





























Hadeeth Cards
Da'wa cards that highlight great meanings from the noble prophetic hadiths in a simple style and attractive display that helps the Muslim to have a deeper understanding of his religion in an easy way
All
لە ئەبی ئومامەوە -ڕەزای خوای لێبێت- کە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «پەروەردگارم پەیمانی پێدام کە حەفتا هەزار لە ئومەتەکەم بکاتە بەهەشتەوە بە بێ لێپرسینەوە وبە بێ سزادان، و لەگەڵ هەر هەزارێک لەوانە حەفتا هەزاری تر، وسێ پڕچنگ لە پڕچنگەکانى پەروەردگارم».
ئیبنو ماجه گێڕاویەتیەوە - تورموذی گێڕاویەتیەوە - ئەحمەد گێڕاویەتیەوەپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- باسی ئەوە دەکات کە پەروەردگار -سبحانه وتعالى- پەیمانی ئەوەى پێداوە کە حەفتا هەزار لەم ئومەتە بچنە بەهەشتەوە بە بێ لێپرسینەوە وبە بێ سزا، وحەفتا هەزار لە گەڵ هەر هەزارێک لەم حەفتا هەزار دەچنە بەهەشتەوە، واتا هەر کەسێک لەم حەفتا هەزارەی سەرەتا حەفتا کەس لەگەڵ خۆی دەباتە بەهەشتەوە، وخواى گەورە بە پڕچنگی پیرۆزی خۆی سێ پڕچنگ لە مسوڵمانانى ئەم ئومەتە دەکاتە بەهەشتەوە.
لە ئیبن عەباسەوە -ڕەزای خوای لێبێت- کە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «ڕەحم (پەیوەندی خزمایەتی) خۆی هەڵواسیوە بە (حوجزەت)ی* خودای میهرەبانەوە (الرحمان)ەوە، وخودا پەیوەندی دەبەستێت لەگەڵ ئەو کەسەی پەیوەندی خزمایەتی دەگەیەنێت، وپەیوەندی دەپچڕێنێت لەگەڵ ئەو کەسەی پەیوەندی خزمایەتی ناگەیەنێت». *(حوجزەت: شوێنی بەستن وتوندکردنی ئیزاری خوارەوەیە لە کەمەردا وەکو بۆ نمونە بەنەخوێن بۆ شەرواڵ وقایش بۆ پانتۆڵ، وخودا حوجزەتی هەیە بەڵام نازانین چۆنە ودروست نییە چواندنی بە بوونەوەر ودروستکراوەکان یان لێکدانەوەی واتایەکی تر بۆی یان پەکخستنی واتاکە ڕاستەقینەکەی هاوشێوەى سیفەتەکانى تر)
ئەحمەد گێڕاویەتیەوەڕەحم (پەیوەندی خزمایەتی) پەیوەندی هەیە بە خواى گەورە، وناوى ڕەحم لە ناوى خودا (الرحمان)ەوە هاتووە، وئەم فەرموودەیە لە ڕیزی ئەو فەرموودانەیە کە باسی سیفەتەکانى خواى گەورە، کە پێشەوایان باسی ئەوەیان کردووە کە دەبێت بەو شێوەیە وەربگیرێت کە هاتووە، و وەڵامی ئەوانەیان داوەتەوە کە مانا ئاشکراکەی ڕەت دەکەنەوە، (حوجزەت)* لەو سیفەتانەیە کە دەبێت باوەڕمان پێی هەبێت بە بێ لێکدانەوەی چۆنیەتی وبە بێ پەکخستنی واتا ڕاستەقینەکەى وبە بێ لادانى لە واتا ڕاستەقینەکەى وبە بێ چواندنی بە بوونەوەر ودروستکراوەکان، باوەڕمان وایە کە ڕەحم (کە پەیوەندی خزمایەتیە) خۆی هەڵدەواسێت بە حوجزەتی خوداى میهرەبانەوە، وخواى گەورە پەیوەندی دەبەستێت لەگەڵ ئەو کەسەی پەیوەندی خزمایەتی دەگەیەنێت، وپەیوەندی دەپچڕێنێت لەگەڵ ئەو کەسەی پەیوەندی خزمایەتی ناگەیەنێت، وئەو کەسەی خواى گەورە پەیوەندی لەگەڵ بپچڕێنێت واتە دوابڕاوە وخێری بۆ نایەت و لەگەڵ دوژمنی خودایە کە شەیتانى نەفرینلێکراوە، وئەگەر هەموو خەڵکی بیانەوێت پەیوەندی لەگەڵ ببەستن سوودیان بۆی هەبێت ئەوا ئەمە هیچ سوودێکی بۆی نابێت. *(حوجزەت: شوێنی بەستن وتوندکردنی ئیزاری خوارەوەیە لە کەمەردا وەکو بۆ نمونە بەنەخوێن بۆ شەرواڵ وقایش بۆ پانتۆڵ، وخودا حوجزەتی هەیە بەڵام نازانین چۆنە ودروست نییە چواندنی بە بوونەوەر ودروستکراوەکان یان لێکدانەوەی واتایەکی تر بۆی یان پەکخستنی واتاکە ڕاستەقینەکەی هاوشێوەى سیفەتەکانى تر)
لە ئەبی هورەیرەوە -ڕەزای خوای لێبێت- کە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «خودا بوونەوەرەکانى دروستکرد، کاتێک خوڵقاندنیان تەواو بوو، ڕەحم (پەیوەندی خزمایەتی) هەستا وخۆی هەوڵواسی بە (حەقو)*ی خواى میهرەبانەوە (الرحمان)ەوە، خودا فەرمووی: ئەوە چییە؟ (حەقو) ووتی: ئەمە پەناگەی کەسێکە کە پەنا دەگرێت لە پچڕاندنی پەیوەندی خزمایەتی، خودا فەرمووی: «ئایا ڕازی دەبیت ئەگەر پەیوەندیم هەبێت لەگەڵ ئەو کەسەی پەیوەندی تۆ دەگەیەنێت، وپەیوەندی بپچڕێنم لەگەڵ ئەو کەسەی پەیوەندی تۆ دەپچڕێنێت»، ووتی: بەڵێ، ئەی پەروەردگار، خودا فەرمووی: «دەی بڕیار بێت ئەوە بۆ تۆ بێت». پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: بیخوێننەوە ئەگەر ویستتان: {فَهَلۡ عَسَيۡتُمۡ إِن تَوَلَّيۡتُمۡ أَن تُفۡسِدُواْ فِي ٱلۡأَرۡضِ وَتُقَطِّعُوٓاْ أَرۡحَامَكُمۡ} واتە: {جا ئایا ئێوە بەتەمان (ئەی ناپاکان) ئەگەر پشت ھەڵبکەن (لە ئیسلام وجیھاد) ولە زەویدا ئاژاوە وخراپە بەرپا بکەن وھەرچی پەیوەندی خزمایەتیە بیپچڕێنن}. ولە گێڕانەوەکەی (بوخاریدا): خودا فەرمووی: «ئەوەى پەیوەندی تۆ بگەیەنێت (پەیوەندی خزمایەتی بگەیەنێت) منیش پەیوەندی لەگەڵ دەبێت، وئەوەى پەیوەندی تۆ بچڕێنێت (پەیوەندی خزمایەتی بپچێڕێنێت) منیش پەیوەندی لەگەڵ دەپچڕێنم» *(حەقو: شوێنی بەستن وتوندکردنی ئیزاری خوارەوەیە لە کەمەردا وەکو بۆ نمونە بەنەخوێن بۆ شەرواڵ وقایش بۆ پانتۆڵ، وخودا حەقوی هەیە بەڵام نازانین چۆنە ودروست نییە چواندنی بە بوونەوەر ودروستکراوەکان یان لێکدانەوەی واتایەکی تر بۆی یان پەکخستنی واتاکە ڕاستەقینەکەی هاوشێوەى سیفەتەکانى تر)
بوخاری و موسلیم هاوڕان لەسەری(خودا بوونەوەرەکانى دروستکرد، کاتێک خوڵقاندنیان تەواو بوو): واتا كاتێک تەواو بوو لە دروستکردنی هەموو بوونەوەرەکان ئەمیش بەڵگەیە بۆ ئەوەى کە ئەو ماوەی دروستکردنە دیاریکراو بوو، وهەرچەندە تواناى خواى گەورە هیچ سنوورێکی نییە، هیچ شت وکاروبارێک نابێتە هۆی ئەوەى شت وکاروبارەکانى تر جێبەجێ نەکات لە یەک کاتدا، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا دانایی خودا بەو شێوەیە بووە کە ماوەیەک دیاری بکرێت بۆ ئەو دروستکردنانە، وئەمیش بەڵگەیە لەسەر ئەوەى کە کردەوەکانى خودا پەیوەستە بە ویستی زاتی مەزنیەوە، وهەرکاتێک بیەوێت شتێک ئەنجامبدات ئەنجامی دەدات. ومانای (تەواو بوو) ئەوە نییە کە خودا تەواو هەموو شتێکی دروستکرد وئیتر شتی تر دروست ناکات، بەڵکو دروستکراوەکانى زۆرتر دەبن ماوە دواى ماوە، بەڵام پێشتر زانستی هەبووە سەبارەت بە دروستکردنیان، ولە قەدەردا نووسیویەتی، وپاشان بە پێی ویستی خۆی دروستدەکرێن، بۆیە هیچ شتێک جێبەجێ نابێت مەگەر ئەوانە نەبێت کە پێشتر زانستی سەبارەت هەبووە ولە قەدەردا نووسیویەتی، وپاشان ویستی لەسەر بوونیان هەبووە وهێنراونەتە بوون. (ڕەحم -پەیوەندی خزمایەتی- هەستا وخۆی هەوڵواسی بە -حەقو-*ی خواى میهرەبانەوە (الرحمان)ەوە، خودا فەرمووی: ئەوە چییە؟): ئەم کردەوانە دەخرێنە پاڵ -حەقو- لە هەستان وخۆهەڵواسین و قسەکردن، واتاى ئاشکرای فەرموودەکە وەکو هەقیقەتی خۆی وەردەگرێت، هەرچەندە ڕەحم بە ماناى گەیاندنى پەیوەندی خزمایەتی دێت لە نێو خەڵکیدا، بەڵام توانا ودەسەڵاتی خودا بەوەى مرۆڤ دەیزانێت ناپێورێت، وئەمیش لە ڕیزی ئەو فەرموودانەیە کە باسی سیفەتەکان دەکات، هەروەکو پێشەوایان فەرموویانە بەو شێوەیە دەگێڕدرێتەوە کە هاتووە، و وەڵامی ئەوانەیان داوەتەوە کە ئاماژەکانی ڕەتدەکەنەوە ونەفی لێدەکەن، وماناى ئاشکرای ئەم فەرموودە ئەوە ناگەیەنێت کە خودا جلی ئیزار وچارۆکەى هەیە وەکو ئەو پۆشاکەى کە خەڵکی دەیپۆشن، کە لە پێست ولۆکە وجگە لەمانە دروستدەکرێن، خواى گەورە دەفەرموێت: {لَيۡسَ كَمِثۡلِهِۦ شَيۡءٞ وَهُوَ ٱلسَّمِيعُ ٱلۡبَصِيرُ} واتە: { ھیچ شتێك بە وێنەی خودا نیە (نە لە زات ونە لەسیفات ونە لە کرداریدا) وئەو بیسەر وبینایە}. (-حەقو- ووتی: ئەمە پەناگەی کەسێکە کە پەنا دەگرێت لە پچڕاندنی پەیوەندی خزمایەتی): ئەمە گەورەترین پەناگەیە، وئەوەى پەنا بە خودا بگرێت پەنای بە مەزنترین زات گرتووە، وئەمیش بەڵگەیە لەسەر گەورەیی تاوانى پچڕانی پەیوەندی خزمایەتی، وگەیاندنی پەیوەندی خزمایەتی چاکەکارییە بەرامبەر خزمەکان، وهۆکاری زیادبوونی خۆشەویستی ونزیکبوونەوە وهاوکارییە، وهۆکارە بۆ لادانى زیان وئازار لەسەریان، وپێداگیر بوونە لەسەر هێنانى سوودی دونیا ودواڕۆژ بۆیان. (خودا فەرمووی: «ئایا ڕازی دەبیت ئەگەر پەیوەندیم هەبێت لەگەڵ ئەو کەسەی پەیوەندی تۆ دەگەیەنێت، وپەیوەندی بپچڕێنم لەگەڵ ئەو کەسەی پەیوەندی تۆ دەپچڕێنێت»، ووتی: بەڵێ، ئەی پەروەردگار، خودا فەرمووی: «دەی بڕیار بێت ئەوە بۆ تۆ بێت»): ئەوەى پەیوەندی خزمایەتی بگەیەنێت؛ خواى گەورە پەیوەندی لەگەڵ ئەو دەگەیەنێت وڕەحمی پێدەکات، وئەوەى خواى گەورە پەیوەندی لەگەڵدا هەبێت ئەوا هەموو خێر وئاسوودەیەکی بۆ دەبێت لە دونیا ودواڕۆژدا، وبێگومان کۆتایی ئەم ڕەحمەتە جێگیربوونە لە نزیک پەروەردگار لە بەهەشتی فیردەوسدا، چونکە سەرەنجامی گەیاندنی پەیوەندی خزمایەتی چوونە بەهەشتە کە لەوێدا بەندە سەیری ڕووی پیرۆزی پەروەردگاری بەخشندە دەکات، وئەوەى پەیوەندی خزمایەتی نەگەیەنێت ئەوا خواى گەورەش پەیوەندی لەگەڵ ئەو دەپچڕێنێت، وئەوەى خودا پەیوەندی لەگەڵ بپچڕێنێت ئەوا دوژمنی خودایە ولەگەڵ شەیتانى دەرکراوی نەفرەتلێکراوە.
لە ئەبی سەعیدی خودریەوە -ڕەزای خوای لێبێت- کە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «(پردی سیرات) لەسەر پشتی دۆزەخ دادەنرێت، ودڕکی لەسەرە وەکو دڕکی سەعدان، پاشان خەڵکی بەسەریدا تێپەڕ دەبێت، هەیە بە سەلامەتی ڕزگاری دەبێت، وهەیە بە بریندارییەوە ڕزگاری دەبێت، وهەیە دەکەوێتەوە ناو دۆزەخەوە، ئەگەر خواى گەورە دادوەری تەواو کرد لە نێوان بەندەکاندا، ئیمانداران کەسانێک نادۆزنەوە کە لە دونیادا لەگەڵیان نوێژیان دەکرد وەکو ئەوان، وزەکاتیان دەدا وەکو ئەوان، وڕۆژوویان دەگرت وەکو ئەوان، وحەجیان دەکرد وەکو ئەوان، ولە پێناو خواى گەورە دەجەنگان (جیهادیان دەکرد) وەکو ئەوان، (ئیمانداران) دەڵێن: ئەی پەروەردگارمان، هەندێک لە بەندەکانت لەگەڵ ئێمە بوون لە دونیادا ئێستا نایانبینین، نوێژیان دەکرد وەکو ئێمە، وزەکاتیان دەدا وەکو ئێمە، وڕۆژوویان دەگرت وەکو ئێمە، وحەجیان دەکرد وەکو ئێمە، ولە پێناو خواى گەورە دەجەنگان (جیهادیان دەکرد) وەکو ئێمە، (پەروەردگار) دەفەرموێت: بچن سەیری دۆزەخ بکەن، هەرکەسێک لەوانەتان بینی دەری بکەن (لە دۆزەخ). دەیاندۆزنەوە، نقوم بوون لە دۆزەخدا بە پێی کردەوەکانیان، هەندێکیان هەتا لای پێیەکانى نقوم بووە لە دۆزەخدا، وهەندێکیان هەتا لای نیوەی ساقی* نقوم بووە لە دۆزەخدا، وهەندێکیان هەتا لای ئەژنۆکانى نقوم بووە لە دۆزەخدا، وهەندێکیان هەتا لای سینگی نقوم بووە لە دۆزەخدا، وهەندێکیان هەتا لای کەمەری نقوم بووە لە دۆزەخدا، وهەندێکیان هەتا لای ملی نقوم بووە لە دۆزەخدا، بەڵام دەموچاویان نقووم نەبووە لە دۆزەخدا، بۆیە دەریاندەکەن لە دۆزەخ وفڕێدەدرێنە نێو (ئاوی ژیانەوە)». ووترا: ئەی پێغەمبەری خودا، ئایا (ئاوی ژیان) چییە؟ فەرمووی: «شوێنی شۆردنی خەڵکی بەهەشتە (ئەهلی بەهەشتە)، بۆیە چەکەرە دەکەن ودەڕوێنەوە هەروەکو چۆن ڕووەک چەکەرە دەکات ودەڕوێت» لە گێڕانەوەیەکی تردا -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: «لەو شوێنەدا (لە ئاوی ژیان) چەکەرە دەکەن ودەڕوێنەوە هەروەکو ڕووەکێک بەهۆی بارانێکی زۆرەوە چەکەرە دەکات ودەڕوێت، پاشان پێغەمبەران شەفاعەت دەکەن بۆ هەرکەسێک شاهێدی دابێت بە (ﻻ إله إﻻ الله) بە دڵسۆزی لە دڵیەوە دەریدەهێنن (لە دۆزەخ)»، فەرمووی: «پاشان خواى گەورە ڕەحم وبەزەیی دێتەوە بە ئەوانەی تێیدان، بۆیە ناهێڵێت هیچ بەندەیەک تێیدا بمێنێتەوە ئەگەر بە هێندەی کێشی گەردیلەیەک ئیمان لە ناو دڵیدا هەبێت». *(ساق: نیوەی خوارەوەى قاچەکانە، ئەو پارچە ئێسکە درێژەیە کە ئەژنۆکان بە پێیەکان وگوێزنگەکانەوە دەبەستێت، وهەروەها لە زمانی کوردیدا -لاق- یشی پێ دەووترێت)
ئیبنو ماجه گێڕاویەتیەوە - ئەحمەد گێڕاویەتیەوەلە ڕۆژی قیامەتدا خواى گەورە (پردی سیرات) لەسەر دۆزەخ دادەنێت، و لەسەر ئەم پردە دڕکی ڕەق هەیە، وپاشان فەرمان بە خەڵکی دەکرێت بۆ تێپەڕبوون بەسەریدا، وتێیاندایە بە ئەوپەڕی سەلامەتی ڕزگاری دەبێت وناچێتە دۆزەخەوە، وهەیانە تووشی ئازار وبرین دەبێت بەڵام هەر ڕزگاری دەبێت وناچێتە دۆزەخەوە، وهەیانە دەکەوێتە ناو دۆزەخەوە. ئەگەر خواى گەورە تەواو بوو لە لێپرسینەوە لە بەندەکانی وئەهلی بەهەشت چوونە بەهەشت وئەهلی دۆزەخ چوونە دۆزەخەوە، ئیماندارانی ئەهلی بەهەشت کەسانێک نادۆزنەوە کە لە دونیادا لەگەڵ ئەوا نوێژیان دەکرد وڕۆژوویان دەگرت وحەج وجیهادیان دەکرد، بە خواى گەورە دەڵێن: ئێمە ئەو خەڵکانە نابینین ئەگەرچیش لە دونیادا لەگەڵ ئێمە نوێژیان دەکرد وڕۆژوویان دەگرت وحەج وجیهادیان دەکرد، خواى گەورە پێیان دەفەرموێت: بچن بۆ دۆزەخ، ئەگەر کەسێک لەوانەتان دۆزیەوە دەریبهێنن. بۆیە دەبینن بە گوێرەی کردەوەکانیان ئاگر تووشیان بووە، هەیانە ئاگر هەتا پێیەکانى هاتووە، وهەیانە ئاگر هەتا نیوەى ساقی* هاتووە، وهەیانە ئاگر هەتا ئەژنۆکانى هاتووە، وهەیانە ئاگر هەتا کەمەری هاتووە، وهەیانە ئاگر هەتا لای سینگی هاتووە، وهەیانە ئاگر هەتا لای ملی هاتووە، بەڵام ئاگر تووشی دەموچاویان نەبووە، بۆیە تکا شەفاعەتیان بۆ دەکەن، ولە دۆزەخ دەردەکرێن ودەخرێنە نێو (ئاوی ژیانەوە - ماء الحیاة)، ئاوێکە هەرکەسێک بخرێنە ناویەوە زیندوو وگەش دەبێتەوە، بۆیە دەڕوێن وگەش وسەلامەت دەبنەوە هەروەکو چۆن ڕووەکێک دەڕوێت بەهۆی بارانەوە. پاشان پێغەمبەران -علیهم الصلاة والسلام- شەفاعەت دەکەن بۆ هەرکەسیک وتبێتی (ﻻ إله إﻻ الله) بە دڵسۆزی وئیخلاصەوە لە دڵیەوە؛ ولە دۆزەخ دەریاندەهێنن، پاشان خواى گەورە بەزەیی وڕەحمی بە بەندەکانى دێتەوە بۆیە هەرکەسێک بە هێندەی کێشی گەردیلەیەک ئیمان لە دڵیدا هەبێت لە دۆزەخ دەریدەهێنێت. *(ساق: نیوەی خوارەوەى قاچەکانە، ئەو پارچە ئێسکە درێژەیە کە ئەژنۆکان بە پێیەکان وگوێزنگەکانەوە دەبەستێت، وهەروەها لە زمانی کوردیدا -لاق- یشی پێ دەووترێت)
لە ئەبی سەعیدی خودریەوە -ڕەزای خوای لێبێت- کە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «پەروەردگارمان ساقی* خۆی ئاشکرا دەکات، بۆیە هەموو ئیماندارێک سوجدەی بۆ دەبات، وتەنها ئەوانە دەمێننەوە کە لە دونیدا بۆ ڕیا (ڕوپامایی) و خۆدەرخستن سوجدەیان دەبرد، دەچن بۆ ئەوەى سوجدە ببەن بەڵام پشتیان ڕەق دەبێتەوە هەروەکو ئەوە وایە یەک ئێسک بێت (پشتی هەمووی وەکو یەک بڕبڕەی لێدێت)». *(ساق: نیوەی خوارەوەى قاچەکانە، ئەو پارچە ئێسکە درێژەیە کە ئەژنۆکان بە پێیەکان وگوێزنگەکانەوە دەبەستێت)
بوخاری و موسلیم هاوڕان لەسەریپەروەردگار -سبحانه وتعالى- ساقی* پیرۆزی خۆی ئاشکرا دەکات، هەموو ئیماندارێک سوجدەی بۆ دەبات، بەڵام مونافیقەکان ئەوانەى کە لە دونیادا سوجدەیان دەبرد بۆ ئەوەى خەڵکی بیانبینێت، سوجدە برندنیان لێ قەدەغە دەکرێت، وپشتیان وەکو یەک بڕبڕەی لێدێت (وەکو یەک ئێسکی لێدێت)، ناتوانن خۆیان بچەمێننەوە وسوجدە ببەن چونکە ئەوان لە ڕاستیدا لە دونیادا سوجدەیان بۆ خواى گەورە نەدەبرد بەڵکو سوجدەیان دەبرد بۆ مەرامی دونیایی وبۆ ئەوەی خەڵکی بیانبینێت، ونابێت ساق بە واتایی سەختی وناڕەحەتی یان جگە لەمانە لێبکدرێتەوە، بەڵکو دەبێت باوەڕمان بەوە هەبێت کە خواى گەورە ساقی هەیە ئەمیش بە بێ لێکدانەوەى چۆنیەتی وبە بێ چواندنى بە دروستکراوەکان، وبە بێ لێکدانەوە ولادانى لە واتا ڕاستەقینەکەی وبە بێ نەهێشتن وپەکخستنی واتا ڕاستەقینەکەى. *(ساق: نیوەی خوارەوەى قاچەکانە، ئەو پارچە ئێسکە درێژەیە کە ئەژنۆکان بە پێیەکان وگوێزنگەکانەوە دەبەستێت)
لە عبداللەی کوڕی عەمرو كوڕی عاسەوە -ڕەزای خوایان لێبێت- دەڵێت: پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ئەگەر بڕۆشتایەتە ناو مزگەوتەوە، دەیفەرموو: «(أعوذ بالله العظيم، وبوجهه الكريم، وسلطانه القديم، من الشيطان الرجيم)^» (كەسێك) ووتی: هەر ئەوەندەی ووت؟ ووتم: بەڵێ، دەڵێت: ئەگەر ئەم زیکرە بخوێنێت ئەوا شەیتان دەڵێت: پارێزراوە لە من بە درێژایی ڕۆژەکە. ^(واتە: پەنا دەگرم؛ بە خوداى مەزن وبە ڕووی بەخشندەی وبە دەسەڵاتی هەمیشەیی وبێسنووری لە شەیتانى نەفرینلێکراو)
(أبو داود) ڕیوایەتی كردووەپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ئەگەر بچووایەتە نێو مزگەوتەوە ؛ دەیفەرموو: (أعوذ بالله العظيم) واتە: (پەنا دەگرم؛ بە خوداى مەزن) ؛ پەنا دەگرم بە الله وسیفەتەكانی. (وبوجهه الكريم) واتە: (وپەنا دەگرم؛ بە ڕووی بەخشندەی) ؛ كە پەروەردگارێكی بەخشندە وبەخشەرە. (وسلطانه) واتە: (وپەنا دەگرم؛ بە دەسەڵاتی) ؛ زاڵبوون وهێز وتوانای بەسەر هەركەسێكدایە كە بیەوێت لە خوڵقێنراوەكانی. (سلطانه القديم) واتە: (وبە دەسەڵاتی هەمیشەیی وبێسنووری) ؛ كە دەسەڵاتی ئەزەلیە وهەربوونی هەبووە لەسەرەتاوە بۆ هەتاهەتایە. (من الشيطان الرجيم) واتە: (پەنا دەگرم بە خودا لە شەیتانى نەفرینلێکراو) ؛ كە ئەم شەیتانە دوورخراوەتە ودەركراوە لە ڕەحمەتی الله، هەروەها بە مانای ئەوە دێت: خودایە بمپارێزە لە شەیتان وقسە و وەسوەكانی وگومڕاكردن وبەلادابردنی، چونكە ئەو هۆكاری گومڕاكردنە وهاندەرە بۆ لاڕێی ونەفامی، بە عبد الله ی كوڕی عەمرو ووترا: ئایا پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- تەنها ئەمەی فەرموو؟ ووتی: بەڵێ. ئەگەر مسوڵمان ئەم نزایە بڵێت لەكاتی چوونە نێو مزگەوت؛ شەیتان دەڵێت: ئەم كەسە خۆی لە من پاراست لە هەموو كاتەكدا؛ لە ڕۆژ وشەودا.
لە موغیرەی کوڕی شوعبەوە -ڕەزای خوای لێبێت- دەڵێت: سەعدی کوڕی عوبادە -ڕەزای خوای لێبێت- ووتی: ئەگەر پیاوێک ببینم لەگەڵ خێزانەکەم ئەوا بە شمشێر لێی دەدەم (دەیکوژم)، ئەم باسە گەیشتە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- وفەرمووی: «ئایا سەرسامن بە غیرەتی سەعد، والله من لە سەعد غیرەتم زیاترە، وخواى گەورە غیرەتی لە من زیاترە، بەهۆی غیرەتیەوە خواى گەورە بێڕەوشتی قەدەغە وحەرام کرد؛ ئەوانەى ئاشکران وئەوانەش کە شاراوەن، وهیچ شەخسێک وەکو خواى گەورە بە غیرەت نییە، وهیچ شەخسێک بیانوو هێنانەوە وئاگادار کردنەوەى پێخۆش نییە وەکو خواى گەورە؛ بۆیە پێغەمبەرانی ناردووە کە موژدە دەدەن وهەڕەشە وئاگاداری دەدەن، وهیچ شەخسێک ستایشکردنی پێخۆش نییە وەکو خواى گەورە بۆیە پەیمانی چوونە بەهەشتی داوە (بە ئیمانداران)».
بوخاری و موسلیم هاوڕان لەسەریسەعدی کوڕی عوبادە دەڵێت: ئەگەر پیاوێک بە تەنها ببینم لەگەڵ خێزانەکەم ئەوا بە شمشێرەکەم لێی دەدەم، واتا دەیکوژم بە بێ وەستان، ئەمیش بەهۆی غیرەتی سەعد بووە، وماناى ئەوە نییە کە پێغەمبەر -صلى الله علیه وسلم- ڕازی بووە لەسەر ئەم قسەیەی چونکە لە گێڕانەوەیەکی تردا هاتووە لە (مسلم): (أنَّ سَعْدَ بنَ عُبَادَةَ الأنْصَارِيَّ، قالَ: يا رَسولَ اللهِ، أَرَأَيْتَ الرَّجُلَ يَجِدُ مع امْرَأَتِهِ رَجُلًا أَيَقْتُلُهُ؟ قالَ رَسولُ اللهِ صَلَّى اللَّهُ عليه وسلَّمَ: لَا، قالَ سَعْدٌ: بَلَى، وَالَّذِي أَكْرَمَكَ بالحَقِّ، فَقالَ رَسولُ اللهِ صَلَّى اللَّهُ عليه وسلَّمَ: اسْمَعُوا إلى ما يقولُ سَيِّدُكُمْ) واتە: (سەعدی کوڕی عوبادەی ئەنساڕی ووتی: ئەی پێغەمبەری خودا، پێم بڵێ ئەگەر پیاوێک پیاوێکی تر ببینێت لەگەڵ ئافرەتەکەى (بە تەنها) ئایا بیکوژێت؟ پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: نەخێر، سەعید ووتی: بەڵێ، سوێند بە ئەوەى تۆ بە هەق ناردووە، پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: گوێبگرن گەورەکەتان چی دەڵێت)، ولێرەدا پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- سەرسوڕمانی خۆی دەردەبڕێت لە غیرەتی سەعد وماناى ئەوە نییە هەرکەسێک پیاوێکی لەگەڵ ئافرەتەکەى بینی دەستبەجێ بیکوژێت چونکە لەوەیە گومانێک یان هەڵە تێگەیشتنێک هەبێت، وئەمیش نیشانەى غیرەتی سەعدە وپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- باسی ئەوە دەکات کە ئەو لە سەعد بە غیرەتترە، وخودا بە غیرەتترە لە ئەو، وغیرەتی خودا وەکو سیفەتەکانى تری خودایە کە تایبەتە بە خودا، ولە غیرەتی بوونەوەرەکان ناچێت، بەڵکو سیفەتێکە شایستەی زاتی مەزنی خودایە، وەکو: توڕەیی وڕازی بوون وسیفەتەکانى تر، وشەی (شەخس - شخص) بە واتاى بەرز وبڵند وگەورە ومەزن دێت وخواى گەورە لە سەرووی بوونەوەرەکانەوەیە ودەسەڵاتی هەیە بە سەر هەموو شتێکدا بۆیە بەکارهێنانى وشەی (شەخس - شخص) کە بە مانای بەرزی وبڵندی ومەزنی دێت هیچ شتێکی تێدا نییە بە پێی بنچینەکانى ئەهلی سونە کە ئەو دەقانە بەکاردەهێنن وپشتی پێدەبەستن کە خودا یان پێغەمبەرەکەى فەرموویانە. پاشان پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: (بەهۆی غیرەتیەوە خواى گەورە بێڕەوشتی قەدەغە وحەرام کرد؛ ئەوانەى ئاشکران وئەوانەش کە شاراوەن): واتا بەهۆی غیرەتەوە خودا قەدەغەی کردووە لەسەر بەندەکانى کە نزیکی تاوان وبێڕەوشتی بکەونەوە، وئەم تاوانانەش ئەوانەن کە تاوانی گەورەن بە لای ئەو کەسانەى کە نەفس ودەروونیان پاکە وئەقڵیان سەلامەتە وەکو تاوانی زینا. (ئەوانەى ئاشکران): ئەو تاوانەن کە بە ئاشکرا ئەنجامدەدرێن کە تاوانى ئەندامەکان دەگرێتەوە ئەگەر چی لە شوێنێکی نهێنیش بێت. (وئەوانەش کە شاراوەن): ئەو تاوانەن کە لە نهێنیدا ئەنجامدەدرێن وهەروەها تاوانەکان وخیانەتەکانی چاو ودڵیش دەگرێتەوە کە تەنها خودا دەیبینێت وپێی دەزانێت. (وهیچ یەکێک بیانوو هێنانەوە وئاگادار کردنەوەى پێخۆش نییە وەکو خواى گەورە؛ بۆیە پێغەمبەرانی ناردووە کە موژدە دەدەن وهەڕەشە وئاگاداری دەدەن): واتا پێغەمبەرانی ناردووە بۆ ئەوەى خەڵکی بیانوو وعوزریان هەبێت وئاگاداریان بکاتەوە، پێش ئەوەى سزایان بدات، هەروەکو خواى گەورە دەفەرموێت: {رُّسُلٗا مُّبَشِّرِينَ وَمُنذِرِينَ لِئَلَّا يَكُونَ لِلنَّاسِ عَلَى ٱللَّهِ حُجَّةُۢ بَعۡدَ ٱلرُّسُلِۚ وَكَانَ ٱللَّهُ عَزِيزًا حَكِيمٗا} واتە: {پێغەمبەرانمان ناردووە بۆ ئەوەى موژدەدەر وترسێنەر بن، بۆ ئەوەی بۆ خەڵکی نەبێت بەڵگەیان بۆ نەمێنێت بەسەر خوداوە لە پاش (ناردنی) پێغەمبەران وخودا ھەمیشە شکۆدار ودانایە}. (وهیچ کەسێک ستایشکردنی پێخۆش نییە وەکو خواى گەورە بۆیە پەیمانی چوونە بەهەشتی داوە -بە ئیمانداران-): ئەمیش بەهۆی ئەوپەڕی بێخەوشی وکامڵبوونی، وخودا پێی خۆشە کە بەندەکانى ستایشی بکەن لەسەر فەزڵەکانى وبەخشینەکانى، بۆیە جۆرەها نیعمەتی پێبەخشیوون ولێیان ڕازی دەبێت ئەگەر حەمد وسوپاسی بکەن بەهۆی ئەو نیعمەتانەوە، وهەرچەندە بەندەکان ستایش وسوپاسی خودا بکەن ئەوا ناتوانن بگەن بە ئەو ئاستەی کە خودا شایستەیە بە حەمد وسوپاس وستایشکردن وپەرستن، بۆیە وەسفی خۆی کردووە، وپەیمانى بەهەشتی داوە بۆ ئەوەى بەندەکان زۆر داواى لێبکەن ولێی بپاڕێنەوە وستایشی بکەن، ولەم کردەوانەشدا تێبکۆشن وهەوڵبدەن هەتا دەتوانن؛ چونکە بەهەشت نیعمەت وخۆشی ڕەهای تێدایە.
لە ئەبی موسای ئەشعەریەوە -ڕەزای خوای لێبێت- کە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «هیچ یەکێک یان هیچ شتێک ئارامگر نییە بەرامبەر قسەیەکی ناپاسەند وئازاردەر کە بیبیستێت وەکو خواى گەورە، ئەوان بانگەشەی بوونی کوڕ بۆ ئەو دەکەن، لەگەڵ ئەمەشدا ئەو تەندروست باشی وڕزقیان پێدەبەخشێت».
بوخاری و موسلیم هاوڕان لەسەری(هیچ یەکێک یان هیچ شتێک ئارامگر نییە): واتا خواى گەورە ئارامگرتنی لە هەموو کەسێک زیاترە، ولە ناوە جوانەکانى -الصبور-ە، واتا -ئارامگر- کە بە ماناى ئەوە دێت پەلە ناکات لە سزادان، وئەمیش نزیکە لە ماناى ناوى پیرۆزی -الحلیم- کە وشەی -حُلم-بەمانای لەسەرخۆ وخۆڕاگیر دێت، بەڵام ناوى -الحلیم- زیاتر ئاماژە بۆ سەلامەت بوونی بەندە دەکات لە سزادان. (بەرامبەر قسەیەکی ناپاسەند وئازاردەر کە بیبیستێت وەکو خواى گەورە): وشەی -الأذى- کە لە فەرموودەکەدا هاتووە بۆ شتێکە کە کەمێک زیانلێدەر بێت وکەمێک کاریگەری لاواز وخراپە وشەڕی هەبێت، وخواى گەورە باسی ئەوە دەکات کە بەندەکان ناتوانن زیان بە ئەو زاتە بگەیەنن، هەروەکو دەفەرموێت: {وَلاَ يَحْزُنكَ الَّذِينَ يُسَارِعُونَ فِي الْكُفْرِ إِنَّهُمْ لَن يَضُرُّواْ اللهَ شَيْئاً} واتە: {با دڵ غەمگینت نەکەن ئەوانەی پێشبڕکێ وپەلە دەکەن لە کافری وبێباوەڕبوونیاندا بێگومان ئەوانە ھەرگیز ھیچ زیانێک ناگەیەنن بە خودا}، ولە فەرموودەیەکی قودسیدا دەفەرموێت: (يا عبادي إنكم لن تبلغوا ضري فتضروني ولن تبلغوا نفعي فتنفعوني) واتە: (ئەی بەندەکانم، ئێوە هەرگیز توانای زیان گەیاندنتان بە من نییە بۆیە هەرگیز زیان بە من ناگەیەنن، وئێوە هەرگیز توانای سوود گەیاندتان نییە بە من بۆیە هەرگیز ناتوانن سوود بە من بگەیەنن)، بۆیە ئەوەى ڕوونکردەوە کە بوونەوەرەکان ناتوانن زیانی پێبگەیەنن بەڵام لەوەیە شتێکی ئازاردەر ئەنجامبدەن یان بڵێن دەرهەق بە مافى خواى گەورە کە ئەمیش بێگومان ئازار دەگەیەنێت بە خواى گەورە. (ئەوان بانگەشەی بوونی کوڕ بۆ ئەو دەکەن): واتا نەوەکانى ئادەم ئازاری خودا دەدەن وجوێنی پێدەدەن، خودا بەرزە وپیرۆزە وبەریئە ودوورە لەوەی موشریکەکان دەیڵێن وئەنجامی دەدەن، کاتێک دەڵێن خودا کوڕی هەیە وشەریک وهاوبەشی هەیە لە پەرستنیدا، لە کاتێکدا پەرستن دەبێت بە دڵسۆزی وئیخلاصی تەنها بۆ خودا ئەنجامبدرێت. (لەگەڵ ئەمەشدا ئەو تەندروست باشی وڕزقیان پێدەبەخشێت): خودا خراپەی ئەوان بە چاکە پاداشت دەداتەوە، ئەوان خراپە ئەنجامدەدەن دەرهەق بە مافى خواى گەورە ئەمیش بە وەسفکردنی خواى گەورە بە کەموکورتی وجوێندان پێی، وبانگەشەی شتێکی بۆ دەکەن کە ئەو زاتە پیرۆزە بەرزە ودوورە لەو وەسفە پووچەڵانە، وپێغەمبەرانی بە درۆ دەخەنەوە وپێچەوانەى فەرمانەکانى کردەوە دەکەن، وئەوە ئەنجامدەدەن کە نەهیان لێکراوە لە ئەنجامدانى، لە بەرامبەر ئەمانەدا خودا چاکەکارە بەرامبەریان بە بەخشینی تەندروستی چاک وشیفادانیان لە نەخۆشیەکانیان وپاراستنیان بە شەو وڕۆژ لەوەى تووشیان دەبێت، وڕزقیان دەدات بە فەراهەمکردنی ئەوەى لە ئاسمانەکان وزەویدا هەیە بۆیان، وئەمیش ئەوپەڕی ئارامگرتن وچاکەکارییە، وخودا زاناترە.
لە ئەبی سەعیدی خودریەوە -ڕەزاى خواى لێبێت- دەڵێت: ووتمان، ئەی پێغەمبەری خودا، ئایا پەروەردگارمان دەبینین لە ڕۆژی قیامەتدا؟ فەرمووی: «ئایا تووشی هیچ ناڕەحەتیەک دەبن لە بینینی خۆر ومانگ لە کاتی ساماڵدا؟»، ووتمان: نەخێر، فەرمووی: «بۆیە تووشی هیچ ناڕەحەتیەک نابن لە بینینی پەروەردگارتان لەو ڕۆژەدا هەروەکو ئەوەى چۆن تووشی هیچ ناڕەحەتیەک نابن لە بینینی خۆر ومانگدا» پاشان فەرمووی: «یەکێک بانگ دەکات: هەموو کۆمەڵێک (قەومێک) با بچن بۆ شوێنکەوتنی ئەوەی کە دەیانپەرست (لە دونیادا)، ئەوانەى خاچیان دەپەرست لەگەڵ خاچەکەیان دەچن، وئەوانەى بتیان دەپەرست لەگەڵ بتەکانیان دەچن، وئەوانەى هەر پەرستراوێکی پوچ وناهەقی تریان دەپەرست لەگەڵ پەرستراوە پوچەکەیان دەچن، هەتا تەنها ئەوا دەمێننەوە کە تەنها خودا (الله) پەرست بوون، لە کەسانى چاکەکار وتاوانکار، وکۆمەڵانێک لە ئەهلی کتێب (جولەکە ونەسڕانیەکان)، وپاشان دۆزەخ دەهێندرێت وەکو سەراب وایە، بە جولەکە دەووترێت: چیتان دەپەرست؟ دەڵێن: عوزێری کوڕی خودامان دەپەرست، دەووترێت: درۆتان کرد، خودا هیچ هاوەڵ ومنداڵێکی نەبووە، چیتان دەوێت؟ دەڵێن: ئاومان دەوێت (بەهۆی زۆری تینوێتیەوە)، دەووترێت: بخۆنەوە دەکەونە ناو دۆزەخەوە، پاشان بە نەسڕانیەکان دەووترێت: چیتان دەپەرست؟ دەڵێن: مەسیحی کوڕی خودامان دەپەرست، دەووترێت: درۆتان کرد، خودا هیچ هاوەڵ ومنداڵێکی نەبووە، چیتان دەوێت؟ دەڵێن: ئاومان دەوێت (بەهۆی زۆری تینوێتیەوە)، دەووترێت: بخۆنەوە دەکەونە ناو دۆزەخەوە، هەتا تەنها ئەوانە دەمێننەوە کە خودایان دەپەرست لە کەسانی چاکەکار وتاوانکار، دەووترێت: چی ئێوەى هێشتەوە لێرە لە کاتێکدا هەموو خەڵکی چوون ونەمان؟ دەڵێن: ئێمە خۆمان لە ئەوان جیا کردەوە (لە دونیادا) لە کاتێکدا ئەمڕۆ زیاتر پێویستیمان بە خۆجیاکردنەوەیە لێیان، ئێمە یەکێکمان بیست بانگی کرد: هەموو کۆمەڵێک (قەومێک) با بچن بۆ شوێنکەوتنی ئەوەی کە دەیانپەرست (لە دونیادا)، وئێمە چاوەڕێی پەروەردگارمان دەکەین، پاشان خواى گەورە دێت بۆ لایان بە ڕواڵەتێک جیا لە ڕواڵەتی یەکەم کە پێشتر بینیان بوو، دەفەرموێت: من پەروەردگارتانم، دەڵێن: تۆ پەروەردگارمانى، تەنها پێغەمبەران دەتوانن قسەی لەگەڵدا بکەن، دەفەرموێت (یان دەووترێت): ئایا هیچ ئاماژەیەک (نیشانەیەک) هەیە بۆ ئەوەى بیناسنەوە؟ دەڵێن: (ساق)*، خودا ساقی خۆی ئاشکرا دەکات، هەموو ئیماندارێک سوجدەی بۆ دەبات، تەنها ئەوانە دەمێننەوە کە بۆ ڕیا (ڕوپامایی) وخۆدەرخستن سوجدەیان دەبرد، دەچن بۆ ئەوەى سوجدە ببەن، بەڵام پشتیان ڕەق دەبێت (وەکو پارچە دارێکی لێدێت؛ بۆیە ناتوانن سوجدە ببەن)، پاشان پردێک دەهێندرێت ودەخرێتە سەر دۆزەخ». ووتمان: ئەی پێغەمبەری خودا، ئایا پردەکە (پردی سیرات) چییە؟ دەفەرموێت: «پردێکی خلیسکێنەرە (پێیەکان لەسەری جێگیر نابن ودەکەون)، زنجير وقولاپی زۆری لەسەرە، ودڕکی پانی چەماوەى لەسەرە کە لە نەجددا هەیە پێی دەووترێت: دڕکی سەعدان، ئیماندار بە سەریدا تێپەڕ دەبێت وەکو: چاو تروکاندنێک وبروسکە وبا وئەسپی خێرا وخێرایی وشتر، بۆیە هەیە بە سەلامەتی ڕزگاری دەبێت، وهەیە بە برینداری ڕزگاری دەبێت، وهەیە دەکەوێتە نێو دۆزەخەوە، هەتا کۆتا کەسیان تێپەڕ دەبێت بە ڕاکێشانەوە (لەسەر پردەکە)، ئێوە سکاڵا ناکەن لە لای من سەبارەت بە مافێکتان کە بۆتان ڕوون بووەتەوە (لە دونیادا) وەکو داواکردن وتکای ئیمانداران لە لای خواى گەورە لەو ڕۆژەدا، کاتێک دەبینن ڕزگاریان بووە، هەندێکیان دەڵێن: ئەی پەروەردگار براکانمان، لەگەڵ ئێمە نوێژیان دەکرد، وڕۆژوویان دەگرت، وکردەوەیان لەگەڵ ئێمە ئەنجامدەدا، خواى گەورە -سبحانه وتعالى- دەفەرموێت: بچن هەرکەسێکتان دۆزیەوە کە بە هێندەی دینارێک ئیمان لە دڵیدا هەبوو دەریبهێنن (لە دۆزەخ)، وخواى گەورە قەدەغەی دەکات لەسەر دۆزەخ کە دەموچاوی ئەم تاوانکارانە بسوتێنێت، ودێن بۆ لایان وهەندێکیان هەتا پێیەکانى نقوم بووە لە ئاگر، وهەندێکی تر هەتا نیوەى ساقی، وئەوانەى دەیانناسنەوە دەریدەهێنن، پاشان دەگەڕێنەوە، خودا دەفەرموێت: بچن هەرکەسێکتان دۆزیەوە کە بە هێندی نیوەی دینارێک ئیمان لە دڵیدا هەبوو دەریبهێنن (لە دۆزەخ)، بۆیە ئەوانەى دەیانناسنەوە دەریدەهێنن، پاشان دەگەڕێنەوە، خودا دەفەرموێت: بچن هەرکەسێکتان دۆزیەوە هێندەی کێشی گەردیلەیەک ئیمان لە دڵیدا هەبوو دەریبهێنن (لە دۆزەخ)، بۆیە ئەوانیش ئەوەى دەیناسن دەردەهێنن» ئەبو سەعید دەڵێت: ئەگەر باوەڕم پێناکەن ئەوا ئەم ئایەتە بخوێننەوە: {إِنَّ ٱللَّهَ لَا يَظۡلِمُ مِثۡقَالَ ذَرَّةٖ وَإِن تَكُ حَسَنَةٗ يُضَٰعِفۡهَا}، واتە: {بەڕاستی خودا بە ئەندازەی گەردیلەیەک ستەم ناکات وئەگەر چاکەیەک ھەبێت (خودا) پاداشتەکەی چەند جارە دەکاتەوە}. پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت:«پاش ئەمە پێغەمبەران وفریشتەکان وئیمانداران شەفاعەت دەکەن، خواى گەورە دەفەرموێت: «شەفاعەتی من ماوە، خواى گەورە پڕجنگێک (بە دەستی پیرۆزی) لە دۆزەخ دەردەهێنێت، بەهۆی سووتانەوە ڕەش هەڵگەڕاون، ودەخڕێنە نێو ڕووبارێکەوە کە لە پێش دەرگاکانى بەهەشتدایە پێی دەووترێت (ئاوی ژیان)ەوە، بۆیە دەڕوێن وگەش دەبنەوە لە کەنارەکانى هەروەکو چۆن تۆو بەهۆی لێزمەیەک بارانەوە دەڕوێت، دەیبینن (ئەو تۆوەی) کە دەڕوێت لە تەنیشت بەردێک یان دارێک ئەوەى ڕووی لە خۆر بێت سەوزە وئەوەى لە سێبەردا بێت سپییە، بۆیە دەردەچن وەکو مرواری وان، ئاماژە (نیشانە یان مۆر) دەخرێتە ملیان (بۆ ئەوەى پێیان بناسرێنەوە)، خەڵکی (ئەهلی) بەهەشت دەڵێن: ئەمانە دەرباز کراون (لە دۆزەخ) لە لایەن خوداى میهرەبانەوە، ئەوانی خستە بەهەشتەوە بە بێ ئەوەى هیچ کردەوەیەک ئەنجامبدەن، وبە بێ ئەوەى هیچ خێرێک بکەن، پێیان دەووترێت: ئەوەی بینیتان پێتان دەبەخشرێت وچەندەها جاری ئەمانەش». *(ساق: نیوەی خوارەوەى قاچەکانە، ئەو پارچە ئێسکە درێژەیە کە ئەژنۆکان بە پێیەکان وگوێزنگەکانەوە دەبەستێت)
بوخاری و موسلیم هاوڕان لەسەریهەندێک لە هاوەڵان پرسیاریان کرد لە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم-: ئایا پەروەردگارمان دەبینین لە ڕۆژی قیامەتدا؟ پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- پێیانی فەرموو: بەڵێ، پەروەردگارتان دەبینن هەروەکو چۆن خۆر دەبینن لە نیوەى ڕۆژدا ومانگ دەبینن لە شەوی چواردەدا بە بێ هیچ ناڕەحەتی وپاڵەپەستۆیەک، ولێرەدا چوندان مەبەست لێی ڕوونی ونەبوونی ناڕەحەتی ونەبوونی پاڵەپەستۆیە، وایە چواندنی بینینە بە بینین نەک چواندنی خودا بێت بە مانگ وخۆر، واتا خودا بە ڕوونی وبێ ناڕەحەتی دەبینن هەروەکو چۆن خۆر ومانگ دەبینن لە ئاسماندا بە ڕوونی وبێ ناڕەحەتی، ئەم بینینە جیاوازە لەو بینینەى کە وەکو پاداشت بە پیاوچاکان وئەولیاکان دەبەخشرێت لە بەهەشتدا؛ ئەم بینینەى لەم فەرموودەیەدا باسکراوە بۆ جیاکردنەوەیە لە نێوان (ئەوانەى تەنها خودایان پەرستووە) و (ئەوانەى جگە لە خودا کەس وشتی تریان پەرستووە یان هاوەڵیان بۆ خودا بڕیارداوە لە پەرستندا). پاشان پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- باسی ئەوە دەکات کە یەکێک بانگ دەکات لە ڕۆژی قیامەتدا: هەرکەسێک شتێکی پەرستووە جگە لە خواى گەورە با شوێنی ئەو شتە بکەوێت، ولە گێڕانەوەیەکی سەحیحدا: خواى گەورە خۆی بانگ دەکات، وهەموو ئەوانە کۆ دەکرێنەوە کە بتەکانیان دەپەرست وفڕێ دەدرێنە نێو دۆزەخەوە. وتەنها ئەوانە دەمێننەوە کە خودایان دەپەرست ئینجا ئەگەر چاکەکار بن یان خراپەکار وهەندێک کۆمەڵی کەم لە جولەکە ونەسڕانیەکان، چونکە زۆربەیان لەگەڵ بتەکانیان فڕێ درانە نێو دۆزەخەوە، چونکە هەیە لە جولەکە ونەسڕانیەکان ولە جگە لە ئەوانیش بت وپەیکەر وگۆڕی پیاوچاکان وپێغەمبەران دەپەرستن بۆیە لەگەڵ بت پەرستەکانى تر فڕێدەدرێنە نێو دۆزەخەوە، بەڵام پیاوچاکان وپێغەمبەران بەریئن لەم کردەوانەى ئەوان وتاوانبار نین چونکە ڕازی نین بە پەرستنیان، ودۆزەخ دەهێندرێت لەو ڕۆژەدا وپیشانی خەڵکی دەدرێت وەکو سەراب وایە، وجولەکەکان دەهێندرێن وپێیان دەووترێت: کێتان دەپەرست؟ دەڵێن: عوزەیری کوڕی خودامان دەپەرست. پێیان دەووترێت: درۆتان کرد لەم قسەدا، خودا نە هاوسەری هەیە ونە منداڵی هەیە. پاشان پێیان دەووترێت: چیتان دەوێت؟ دەڵێن: دەمانەوێت ئاو بخۆینەوە (بەهۆی تینوێتیەوە). وئەمە یەکەم داواکارییانە؛ چونکە لەو ڕۆژەدا خەڵکی زۆر تینووی دەبێت بەهۆی زۆری وەستان وناڕەحەتی یەک لە دوای یەک ونزیکبوونەوەى خۆر بە ئەندازەی میلێک، ودۆزەخیان وەکو ئاو پێنیشاندەدرێت، پێیان دەووترێت: بچن بۆ ئەو شوێنەى کە وا گومان دەبەن ئاوە، ولێی بخۆنەوە. ودەچن ودەبینن دۆزەخە کڵپەی دێت وهەڵچووە بەهۆی زۆری شەپۆلەکانى ولێکدانیان بەکتردا، بۆیە دەکەونە نێو دۆزەخەوە، وهەمان شت دەووترێت بە نەسڕانیەکانیان لە پاش ئەوان. هەتا لە کۆتاییدا تەنها ئەوانە دەمێنن کە خودا بە تەنها دەپەرست لە چاکەکار وخراپەکار، پێیان دەووترێت: چۆن لێرە ماون لە کاتێکدا هەموو خەڵکی ڕۆیشتن؟ دەڵێن: ئێمە خۆمان دوور خستەوە لەو خەڵکانە لە دونیادا ولە ئەمڕۆدا زیاتر پێویستیمان بە خۆ دوورخستنەوەیە لێیان؛ چونکە ئەوانەى سەرپێچی فەرمانەکانى خواى گەورەیان کرد وئێمە دژایەتی ئەوانمان کرد، لە پێناو خواى گەورە ڕقمان لێیان بوو، گوێڕایەڵی کردنی فەرمانەکانى خوای گەورە لە پێش هەموو شتێک بوو لە لای ئێمە، وئێمە چاوەڕێی پەروەردگارمان دەکەین کە لە دونیادا دەمانپەرست، خودا دێت بۆ لایان بە ڕواڵەتێک جیا لەو ڕواڵەتەى یەکەم جار بینیان، وئەمیش ئەوە ڕووندەکاتەوە کە پێشووتر ڕواڵەتی خودایان بینیووە وناسیوویانە، پێش ئەوەى ئەمجارە بێت، ونابێت ڕواڵەت (وێنە یان شێوە) بە واتایەکی تر لێکبدرێتەوە بەڵکو باوەڕمان پێی هەیە وەکو خۆیەتی بە بێ لێکدانەوەیەکی تر بۆی وبە بێ چواندنی بە بوونەوەرەکان وبە بێ پەکخستنی واتا ڕاستەقینەکە وبە بێ لێکدانەوەى چۆنییەتی، وئەگەر خودا بێت بۆ لایان دەفەرموێت: من پەروەردگارتانم، دەڵێن: تۆ پەروەردگارمانی، وبە ئاسوودەیی وموژدەوە ئەمە دەڵێن، وتەنها پێغەمبەران قسەی لەگەڵدا دەکەن، خودا پێیان دەفەرموێت (یان پێیان دەووترێت): ئایا هیچ ئاماژەیەک (نیشانەیەک) هەیە کە بەهۆیەوە پەروەردگارتان بناسن؟ دەڵێن: ساق*. خودا ساقی خۆی ئاشکرا دەکات وئیمانداران بەهۆی ئەوەوە دەیناسن وسوجدەی بۆ دەبەن، بەڵام مونافیقەکان (دوو ڕووەکان) ئەوانەى کە بۆ خۆنواندن وڕوپامایی خودا پەرستی ئەنجامدەدەن؛ ناتوانن سوجدە ببەن، وپشتیان وەکو یەک ئێسکی لێدێت وڕەق دەبێت، وناتوانن بچەمێنەوە بۆ سوجدە بردن، چونکە لە ڕاستیدا لە دونیادا سوجدەیان بۆ خودا نەدەبرد، بەڵکو بۆ پێداویستی ومەبەستی دونیایی سوجدەیان دەبرد. ئەم بەشەی فەرموودەکە دووپاتکردنەوەیە لەسەر بوونی ساق بۆ خواى گەورە، ئەم فەرموودەیە وئەوانى تر ئەم ئایەتە تەفسیر وڕاڤە دەکەن کە خواى گەورە دەفەرموێـت: {يَوۡمَ يُكۡشَفُ عَن سَاقٖ وَيُدۡعَوۡنَ إِلَى ٱلسُّجُودِ فَلَا يَسۡتَطِيعُونَ}[القلم: 42]، واتە: {لە ڕۆژێکدا (کە قیامەت وناڕەحەتیەکانیەتی) خوای گەورە ساقی پیرۆزی دەردەخات (وەك لە فەرموودەی ئیمامی بوخاری وموسلیمدا ھاتووە، باوەڕمان پێیەتی بەبێ ھیچ لێچواندن ولێکدانەوەیەك، وە ئێمەش چۆنێتیەکەی نازانین) وبانگ دەکرێن بۆ سوجدە بردن (بۆ خوای گەورە)؛ کەچی ناتوانن (سوجدە ببەن)}، وتەفسیرکردن ولێکدانەوەی ئەم ئایەتە بەوەى مەبەست ناڕەحەتی وسەختییە لەو ڕۆژەدا ڕایەکی ناپەسەندە، واجبە کە سیفەتی ساق باوەڕمان پێی هەبێت وجێگیر بکرێت بۆ خواى گەورە، وئایەتەکە بەڵگەیە لەسەر ئەم سیفەتە وپەسەندە، وئەمیش وەکو سیفەتەکانى تر بە بێ لادانی لە واتا ڕاستەقینەکەی وبە بێ چواندنی بە بوونەوەرەکان وبەبێ لێکدانەوەى چۆنیەتی وبە بێ پەکخستنی واتا ڕاستەقینەکەى. پاشان (پری سیرات) دەهێندرێت ولەسەر دۆزەخ دادەنرێت، ئەم پردە پێیەکان لەسەری ڕاگیر وجێگیر نابن و لەسەر پردەکە زنجیر وقولاپی ئاسنی هەن وهەرکەسێک فەرمانى لەسەر کرابێت بە گرتنی دەیگرن، و لەسەر (پردی سیرات) دڕکی پان هەیە وخەڵکی لەسەر پردەکە بە ئەندازەى ئیمان وکردەوەکانیان تێپەڕ دەبن، ئەوەى کردەوەکانى بە دڵسۆزی بۆ خواى گەورە بێت ئەوا وەکو خێرایی چاو تروکاندنێک بەسەر (پردی سیرات)دا تێپەڕ دەبێت، وبەو شێوەیە هەرکەسێک بە ئەندازەى ئیمان وکردەوەکەى تێپەڕ دەبێت، هەروەکو لە فەرموودەکە ڕوونکراوەتەوە، وەکو: بروسکە، وبا، وئەوانى تر. وئەوانەى بەسەر پردەکەدا تێپەڕ دەبن، چوار جۆرن: 1/ کەسێک ڕزگاری دەبێت بە بێ هیچ ئازار وزیانێک، وئەوانیش خێرایی تێپەڕبوونیان جیاوازە هەروەکو پێشووتر باسکرا. 2/ کەسێک بە برینداری وئازارێکی کەم ڕزگاری دەبێت، واتا شتێک لە گڕی دۆزەخ یان زنجیر وقولاپەکانى سەر پردی سیرات تووشی برینێکی کەمیان کردووە. 3/ ئەوەى بە زۆری وبەهێزیەوە فڕێ دەدرێتە نێو دۆزەخەوە. 4/ ئەوەى ڕادەکێشرێت لەسەر پردی سیرات چونکە کردەوەکانى چاکەکانی وەکو پێویست نین بۆ ئەوەى لەسەر پردەکە هەڵیبگرن. پاشان پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: (ئێوە سکاڵا ناکەن لە لای من سەبارەت بە مافێکتان کە بۆتان ڕوون بووەتەوە (لە دونیادا) وەکو داواکردن وتکای ئیمانداران لە لای خواى گەورە لەو ڕۆژەدا): ئەمیش لە فەزڵ وڕەحمەت وڕێزلێنانى خواى گەورەیە کە ئیزن دەدات بە ئیمانداران پاش ئەوەى داوا وتکا دەکەن بۆ لێخۆشبوون لەو برایانەیان کە فڕێدراونەتە نێو دۆزەخەوە بەهۆی تاوانەکانیان، ولەگەڵ ئەمەشدا ئیلهامی بەخشی بە ئیمانداران بۆ ئەوەى داوا وتکای لێبکەن وشەفاعەت بکەن بۆ براکانیان، وخواى گەورە ئیزن ومۆڵەتیان پێدەدات؛ ئەمیش وەکو ڕەحمەت وبەزەیی هاتنەوەیەک پێیاندا -سبحانه وتعالى-. (کاتێک دەبینن ڕزگاریان بووە، هەندێکیان دەڵێن: ئەی پەروەردگار براکانمان، لەگەڵ ئێمە نوێژیان دەکرد، وڕۆژوویان دەگرت، وکردەوەیان لەگەڵ ئێمە ئەنجامدەدا): لەم بەشەی ئەم فەرموودەیەوە ئەوە تێدەگەین ئەوانەى کە نوێژ ناکەن لەگەڵ مسوڵمانان وڕۆژوو ناگرن لەگەڵیاندا، شەفاعەتیان بۆ ناکرێت، وداوا لە خودا ناکەن کە ئەوان ڕزگار بکات، وئەمیش بەڵگەیە لەسەر ئەوەى ئەوانەى کە داواى ڕزگار کردنیان کراوە لە دۆزەخ ئیماندار بوون ویەک خودا پەرست -موەحید- بوون، چونکە دەڵێن: (ئەی پەروەردگار براکانمان، لەگەڵ ئێمە نوێژیان دەکرد، وڕۆژوویان دەگرت، وکردەوەیان لەگەڵ ئێمە ئەنجامدەدا)، بەڵام هەندێک تاوانیان ئەنجامداوە کە شایستەی چوونە دۆزەخ بوون. وئەمیش ڕەتدانەوەیە بۆ دوو کۆمەڵەی گومڕا: خەواریجەکان وموعتەزیلەکان، کە دەڵێن: (ئەوەى بچێتە دۆزەخە لێی دەرناچێت، وئەو کەسەی تاوانی گەورە ئەنجامبدات بە هەتاهەتایی لە دۆزەخ دەمێنێتەوە). خواى گەورە پێیان دەفەرموێت: بڕۆن هەرکەسێکتان بینی هێندەی دینارێک ئیمان لە دڵیدا هەبوو لە دۆزەخ دەریبهێنن، وخواى گەورە حەرامی دەکات لەسەر دۆزەخ کە دەموچاویان بسوتێنێت، ودێن ودەبینن هەندێکیان ئاگر گەیشتووەتە لای پێیەکانى، وهەندێکی تر ئاگر گەیشتووەتە نیوەى ساقی، وئاگر هەتاوەکو لای ملیان دێت هەروەکو لە فەرموودەی تردا هاتووە، بۆیە هەرکەسێک بیناسن دەریدەهێنن، وپاشان دەگەڕێنەوە، خواى گەورە پێیان دەفەرموێت: بڕۆن هەرکەسێکتان بینی هێندەی نیوەی دینارێک ئیمان لە دڵیدا هەبوو لە دۆزەخ دەریبهێنن، بۆیە ئەوەى دەیناسن دەریدەهێنن، وپاشان دەگەڕێنەوە، خواى گەورە پێیان دەفەرموێت: بڕۆن هەرکەسێکتان بینی هێندەی کێشی گەردیلەیەک ئیمان لە دڵیدا هەبوو لە دۆزەخ دەریبهێنن، بۆیە ئەوەى دەیناسن دەریدەهێنن، ولێرەدا ئەبی سەعیدی خودری -ڕەزاى خواى لێبێت- ووتی: ئەگەر باوەڕ ناکەن ئەم ئایە بخوێننەوە: {إِنَّ ٱللَّهَ لَا يَظۡلِمُ مِثۡقَالَ ذَرَّةٖ وَإِن تَكُ حَسَنَةٗ يُضَٰعِفۡهَا}، واتە: {بەڕاستی خودا بە ئەندازەی گەردیلەیەک ستەم ناکات وئەگەر چاکەیەک ھەبێت (خودا) پاداشتەکەی چەند جارە دەکاتەوە}، خوێندنەوەى ئەم ئایەتە لە لایەن ئەبی سەعیدەوە بەڵگەیەکی ڕوونە لەسەر ئەوەى ئەگەر بەندە هێندەی کێشی گەردیلەیەک ئیمان لە نێو دڵیدا هەبێت ئەوا خواى گەورە چەند هێندە بۆی زیاد دەکات، بۆ ئەوەى بەهۆیەوە ڕزگاری ببێت لە دۆزەخ. پاشان -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: (پاش ئەمە پێغەمبەران وفریشتەکان وئیمانداران شەفاعەت دەکەن): ئەمیش بەڵگەیە لەسەر ئەوەى ئەم سێ کۆمەڵە شەفاعەت دەکەن، بەڵام پێویستە بزانرێت شەفاعەتی هیچ کەسێک قبوڵ ناکرێت مەگەر پاش ئیزن ومۆڵەتی خواى گەورە نەبێت، هەروەکو پێشووتر باسی شەفاعەتی ئیمانداران کرا بۆ براکانیان کە لەگەڵیان کردەوەى چاکیان ئەنجامدەدا، وپاش ئەمە خواى گەورە ئیزن بەم سێ کۆمەڵەش دەدات وهەمان شت دەفەرموێت، وئەوانیش هەمان کردەوەى ئەوانی پێشوو دەکەن. (خواى گەورە دەفەرموێت: شەفاعەتی من ماوە، خواى گەورە پڕجنگێک (بە دەستی پیرۆزی) لە دۆزەخ دەردەهێنێت، بەهۆی سووتانەوە ڕەش هەڵگەڕاون): ومەبەست لە شەفاعەت لێرەدا ڕەحمەت وبەزەیی خواى گەورەیە بەرامبەر ئەوانەى سزا وئازار دەدرێن، ولە دۆزەخ دەریان دەکات. کاتێک دەفەرموێت: (پڕچنگێک -بە دەستی پیرۆزی-) ئەمەش دووپاتکردنەوەى پڕچنگە بۆ خواى گەورە هەروەکو لە قورئان وسونەتدا هاتووە بە دەق کە بوونی دەست وپڕچنگ دەسەلێمێنێت، ئەم سیفەتەش بە هەمان شێوەى سیفەتەکانى تر بە لێکدانەوەی واتایەکی تر دوور لە واتا ڕاستەقینەکەى وبە بێ پەکخستنی واتا ڕاستەقینەکەى وبە بێ لێکدانەوەى چۆنیەتی وبە بێ چواندنی بە بوونەوەرەکان، بەڵام ئەوانەى لێکدانەوەى پووچەڵ دەهێننەوە وئەمە قبوڵ ناکەن، وباوەڕی پێناکەن، ودەزانن کە هەق ئەوەیە خودا وپێغەمبەرەکەی فەرموویانە، ولەم بابەتدا گومڕا بوون ولە ڕێگای ڕاست لایان داوە. خواى گەورە بە پڕچنگی دەستی پیرۆزی خۆی خەڵکانێک دەردەکات لە دۆزەخ کە سووتان وڕەش هەڵگەڕاون، وپاشا -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: (ودەخڕێنە نێو ڕووبارێکەوە کە لە پێش دەرگاکانى بەهەشتدایە پێی دەووترێت -ئاوی ژیان-): دەخرێنە نێو ئەم ڕووبارە کە پێی دەووترێت -ئاوی ژیان-، وهەرکەسێک بخرێتە نێو ئەم ئاوەوە زیندوو وگەش ساغ دەبێتەوە، ولە کەناری ئەم ڕووبارەدا گۆشت وبینین وئێسکەکانیان هەروەکو ڕووەک دەڕوێنەوە ودروست دەبنەوە پاش ئەوەى بەهۆی ئاگرەوە سووتا بوون. (بۆیە دەڕوێن وگەش دەبنەوە لە کەنارەکانى هەروەکو چۆن تۆو بەهۆی لێزمەیەک بارانەوە دەڕوێت، دەیبینن -ئەو تۆوەی- کە دەڕوێت لە تەنیشت بەردێک یان دارێک ئەوەى ڕووی لە خۆر بێت سەوزە وئەوەى لە سێبەردا بێت سپییە): ئەمیش ئاماژەیە بۆ خێرایی دروستبوونی گۆشت وئەندامەکانى لاشەیان هەروەکو چۆن بارانی بەلێزمە هەروەکو باسکراوە بە خێرایی دەبێتە هۆی ڕواندن وگەشەکردنی تۆوی ڕووەک، وهەروەها ئاماژەیە بۆ نەرم وناسکی وجوانی پێست ولاشەیان. (بۆیە دەردەچن وەکو مرواری وان): واتا ڕوو وپێستیان لە جوانی وسپێتی وگەشاوەییدا دەدرەوشێتەوە هەروەکو چۆن مرواری دەدرەوشێتەوە. (وئاماژە -نیشانە یان مۆر- دەخرێتە ملیان -بۆ ئەوەى پێیان بناسرێنەوە-): وئەم ئاماژانە تێیاندا دەنوورسێت هەروەکو لە گێڕانەوەی تردا هاتووە/ «عتقاء الرحمن من النار» واتە: «دەربازکراون لە دۆزەخ لە لایەن خودای میهرەبانەوە -لە لایەن الرحمان-ەوە». (خەڵکی -ئەهلی- بەهەشت دەڵێن: ئەمانە دەرباز کراون (لە دۆزەخ) لە لایەن خوداى میهرەبانەوە، ئەوانی خستە بەهەشتەوە بە بێ ئەوەى هیچ کردەوەیەک ئەنجامبدەن، وبە بێ ئەوەى هیچ خێرێک بکەن): واتا هیچ کردەوەیەکی چاکیان ئەنجامنەداوە لە دونیادا بەڵام بنچینەى باوەڕ وئیمان هێنان لە دڵیاندا هەبووە کە بریتیە لە شاهێدی دان وباوەڕهێنان بە -ﻻ إله إﻻ الله- وبە هەموو پێغەمبەران. (پێیان دەووترێت: ئەوەی بینیتان پێتان دەبەخشرێت وچەندەها جاری ئەمانەش): وا دیارە دەخرێنە چەند شوێنێکی چۆڵی ناو بەهەشتەوە بۆیە ئەمەیان پێدەووترێت. *(ساق: نیوەی خوارەوەى قاچەکانە، ئەو پارچە ئێسکە درێژەیە کە ئەژنۆکان بە پێیەکان وگوێزنگەکانەوە دەبەستێت)