





























Hadeeth Cards
Da'wa cards that highlight great meanings from the noble prophetic hadiths in a simple style and attractive display that helps the Muslim to have a deeper understanding of his religion in an easy way
All
لە سەهلی کوڕی سەعدی ساعیدیەوە -ڕەزای خوایان لێبێت- دەڵێت: پێغەمبەری خودا -صلى الله عليه وسلم- هەواڵی پێگەیشت سەبارەت بە ناکۆکی لە نێوان بەنی عەمرو کوڕی عەوف، بۆیە پێغەمبەری خودا -صلى الله عليه وسلم- لەگەڵ چەند کەسێک دەرچوو بۆئەوەى ئاشتەوایی بەدیبهێنیت لە نێوانیاندا، پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- نەگەڕایەوە وکاتی نوێژکردن هات، بیلال هات بۆ لای ئەبو بەکر -ڕەزای خوایان لێبێت-، ووتی: ئەی ئەبوبەکر، پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- نەگەڕایەوە وکاتی نوێژکردن هاتووە ئایا دەتوانى پێشنوێژی بکەیت بۆ خەڵکی؟ ووتی: بەڵێ، ئەگەر بتەوێت، بیلال قامەتی کرد بۆ نوێژ ئەنجامدان، وئەبوبەکر پێشکەوت وتەکبیرەی کرد (ووتی: الله أکبر) وخەڵکی تەکبیرەیان کرد، لەو کاتەدا پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- بە نێو ڕیزەکاندا هات ولە ڕیزی یەکەم وەستا، وخەڵکی ئاماژەیان کرد* بۆ ئەبوبەکر -ڕەزای خوای لێبێت-، وئەبوبەکر -ڕەزای خوای لێبێت- هەرگیز لە نوێژدا ئاوڕی نەدەدایەوە، بەڵام کاتێک خەڵکی ئاماژەیان زۆر کرد؛ ئاوڕی دایەوە وپێغەمبەری خودای بینی -صلى اللە علیە وسلم-، پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- ئاماژەی بۆی کرد بۆئەوەى بەردەوام بێت لە نوێژەکەدا، ئەبوبەکر -ڕەزای خوای لێبێت- دەستی بەرزکردەوە وحەمد وسوپاسی خودای کرد، وگەڕایەوە دواوە هەتاوەکو لە ڕیزی یەکەمدا وەستا، وپێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- چووە پێشەوە وپێشنوێژی کرد بۆ خەڵکی، کاتێک نوێژەکەى تەواو کرد؛ ڕووی لە خەڵکی کرد وفەرمووی: «ئەی خەڵکینە، بۆچی (بەو شێوەیە) ئاماژەدەکەن کاتێک شتێکی نائاسایی ڕوودەدات لە کاتی نوێژدا؟ ئاماژەکردن بۆ ئافرەتانە، هەرکەسێک شتێکی نائاسایی بینی لە نوێژەکەیدا، با بڵێت: (سبحان الله)، چونکە ئەگەر هەرکەسێک گوێی لە (سبحان الله) بێت؛ ئاوڕ دەداتەوە، ئەی ئەبوبەکر: ئایا چی ڕێگر بوو لەوەى پێشنوێژی بکەیت بۆ خەڵکی لەکاتێکدا ئاماژەم بۆت کرد؟» ئەبوبەکر ووتی: چۆن دەکرێت کوڕی ئەبی قوحافە پێشنوێژی بۆ خەڵکی بکات لەکاتێکدا پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- ئامادەیە!. *(ئاماژەیان کرد: مەبەست ئەوەیە دەستی ڕاستیان دەدا بەسەر پشتی دەستی چەپدا بۆئەوەى دەنگێک دەربچێت وئەبوبەکر ئاگادار بکەنەوە کە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ئامادەیە بۆئەوەى ئەو بچێتە پێشەوە پێشنوێژی بکات)
بوخاری و موسلیم هاوڕان لەسەریپێغەمبەری خودا -صلى الله عليه وسلم- هەواڵی پێگەیشت سەبارەت بە ناکۆکی لە نێوان بەنی عەمرو کوڕی عەوف، هەتاوەکو گەیشتە کوشتار بەرامبەر یەکتر، بۆیە پێغەمبەری خودا -صلى الله عليه وسلم- لەگەڵ چەند کەسێک لە هاوەڵانى دەرچوو، پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- دواکەوت ونەگەڕایەوە وکاتی نوێژکردن هات، هەروەکو لە گێڕانەوەى (البخاري) هاتووە: (فلما حضرت صلاة العصر أذن وأقام وأمر أبا بكر فتقدم) واتە: (کاتێک کاتی نوێژی عەسر هات؛ -بیلال- بانگی دا وقامەتی کرد وفەرمانى بە ئەبوبەکر کرد کە پێشبکەوێت -بۆئەوەى پێشنوێژی بکات-)، پاشان بیلال هات بۆ لای ئەبو بەکر -ڕەزای خوایان لێبێت-، ووتی: ئەی ئەبوبەکر، پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- نەگەڕایەوە وکاتی نوێژکردن هاتووە ئایا دەتوانى پێشنوێژی بکەیت بۆ خەڵکی؟ ووتی: بەڵێ، ئەگەر بتەوێت، بیلال قامەتی کرد بۆ نوێژ ئەنجامدان، وئەبوبەکر پێشکەوت وتەکبیرەی کرد (ووتی: الله أکبر) وخەڵکی تەکبیرەیان کرد، لەو کاتەدا پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- بە نێو ڕیزەکاندا هات، لە گێڕانەوەى (البخاري)دا ئەم بەشە زیادە هاتووە: (يشقها شقاً) واتە: (-ڕیزەکانى- بە خێرایی دەبڕی -لە نێوانیانەوە بە خێرایی دەهات-)؛ هەتاوەکو لە ڕیزی یەکەم وەستا، هەروەکو لە گێڕانەوەى (مسلم) دا هاتووە: (فخرق الصفوف حتى قام عند الصفّ المقدم) واتە: (ڕیزەکانى بڕی هەتاوەکو لە ڕیزی یەکەم وەستا)، وکاتێک خەڵکی زانیان پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ئامادەیە ئاماژەیان کرد* چونکە حەز دەکەن پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- پێشنوێژیان بۆ بکات، وئەبوبەکر -ڕەزای خوای لێبێت- ئاماژەکەیانی بیست بەڵام نەیزانى هۆکارەکەى چییە، ولە نوێژدا ئاوڕی نەدەدایەوە چونکە دەیزانى نەهی لێکراوە ولە شەیتانەوەیە وتووشی بەندەی دەکات لە نوێژەکەیدا هەروەکو لە گێڕانەوەى (الترمذي) هاتووە، بەڵام کاتێک خەڵکی ئاماژەیان زۆر کرد؛ ئاوڕی دایەوە وپێغەمبەری خودای بینی -صلى اللە علیە وسلم-، پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- ئاماژەی بۆی کرد بۆئەوەى بمێنێتەوە وبەردەوام بێت لە پێشنوێژی کردن، هەروەکو لە گێڕانەوەى (البخاري)دا هاتووە: (فأشار إليه أن امكث مكانك) واتە: (ئاماژەی بۆیکرد لە شوێنی خۆی بمێنێتەوە -بەردەوام بێت لە پێشنوێژی کردن-)، ئەبوبەکر -ڕەزای خوای لێبێت- دەستی بەرزکردەوە وحەمد وسوپاسی خودای کرد، بەهۆی ئەم مامەڵە جوانەى پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- بەرامبەری، وپاشان بە چەند هەنگاوێک گەڕایە پاشەوە هەتاوەکو لە ڕیزی یەکەمدا وەستا، وپێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- چووە پێشەوە وپێشنوێژی کرد بۆ خەڵکی، کاتێک نوێژەکەى تەواو کرد؛ ڕووی لە خەڵکی کرد وفەرمووی: (ئەی خەڵکینە، بۆچی (بەو شێوەیە) ئاماژەدەکەن کاتێک شتێکی نائاسایی ڕوودەدات لە کاتی نوێژدا؟ ئاماژەکردن بۆ ئافرەتانە)، پاشان ڕوونیکردەوە ئەوەى سونەتە ئەنجامبدرێت ئەگەر شتێکی نائاسایی ڕووبدات لە کاتی نوێژدا، فەرمووی: (هەرکەسێک شتێکی نائاسایی بینی لە نوێژەکەیدا، با بڵێت: -سبحان الله-، چونکە ئەگەر هەرکەسێک گوێی لە -سبحان الله- بێت؛ ئاوڕ دەداتەوە). پاشان فەرمووی: (ئەی ئەبوبەکر، ئایا چی ڕێگر بوو لەوەى پێشنوێژی بکەیت بۆ خەڵکی لەکاتێکدا ئاماژەم بۆت کرد؟)، ئەبوبەکر ووتی: چۆن دەکرێت کوڕی ئەبی قوحافە پێشنوێژی بۆ خەڵکی بکات لەکاتێکدا پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- ئامادەیە! ئەمیش لە نیشانەى خۆشەویستی وڕێزگرتن وبەمەزندانانى ئەبوبەکرە بۆ پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم-. *(ئاماژەیان کرد: مەبەست ئەوەیە دەستی ڕاستیان دەدا بەسەر پشتی دەستی چەپدا بۆئەوەى دەنگێک دەربچێت وئەبوبەکر ئاگادار بکەنەوە کە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ئامادەیە بۆئەوەى ئەو بچێتە پێشەوە پێشنوێژی بکات)
لە ئەسمائەوە -ڕەزای خوای لێبێت- دەڵێت: ئافرەتێک ووتی: ئەی پێغەمبەری خودا، هەوێیەکم هەیە، ئایا گوناهە ئەگەر شانازی بکەم لە پێشیدا بەوەى مێردەکەم شتێکی بە من داوە لەکاتێکدا پێمی نەداوە؟ پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: «ئەو کەسەی شانازی دەکات سەبارەت بە شتێک کە پێی نەدراوە وەکو ئەو کەسە وایە دوو جلی هەڵخەڵەتاندنی* لەبەردا بێت». (دوو جلی هەڵخەڵەتاندن: واتا بەشێوەیەک خۆی دەردەخات بۆئەوەى خەڵکی هەڵبخەڵەتێنێت وئەمیش تووشی گوناهی دەکات)
بوخاری و موسلیم هاوڕان لەسەریئافرەتێک ووتی بە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- : مێردەکەی ژنێکی تری هەیە لەگەڵ ئەوا (هەوێیەکی هەیە)، وحەز دەکات پێی بڵێت: مێردەکەم ئەمە وئەوەى پێم داوە لەکاتێکدا درۆ دەکات لەم قسەیەدا، بەڵام تەنها دەیەوێت هەوێکەى توڕە بکات، ئایا هیچ گوناهێکی لەسەر هەیە لەمەدا؟ پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- پێی فەرموو ئەو کەسەی خۆی دەڕازێنێتەوە بە شتێک کە پێی نەدراوە یان نییەتی تەنها بۆ شانازی کردن و خۆگەورەکردنەوە ئەمە دەکات؛ کەسێکی هەڵخەڵەتێنەر ودرۆزنە بەهۆی ئەم کارە.
لە عبداللەی کوڕی عومەرەوە -ڕەزای خوایان لێبێت- کە پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- دەیفەرموو: «(اللَّهُمَّ ارحم الْمُحَلِّقِينَ)*، ووتیان: ئەی ئەوانەى قژیان کورت کردووەتەوە (الْمُقَصِّرِينَ)؛ ئەی پێغەمبەری خودا؟ فەرمووی: (اللهم ارحم الْمُحَلِّقِينَ)، ووتیان: ئەی ئەوانەى قژیان کورت کردووەتەوە (الْمُقَصِّرِينَ)؛ ئەی پێغەمبەری خودا؟ فەرمووی: (اللهم ارحم الْمُحَلِّقِينَ)، ووتیان: ئەی ئەوانەى قژیان کورت کردووەتەوە (الْمُقَصِّرِينَ)؛ ئەی پێغەمبەری خودا؟ فەرمووی: (والْمُقَصِّرِينَ)». *(واتە: خودایە، ڕەحم بە ئەوانە بکە کە قژیان تاشیووە)
بوخاری و موسلیم هاوڕان لەسەریقژ تاشین وکورتکردنەوەى لە دروشمەکانى حەج وعومرەن، وقژ تاشین باشترە لە کورتکردنەوەی، چونکە دەربڕینی ئەوپەڕی ملکەچی و خۆزەلیلکردنە بۆ خواى گەورە لەم پەرستنەدا، ئەمیش بریتیە لە دەرهێنانى مووی سەر لە بنەوە بۆ گوێڕایەڵیکردنی فەرمانی خواى گەورە، بۆیە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- سێ جار نزاى ڕەحمەتی بۆ ئەوانە کردووە کە سەریان دەتاشن، وئەوانەى ئامادەن بوون ووتیان: ئەی پێغەمبەری خودا نزا بۆ ئەوانەش بکە کە قژیان کورت کردووەتەوە بەڵام نزای نەکرد بۆیان، لە سێیەم یان چوارە جاردا نزای بۆ ئەوانەیش کرد کە قژیان کورت کردووەتەوە، ئەمیش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی تاشینی قژ بۆ پیاوان باشترە لە قژ کورتکردنەوە. ئەمە ئەگەر کەسەکە لە عومرەی (تەمەتوع) نەبێت، چونکە لەم کاتەدا باشتر وایە قژی کورت بکاتەوە؛ بۆئەوەى لە کاتی حەجکردندا قژی بتاشێت، چونکە ئەگەر لە عومرەی (تەمەتوع)دا قژی بتاشێت ئەوا ماوەکە زۆر کەمە بۆئەوەى قژی دیسانەوە دەربچێت بۆ تاشینی.
لە عبداللەی کوڕی عومەرەوە -ڕەزای خوایان لێبێت- دەڵێت: «پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- نوێژی مەغریب وعیشای کۆکردەوە (نوێژی جەمعی کرد)، هەر نوێژێکیان قامەتێکی تایبەتی هەبوو (واتا دوو قامەت ئەنجامدرا)، ولە نێوانیاندا ولە پاشیان هیچ نوێژێکی سونەتی نەکرد».
بوخاری و موسلیم هاوڕان لەسەریکاتێک لە ڕۆژی عەرەفەدا خۆر ئاوا بوو، پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- بەرەو (موزدەلیفە) چوو، لەوێ نوێژی مەغریب وعیشای کۆکردەوە (نوێژی جەمعی کرد) بە پاشخستن (واتا لە کاتی نوێژی عیشادا جەمعەکەى ئەنجامدا)، هەر نوێژێکیان قامەتێکی تایبەتی هەبوو (واتا دوو قامەت ئەنجامدرا)، ولە نێوانیاندا ولە پاشیان هیچ نوێژێکی سونەتی نەکرد، ئەمیش بۆ جێبەجێکردنی مەبەست لە جەمعکردنی نوێژەکان، و بۆئەوەى خۆی وهاوەڵان پشوو وەربگرن، وئامادە بن بۆ دروشمەکانى تر.
لە بوسری كوڕی سەعیدەوە دەڵێت: زەیدی كوڕی خالیدی ئەلجوهەنی -ڕەزای خوای لێبێت- ئەوی نارد بۆ لای ئەبی جوهەیم؛ بۆئەوەی پرسیاری لێبكات سەبارەت بەوەی چی بیستووە لە پێغەمبەری خوداوە -صلى اللە علیە وسلم- سەبارەت بە تێپەڕبوون لە پێش نوێژخوێندا؟ ئەبو جوهەیم ووتی: پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- فەرموویەتی: «ئەگەر ئەو کەسەی لە پێش نوێژخوێنەوە دەڕوات بزانێت چی (تاوانێکی کردووە) ئەوا ئەگەر چل بوەستایە خێرتر بوو لەوەى لە پێش نوێژخوێنەکەوە بڕوات»، ئەبو نەزر دەڵێت: نازانم، فەرمووی: چل ڕۆژ یان مانگ یان ساڵ؟
(البخاري ومسلم) هاوڕان لەسەریپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- هۆشداریداوە سەبارەت بە تێپەڕبوون لە پێش ئەو كەسەی نوێژی فەرز یان سونەت دەكات، ئەگەر ئەو کەسەی ئەم كارە دەكات بە ئەنقەستەوە بزانێت تووشی چی تاوانێك بووە؛ ئەوا چل بوەستایە خێرتر بوو لەوەى لە پێش نوێژخوێنەکەوە بڕوات. ئەبو نەزر -گێڕەرەوەی فەرموودەكە- دەڵێت: نازانم، ئایا فەرمووی: چل ڕۆژ یان، چل مانگ، یان چل ساڵ.
لە ئوم عەتیە نوسەیبەی ئەنساڕیەوە -ڕەزای خوای لێبێت- دەڵێت: «پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- فەرمانی پێمان کرد بەوەى لە دوو جەژنەکەدا دەربچین؛ کچە گەنجەکان وئەو کچانەش بهێنین کە لە ماڵەوەن، وفەرمانى بە ئەوانە کرد کە تووشی سووڕی مانگانە بوون لە شوێنی نوێژکردنی مسوڵمانان نزیک نەبنەوە». ولە گێڕانەوەیەکدا: «فەرمانمان پێدەکرا کە لە ڕۆژی جەژن دەبچین، هەتاوەکو کچە پاکیزەکانیش بهێنین کە لە ماڵەوەن، وهەتاوەکو ئەو ئافرەتانەش لە سووڕی مانگادانەن ئامادە بن، ئەوانیش تەکبیر دەکەن* لەگەڵ ئەوانی تردا ونزا دەکەن لەگەڵ ئەوانى تردا، هیوایان بە پیرۆزی (بەرەکەت) وپاکبوونەوەى ئەو ڕۆژەیە (لە تاوانەکان وگوناهەکان)». *(تەکبیر دەکەن: واتا زیکری تەکبیراتی جەژن دەخوێنن)
بوخاری و موسلیم هاوڕان لەسەریڕۆژی جەژنی ڕەمەزان وڕۆژی جەژنی قوربان لە ڕۆژە ڕێزدارەکانن کە تێیاندا دروشمەکانى ئاینی ئیسلام وبرایەتی نێوان مسوڵمانان دەردەکەوێت بەهۆی کۆبوونەوەیان، خەڵکی هەموو شارێک دەچن بۆ شوێنێک بۆئەوەى یەکڕیزی ویەکگرتوویی دڵیان ویەکبوونی وشەیان دەربخەن بۆ سەرخستنی ئاینی ئیسلام و وشەى الله، ویادکردنی خواى گەورە وئاشکرا کردنی دروشمەکانى بەندایەتی وپەرستن. بۆیە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- فەرمانی کردووە بەوەى هەموو ئافرەتان دەربچن، تەنانەت ئەو کچانەش کە لە ماڵەوەن، وئەو ئافرەتانەى تووشی سووڕی مانگانە بوون بە مەرجێک دوور بێت لە شوێنی نوێژکردنی موسڵمانان، بۆئەوەى ئافرەتانیش ئامادەى خێر وچاکە ونزا وئامۆژگاریەکان بن لەو شوێنەدا، وئەمیش ببێتە هۆی بەرەکەت وپیرۆزی بۆیان، وئەمیش لە ڕەحمەتی خواى گەورەیە بۆیان، بۆئەوەى ڕەحمەت وڕەزامەندی لێیان نزیک بێتەوە.
لە عەلی کوڕی ئەبی تاڵیبەوە -ڕەزای خوای لێبێت- دەڵێت: پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- ئەگەر هەستایە بۆ نوێژکردن دەیفەرموو: «(وَجَّهتُ وجهي للذي فطر السماوات والأرض حنيفًا، وما أنا من المشركين، إنَّ صلاتي، ونُسُكي، ومَحياي، ومماتي لله رب العالمين، لا شريك له، وبذلك أُمِرتُ وأنا من المسلمين، اللهمَّ أنت المَلِك لا إله إلَّا أنت، أنت ربي، وأنا عبدك، ظلمتُ نفسي، واعترفتُ بذنبي، فاغفر لي ذنوبي جميعًا، إنه لا يغفر الذنوب إلا أنت، واهدني لأحسن الأخلاق لا يهدي لأحسنها إلا أنت، واصرف عني سيئَها لا يصرف عني سيئها إلا أنت، لبَّيْك وسَعْدَيْك، والخيرُ كله في يديك، والشر ليس إليك، أنا بك وإليك، تباركتَ وتعاليتَ، أستغفرك وأتوب إليك)*»، وئەگەر ڕکوع ببردایە، دەیفەرموو: «(اللهمَّ لك ركعتُ، وبك آمنتُ، ولك أسلمتُ، خشع لك سمعي، وبصري، ومُخِّي، وعظمي، وعَصَبي)**»، وئەگەر (لە ڕکوع بردن بەرز بووایەتەوە) دەیفەرموو: «(اللهم ربنا لك الحمد مِلءَ السماوات، ومِلءَ الأرض، ومِلءَ ما بينهما، ومِلءَ ما شئتَ من شيء بعد)^»، وئەگەر (سوجدەى ببردایە) دەیفەرموو: «(اللهم لك سجدتُ، وبك آمنتُ، ولك أسلمتُ، سجد وجهي للذي خلقه، وصوَّره، وشقَّ سمعَه وبصرَه، تبارك الله أحسنُ الخالقين)^^»، پاشان کۆتا شت کە دەیفەرموو لە نێوان تەشەهود -تەحیات- وسەلامدانەوە، (بریتی بوو لە): «(اللهم اغفر لي ما قدَّمتُ وما أخَّرتُ، وما أسررتُ وما أعلنتُ، وما أسرفتُ، وما أنت أعلم به مني، أنت المُقَدِّم وأنت المؤَخِّر، لا إله إلا أنت)~». *(واتە: بە پاکی و دڵسۆزی ڕووم کردە ئەو خودایەی ئاسمانەکان و زەوی بەدیهێناوە و من لە هاوبەشدانەران -موشریکان- نیم، بەڕاستی نوێژ و قوربانی و ژيان و مردنم تەنها بۆ پەروەردگاری جیهانیانە وهیچ شەریک وهاوبەشێکی نییە و بەوە فەرمانم پێ کراوە و من لە موسوڵمانانم، خودایە هەر تۆ پادشا و دەسەڵاتداری هیچ پەرستراوێک نیيە بە هەق جگە لەتۆ، تۆ پەروەردگارمی و من بەندەی تۆم، ستەمم لە نەفسم کردوە و دانم بە هەڵە و تاوانەکانم نا، تۆش لە هەموو تاوان و گوناهەکانم خۆش ببە، بەڕاستی جگە لە تۆ کەس لە گوناهـ خۆش نابێت، بەرەو باشترین کردار و ئاکار و گوفتار ڕێنموێنیم بکە، کەس ناتوانێت ڕێنمويی بکات بۆ چاکترينی ڕەوشت و ئاکار جگە لە تۆ، وە کردەوەی خراپم لێ دوور بخەرەوە کەس کردار خراپيم لێ دوور ناخاتەوە جگە لەتۆ، خوایە ( لبيک ) واتە : وەڵامی دوای وەڵامم هەیە بۆت لەگوێڕایەڵيت دام و ( سعديک ) واتە: شوێن کەوتەی دوای شوێن کەوتەم بۆ دينەکەت، چاکە هەمووی بە دەستی تۆيە خراپەش نادەمە پاڵ تۆ، وە من بە تۆوە هەم و بۆ لای تۆ دەگەڕێمەوە. پاکی و بێگەردی و بڵندی بۆ تۆیە، داوای لێخۆش بوونت لێ دەکەم و دەگەرێمەوە بۆ لات -تەوبە دەکەم-)، **(واتە: خودایە ڕکوعم بۆ تۆ برد، وئیمانم بە تۆ هێنا، وگوێڕایەڵی فەرمانەکانى تۆم، وبیستن وبینین وهۆش (مێشک) وئێسک وژێیەکانم ملکەچی تۆن)، ^(واتە: خودایە پەروەردگارمان حەمد وسوپاس بۆ تۆ هێندەی پڕ بە ئاسمانەکان، وهێندەى پڕ بە زەوی، وهێندەى پڕ لە نێوانیان، وهێندەى پڕ ئەوەى خۆت دەتەوێت لە پاش ئەمانە)، ^^(واتە: خودایە، سوجدەم تۆ برد، وئیمانم بە تۆ هێنا، وگوێڕایەڵی تۆ بووم -مسوڵمان بووم-، ڕووم سوجدەى برد بۆ ئەو زاتەى کە دروستی کردووە، و وێنەى کێشاوە، وبیستن وبینینی بۆ داناوە، پیرۆزە خودا باشترینی خوڵقێنەرەکان)، ~(واتە: خودایە لە تاوانەکانى پێشوو وپاشترم خۆش بە، لە گوناهەکانى نهێنی وئاشکرام خۆش بە، لە زیادەڕەوی کردنم لەسەر نەفسی خۆم لێم خۆش بە، لەو گوناهانەشم خۆش بە کە تۆ شارەزاتری سەبارەتیان زیاتر لە خۆم، تۆ ئەوەی بتەوێت پێشی دەخەیت -المُقَدِّم- یت، وئەوەی بتەوێت پاشی دەخەیت -المؤَخِّر-یت، هیچ پەرستراوێک هەق وڕاست نییە شایەنی پەرستن بێت جگە لە تۆ)
موسلیم گێڕاویەتیەوەپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ئەگەر هەستایە بۆ نوێژکردن ئەم نزایەی دەخوێند: (وَجَّهتُ وجهي للذي فطر السماوات والأرض:بە پاکی و دڵسۆزی ڕووم کردە ئەو خودایەی ئاسمانەکان و زەوی بەدیهێناوە): واتا من خواى گەورە دەپەرستم بە دڵسۆزیەوە؛ ئەو زاتەى کە ئاسمانەکان وزەوی بەدیهێناوە بە بێ ئەوەى بوونیان هەبێت لە پێشوودا، خواى گەورە ئەم بوونەوەرانەى دروستکردووە کە بە ئەوپەڕی جوانی و وردی ودروستکراون بۆیە هەر ئەو شایستەیە کە بەندەکان بیپەرستن بە تەنها بە بێ بڕیاردانى هیچ شەریک وهاوبەشێک لە پەرستنیدا، وپێویستە دڵەکان لە هەموو کاتێکدا داواى یارمەتی لە ئەو بکەن وتەوەکولیان لەسەر ئەو بێت لە هەموو حاڵەتەکاندا، ونابێت دڵ ڕوو بکاتە هیچ شت وکەسێکی تر، ودەبێت تەنها داواى ڕەزامەندی وخێر لە ئەو زاتە بکات. (حنيفًا، وما أنا من المشركين:من لە هاوبەشدانەران -موشریکان- نیم): واتا لامداوە لە هەموو ئاینێکی پوچەڵ وناهەق وتەنها لەسەر ڕێگای ئاینی هەق وڕاستیم کە ئاینی یەک خودا پەرستیە -ئاینی ئیسلام- وجێگیرم لەسەر ئەم ئاینە. (إنَّ صلاتي، ونُسُكي، ومَحياي، ومماتي لله رب العالمين، لا شريك له، وبذلك أُمِرتُ وأنا من المسلمين: بەڕاستی نوێژ و قوربانی و ژيان و مردنم تەنها بۆ پەروەردگاری جیهانیانە وهیچ شەریک وهاوبەشێکی نییە و بەوە فەرمانم پێ کراوە و من لە موسوڵمانانم): نوێژ وپەرستن ونزیکبوونەوەم هەمووی بە دڵسۆزی بۆ خواى گەورەیە، وهیچ شەریک وهاوبەشێکی بۆ بڕیار نادەم لە پەرستنیدا، هەروەها ژیان ومردنم هەمووی بۆ خواى گەورە چونکە ئەو خوڵقاندوویەتی ولە قەدەردا نووسیویەتی، وهیچ کەسێک بەڕێوەى نابات جگە لە ئەو زاتە، وهیچ هاوبەشێکی نییە خواى گەورەی پاک وبێگەرد نە لە زاتیدا ونە لە سیفات وکردەوەکانیدا، وپەروەردگار فەرمانى پێمکردووە بەم تەوحید -یەک خوا پەرستی- ودڵسۆزیە، ومن لە مسوڵمانانم ملکەچم بۆ فەرمانى خواى گەورە -سبحانه وتعالى-. پاشان فەرمووی: (اللهمَّ أنت المَلِك لا إله إلَّا أنت، أنت ربي، وأنا عبدك، ظلمتُ نفسي، واعترفتُ بذنبي، فاغفر لي ذنوبي جميعًا، إنه لا يغفر الذنوب إلا أنت:خودایە هەر تۆ پادشا و دەسەڵاتداری هیچ پەرستراوێک نیيە بە هەق جگە لەتۆ، تۆ پەروەردگارمی و من بەندەی تۆم، ستەمم لە نەفسم کردوە و دانم بە هەڵە و تاوانەکانم نا، تۆش لە هەموو تاوان و گوناهەکانم خۆش ببە، بەڕاستی جگە لە تۆ کەس لە گوناهـ خۆش نابێت): واتا ئەی خودایە تۆ پادشای وجگە لە تۆ هیچ کەسێکی تر پادشا نییە، وهیچ خاوەنداریەک بۆ کەسێکی تر نییە لە هەقیقەتدا جگە لە تۆ، وخودایەتی -ئولوهیەت- تەنها بۆ تۆیە؛ بۆیە هیچ پەرستراوێک هەق وڕاست نییە جگە لە تۆ، وتۆ پەروەردگاری منی ومن بەندەى تۆم، ستەمم لە نەفسی خۆم کردووە بە بێئاگایی وغافڵ بوون ئەمیش بەهۆی کردنی تاوان وگوناهەکان، ودان بە تاوانەکانمدا دەنێم، تەنها تۆ لە تاوانەکان خۆش دەبیت، تەنها تۆ لە بەندەکان خۆش دەبیت -الغفار والغفور-یت. (واهدني لأحسن الأخلاق لا يهدي لأحسنها إلا أنت، واصرف عني سيئَها لا يصرف عني سيئها إلا أنت:بەرەو باشترین کردار و ئاکار و گوفتار ڕێنموێنیم بکە، کەس ناتوانێت ڕێنمويی بکات بۆ چاکترينی ڕەوشت و ئاکار جگە لە تۆ، وە کردەوەی خراپم لێ دوور بخەرەوە کەس کردار خراپيم لێ دوور ناخاتەوە جگە لەتۆ): واتا ڕێنیشاندەرم بە وسەرکەوتووم بکە وجێگیرم بکە وبم گەیەنە بە جوانترین ڕەوشتەکان لە پەرستنتدا ولە ڕەوشتە پاک وجوانەکانى تر لە ئاشکرا وناخدا، تۆ هیداتی بەندە دەدەیت بۆ ئەو ڕەوشتە جوانانە وجگە لە تۆ کەسی تر هیدایەت نادات، ودوورم بکەرەوە وبمپارێزە لە ڕەوشتە خراپەکان، چونکە کەس من لەو ڕەوشتانە دوور ناخاتەوە ونامپارێزێت جگە لە تۆ نەبێت. پاشان فەرمووی:(لبَّيْك وسَعْدَيْك:خوایە - لبيک- واتە: وەڵامی دوای وەڵامم هەیە بۆت لەگوێڕایەڵيت دام و -سعديک- واتە: شوێن کەوتەی دوای شوێن کەوتەم بۆ دينەکەت): وهەروەها ئەم دوو وشەیە ماناى ئەوە دەگەیەنێت؛ خواى گەورە من بەردەوامم لەسەر پەرستنی تۆ، بەردەوامبوون لە پاش بەردەوامبوون، وئاسوودەم لە پاش ئاسوودە بوون لەسەر پەرستنی تۆ. (والخيرُ كله في يديك:چاکە هەمووی بە دەستی تۆيە): واتا هەموو خێرێک لە ژێر بەڕێوەبردنی تۆیە، وبەهەر شێوەیەک بتەوێت بەڕێوەى دەبەست. (والشر ليس إليك: خراپەش نادەمە پاڵ تۆ): واتا ئەو شەڕانەى ڕوودەدەن لە گەردووندا لە ئەنجامی کردەوەی بوونەرەکانە نەک کردەوەى تۆ بێت، بۆیە نابێت شەڕ بدرێتە پاڵ زاتی خواى گەورە یان سیفەتەکانى یان کردەوەکانى یان ناوەکانى، چونکە خواى گەورە لە زات وسیفەت وکردەوەکان وناوەکانیدا لە ئەوپەڕی بێسنووری کامڵبوونە لە هەموو لایەکەوە، حەمد وسوپاس وستایش دەکرێت بەهۆی سیفەتەکانى وکردەوەکانى، وهەموو کردەوەکانى خێر وڕەحمەت ودادپەروەری وحیکمەتن، وهیچ شەڕێکی تێدا نییە، وهەموو ناوەکانى جوان وپیرۆزن، چۆن دەبێت شەڕ بدرێتە پاڵ خواى گەورە؟ بەڵکو شەڕ لە ئەنجامی کردەوەى بوونەوەرەکانە وبوونەوەرەکانیش بەشێک نین لە زاتی خواى گەورە؛ چونکە کردەوەکانى خۆی وەکو کردەوەى بەندەکانى نییە، بەڵام بوونەوەرە کردەوەی خێر وشەڕ دەکات، بۆیە چونکە شەڕ دروستکراوە وجیاوازە بۆیە نابێت بدرێتە پاڵ خواى گەورە، وئەمیش بەڵگە نییە بۆ کۆمەڵەی موعتەزیلە کە دەڵێن خواى گەورە شەڕی دروست نەکردووە، خواى گەورە خێر وشەڕی دروستکردووە بۆ تاقیکردنەوەى بەندەکان، وخواى گەورە دروستکاری هەموو شتێکە، وئەو زاتە مەزنە پرسیاری لێناکرێت سەبارەت بە کردەوەکانى بەڵکو ئەوە بەندەکانن پرسیاریان لێدەکرێت چونکە خواى گەورە لە نەبوونەوە ئەوانی بەدیهێناوە بۆیە بە ویستی خۆی تاقیان دەکاتەوە وڕێبازی خێر وشەڕی پێیان نیشانداوە، وئەمە هیچ بەڵگەیەک نییە بە دەستی ئەوانەى دەڵێن بۆچی خواى گەورە ڕوخسەت دەدات کە شەڕ وخراپە لەسەر زەوی ڕووبدات، ژیان بۆ تاقیکردنەوەى مرۆڤ دروستکراوە وئەوەى ڕوودەدات لە شەڕ سەرەنجامى کردەوەى مرۆڤەکانە، وسەرەنجام خوای گەورە پادشا وخاوەنی هەموو موڵکێکە، ئایا خاوەن موڵک پرسیاری لێدەکرێت چی دەکات بە موڵکەکەى؟!! ئایا چۆن مرۆڤێکی هێندە بچووک کە لە نەبوونەوە هاتووە ڕوخسەت بە خۆی دەدات ڕەخنە لە خوای گەورە بگرێت پاش ئەو هەموو نیعمەتانەى پێی بەخشراوە؛ وئەم ڕەخنە ناڕەوایانە بگرێت کە لە گومڕاکردنی شەیتانەوەیە چونکە ئەو یەکەم کەس بوو بەرامبەر خواى گەورە وەستا وڕەخنەى لێیگرت ونکۆڵی کرد لەوەى گوێڕایەڵی بکات وگومانێکی پوچەڵی بۆ خۆی دروستکرد!!. ( أنا بك وإليك:وە من بە تۆوە هەم و بۆ لای تۆ دەگەڕێمەوە): واتا پەنا بە تۆ دەگرم وپشت بە تۆ دەبەستم وهەموو کارێک بەهۆی یارمەتی تۆوە جێبەجێی دەکەم، وڕوو لە تۆ دەکەم ولە تۆ دەپاڕێمەوە، وبۆ لای تۆ دەگەڕێمەوە، وتەنها تۆ دەپەرستم، ووتراوە: داواى یارمەتی لە تۆ دەکەم وڕوو لە تۆ دەکەم -بۆئەوەى بە هانامەوە بێیت-. (تباركتَ وتعاليتَ: پاکی و بێگەردی و بڵندی بۆ تۆیە): واتا مەزنیت وشکۆداریت وخێرت زۆر بێت، وبەرز وبڵندیت لەوەى بیری لێدەکرێتەوە ودێتە خەیاڵدا، ودوور پاک وبەریئیت لە هەموو کەموکورتی وعەیبێک. (أستغفرك وأتوب إليك: داوای لێخۆش بوونت لێ دەکەم و دەگەرێمەوە بۆ لات -تەوبە دەکەم-): واتا داواى لێخۆشبوون لە تۆ دەکەم لەسەر ئەوەى ڕوویدا لە ڕابردوو، ودەگەڕێمەوە لە کردنی هەر گوناهێک لەوەى ماوە لە ژیانمدا، وڕوو لە تۆ دەکەم وداواى جێگیری وسەرکەوتن لە تۆ دەکەم هەتاوەکو دەمرم. وئەگەر بچووایە بۆ ڕکوع بردن دەیفەرموو: (اللهمَّ لك ركعتُ، وبك آمنتُ، ولك أسلمتُ، خشع لك سمعي، وبصري، ومُخِّي، وعظمي، وعَصَبي: خودایە ڕکوعم بۆ تۆ برد، وئیمانم بە تۆ هێنا، وگوێڕایەڵی فەرمانەکانى تۆم، وبیستن وبینین وهۆش (مێشک) وئێسک وژێیەکانم ملکەچی تۆن): واتا بە دڵسۆزیەوە ڕکوع بۆ تۆ دەبەم ودڵسۆزم بۆ تۆ، وئیمانم بە تۆ هێنا، وملکەچ وگوێڕایەڵی تۆم، وهەموو ئەندامەکانم -لە بیستن وبینین وئێسک ودەمار- هەموو ملکەچ وزەلیلە بۆفەرمانى تۆ. وئەگەر سەری لە ڕکوع بردن بەرز بکردایەتەوە دەیفەرموو: (اللهم ربنا لك الحمد مِلءَ السماوات، ومِلءَ الأرض، ومِلءَ ما بينهما، ومِلءَ ما شئتَ من شيء بعد: خودایە پەروەردگارمان حەمد وسوپاس بۆ تۆ هێندەی پڕ بە ئاسمانەکان، وهێندەى پڕ بە زەوی، وهێندەى پڕ لە نێوانیان، وهێندەى پڕ ئەوەى خۆت دەتەوێت لە پاش ئەمانە): واتا حەمد وسوپاسی تۆ دەکەم ئەگەر ئەم حەمد وسوپاسکردنە لاشە وماددە بووایە ئەوا هێندەى نێوان ئاسمانەکان وزەوی وزیاتر لەمەیشی پڕ دەکردەوە. وئەگەر بۆ سوجدە بردن بچووایە دەیفەرموو: (اللهم لك سجدتُ، وبك آمنتُ، ولك أسلمتُ، سجد وجهي للذي خلقه، وصوَّره، وشقَّ سمعَه وبصرَه، تبارك الله أحسنُ الخالقين:خودایە، سوجدەم تۆ برد، وئیمانم بە تۆ هێنا، وگوێڕایەڵی تۆ بووم -مسوڵمان بووم-، ڕووم سوجدەى برد بۆ ئەو زاتەى کە دروستی کردووە، و وێنەى کێشاوە، وبیستن وبینینی بۆ داناوە، پیرۆزە خودا باشترینی خوڵقێنەرەکان): واتا سوجدە بردنم بە تەنها وبە دڵسۆزی بۆ تۆیە، وباوەڕم بە تۆ هێنا، وملکەچی فەرمانەکانى تۆم، وهەموو ئەندامەکانم کە تۆ دروستتکردووە زەلیل وملکەچن بۆ فەرمانت، بەرز وپیرۆزە خواى گەورە باشترینی خوڵقێنەرەکان. پاشان کۆتا نزای دەفەرموو لە نێوان تەشەهود -تەحیات- وسەلامدانەوە: (اللهم اغفر لي ما قدَّمتُ وما أخَّرتُ:خودایە لە تاوانەکانى پێشوو وپاشترم خۆش بە): واتا خودایە لە تاوانەکانى ڕابردوو وداهاتووم خۆش بە. (وما أسررتُ وما أعلنتُ:لە گوناهەکانى نهێنی وئاشکرام خۆش بە): واتا لەو گوناهانەم خۆش بە کە شاراوەن ودیار نین یان لە نەفسی خۆمدان وکەس نایبینێ ولەو گوناهانەیشم خۆش بە کە دیار وئاشکران. (وما أسرفتُ:لە زیادەڕەوی کردنم لەسەر نەفسی خۆم لێم خۆش بە): واتا لە سنوور تێپەڕاندنم خۆش بە دەرهەق بە نەفسی خۆم بەهۆی کردنی تاوان وگوناهەکانەوە. (وما أنت أعلم به مني: لەو گوناهانەشم خۆش بە کە تۆ شارەزاتری سەبارەتیان زیاتر لە خۆم): واتا لەو گوناهانەم خۆش بە کە پێیان نازانم ولە مندا بوونیان هەیە. (أنت المُقَدِّم وأنت المؤَخِّر:تۆ ئەوەی بتەوێت پێشی دەخەیت -المُقَدِّم- یت، وئەوەی بتەوێت پاشی دەخەیت -المؤَخِّر-یت): هەرکەسێک بتەوێت سەری دەخەیت وپلەى بەرزدەکەیتەوە بەهۆی پەرستن وگوێڕایەڵی کردنت، وهەرکەسێک بتەوێت دواى دەخەیت وپلەى نزم دەکەیتەوە ئەمیش بەهۆی تاوان وسەرپێچیەکان، ئەمیش بە پێی حیکمەتی خۆت، هەرکەسێک بتەوێت شکۆداری دەکەیت وهەرکەسێک بتەوێت زەلیلی دەکەیت. (لا إله إلا أنت:هیچ پەرستراوێک هەق وڕاست نییە شایەنی پەرستن بێت جگە لە تۆ).
لە عەوفی کوڕی مالیکی ئەشجەعیەوە -ڕەزای خوای لێبێت- دەڵێت: شەوێکیان هەستام لەگەڵ پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم-، هەستا وسورەتی -البقرة-ی خوێند، ئەگەر بە هەرئایەتێکی ڕەحمەت تێپەڕ بووایە؛ دەوەستا وداواى (لە خواى گەورە دەکرد ڕەحمی پێبکات)، وئەگەر بە هەرئایەتێکی سزا تێپەڕ بووایە؛ پەنای دەگرت (بە خواى گەورە بۆئەوەى لە سزا وئازاری دۆزەخ بیپارێزێت)، دەڵێت: پاشان ڕکوعی برد (هێندەی ماوەى) وەستانی (لە ڕکوع بردن مایەوە)، لە کاتى ڕکوع بردندا دەیفەرموو: «(سُبحانَ ذي الجَبَروتِ والملَكوتِ والكِبرياءِ والعَظَمةِ)*»، پاشان (هێندەى ماوەى) وەستانەکەى سوجدەی دەبرد، وپاشان لە سوجدە بردنیشدا هەر ئەو (زیکرەی) دەفەرموو، پاشان هەستا و(سورەتی) -آل عمران-ی خوێند، وپاشان سورەت لە پاش سورەتی دەخوێند. *(واتە: پاک وبێگەردی بۆ ئەو خودایەی کە خاوەنی هێز ودەسەڵاتە بەسەر هەموو بوونەوەرەکان، وخاوەنداری هەموو موڵکێکی شاراوە وئاشکرایە، وخاوەنی مەزنی وشکۆداریە)
نەسائی گێڕاویەتیەوە - ئیبنوداود گێڕاویەتیەوە - ئەحمەد گێڕاویەتیەوەعەوفی کوڕی مالیکی ئەشجەعی -ڕەزای خوای لێبێت- باسی ئەوە دەکات کە شەوێکیان لەگەڵ پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- نوێژی کرد، پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم-، هەستا وسورەتی -البقرة-ی خوێند، ئەگەر بە هەرئایەتێکی ڕەحمەت وبەهەشت تێپەڕ بووایە؛ دەوەستا وداواى لە خواى گەورە دەکرد ڕەحمی پێبکات وبیکاتە بەهەشتەوە، وئەگەر بە هەرئایەتێکی سزا تێپەڕ بووایە؛ پەنای دەگرت بە خواى گەورە بۆئەوەى لە سزا وئازاری دۆزەخ بیپارێزێت، پاشان بۆ ماوەیەکی زۆر ڕکوعی برد هێندەی ماوەى وەستانی، لە کاتى ڕکوع بردندا دەیفەرموو: (سُبحانَ ذي الجَبَروتِ والملَكوتِ والكِبرياءِ والعَظَمةِ)*، پاشان هێندەى ماوەى وەستانەکەى سوجدەی دەبرد، وپاشان لە سوجدە بردنیشدا هەر ئەو زیکرەی ڕکوع بردنی فەرموو، پاشان هەستا وسورەتی -آل عمران-ی خوێند، وپاشان سورەت لە پاش سورەتی دەخوێند. *(واتە: پاک وبێگەردی بۆ ئەو خودایەی کە خاوەنی هێز ودەسەڵاتە بەسەر هەموو بوونەوەرەکان، وخاوەنداری هەموو موڵکێکی شاراوە وئاشکرایە، وخاوەنی مەزنی وشکۆداریە)
لە ئیبن عەباسەوە -ڕەزای خوایان لێبێت- دەڵێت: پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ئەگەر لە شەودا نوێژی بکردایە (ئەم نزایەى) دەفەرموو: «(اللهم ربَّنا لك الحمدُ، أنت قَيِّمُ السموات والأرض، ولك الحمدُ أنت ربُّ السموات والأرض ومَن فيهنَّ، ولك الحمدُ أنت نورُ السموات والأرض ومن فيهنَّ، أنت الحقُّ، وقولُك الحقُّ، ووعدُك الحقُّ، ولقاؤك الحقُّ، والجنةُ حقٌّ، والنارُ حقٌّ، والساعةُ حقٌّ، اللهم لك أسلمتُ، وبك آمنتُ، وعليك توكَّلتُ، وإليك خاصمتُ، وبك حاكمتُ، فاغفر لي ما قدَّمتُ وما أخَّرتُ، وأسررتُ وأعلنتُ، وما أنت أعلم به مني، لا إلهَ إلا أنت)*». *(واتە: خودایە، ئەی پەروەردگارمان حەمد وسوپاس بۆ تۆ، تۆ ئاسمانەکان وزەوی ئەوانەی تێیدان بەڕێوەیان دەبەیت، حەمد وسوپاس بۆ تۆ؛ تۆ پەروەردگاری ئاسمانەکان وزەویت وئەوانەیش کە تێیاندان، وحەمد وسوپاس بۆ تۆ نور وڕۆشنایی ئاسمانەکان وزەویت وئەوانەیش کە تێیاندان، تەنها تۆ هەق وڕاستیت، و وتەی تۆ تەنها هەق وڕاستیە، وپەیمانەکانت هەق وڕاستیە، وگەیشتن بە تۆ هەق وڕاستییە، وبەهەشت هەق وڕاستییە، وئاگری دۆزەخ هەق وڕاستییە، وقیامەت هەق وڕاستییە، خودایە گوێڕایەڵی تۆم -مسوڵمان بووم-، وئیمانم -باوەڕم- بە تۆ هێنا، وداواى یارمەتی لە تۆ دەکەم -تەوەکول بە تۆ دەکەم-، بەهۆی یارمەتی تۆ ڕووبەڕووی دوژمنەکان دەبمەوە، داواى حوکم ودادوەری لە تۆ دەکەم -لە نێوان من وبەرامبەرەکانم-، لە گوناهانەشم خۆش بە؛ ئەوانەى لە پێشووتر کردوومە، وئەوانەى لە داهاتوو دەیکەم، وگوناهی نێهنی وئاشکرام، وئەم گوناهانەش تۆ باشتر شارەزاییت سەبارەتیان زیاتر لە خۆم، هیچ پەرستراوێک هەق وڕاست نییە شایەنی پەرستن بێت جگە لە تۆ)
بوخاری و موسلیم هاوڕان لەسەریپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ئەگەر لە شەودا نوێژی بکردایە پاش تەکبیرەی ئیحرام -ووتنی یەکەم: الله أکبر- (ئەم نزایەى) دەفەرموو: (اللهم ربَّنا لك الحمدُ:خودایە، ئەی پەروەردگارمان حەمد وسوپاس بۆ تۆ): هەموو حەمد وسوپاسێک واجبە وشایستەیە بۆ خواى گەورە -سبحانه وتعالى، ئەو زاتە مەزنە سوپاسکراوە بەهۆی سیفەتەکانى وناوەکانى ونیعمەکانى وخوڵقاندنی وکردەوەکانى وفەرمانەکانى وحوکمەکانى، وئەو سوپاسکراوە لە یەکەم وکۆتادا، ولە نهێنی وئاشکرادا. پاشان فەرمووی: (أنت قَيِّمُ السموات والأرض: تۆ ئاسمانەکان وزەوی ئەوانەی تێیدان بەڕێوەیان دەبەیت): واتا تۆ ئاسمانەکان وزەویت دروستکردووە وبەڕێوەیان دەبەیت بەو شێوەى چاکە بۆیان پاش ئەوەى بوونیان نەبوو، تۆ خوڵقێنەر وڕۆزیدەر وپادشا وبەڕێوبەری گەردوونی -الخالق والرازق والملك والمدبر-یت؛ ئەم ناوانە جگە لە ناوى -المدبر- نەبێت ئەوانى تر هەموویان لە ناوە پیرۆزەکانى خواى گەورە، تۆ بوونەوەرەکان زیندوو دەکەیتەوە ودەیانژێنیت -المحيي والمميت-يت. (ولك الحمدُ أنت ربُّ السموات والأرض ومَن فيهنَّ:حەمد وسوپاس بۆ تۆ؛ تۆ پەروەردگاری ئاسمانەکان وزەویت وئەوانەیش کە تێیاندان): لە سیفەتەکانى خواى گەورە ئەوەیە نور وڕۆشناییە، وئەو -پەردەیەی- لە نێوان ئەو بوونەوەرکانیەتی نورە، وخواى گەورە -سبحانه وتعالى- ئاسمانەکان وزەوی ڕۆشنا کردووەتەوە ونوری پێیان بەخشییووە، وهیدایەت دەبەخشێت بە ئەوانەى لە ئاسمانەکان وزەویدان، ونابێت سیفەتی نور وڕۆشنایی نەهی ونکۆڵی لێبکرێت ونابێت بە مانایەکی تر لێکبدرێتەوە. (أنت الحقُّ:تەنها تۆ هەق وڕاستیت): -الحق- ناوێکە لە ناوەکانى خواى گەورە ولە سیفاتەکانى خواى گەورەیە، خواى گەورە هەقە لە زاتی خۆی ولە سیفاتەکانیدا، کامڵە لە سیفاتەکانیدا، هیچ شتێک نایەتە بوونەوە بە بێ بوونی زاتی مەزنی. (وقولُك الحقُّ:وتەی تۆ تەنها هەق وڕاستیە): ئەوەى تۆ فەرمووتە هەق وڕاستی ودادپەروەرییە، وهیچ ناهەقی وپوچەڵێک تووشی نابێت لە پێش ونە لە پاشیەوە، ونە لە هەواڵەکانی، ونە لە حوکمەکانى وشەریعەتەکەى، ونە لە پەیمانەکانى. (ووعدُك الحقُّ:وپەیمانەکانت هەق وڕاستیە): واتە تۆ پەیمانەکانت جێبەجێ دەکەیت ودەبێت بێنە دی، بەو شێوەیەى خۆت پەیمانت داوە، بۆیە پێچەوانەى نابیتەوە ونایان گۆڕیت. (ولقاؤك الحقُّ:وگەیشتن بە تۆ هەق وڕاستییە): واتە دەبێت بەندەکان هەر بگەن بە دیداری تۆ وپاداشتیان دەدەیتەوە بە پێی کردەوەکانیان، وئەم دیدارە بینینی خواى گەورەش دەگرێتەوە -سبحانه وتعالى-. (والجنةُ حقٌّ والنارُ حقٌّ:وبەهەشت هەق وڕاستییە وئاگری دۆزەخ هەق وڕاستییە): واتا بوونیان هەیە، هەروەکو تۆ فەرمووتە ئامادەکراون ئەوانە دەچنە نێویانەوە، ئەوانە شوێنی مانەوەى هەمیشەیین، چارەنووسی بەندەکان بۆ ئەو دوو شوێنەیە، تەنها کافرەکان بە هەتاهەتایی لە دۆزەخدا دەمێننەوە. (والساعةُ حقٌّ:وقیامەت هەق وڕاستییە): واتا هاتنی قیامەت وزیندووبوونەوەى بوونەوەرەکان هەق وڕاستییە وهیچ گومانێکی تێدا نییە، وئەمە جێگیرە وهیچ ناگۆڕێت، وئەوە کۆتایی دونیایە وسەرەتای دەستپێکردنی ڕۆژی دواییە. (اللهم لك أسلمتُ:خودایە گوێڕایەڵی تۆم -مسوڵمان بووم-): واتا ملکەچی حوکم وفەرمانەکانى تۆم، ومسوڵمان بووم، وڕازی بووم بەم ئاینە پیرۆزە. (وبك آمنتُ:وئیمانم -باوەڕم- بە تۆ هێنا): واتا پەیامەکەى تۆ بەڕاست دانا وئەوەیشی تۆ ناردووتە لە پێغەمبەران وکتێبەکان بەڕاستم دانا وباوەڕم پێیان هەیە، وکردەوە کردنم لە ژیاندا بە پێی ئەو پەیامەیە کە تۆ ناردووتە. (وعليك توكَّلتُ:وداواى یارمەتی لە تۆ دەکەم -تەوەکول بە تۆ دەکەم-): واتا داواى هاوکاری لە تۆ دەکەم وپەنا بە تۆ دەگرم وهەموو کاروبارێکم دەسپێرم بە تۆ. (وإليك خاصمتُ:بەهۆی یارمەتی تۆ ڕووبەڕووی دوژمنەکان دەبمەوە): بەهۆی ئەو بەڵگە وزانستەى بە منت بەخشیووە؛ سەردەکەوم بەسەر کەسێک نکۆڵی بکات ودژ بە ئاینەکەى تۆ بێت. (وبك حاكمتُ:داواى حوکم ودادوەری لە تۆ دەکەم -لە نێوان من وبەرامبەرەکانم-): واتا هەرکەسێک هەق وڕاستی قبوڵ نەکات ونکۆڵی لێبکات؛ حوکم کردن لەسەر ئەو دەسپێرم بە تۆ وتۆ دەکەم بە دادوەر لە نێوان من وئەو، وبەمەش خۆم بە دوور دەگرم لە حوکمی وفەرمانى هەموو ملهوڕ وتاغوتێک یان حوکمێکی پوچەڵ کە پێچەوانەى حوکمی تۆ بێت وەکو یاسا دانراوەکان وگومڕاکان وفاڵگرەوەکان وکەسانی تر کە زۆر لە خەڵکی بۆ حوکم ودادوەری کردن دەگەڕێنەوە بۆ لای ئەوان. (فاغفر لي ما قدَّمتُ وما أخَّرتُ، وأسررتُ وأعلنتُ، وما أنت أعلم به مني:لە گوناهانەشم خۆش بە؛ ئەوانەى لە پێشووتر کردوومە، وئەوانەى لە داهاتوو دەیکەم، وگوناهی نێهنی وئاشکرام، وئەم گوناهانەش تۆ باشتر شارەزاییت سەبارەتیان زیاتر لە خۆم): واتا لە هەموو تاوان وگوناهەکانم خۆش بە، وئەوانەیشی کە دەیانکەم لە داهاتوودا، ولە ئەو تاوان وگوناهانەیشم خۆش بە کە لای بەندەکانت ئاشکرایە وئەوانەیشی لێیان شاراوەیە وکەس پێیان نازانێت. پاشان نزاکەى کۆتایی پێهێنا بە ووتنی: (لا إلهَ إلا أنت:هیچ پەرستراوێک هەق وڕاست نییە شایەنی پەرستن بێت جگە لە تۆ): واتا تەنها داوا لە تۆ دەکەم ولە تۆ دەپاڕێمەوە؛ هەموو پەرستراوێک جگە لە تۆ پوچەڵ وگومڕاییە، وسەرەنجامی پەرستنی جگە لە خواى گەورە یان پەرستنی شتێک یان کەسێکى تر لەگەڵ خواى گەورە؛ سزا وتیاچوون دەبێت، ئەمە تەوحیدە -یەک خودا پەرستیە- کە پێغەمبەران پێی هاتوون، وخواى گەورە فەرزی کردووە لەسەر بەندەکان.