





























Hadeeth Cards
Da'wa cards that highlight great meanings from the noble prophetic hadiths in a simple style and attractive display that helps the Muslim to have a deeper understanding of his religion in an easy way
All
لە عائیشەی کچی ئەبی بەکرەوە -ڕەزای خوایان لێبێت- دەڵێت: «پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- خواردنی لە جولەکەیەک کڕی، وزرێپۆشێگی ئاسنی وەکو ڕەھن* پێیدا». *(ڕەهن: لە جیاتی نرخ دەدرێت بە خاوەن قەرزەکە بەرامبەر شتومەکێک، هەتاوەکو قەرزەکە وەردەگرێتەوە بەرامبەر ئەو شتومەکەى فرۆشتوویەتی، ئەگەر بەرامبەر نرخەکەى نەبوو ئەوا خاوەن قەرزەکە -ڕەهنەکە- دەفرۆشێت ونرخەکەى بۆ خۆی دەبات)
بوخاری و موسلیم هاوڕان لەسەریپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- خواردنی جۆی لە جولەکەیەک کڕی، وزرێپۆشێگی ئاسنی وەکو ڕەھن* پێیدا، ئەم زریپۆشە ئاسنیە کە وەکو قەڵغان لەبەری دەکرد لەکاتی جیهاد کردن وجەنگان لە پێناو خواى گەورە، وبەرزکردنەوەى وشەی خواى گەورە (سەرخستنی ئیسلام)، بۆئەوەى بیپارێزێت لە پاش پاراستنی خواى گەورە لە چەکی دوژمن وپیلانەکانیان، ولەو کاتەشدا لە مدینە جولەکە کۆمەڵێکی کەم بوون وهیچ ترسێک نەبوو لەم ڕەهن کردنە چونکە هێز ودەسەڵات لە لای مسوڵمانان بوو بۆیە ئەم زرێپۆشەى وەکو ڕەهن لە لای دانا چونکە زۆر پێویستی بەم خواردنە بوو. *(ڕەهن: لە جیاتی نرخ دەدرێت بە خاوەن قەرزەکە بەرامبەر شتومەکێک، هەتاوەکو قەرزەکە وەردەگرێتەوە بەرامبەر ئەو شتومەکەى فرۆشتوویەتی، ئەگەر بەرامبەر نرخەکەى نەبوو ئەوا خاوەن قەرزەکە -ڕەهنەکە- دەفرۆشێت ونرخەکەى بۆ خۆی دەبات)
لە ئەبی هورەیرەوە -ڕەزای خوای لێبێت- دەڵێت: کاتێک لە سەفەردا بووین لەگەڵ پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم-؛ پیاوێک هات و لەسەر پشتی سواریەکەى بوو، سەیری لای ڕاست وچەپی کرد، پێغەمبەری خودا -صلى الله عليه وسلم- فەرمووی: «هەرکەسێک شتومەکی زیادەی پێیە با پێشکەشی ئەو کەسەی بکات کە شتومەکی پێ نییە، وهەرکەسێک خۆراک (وبەرهەمی) زیادەی پێیە با پێشکەشی ئەو کەسەی بکات کە خۆراکی پێ نییە»، پاشان باسی چەند جۆرێک شتومەکی کرد هەتاوەکو پێمان وابوو هیچ یەکێک لە ئێمە مافى ئەوەى نییە شتی زیاد لە پێویستی پێ بێت.
موسلیم گێڕاویەتیەوەئەبی سەعیدی خودری -ڕەزای خوای لێبێت- باسی ئەوە دەکات لە سەفەرێکدا بوون لەگەڵ پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم-، پیاوێک هات لەسەر پشتی وشترەکەى سەیری لای ڕاست وچەپی دەکرد؛ بۆئەوەى شتێک بدۆزێتەوە وپێداویستیەکانى جێبەجێ بکات، پێغەمبەر -صلى الله عليه وسلم- فەرمووی: هەرکەسێک شتومەکی زیادەی پێیە با بیبەخشێت وبیکاتە خێر لەسەر ئەو کەسەی بکات کە شتومەکی پێ نییە، وهەرکەسێک خۆراک (وبەرهەمی) زیادەی پێیە با بیبەخشێت وبیکاتە خێر لەسەر ئەو کەسەی بکات کە خۆراکی پێ نییە. گێڕەرەوەى فەرموودەکە دەڵێت: هەتاوەکو پێمان وابوو هیچ یەکێک لە ئێمە مافى ئەوەى نییە شتی زیاد لە پێویستی پێ بێت.
لە جابری کوڕی عبداللەوە -ڕەزای خوایان لێبێت- دەڵێت: «پێغەمبەر -صلى الله عليه وسلم- نەهی کردووە: لە (موخابەرە:المخابرة)* و(موحالەقە:المحالقة)** ولە (موزابەنە:المزابنة)^، ولە فرۆشتنی بەروبووم هەتاوەکو گونجاو دەبێت بۆ خواردن، هەروەها نابێت بفرۆشرێن مەگەر بەرامبەر دینار ودرهەم نەبێت جگە لە حاڵەتی (عەرایا:العرایا)^^ نەبێت». *(-موخابەرە:المخابرة- // واتە: کارکردن بۆ کەسێک بەرامبەر ئەوەى خاوەنەکەى بەشێک لە بەروبوومی شوێنێکی دیاریکراوی کێڵگەکەی وەکو کرێ پێببەخشێت)، **(-موحالەقە:المحالقة- // واتە: واتە فرۆشتنی دانەوێڵەیەک لە نێو گوڵەکەیدا بێت ودرەو نەکرا بێت یان هەر بەرووبومێکی تر کە نەکرابێتەوە لە دارەکەى بەرامبەر دانەوێڵەیەکی خاوێنی وشکی کە درەو کراوە وجیاکراوە یان بەروبوومەکە لە دارەکە کراوەتەوە وجیاکراوەتەوە)، ^(-موزابەنە:المزابنة- // واتە: فرۆشتنی خورما يان بەرووبوومێکی تر کە لەسەر قەدی دارەکەیە ونەکراوەتەوە بەرامبەر خورما یان بەرووبوومێکی تری کە کراوەتەوە بە کێشان)، ^^(-عەرایا:العرایا- // واتە: فرۆشتنی خورمای پێگەیشتوو بەرامبەر بە خورمایەک جۆرەکەى کەمتر بێت لە ڕووی چۆنێتیەوە -پاش ئەوەى نرخەکەى دەزاندرێت بە خەمڵاندن یان زۆرینەى گومان-؛ چونکە پێغەمبەر -صلى الله عليه وسلم- ڕوخسەتی پێداوە)
بوخاری و موسلیم هاوڕان لەسەریپێغەمبەر -صلى الله عليه وسلم- نەهی کردووە لە چەند جۆرە فرۆشتنێک کە پەیوەستە بە بەرووبومەکان چونکە زیانی هەیە بۆ هەردوو لایەن یان یەکێکیان، ولەو فرۆشتنە نەهی لێکراوانەش: (موخابەرە:المخابرة): ئەمیش بریتیە لە بە کرێگرتنی زەوییەک یان کارکردن بۆ کەسێک بەرامبەر ئەوەى خاوەنەکەى بەشێک لە بەروبوومی شوێنێکی دیاریکراوی کێڵگەکەی وەکو کرێ ببەخشێت بە کرێکارەکە یان ئەو کەسەی زەوییەکەى بە کرێ گرتووە. وهەروەها نەهی کردووە لە (موحالەقە:المحالقة): واتە فرۆشتنی دانەوێڵەیەک لە نێو گوڵەکەیدا بێت ودرەو نەکرا بێت یان هەر بەرووبومێکی تر کە نەکرابێتەوە لە دارەکەى بەرامبەر دانەوێڵەیەکی خاوێنی وشکی کە درەو کراوە وجیاکراوە یان بەروبوومەکە لە دارەکە کراوەتەوە وجیاکراوەتەوە. نەهی کردووە لە (موزابەنە:المزابنة): واتە فرۆشتنی خورما یان بەرووبوومێکی تر لەسەر قەدی دارەکە نەکراوەتەوە بەرامبەر خورما یان بەرووبوومی تری کراوە بە کێشان. وهەروەها نەهی کردووە لە فرۆشتنی بەروبووم هەتاوەکو گونجاو دەبێت بۆ خواردن، هەروەها نابێت بفرۆشرێن مەگەر بەرامبەر دینار ودرهەم نەبێت جگە لە حاڵەتی (عەرایا:العرایا) ئەمیش بریتیە لە فرۆشتنی خورمای پێگەیشتوو بەرامبەر هەر جۆرێکی تر لە خورما بە مەرجێک: -پاش ئەوەى نرخەکەى دەزاندرێت بە خەمڵاندن یان زۆرینەى گومان-، وهەروەها کێشی خورماکە پێنج وسق* یان کەمتر بێت؛ چونکە لە فەرموودەی تردا پێغەمبەر -صلى الله عليه وسلم- ڕوخسەتی پێداوە. *(پێنج وسق دەکاتە 612 کگم)
لە ئەنەسەوەە -ڕەزای خوای لێبێت- دەڵێت: «ئەگەر لە شوێنێک لامان بدایە (بۆ پشوو وەرگرتن)، نوێژمان نەدەکرد هەتاوەکو شتومەکەکانمان لەسەر پشتی ئاژەڵەکان دادەگرت».
ئیبنوداود گێڕاویەتیەوەواتای فەرموودەکە: هەرچەندە هاوەڵان گرنگیان بە نوێژ دەدا، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا ڕاستەوخۆ پاش بڕیاری لادان بۆ پشوو وەرگرتن شتومەکەکانیان دادەگرت لەسەر پشتی ئاژەڵەکان؛ بۆئەوەى ئاژەکانیش پشوو وەربگرن وماندووێتیان لەسەر لابچێت.
لە قەیسی کوڕی ئەبی حازیمەوە، دەڵێت: چووین بۆ لای خەبابی کوڕی ئەرەت -ڕەزای خواى لێبێت- بۆئەوەى سەردانی بکەین (بەهۆی نەخۆشبوونی)؛ وحەوت شوێنی داخ کردبوو (بۆ چارەسەر وەرگرتن)، ووتی: هاوەڵانی پێشوومان کە مردن، ئەم دونیایەیان جێهێشت وهیچ پاداشتیان کەمی نەکرد (ئەمیش بەهۆی چێژ وەرنەگرتنیان لە خۆشی وڕازاوەیی دونیا)، بەڵام ئێمە ئەوەندە سامانمان هەیە؛ هیچ شوێنێک نادۆزینەوە کە تێیدا خەرجی بکەین جگە لەچاڵنیان نەبێت، ئەگەر پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- نەهی لێمان نەکردایە لە نزا کردن (بۆئەوەى مرۆڤ) بمرێت ئەوا نزام دەکرد (بۆئەوەى بمرم).(قەیس دەڵێت:) جارێکی تر هاتن بۆ لای خەباب ودیوارێکی دروستدەکرد، ووتی: «مسوڵمان پاداشت دەدرێتەوە لەسەر هەموو شتێک کە خەرجی دەکات (لە قیامەتدا)؛ مەگەر بۆ شتێک نەبێت (خەرجی بکات) لەسەر ئەم دیوارە (بۆ زیاتر ڕازاندنەوەى)».
بوخاری و موسلیم ھاوڕان لەسەری وە لەفزەکە ھین بوخاریەخەبابی کوڕی ئەرەت -ڕەزای خواى لێبێت- حەوت شوێنی لاشەی داخ کرا بۆ چارەسەر وەرگرتن، پاشان هاوەڵانی هاتن بۆ سەردانیکردنی ئەویش پێیانی ووت: هاوەڵانی پێشوومان کە مردن، ئەم دونیایەیان جێهێشت وهیچ پاداشتیان کەمی نەکرد لەوەى خواى گەورە بۆیانی ئامادە کردووە لە بەهەشتدا (ئەمیش بەهۆی چێژ وەرنەگرتنیان لە خۆشی وڕازاوەیی دونیا). بەڵام ئەو ئەوەندە سامانی هەیە؛ هیچ شوێنێک نادۆزینەوە کە تێیدا خەرجی بکات جگە لەچاڵنیان نەبێت (ئەمیش بەهۆی زۆری ئەو سامانە)، ووتی: ئەگەر پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- نەهی لێمان نەکردایە لە نزا کردن (بۆئەوەى مرۆڤ) بمرێت ئەوا نزام دەکرد (بۆئەوەى بمرم)، مەگەر لە کاتی فیتنە وتاقیکردنەوە نەبێت لە دینداریدا ئەویش نزا دەکات بەو شێوەیەی لە سونەتدا هاتووە. وپاشان ووتی: مسوڵمان پاداشت دەدرێتەوە لەسەر هەموو شتێک کە خەرجی دەکات (لە قیامەتدا)؛ مەگەر بۆ شتێک نەبێت (خەرجی بکات) لەسەر خانوو دروستکردن (بۆ زیاتر ڕازاندنەوەى)، چونکە مرۆڤ ئەگەر ئەوەندەی دروستکرد کە بەشی بکات ئەوا لێرەدا پێویستی بە خەرجی زۆر نابێت، بەڵام ئەو پارە زیادەی مرۆڤ خەرجی دەکات لەسەر ڕازاوەیی شتومەکی دونیا لەسەری پاداشت نادرێتەوە، بەڵکو پاداشت دەدرێتەوە بەرامبەر ئەو خەرجیەى کە گرنگ وپێویستە، ئەو خەرجیە پاداشتی لەسەر دەدرێتەوە کە خانوویەک بێت بۆ هەژاران یان کرێکەی لە پێناوى خودا ببەخشێت، یان هاوشێوەى ئەمانە، لەسەر ئەم کردەوانە مرۆڤ پاداشت دەدرێتەوە، بەڵام زیاتر ڕازاندنەوەى خانوویەک یان هەرموڵکێکی تر کە پێویست نەبێت مرۆڤ لەسەری پاداشت نادرێتەوە؛ ئەمیش هاندانە بۆ ئابووری وئیسراف نەکردن (زیادەڕۆیی نەکردن) لە خەرجی پارە وساماندا کە گەلێک سوودی تێدایە بۆ دواڕۆژ ودونیای مرۆڤ، ونەهی کردن لەسەر داخکردن هاتووە بۆ کەسێک ئەگەر باوەڕی وا بێت کە شیفا بەهۆی داخکردنە، بەڵام ئەگەر باوەڕی وا بێت خواى گەورە شیفا بەخشە ئەوا لێرەدا داخ کردن دروستە، یان نەهی کردنەکە لەسەر کەسێکە کە تواناى هەیە چارەسەر وەربگرێت بە جگە لە داخکردن بەڵام داخکردنی پێش چارەسەرەکانى تر خست وداخکردنی نەکرد بە کۆتا هۆکاری چارەسەر.
لە ئەبی عەتیەوە دەڵێت: من ومەسروق چووین بۆ لای عائیشە -ڕەزاى خواى لێبێت-، مەسروق پێی ووت: دوو لە هاوەڵانی موحەمەد -صلى اللە علیە وسلم- هەردوویان ناوەستن لە شوێنکەوتن بە دوای خێردا؛ یەکێکیان ئەنجامدانى نوێژی مەغریب وڕۆژووشکاندن پێش دەخات (ڕاستەوخۆ پاش خۆر ئاوا بوون -بانگی مەغریب- ئەنجیامیان دەدات)، وئەوی تریان ئەنجامدانى نوێژی مەغریب وڕۆژووشکاندن دوا دەخات؟ (عائیشە) ووتی: کێ نوێژی مەغریب وڕۆژووشکاندن پێش دەخات؟ ووتی: عبداللە -واتا: عبداللەی کوڕی مەسعود-، (عائیشە) ووتی: پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- هەمان شتی ئەنجامدەدا.
موسلیم گێڕاویەتیەوەئەبی عەتیە ومەسروق پرسیاریان لە عائیشە کرد -ڕەزاى خواى لێبێت- سەبارەت بە دوو پیاو لە هاوەڵانی پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم-، یەکێکیان: ئەنجامدانى نوێژی مەغریب وڕۆژووشکاندن پێش دەخات (ڕاستەوخۆ پاش خۆر ئاوا بوون -بانگی مەغریب- ئەنجیامیان دەدات)، وئەوی تریان: ئەنجامدانى نوێژی مەغریب وڕۆژووشکاندن دوا دەخات؟، کامیان ڕاستیان پێکاوە (کارەکەیان دروستە)؟ (عائیشە) ووتی: کێ نوێژی مەغریب وڕۆژووشکاندن پێش دەخات (لە کاتدا)؟ ووتیان: عبداللەی کوڕی مەسعود-، (عائیشە) ووتی: پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- هەمان شتی ئەنجامدەدا، واتا پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ڕاستەوخۆ پاش بانگدان وخۆرئاوابوون ڕۆژووەکەى دەشکاندن ونوێژی دەکرد، کاتی نوێژکردن وڕۆژوو شکاندنی دوا نەدەخست، ئەمیش سونەتە وبە کردەوە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ئەنجامدانى داوە وبەڵگەیە لەسەر ئەوەى باشتر وایە مرۆڤ ڕاستەوخۆ پاش ئەوەی خۆر ئاوا بوو وبانگدرا ڕۆژووەکەى بشکێنێت ونوێژ بکات ودوایان نەخات.
لە عائیشەوە -ڕەزای خوای لێبێت- کە پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- لە کاتی ڕکوع وسوجدە بردنیدا دەیفەرموو: «(سُبُّوحٌ قُدُّوسٌ، ربُّ الملائكةِ والرُّوح)*» *(واتە: سُبُّوحٌ: لە ناوە پیرۆزەکانى خواى گەورە بە مانای ئەوە دێت: ئەو زاتەیە کە دوورە لە هەموو کەموکورتی وعەیبێک وهەموو ئەوانەى لە ئاسمانەکان وزەویدان بە تەسبیح کردن یادی دەکەن، قُدُّوسٌ: لە ناوە پیرۆزەکانى خواى گەورە، بە مانای ئەوە دێت: ئەو زاتەیە کە پیرۆز وموبارەکە وپاکە وبەریئە -دوورە- لە هەموو شتێک کە شایەنی ئەو زاتە بەرز وبڵندە نەبێت، -ربُّ الملائكةِ والرُّوح-: واتە پەروەردگاری فریشتەکان و-الرُّوح- مەبەست جبریلە -علیه السلام-)
موسلیم گێڕاویەتیەوەشیکردنەوەى فەرموودەکە: پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- لە کاتی ڕکوع وسوجدە بردنیدا دەیفەرموو: (سُبُّوحٌ قُدُّوسٌ، ربُّ الملائكةِ والرُّوح)، واتا: تۆی ئەی پەروەردگار پاک وپیرۆزیت، ئەمیش ئەوپەڕی ستایشکردنە بەوەى خواى گەورە دوورە لە هەموو کەموکورتی وعەیبێک، (ربُّ الملائكةِ:واتە پەروەردگاری فریشتەکان): ئەمانیش سەربازی خودان وئێمە نایان بینین لە دونیادا. (الرُّوح: مەبەست جبریلە -علیه السلام-): باشترینی فریشتەکانە، بۆیە پێویستە مرۆڤ لە کاتی ڕکوع وسوجدە بردنیدا زۆر ئەم زیکرە بخوێنێت: (سُبُّوحٌ قُدُّوسٌ، ربُّ الملائكةِ والرُّوح). سُبُّوحٌ: لە ناوە پیرۆزەکانى خواى گەورەیە، بە مانای ئەوە دێت: ئەو زاتەیە بەرز وشکۆدارە ودوورە لە هەموو کەموکورتی وعەیبێک وهەموو ئەوانەى لە ئاسمانەکان وزەویدان بە تەسبیح کردن یادی دەکەن. قُدُّوسٌ: لە ناوە پیرۆزەکانى خواى گەورەیە، بە مانای ئەوە دێت: ئەو زاتەیە کە پیرۆز وموبارەکە وپاکە وبەریئە -دوورە- لە هەموو شتێک کە شایەنی ئەو زاتە بەرز وبڵندە نەبێت.
لە عائیشەوە -ڕەزای خوای لێبێت- دەڵێت: پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- هات ژوورەوە بۆ لام، وپیاوێک لە لام بوو، ووتی: «ئەی عائیشە، ئەمە کێیە؟»، ووتم: برامە لە شیرپێدانەوە (برای شیریمە)، فەرمووی: «ئەی عائیشە، ئاگاداربن (ئافرەتان) کێ وەکو براتان دادەنێن؟ چونکە ئەو شیرپێدانە (مارەیی قەدەغە دەکات) کە برسێتی ناهێڵێت*». *(برسێتی ناهێڵێت: مەبەست ئەو شیرپێدانەیە کە لە سەرەتای دوو ساڵی تەمەنی منداڵ دەبێت، وپێنج جار یان زیاتر دەبێت شیرپێدانەکە هەروەکو لە فەرموودەکەى تردا ئاماژەی بۆ کراوە)
بوخاری و موسلیم هاوڕان لەسەریپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- چووە ژوورەوە بۆ لای عائیشە، بینی برایەکی لە لایەتی لە شیرپێدانەوە (برای شیری) -بەڵام پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- سەبارەت بەمە نەیدەزانی-بۆیە ڕەنگی دەموچاوی گۆڕا بەهۆی حەز نەکردنی لەم حاڵەتە و وەکو غیرەتێک لەسەر خێزانەکەى. بەڵام عائیشە -ڕەزاى خواى لێبێت- هەستیکرد بە هۆکاری گۆڕانی حاڵەتی دەموچاوی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم-، بۆیە هەواڵی پێیدا کە ئەو کەسە برایەتی لە شیرپێدانەوە (برای شیریەتی). فەرمووی: ئەی عائیشە، ئاگاداربن (ئافرەتان) کێ وەکو براتان دادەنێن وبە دوای جێگیری مەسەلەکە بگەڕێن لەم بابەتەدا؟ چونکە هەندێک شیرپێدان هەیە نابێت هۆی مەحرەم بوونی کەسێک، چونکە ئەو شیرپێدانە (مارەیی قەدەغە دەکات) کە برسێتی ناهێڵێت*، وگۆشتی بەهۆیەوە زیاد دەکات وئێسک بەهێز دەکات، ئەمیش لەکاتێکدا دەبێت کە منداڵەکە برسی بێت وپێویستی بە شیر بێت وهیچ خواردنێکی تر تێری نەکات، ئەگەر پێنج جار یان زیاتر شیری پێیدا وتەمەنی منداڵەکە دوو ساڵ تێپەڕی نەکردبوو ئەوا لێرەدا دەبێتە مەحرەم، وئەو ئافرەتەى شیری بەو منداڵەی تر داوە کە لە ئافرەتێکی تر بوو وئەم مەرجانەى پێشووی تێدا بووە ئەوا وەکو منداڵی خۆی لێدێت ودەبنە مەحرەمی یەکتر ومنداڵەکە دەبێتە مەحرەمی خێزانی شیرپێدەرەکە، بۆیە دروستە حیجاب نەکات لە کاتی ئامادە بوونی (برای شیری)، ودروستە بە تەنها لەگەڵیدا بمێنێتەوە، ولە سەفەردا لەگەڵیدا بێت، ئەمە ئافرەتە شیرپێدەرەکە ومێردەکەى دەگرێتەوە ومنداڵەکانیان وبراکانیان وخوشکانیان ودایکان وباوکانیان، واتە منداڵە شیرپێدراوەکە دەبێتە مەحرەم لەگەڵ هەموو ئەم کەسە نزیکانەى ئافرەتە شیرپێدەرەکە. *(برسێتی ناهێڵێت: مەبەست ئەو شیرپێدانەیە کە لە سەرەتای دوو ساڵی تەمەنی منداڵ دەبێت، وپێنج جار یان زیاتر دەبێت شیرپێدانەکە هەروەکو لە فەرموودەکەى تردا ئاماژەی بۆ کراوە)
لە عبداللەی کوڕی عومەرەوە -ڕەزای خوای لێبێت- دەڵێت: عومەر خاکێکی دەستکەوت (بوو بە موڵکی) لە خەیبەر، هات بۆ لای پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- بۆئەوەى فەرمانى پێبکات (سەبارەت بە ئەم خاکە)، ووتی: ئەی پێغەمبەری خودا، خاکێکم دەستکەوت (بوو بە موڵکی من) لە خەیبەر، هەرگیز سامانێکم لە لا نەبووە لەوە بە نرختر بێت، ئایا چی فەرمانێکم پێدەکەیت سەبارەتی؟ فەرمووی: «ئەگەر بتەوێت بنچینەى (دەستکەوتەکە) دەهێڵیتەوە (وەکو وەقف)، و(بەرهەمەکەى) دەکەیتە خێر». دەڵێت: کردی بە خێر، بەڵام نابێت بفرۆشرێت، ونابێت وەکو دیاری ببەخشرێت، ونابێت بکرێتە میرات. دەڵێت: عومەر کردی بە خێر لەسەر هەژار، وکەسە نزیکەکان، وبەندەکان، ولە پێناو خواى گەورە، وبۆ ڕێبوارەکان، ومیوانەکان، وڕێگەپێدراوە لەوەى بەڕێوەى دەبات لێی بخوات بە مامناوەندی وبەشی هاوڕێکەى بدات، بەڵام هەوڵی ئەوە نەدات بەهۆیەوە دەوڵەمەند بێت. ولە گێڕانەوەیەکدا: بەرهەمەکەى خەزن نەکات بە مەبەستی ئەوەى دەوڵەمەند بێت.
بوخاری و موسلیم هاوڕان لەسەریعبداللەی کوڕی عومەر -ڕەزای خوای لێبێت- دەڵێت: (عومەر خاکێکی دەستکەوت -بوو بە موڵکی- لە خەیبەر): لێرەدا ئیبن عومەر دەڵێت، عومەر کە باوکێتی ئەمیش وەکو بێڕێزی دانانرێت چونکە بەرامبەر بە باوکی نەیوتووە بەڵکو دەیگڕێتەوە بۆ کەسانێکی تر وبۆ ڕوونکردنەوەى حوکمێکی شەرعیە، وناوهێنانى باوک بەناوى خۆی دەگەڕێتەوە بۆ داب ونەریتی خەڵکی ئەو ناوچەیە، عومەر خاکێکی دەستکەوت (بوو بە موڵکی) لە خەیبەر لە سەد پشک پێکهاتبوو ئەمیش بەهۆی چاکی وباشی ئەو خاکە، وهاوەڵان -ڕەزای خوایان لێبێت- پێشبڕکێیان دەکرد بۆ ئەنجامدانى کردەوە چاکەکان بە شێوەیەکی گشتی وهەروەها ئەو کردەوە چاکانەش کە دەمێننەوە لە پاش مردن، ئیمامی عومەر -ڕەزای خوای لێبێت- هات بۆ لای پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ئەمیش وەکو هیوایەک بۆ بەدەستهێنانى ئەو چاکە باسکراوە، کە خواى گەورە دەفەرموێت: {لَنْ تَنَالوا البِرً حَتًى تُنْفِقُوا مِمًا تُحِبونَ} [آل عمران: 92] واتە: {ئێوە ھەرگیز بە خێر وچاکە ناگەن (وە دەسگیرتان نابێت) تا نەیبەخشن ھەندێک لەو داراییەی کە خۆشتان دەوێت}، داواى ڕێنموێنی لە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەکات لە شێوازى مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم خاکە بۆئەوەى وەکو خێر بیبەخشێت لە پێناوى خواى گەورە، ئەویش -صلى اللە علیە وسلم- ئاماژەی بۆ کرد بە باشترین شێوازەکانى خێرکردن، ئەویش ئەوەیە بنچینەى (خاکەکە) دەهێڵێتەوە (وەکو وەقف) لە لای خۆی، بۆیە ئیمامی عومەریش خاکەکەى وەکو (وەقف) دانا، نە دەفرۆشرێتەوە ونە وەکو دیاری دەبەخشرێت، ونە دەبێتە میراتیش یان جگە لەمانە لە بەکارهێنانەکان کە دەبێتە هۆی گواستنەوەى خاوەندارێتی (موڵکیەتی) ئەم خاکە بۆ کەسێکی تر، بەڵکو بەرهەمەکەى دەکرێت بە خێر ودەبەخشرێت بە هەژاران وکەسە نزیکەکان، ویان بەهۆیەوە بەندە (کۆیلە) ئازاد دەکرێت، یان دیەی پێدەدرێتەوە لەسەر ئەوانەى واجبە لەسەریان دیە بدەن، ویارمەتی موجاهیدانی پێدەدرێت کە جیهاد دەکەن لە پێناو سەرخستنی وشەی خواى گەورە (سەرخستنی ئاینی ئیسلام)، وبەرهەمەکەى دەبەخشرێت بە ڕێبوارانیش ئەوانەی خۆراک وقوتیان پێنەماوە لە سەفەریاندا بۆ خاکێکی تر، وهەروەها دەبەخشرێت بە میوانەکان؛ چونکە ڕێزگرتن لە میوان لە ئیمانەوەیە، ئەو کەسەی خاکەکە بەڕێوە دەبات وخزمەتی دەکات؛ ئەوا دروستە بۆی لە بەرهەمەکانى خاکەکە بخوات بەڵام بەشێوەیەکی مامناوەند وبە پێی پێویست، ولێی دەبەخشێت بە هاوڕێیانی؛ بەبێ ئەوەى بەرهەمەکانى بەکاربهێنێت بۆ خۆ دەوڵەمەند کردن، چونکە ئەم خاکە دانراوە بە خەرجکردنی لە ڕێگای خێر وچاکەکاری، نەک بۆ خۆ دەوڵەمەندکردن وپارە پەیداکردن، تێبینیەک: (وەقف) ئەوەیە مسوڵمان سامانێکی جا هەرشتێک بێت دەیبەخشێت بە لایەنێک لە لایەنەکان؛ بۆئەوەى بەڕێوەى ببەن، بۆ نمونە خاکێک بەروبوومی کشتوکاڵی هەیە، ئەو لایەنە بەرهەمەکانى وەکو خێر دەبەخشێت بە هەژاران وپێویستان، وبنچینەی خاکەکە (شتەکە) دەمێنێتەوە ونابێت بفرۆشرێت وبە دیاری ببەخشرێت یان ببێتە میرات.