: (سمع الله لمن حمده)*، بڵێن: (ربنا ولك الحمد)**، وئەگەر بە پێوە نوێژی کرد؛ ئێوەش بە پێوە نوێژ بکەن، وئەگەر بە دانیشتنەوە نوێژی کرد؛ ئێوەش هەمووتان بە دانیشتنەوە نوێژ بکەن» *(واتە: خواى گەورە ئەوانە دەبیستێت کە حەمد وسوپاسی دەکەن)، **(واتە: پەروەردگارمان حەمد وسوپاس تەنها بۆ تۆ)
بوخاری گێڕاویەتیەوەشیکردنەوەى فەرموودەکە: پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- سواری ئەسپێک بوو، لەسەر ئەسپەکە کەوت وتەنیشتی ڕاستی بریندار بوو، یەک نوێژ بە دانیشتنەوە پێشنوێژی بۆ هاوەڵان کرد، ئەوانیش لە پشتیەوە بە دانیشتنەوە نوێژیان کرد، وکاتێک نوێژکردن تەواو بوو، پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- پێیانی فەرموو: نوێژخوێن دەبێت شوێنی ئیمام (پێشنوێژ) بکەوێت لە هەموو شتێکدا (لە هەموو حاڵەتەکانى ناو نوێژدا)، ئەگەر ئیمام تەکبیرەی کرد (ووتی: الله أكبر)؛ پاشان ئەویش (نوێژخوێن) دەبێت تەکبیر بکات، وئەگەر ئیمام ڕکوعی برد؛ (نوێژخوێن)یش دەبێت ڕکوع ببات، وئەگەر سوجدەى برد؛ (نوێژخوێن)یش دەبێت سوجدە ببات، وئەگەر ئیمام بە پێوە نوێژی کرد؛ (نوێژخوێن)یش دەبێت بە پێوە نوێژ بکات، وئەگەر ئیمام بە دانیشتنەوە نوێژی کرد؛ (نوێژخوێن)یش دەبێت بە دانیشتنەوە نوێژ بکات، ئەمە ئەگەر ئیمامەکە لە سەرەتای نوێژەوە بەم دانیشتنەوە نوێژ دەستپێبکات وبە شێوەیەکی ڕێک وفەرمی ئیمامەتی -پێشنوێژی- بۆ خەڵکی بکات، هەروەکو ئەوەى بەسەر هاوەڵاندا ڕوویدا -ڕەزاى خوایان لێبێت- لەگەڵ پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- لەو ڕۆژەى لەسەر ئەسپەکەى کەوت وتەنیشتی ڕاستی تووشی ئازار بوو بۆیە بە دانیشتنەوە نوێژی کرد وهاوەڵانیش لە پشتیەوە بە دانیشتنەوە نوێژیان کرد.
لە ئەبی سەعیدی خودریەوە -ڕەزاى خواى لێبێت- دەڵێت: پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- بینی هەندێک لە هاوەڵانی دوا دەکەون (لە وەستان لە ڕیزی یەکەمدا)؛ بۆیە فەرمووی: «بێنە پێشەوە ولێم نزیک ببنەوە، وبا ئەوانەى لە پاش ئێوە دێن؛ (لە پشتی:لە نزیکی) ڕیزی ئێوە بوەستن، بەردەوام کەسانێک دوا دەکەون هەتاوەکو خواى گەورەیش دوایان دەخات».
موسلیم گێڕاویەتیەوەئەم فەرموودەیە فەزڵی نزیکبوونەوە لە ئیمام -پێشنوێژ- ڕووندەکاتەوە، وهەروەها ئەو ڕیزانەى لە پاشەوەن دەبێت شوێنی ئەو ڕیزانە بکەن لە پێشەوەیانن ونزیکی ئیمامن، هەروەها پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- هەڕەشەى کردووە لە ئەوانەى بەردەوام دوا دەکەون ولە ڕیزەکانی پشتەوەن بەوەى دوور دەبن لە ڕەحمەتی خواى گەورە وفەزڵ وبەخشینی وپلەبەرزەکان وزانستی شەرعی وبەو شێوەیە.
لە عبید الله کوڕی عبد الله کوڕی عوتبەوە، دەڵێت: چووم بۆ لای عائیشە، ووتم: ئایا باسی نەخۆش بوونەکەى پێغەمبەری خودا دەکەیت بۆم -صلى اللە علیە وسلم-؟، (عائیشە) ووتی: بەڵێ، پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- نەخۆشیەکەى سەخت وقورس بوو، فەرمووی: «ئایا خەڵکی نوێژیان کرد؟»، ووتمان: نەخێر، چاوەڕێی تۆ دەکەن، فەرمووی: «ئاوم بۆ بخەنە نێو تەشتەکەوە»، ئێمە ئەوەمان کرد، بۆیە دانیشت وخۆی شۆرد، وهەوڵیدا هەستێت بەڵام لەهۆش خۆی چوو، پاشان بە ئاگا هاتەوە، فەرمووی: «ئایا خەڵکی نوێژیان کرد؟»، ووتمان: نەخێر، چاوەڕێی تۆ دەکەن ئەی پێغەمبەری خودا، فەرمووی: «ئاوم بۆ بخەنە نێو تەشتەکەوە»، ئێمە ئەوەمان کرد، بۆیە دانیشت وخۆی شۆرد، وهەوڵیدا هەستێت بەڵام لەهۆش خۆی چوو، پاشان بە ئاگا هاتەوە، فەرمووی: «ئایا خەڵکی نوێژیان کرد؟»، ووتمان: نەخێر، چاوەڕێی تۆ دەکەن ئەی پێغەمبەری خودا، خەڵکی لە نێو مزگەوتدا ماونەتەوە چاوەڕێی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- بۆ ئەنجامدانى نوێژی عیشا، پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- (کەسێکی) نارد بۆ لای ئەبوبەکر بۆئەوەى (داواى لێبکات) پێشنوێژی بۆ خەڵکی بکات، نێردراوەکە هات (بۆ لای ئەبوبەکر)، ووتی: پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- فەرمانت پێدەکات کە پێشنوێژی بۆ خەڵکی بکەیت، ئەبوبەکر -پیاوێکی دڵنەرم ونەرمونیان بوو- ووتی: ئەی عومەر؛ پێشنوێژی بۆ خەڵکی بکە، عومەر پێی ووت: تۆ شایستەتری، بۆیە ئەو ڕۆژانە ئەبوبەکر پێشنوێژی بۆ خەڵکی کرد، پاشان پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- هەستی کرد هەندێک باشتر بووە، بۆیە هات بۆ نوێژی نیوەڕۆ بە یارمەتی دوو پیاو (بۆئەوەى بتوانێت ڕێ بکات)؛ یەکێکیان عەباس بوو، وئەبوبەکر پێشنوێژی بۆ خەڵکی دەکرد، کاتێک ئەوی بینی، ویستی بگەڕێتە پاشەوە، پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ئاماژەى پێیکرد بەوەى نەگەڕێتەوە پاشەوە، فەرمووی: «با لە تەنیشت ئەبوبەکر دابنیشم»، بۆیە ئەوانیش یارمەتیان دا بۆئەوەى لە تەنیشت ئەبوبەکر دابنیشێت، بۆیە ئەبوبەکر لە نوێژەکەیدا شوێنی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەکەوت، وخەڵکیش شوێنی ئەبوبەکر دەکەوتن لە نوێژەکەیاندا، وپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دانیشتبوو، عبید الله دەڵێت: چووم بۆ لای عبد اللەی کوڕی عەباس، پێیم ووت: ئایا ئەوەت بۆ باس بکەم کە عائیشە بۆمی گێڕایەوە سەبارەت بە نەخۆشیەکەى پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم-؟ (ئیبن عەباس) ووتی: بیڵێ، بۆیە منیش گێڕانەوەیەکەیم بۆی باسکرد، نکۆڵی لە هیچ شتێکی نەکرد، جگە لەوە نەبێت کە ووتی: ئایا ناوی ئەو پیاوەى هێنا کە لەگەڵ عەباس بوو، (عبید الله) ووتی: نەخێر، (ئیبن عەباس) ووتی: عەلی کوڕی ئەبی تاڵیب بوو -ڕەزاى خواى لێبێت-.
بوخاری گێڕاویەتیەوەئەم فەرموودەیە باسی هەندێک شت دەکات کە لە کاتی کۆتا نەخۆشبوونی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ڕوویاندا، کاتێک نەخۆشیەکەى سەخت وقورس بوو، پرسیاری لە ئەوانە کرد کە لەگەڵیدا بوون: ئایا خەڵکی نوێژیان کرد؟، ووترا: نەخێر، بۆیە بانگی کرد تەشتێکی ئاو بهێندرێت وخۆی شۆرد وهەوڵیدا هەستێت بەڵام لەهۆش خۆی چوو، کە بەخەبەر هاتەوە؛ دووبارە پرسیاری کرد ودیسانەوە خۆی شۆرد چونکە لە هۆش خۆی چوو، وئەمە سێ جار دووبارە بوویەوە، پاشان فەرمانى کرد کە ئەبوبەکر -ڕەزاى خواى لێبێت- پێشنوێژی بۆ خەڵکی بکات، کاتێک نێردراوەکە هات؛ ئەبوبەکر فەرمانى بە عومەر کرد پێشنوێژی بۆخەڵکی بکات، ئەویش ڕەتی کردەوە بۆیە ئەبوبەکر پێشنوێژی بۆ خەڵکی کرد؛ چونکە ئەو شایستەترە، پاش ماوەیەک پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- هەستیکرد باشتر بووە بۆیە بە یارمەتی عەلی وعەباس هات -ڕەزاى خوایان لێبێت- بۆئەوەی نوێژی نیوەڕۆ بکات بە جەماعەت، ولەو کاتەدا ئەبوبەکر -ڕەزاى خواى لێبێت- پێشنوێژی بۆ خەڵکی دەکرد، کاتێک پێغەمبەری بینی -صلى اللە علیە وسلم-، ویستی بگەڕێتە پاشەوە، پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ئاماژەى پێیکرد بەوەى نەگەڕێتەوە پاشەوە، وپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- لە تەنیشتی دانیشت وئەبوبەکر لە نوێژەکەیدا شوێنی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەکەوت، وخەڵکیش شوێنی ئەبوبەکر دەکەوتن لە نوێژەکەیاندا.
لە ئەبی مەسعودی ئەنساڕیەوە -ڕەزای خوای لێبێت- دەڵێت: پیاوێک ووتی: ئەی پێغەمبەری خودا، خەریکە بکەوم (بەسەر زەویدا) بەهۆی ئەوەى فڵان (نوێژەکە) درێژ دەکاتەوە، پێغەمبەرم نەبینی -صلى اللە علیە وسلم- لە هیچ ئامۆژگاریەکدا هێندە توڕە بێت وەکو ئەو ڕۆژە، فەرمووی: «ئەی خەڵکینە، (هەندێک) لە ئێوە خەڵکی دەڕەتێنن، ئەوەى پێشنوێژی بۆ خەڵکی کرد؛ با نوێژەکە پوخت بکاتەوە، چونکە نەخۆش ولاواز وخاوەن پێویستیان تێدایە».
بوخاری گێڕاویەتیەوەپیاوێک سکاڵای هێنا بۆ لای پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- سەبارەت بەوەى هەندێکجار دوا دەکەوێت لە نوێژی جەماعەت یان زۆر لاواز وبێ توانا دەبێت لە کاتی نوێژدا وخەریکە بکەوێتە سەر زەوی؛ ئەمیش بەهۆی ئەوەى ئیمامەکە -پێشنوێژەکە- زۆر نوێژەکە درێژ دەکاتەوە، پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- زۆر توڕە بوو، وئامۆژگاری خەڵکی کرد وپێیانی فەرموو کە کەسی وا هەیە خەڵکی دەڕەتێنێت ودووری دەکاتەوە لە نوێژکردن، وفەرمانیکرد بەوەى نوێژەکان درێژ نەکەنەوە وبا نوێژەکان پوخت ومامناوەند بێت، ئەمیش بۆ ئاسانکاری لەسەر نوێژخوێنەکان، بۆئەوەى کاتێک نوێژەکە تەواو دەبێت جارێکی تر دڵیان لە لای نوێژکردن بێت وحەز بکەن جارێکی تر بێنەوە نوێژی جەماعەت ئەنجامبدەن، وپێویستە ئیمام -پێشنوێژ- ڕەچاوی حاڵی نوێژخوێنەکان بکات، چونکە کەسی وا هەیە ناتوانێت ئامادەى نوێژی درێژ بێت ئینجا بەهۆی لاوازى یان نەخۆشی یان پێویستی بێت. ئەگەر نوێژخوێن بە تەنها نوێژی ئەنجامدا؛ دەتوانێت بە پێی ویستی خۆی نوێژەکە درێژ بکاتەوە؛ چونکە بەهۆی ئەمەوە زیان لە هیچ کەسێک نادات وحاڵی خۆی دەزانێت.
لە ئەیوبەوە، لە ئەبی قیلابەوە، لە عەمرو کوڕی سەلەمەوە، -ئەیوب- ووتی: ئەبو قیلابە پێمی ووت: ئایا پێی دەگەیت وپرسیاری لێبکەیت؟ -واتا پرسیار لە عەمرو کوڕی ئەبی سەلەمە- بکەیت، (ئەیوب) دەڵێت: گەیشتم پێی وپرسیارم لێیکرد، ئەویش (ئەبو سەلەمە) ووتی: لە شوێنێک بووین کە ئاوی تێدا بوو، وخەڵکیش بەوێدا تێپەڕ دەبوون، سواریەکان بە لاماندا تێپەڕ دەبوون وئێمەش پرسیارمان لێیان دەکرد، حاڵەتی خەڵکی چۆنە؟ حاڵی خەڵکی چۆنە؟ ئەم پیاوە کێیە؟ دەیانووت: بانگەشەی ئەوە دەکات؛ خواى گەورە وەحی -سروشی- بۆی ناردووە، یان: خواى گەورە ئەوە وئەوەى بە وەحی بۆی ناردووە، بۆیە ئەو قسانەم لەبەر دەکرد، وەکو ئەوە وابێت لە دڵمدا جێگیر بووبێت، وعەرەب (هۆزە دەشتەکیەکان) هاتنە نێو ئاینی ئیسلامیان دواخست هەتاوەکو فەتحی (مەککە)، دەیانووت: واز لە ئەو وخەڵکەکەى بهێنن، ئەگەر سەربکەوێت بەسەریاندا ئەوا پێغەمبەرێکی ڕاستگۆیە، کاتێک بەسەرهاتی ڕزگارانی فەتح ڕوویدا، هەموو هۆزەکان پەلەیان کرد لە هاتنە نێو ئاینی ئیسلامەوە، وباوکم پێش هۆزەکەى هاتنە نێو ئاینی ئیسلامەوە، کاتێک گەڕایەوە، ووتی: والله گەڕامەوە بۆ لاتان لە لای کەسێکەوە بە ڕاستی وهەق پێغەمبەری خودایە -صلى اللە علیە وسلم-، (پێیانی ووت کە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- پێیانى فەرمووە): «ئەو نوێژەدا لەو کاتەدا ئەنجامبدەن، وئەو نوێژەدا لەو کاتەدا ئەنجامبدەن، ئەگەر کاتی نوێژ هات؛ با یەکێکتان بانگ بدات، وئەوەتان پێشنوێژی بکات کە زۆرترین قورئانی لەبەرە»، بۆیان دەرکەوت هیچ یەکێکیان زیاتر لە من قورئانیان لەبەر نییە، بەهۆی گەیشتنم بە سواریەکان -کە لە سەرەتادا باسیکرد-، بۆیە منیان پێشدەخست (بۆ پێشنوێژی کردن)، ومن تەمەنم شەش یان حەوت ساڵ بوو، وجلێکم پۆشیبوو، ئەگەر سوجدەم ببردایە؛ -جلەکە- تەنگ دەبوویەوە ودەهاتە سەرەوە، ئافرەتێک لە گەڕەکەکە ووتی: ئایا بەشی خوارەوەى (لاشەى) قورئان خوێنەکەتان داناپۆشن؟ بۆیە پارچەیەک (قوماشیان) کڕی وکراسێکیان لێی (قەمیسێکیان لێی) بۆم بڕی (دووریان بۆم -کە یەک پارچە بوو لە سەرەوە بۆ خوارەوەى لاشە-)، پێشتر بە هیچ شتێک دڵخۆش نەبووم هێندەى دڵخۆش بوونم بەو کراسە.
بوخاری گێڕاویەتیەوەئەیوبی سەختیانی دەڵێت: ئەبو قیلابەی جەرمی پێمی ووت: ئایا دەتوانیت بگەیت بە عەمرو کوڕی سەلەمە وپرسیاری لێبکەیت سەبارەت بە ئەو فەرموودانەى دەیزانێت، ئەیوب دەڵێت: گەیشتم بە عەمرو کوڕی سەلەمە وپرسیارم لێیکرد، ئەبو سەلەمە ووتی: لە شوێنێک بووین کە تێیدا دادەنیشتین ودەماینەوە، وشوێنی تێپەڕبوونی خەڵکی بوو، وسواریەکان بە لاماندا تێپەڕ دەبوون وئێمەش پرسیارمان لێیان دەکرد سەبارەت بە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- وحاڵی عەرەب لەگەڵ ئەودا، ئەوانیش دەیانووت: بانگەشەی ئەوە دەکات کە خواى گەورە ئەوی ناردووە و وەحی -سروشی- بۆ دەنێرێت بەم شێوەیە (لە قورئان) لەوەى بیستوویانە، بۆیە منیش بە باشی قورئانم لەبەر دەکرد وەکو ئەوە وابێت جێگیر بێت وبنووسێت بە دڵمەوە، وعەرەب (هۆزە دەشتەکیەکان) چاوەڕێیان دەکرد ومسوڵمان نەدەبوون هەتاوەکو مەککە فەتح وڕزگار دەکرێت، دەیانووت: واز لە ئەو وخەڵکەکەى -قورەیش- بهێنن، ئەگەر سەربکەوێت بەسەریاندا ئەوا پێغەمبەرێکی ڕاستگۆیە، کاتێک مەککە فەتح کرا، هەموو هۆزەکان پەلەیان کرد لە مسوڵمان بوون وهاتنە نێو ئاینی ئیسلامەوە، وباوکم یەکەم کەس بوو لە نێو هۆزەکەیدا مسوڵمان بێت وبێتە ئاینی ئیسلامەوە، وچوو بۆ لای پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- وکاتێک گەڕایەوە، ووتی: والله گەڕامەوە بۆ لاتان لە لای کەسێک بە ڕاستی وهەق پێغەمبەری خودایە -صلى اللە علیە وسلم-، پێیانی ووت کە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- پێیانى فەرمووە: (ئەو نوێژەدا لەو کاتەدا ئەنجامبدەن، وئەو نوێژەدا لەو کاتەدا ئەنجامبدەن، ئەگەر کاتی نوێژ هات؛ با یەکێکتان بانگ بدات، وئەوەتان پێشنوێژی بکات کە زۆرترین قورئانی لەبەرە)، گەڕان وبۆیان دەرکەوت هیچ یەکێکیان زیاتر لە من قورئانیان لەبەر نییە، بەهۆی گەیشتنم بە سواریەکان وقورئان لەبەرکردنم لێیانەوە -کە لە سەرەتادا باسیکرد-، بۆیە منیشان پێشدەخست بۆئەوەی پێشنوێژیان بۆ بکەم، وتەمەنم شەش یان حەوت ساڵ بوو، وجلێکی کورتم لەبەردا بوو، ئەگەر سوجدەم ببردایە؛ جلەکە تەنگ دەبوویەوە ودەهاتە سەرەوە، وبەشێک لە لاشەم -عەورەتم- دەردەکەوت، ئافرەتێک ووتی: ئایا بەشی خوارەوەى (عەورەتی) لاشەى قورئان خوێنەکەتان داناپۆشن؟ بۆیە کراسێکیان بۆم کڕی، پێشتر بە هیچ شتێک دڵخۆش نەبووم هێندەى دڵخۆش بوونم بەو کراسە. ئەم فەرموودە بەڵگە نییە لەسەر ئەوەى مەرج نییە عەورەت داپۆشراو بێت لە کاتی نوێژدا، چونکە ئەم ڕووداوە لە حاڵەتێک بووە لەوەیە حوکمەکەیان نەزانی بێت.
لە ئەبی مەسعودی ئەنساڕیەوە -ڕەزای خوای لێبێت- کە پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «ئەوە پێشنوێژی -ئیمامەتی- بۆ خەڵکی دەکات؛ کە زۆرترینی لەبەرە لە کتێبی خواى گەورە، ئەگەر لە لەبەرکردندا یەکسان بوون، ئەوەیان زاناترە بە سونەت، وئەگەر لە (زانینی) سونەتدا یەکسان بوون، ئەوەیان زووتر کۆچی کردووە، وئەگەر لە کۆچکردندا یەکسان بوون، ئەوەیان زووتر مسوڵمان بووە، نابێت هیچ پیاوێک پێشنوێژی بۆ پیاوێکی تر بکات ئەگەر دەسەڵات (لەو شوێنەدا بۆ پیاوی دووەم) بێت، ونابێت لە شوێنێک دابنیشێت لە ماڵەکەیدا مەگەر بە ڕوخسەتی ئەو (پیاوی دووەم:خاوەن ماڵ) نەبێت».
موسلیم گێڕاویەتیەوەئەم فەرموودەیە چەند شتێک ڕووندەکاتەوە: 1- ئەوەى شایستەترە پێشنوێژی -ئیمامەتی- بۆ خەڵکی دەکات؛ ئەو کەسەیە کە زۆرترین بەش لە قورئانی لەبەرە، ودەبێت ئەحکامەکانى نوێژ وخوێندنی قورئان بزانێت؛ چونکە کەسێک نەزان بێت بە ئەحکامەکانى نوێژ ئەوا نابێت پێشنوێژی بۆ خەڵکی بکات وهەروەها کەسێک قورئانی لەبەر بێت بەڵام لە خوێندنەوەیدا هەڵە بکات بەهەمان شێوە نابێت پێشنوێژی بکات، وئەگەر دوو کەس لە لەبەرکردنی قورئان یەکسان بوون، ئەوەیان پێشنوێژی دەکات کە شارەزاترە سەبارەت بە سونەت، وئەگەر لەمەیشدا یەکسان بوون، ئەوەیان پێشنوێژی دەکات کە زووتر کۆچی کردە لە مەککەوە بۆ مەدینە، وئەگەر لەمەیشدا یەکسان بوون، ئەوا ئەوەیان پێشنوێژی دەکات کە زووتر مسوڵمان بووە. 2- نابێت میوان پێشنوێژی بکات بۆ خاوەن ماڵ مەگەر بە ڕوخسەتی خاوەن ماڵ نەبێت، خاوەن ماڵەکە لە پێشترە بۆ پێشنوێژی کردن زیاتر لە میوانەکە، یان لە هەر شوێنێکی تر بۆ نمونە ئەگەر مزگەوتێک ئیمامێک بەڕێوەى ببات ئەگەر کەسێک بێت وبیەوێت پێشنوێژی بکات ئەوا دەبێت ڕوخسەت لە ئیمامی مزگەوتەکە وەربگرێت چونکە ئەگەر بەم شێوەیە نەبێت پشێوی دروست دەبێت ونرخ دانەنانە بۆ پلەپایەی خەڵکی. 3- ونابێت میوانێک لە شوێنێک خۆی دابنیشێت لە خانووی خاوەن ماڵەکەدا مەگەر لە پاش ڕوخسەتی خاوەن ماڵ نەبێت، چونکە لەوەیە لە شوێنێک دابنیشێت گونجاو نەبێت.
لە ئیبن عەباسەوە -ڕەزای خوایان لێبێت- دەڵێت: شەو لە ماڵی مەیمونەی پورم بووم، پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- هەستا وپێویستیەکانى خۆی جێبەجێ کرد -سەرئاوی کرد-، ودەموچاو ودەستەکانى شۆرد، پاشان خەوت، پاشان هەستا، کوندەیەکی ئاوی کردەوە، پاشان دەستنوێژی گرت؛ ئاوی زۆر بەکارنەهێنا بەڵام هەموو ئەندامەکانى بە جوانی شۆرد، نوێژی کرد، منیش هەستام وپشتم ڕێککردەوە؛ حەزم نەکرد بزانێت کە من سەیری دەکەم، دەستنوێژم گرت، هەستا ونوێژی کرد، منیش لە لای چەپی وەستام، بە گوێمەوە ڕامی کێشا ولە لای ڕاستی منی دانا، سیانزە ڕکاتی ئەنجامدا، پاشان پاڵکەوت وخەوت هەتاوەکو دەنگی پرخەی دەهات، وئەگەر بخەوتایە دەنگی پرخەی دەهات، لەو کاتەدا بیلال ئاگاداری کردەوە سەبارەت بە نزیکبوونەوەى کاتی نوێژی (بەیانی)، نوێژی کرد ودەستنوێژی نەگرت، ولە نزایەکیدا دەیفەرموو: «(اللهم اجعل في قلبي نورا، وفي بصري نورا، وفي سمعي نورا، وعن يميني نورا، وعن يساري نورا، وفوقي نورا، وتحتي نورا، وأمامي نورا، وخلفي نورا، واجعل لي نورا)*». *(واتە: خودایە ڕووناكی بخەرە نێو دڵمەوە، وڕووناكی بخەرە نێو بینینمەوە، وڕووناكی بخەرە نێو بیستنمەوە، وڕووناكی بخەرە لای ڕاستمەوە، وڕووناكی بخەرە لای چەپمەوە، وسەرەوەم ڕووناك بکەرەوە، وژێرەوەم ڕووناك بكەرەوە، وڕووناكی بخەرە پێشمەوە، وڕووناكی بخەرە پشتمەوە، وڕووناكیم پێببەخشە)
بوخاری و موسلیم هاوڕان لەسەریئیبن عەباس -ڕەزای خوایان لێبێت- لەم فەرموودەیەدا باسی ئەوە دەکات کە شەو لە ماڵی مەیمونەی پوری خەوت، مەیمونە خێزانى پێغەمبەرە -صلى اللە علیە وسلم-، (پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- هەستا وپێویستیەکانى خۆی جێبەجێ کرد -سەرئاوی کرد-): واتا سەرئاوی کردن بە میز کردن ودەرکردنی پیسی ناو سک. (ودەموچاو ودەستەکانى شۆرد، پاشان خەوت): پاش ئەوەى سەرئاوی کرد دەست و دەموچاوی شۆرد بۆئەوەى پاک وچالاک بێتەوە. (پاشان هەستا، کوندەیەکی ئاوی کردەوە): واتا پاش ئەوەى لە خەو هەستا، دەمی کوندەیەکی کردەوە ئەمیش لە پێست دروستدەکرێت وئاو وشتی تری تێدا هەڵدەگیرێت، ودەمی کوندەکەى کردەوە ئەمیش بە کردنەوەى ئەو پەتەى بە دەمی کوندەکەوە بەستراوە بۆئەوەى ئاوەکەى نێوی نەڕژێت. (پاشان دەستنوێژی گرت): دەستنوێژێکی مامناوەندی گرت، بە بێ ئەوەى هیچ ئەندامێک جێبهێڵێت و نەشۆردرا بێت وبە بێ ئەوەى زیادەڕەوی بکات لە شۆردنى ئەندامەکاندا، بۆیە دەستنوێژێکی مامناوەند بوو. بۆیە ووتی: (ئاوی زۆر بەکارنەهێنا): واتا تەنها سێ جار ئەندامەکانى شۆرد، وئەمە دروستە وسونەتە. (بەڵام هەموو ئەندامەکانى بە جوانی شۆرد): واتا ئاو گەیشت بە هەموو ئەو ئەندامانەى واجبە ئاو پێیان بگات وبشۆردرێن وئەمەیش واجبە. (نوێژی کرد): واتا شەونوێژی کرد. (منیش هەستام وپشتم ڕێککردەوە): ئیبن عەباس -ڕەزاى خوایان لێبێت- باسی ئەوە دەکات کە سەیری پێغەمبەری دەکرد -صلى اللە علیە وسلم- لە کردەوەکانیدا، پاشان لەسەر جێگاکەی خۆی درێژ کردەوە، بۆئەوەى وا دەربخات خەوتووە وپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- هەست نەکات ئەو تەماشای دەکات. (حەزم نەکرد بزانێت کە من سەیری دەکەم): حەزی نەکرد بزانێت کە ئیبن عەباس تەماشای کردەوەکانی دەکات، ئەمە هۆکاری ئەوە بوو کە ئیبن عەباس -ڕەزاى خوایان لێبێت- خۆی لەسەر جێگاکەى درێژ کردەوە، چونکە مرۆڤ هەندێک جار لە ماڵەکەى خۆیدا هەندێک کردەوە دەکات حەز ناکات کەس بیبینێت، یان ترسا لەوەى هەندێک لەوەى پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- واز لە هەندێک کردەوە بهێنێت بەهۆی تەماشاکردنی ئیبن عەباسەوە؛ چونکە خووی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- بەو شێوەیە بوو، هەندێک جار وازی لە هەندێک کردەوە دەهێنا لە ترسی ئەوەى نەوەک لەسەر ئومەتەکەى فەرز بکرێت. بۆیە بەم شێوەیە بە نهێنی سەیری پێغەمبەری کرد -صلى اللە علیە وسلم- بۆئەوەى هەموو خولەکێکی کردەوەکانى ببینێت لەو کاتەوەى لە خەو هەڵدەستێت هەتاوەکو بانگی بەیانی دەدرێت، ئەمیش نیشانەى سووربوونی ئیبن عەباسە -ڕەزاى خوایان لێبێت- لەسەر فێربوونی زانست لە بنچینەکەیەوە. دەڵێت: (دەستنوێژم گرت): ولە گێڕانەوەیەکی تردا: [دەستنوێژم گرت بەو شێوەیەی ئەو دەستنوێژی گرت]، ولە گێڕانەوەی -البخاري-دا: [هەستام وئەوەم ئەنجامدا هەروەکو چۆن ئەو ئەنجامیدا]. دەڵێت: (هەستا ونوێژی کرد، منیش لە لای چەپی وەستام): واتا کاتێک ئیبن عەباس پێغەمبەری بینی -صلى اللە علیە وسلم- کە دەستی کردووە بە نوێژکردن ئەمیش دەستبەجێ دەستنوێژی گرت وچووە تەنیشتی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- بەڵام لە لای چەپی ڕاوەستا. (بە گوێمەوە ڕامی کێشا): واتا پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- گوێی ڕاکێشا ولە لای تەنیشتی چەپیەوە بردی بەرەو لای تەنیشتی ڕاستی، ولە گێڕانەوەیەکدا: [پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- دەستی ڕاستی خستە سەر سەرم، وگوێی ڕاستمی گرت وبە دەستی نوشتاندیەوە]، سەرەتا دەستی دانا بۆئەوەى بتوانێت گوێی بگرێت یان دەستی ڕاستەوخۆ کەوتە سەر سەری، یان بۆئەوەى بەرەکەت دابەزێتە سەر ئیبن عەباس ولە هەموو کردەوەکانى پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- تێبگات لەو شوێنەدا ولە شوێن وحاڵەتی تردا. [گوێی ڕاستمی گرت وبە دەستەکانى نوشتاندیەوە]: بۆئەوەى ئاگاداری بکاتەوە کە پێچەوانەى سونەتی کردووە، یان بۆئەوەى زیاتر بە ئاگا بێت بۆ لەبەرکردنی ئەو کردەوانە، یان بۆئەوەى باوێشک وحەزکردن لە خەو لە ڕوویدا نەمێنێت، یان ویستی لە لای چەپیەوە بیبات بەرەو لای ڕاستی، یان بۆیە بە هێواشی گوێی ڕاکێشا بۆئەوەى نەرمونیانی بەرامبەری نیشان بدات؛ چونکە ئەمە لە تاریکایی شەودا بووە هەروەکو ئیبن عەباس لە گێڕانەوەکەى -البخاري-دا باسی کردووە، و بۆئەوەى خۆشەویستی بۆی نیشان بدات، چونکە حاڵەتەکە پێویستی دەکرد وتەمەنی کەم بوو. (ولە لای ڕاستی منی دانا): واتا لە تەنیشتی چەپیەوە بردی بەرەو تەنیشتی ڕاستی، ئەمەیش شوێنی گونجاوە بۆ کەسێک بە تەنها لەگەڵ ئیمامدا نوێژ بکات. (سیانزە ڕکاتی ئەنجامدا): واتا پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- لەو شەوەدا سیانزە ڕکاتی ئەنجامدا بە نوێژی ویتریشەوە، لە نێوان هەموو دوو ڕکاتێک سەلامدانەوە هەبوو، هەروەکو لە گێڕانەوەى -البخاري-دا هاتووە: [سەلامی دەدایەوە لە پاش هەموو دوو ڕکاتێک]، ولە گێڕانەوەیەکی تر لە -البخاري ومسلم-دا هاتووە: [پاشان دوو ڕکاتی ئەنجامدا، دواى ئەوە دوو ڕکاتی تر، دواى ئەوە دوو ڕکاتی تر، دواى ئەوە دوو ڕکاتی تر، دواى ئەوە دوو ڕکاتی تر، دواى ئەوە دوو ڕکاتی تر، پاشان نوێژی ویتری کرد]: واتا نوێژی ویتر بە جیا بوو لە دوو ڕکاتەکان، یەک ڕکات بوو بە یەک تەحیات خوێندن وسەلامدانەوەیشی هەیە، ئەگەر دوو ڕکات دوو ڕکات شەونوێژی کردبێت ئەوا شەش جار ئەم دوو ڕکاتیەی ئەنجامدا ئەمیش دەکاتە دوانزە ڕکات؛ جگە لە نوێژی ویتر، وهەموو نوێژەکەى لەو شەوەدا سیانزە ڕکات بوو، وپاش ئەو دوانزە ڕکاتە تەنها نوێژی ویتر مابوو کە یەک ڕکاتە. (پاشان پاڵکەوت وخەوت هەتاوەکو دەنگی پرخەی دەهات): واتا کاتێک خەوت وهەناسەی دەدا دەنگی پرخەى لێوە دەهات وئەمیش کاتێک مرۆڤ بخەوێت هەندێک جار ئەم دەنگەى لێوە دەردەچێت. (وئەگەر بخەوتایە دەنگی پرخەی دەهات، لەو کاتەدا بیلال ئاگاداری کردەوە سەبارەت بە نزیکبوونەوەى کاتی نوێژی -بەیانی-): واتا هەواڵی پێیدا سەبارەت بە نزیکبوونەوەى کاتی نوێژی بەیانی. (نوێژی کرد): سەرەتا نوێژی سونەتی کرد، پاشان دەرچوو بەرەو مزگەوت ونوێژی بەیانی بە جەماعەت کرد. (ودەستنوێژی نەگرت): بەڵکو تەنها دەستنوێژەکەى پێشووتر بەس بوو، وئەمیش تەنها لە تایبەتمەندی پێغەمبەرە -صلى اللە علیە وسلم-، چونکە خەوتنی ئەو نابێتە هۆی ئەوەى دەستنوێژی بشکێت؛ چاوەکانى دەخەون بەڵام دڵی ناخەوێت، ئەگەر شتێک ببێت هەستی پێدەکات جیاواز لە خەڵکی تر، بۆیە کاتێک عائیشە -ڕەزاى خواى لێبێت- ووتی: ئایا دەخەویت پێش ئەوەى نوێژی ویتر بکەیت؟ -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: [يا عائشة إن عيني تنامان ولا ينام قلبي] واتە: [ئەی عائیشە، چاوەکانم دەخەون، بەڵام دڵم ناخەوێت]. (ولە نزایەکیدا دەیفەرموو): واتا یەکێک لەو نزایانەی لەو شەوەدا دەیووت ئەم نزایە بوو. (اللهم اجعل في قلبي نورا، وفي بصري نورا، وفي سمعي نورا، وعن يميني نورا، وعن يساري نورا، وفوقي نورا، وتحتي نورا، وأمامي نورا، وخلفي نورا، واجعل لي نورا)*: داوای نور وڕۆشنایی کرد بۆ ئەندامەکانى وئاراستە وتەنیشتەکانى، ومەبەست ئەوەیە هەق وڕاستی بۆ ڕوون ببێتەوە وببێتە هۆی ڕۆشنایی وهیدایەت بۆی، بۆیە داواى نور وڕۆشنایی کرد لە هەموو ئەندامەکانى لاشەی وهەڵسوکەوتی وحاڵەتەکانى وهەر شەش ئاراستەکان بۆئەوەى لە هەموو حاڵەتێکدا تووشی گومڕایی نەبێت ونور وڕۆشنایی ڕاستی وهەقیقەتی هیدایەتی لێ ون نەبێت وگومڕا نەبێت، وسونەتە مسوڵمان ئەم نزا بەنرخە بخوێنێت چونکە زۆر زیاتر پێویستی بە نور وڕۆشنایی هیدایەت دەبێت لە ژیانیدا. *(واتە: خودایە ڕووناكی بخەرە نێو دڵمەوە، وڕووناكی بخەرە نێو بینینمەوە، وڕووناكی بخەرە نێو بیستنمەوە، وڕووناكی بخەرە لای ڕاستمەوە، وڕووناكی بخەرە لای چەپمەوە، وسەرەوەم ڕووناك بکەرەوە، وژێرەوەم ڕووناك بكەرەوە، وڕووناكی بخەرە پێشمەوە، وڕووناكی بخەرە پشتمەوە، وڕووناكیم پێببەخشە)
لە ئەنەسی کوڕی مالیکەوە -ڕەزای خوای لێبێت- دەڵێت: «من وهەتیوێک لە ماڵمان نوێژمان کرد لە پشتی پێغەمبەرەوە -صلى اللە علیە وسلم-، ودایکم ئوم سولەیم لە پشتی ئێمەوە بوو».
بوخاری و موسلیم ھاوڕان لەسەری وە لەفزەکە ھین بوخاریەئەنەس -ڕەزای خوای لێبێت- باسی ئەوە دەکات کە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- پێشنوێژی کرد بۆ ئەنەس وهەتیوێک، وئەوان لە پشتی پێغەمبەرەوە بوون -صلى اللە علیە وسلم-، وهەروەها ئەنەس باسی ئەوە دەکات کە دایکی کە بە (ئوم سولەیم:دایکی سولەیم) بانگ دەکرێت -ڕەزاى خواى لێبێت- لە پشت ئەوانەوە نوێژی کرد، بۆیە ڕیزەکان بەم شێوەیە بوون: شوێنی ئیمام -پێشنوێژ-: لە پێشەوەى هەموویانەوە بوو. شوێنی منداڵەکان: لە ڕیزی دووەم لە پشتی پێغەمبەرەوە -صلى اللە علیە وسلم-. شوێنی ئافرەتەکە: لە پشتی منداڵەکانەوە لە ڕیزی سێیەم.
لە حەسەنەوە دەڵێت: ئەبا بەکرە هات وپێغەمبەری خودا لە ڕکوع بردندا بوو، (ئەبا بەکرە) ڕکوعی برد پێش ئەوەى بچێتە نێو ڕیزەکەوە پاشان چووە نێو ڕیزەکەوە، کاتێک پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- نوێژەکەى تەواو کرد، فەرمووی: «کێ بوو ڕکوعی برد پێش ئەوەى بچێتە نێو ڕیزەکەوە پاشان چووە نێو ڕیزەکەوە؟»، ئەبو بەکرە ووتی: من، پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: «خواى گەورە بەپەرۆش بوونت زیاد بکات بەڵام دووبارەی مەکەرەوە».
ئیبنوداود گێڕاویەتیەوە - ئەحمەد گێڕاویەتیەوەئەبا بەکرە هاتە نێو مزگەوتەوە وبینی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- وهاوەڵانی لە حاڵەتی ڕکوع بردندا بوون، ئەویش (ئەبا بەکرە) ڕاستەوخۆ ڕکوعی برد پێش ئەوەى بچێتە نێو ڕیزەکەوە بۆئەوەى بگات بە ئەو ڕکاتە، پاشان لەسەر حاڵەتی ڕکوع بردنەوە چووە نێو ڕیزەکەوە لەگەڵ نوێژخوێنەکان، پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- هەستی بە جوڵەیەک کرد لە ڕیزەکاندا، کەسێک بەپەلە هات وڕکوع برد پێش ئەوەى بێتە نێو ڕیزەکانەوە، بەڵکو لە تایبەتمەندییەکانى پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ئەوە بوو لە کاتی نوێژدا پشتی خۆی دەبینی هەروەکو چۆن پێشی خۆی دەبینێت، کاتێک پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- نوێژەکەى تەواو کرد، پرسیاری کرد: کێ بوو ڕکوعی برد پێش ئەوەى بێتە نێو ڕیزەکەوە پاشان هاتە نێو ڕیزەکەوە؟، ئەبو بەکرە ووتی: (من): واتا من ئەوەم ئەنجامدا ئەى پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم-، پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- پێی فەرموو: خواى گەورە بەپەرۆش بوونت زیاد بکات لەسەر ئەنجامدانى خێر وچاکە و پەلەکردن بۆ ئەنجامدانیان، بەڵام پەلە مەکە بۆ ئەوەى بگەیت بە ڕکاتەکە و پێش ئەوەى بچیتە نێو ڕیزەکەوە ڕکوع مەبە؛ چونکە پەلە کردن پێچەوانەى هێوری ولەسەرخۆیی وسەکینەتە، وپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: (لا صلاة لمنفرد خلف الصَّف) واتە: (نوێژکردنی کەسێک دروست نییە کە بە تەنها نوێژ بکات لە پشتی ڕیزەکانەوە)، وکردەوەکەى ئەبی بەکرە ئەم فەرموودەیە نایگرێتەوە چونکە تەنها بەشێکی کەمی نوێژەکەى بە تەنها ئەنجامدا پاشان چووە نێو ڕیزەکەوە، هەروەکو کەسێک بە تەنها ڕکوع ببات پاشان بگات بە کەسێکی تر وڕیزی لەگەڵدا ببەستێت لە حاڵەتی ڕکوع برندا، بەهەرحاڵ کردەوەکەى ئەبی بەکرە ڕێگەپێدراو نییە ونابێت مسوڵمان ئەنجامی بدات چونکە -صلى اللە علیە وسلم- پێی فەرموو: (دووبارەی مەکەرەوە).