





























Hadeeth Cards
Da'wa cards that highlight great meanings from the noble prophetic hadiths in a simple style and attractive display that helps the Muslim to have a deeper understanding of his religion in an easy way
All
لە ئەبی هوڕەیڕەوە -ڕەزای خوای لێبێت- کە پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «فریشتەکان هاوەڵی کۆمەڵێک نابن ئەگەر سەگ یان زەنگیان تێدا بێت».
(مسلم) ڕیوایەتی كردووەپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- باسی ئەوەمان بۆ دەكات كە فریشتەکان هاوەڵی کۆمەڵێک نابن لە سەفەردا ئەگەر سەگ یان زەنگیان لەگەڵدا بێت، ئەم زەنگانە هەندێك جار بە ئاژەڵانەوە هەڵدەواسرێن وكاتێك ئاژەڵەكان دەجووڵێن ؛ دەنگیان هەیە.
لە عبدالرحمان کوڕی سەمورەوە -ڕەزای خوای لێبێت- کە پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «سوێند بە بتەکان (تاغوتەکان) وبە باوباپیرانتان مەخۆن».
(مسلم) ڕیوایەتی كردووەپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- نەهی كردووە لە سوێند خواردن بە تاغوتەكان، ئەمیش كۆی وشەی (طاغیە:تاغیە)یە؛ ئەو بتانەن كە لە لایەن موشریكەكانەوە دەپەرستران، وهۆكاری ملهوڕی وكوفریان بوون، هەروەها پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- نەهی كردووە لە سوێند خواردن بە باوباپیران؛ چونكە خووی عەرەب لە جاهیلیەتدا وابوو كە سوێندیان بە باوباپیرانیان دەخوارد بۆ شانازی و بەگەورەدانانیان.
لە بورەیدەوە -ڕەزای خوای لێبێت- کە پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «ئەوەی سوێند بە سپاردە (ئەمانەت) بخوات؛ ئەوا لە ئێمە نییە».
(أبو داود وأحمد) ڕیوایەتیان كردووەپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- نەهی كردووە لە سوێند خواردن بە ئەمانەت -سپاردە-، وئەوەی ئەم كارە بكات لە ئێمە نییە.
ئەبو هورەیرە -ڕەزاى خواى لێبێت- دەڵێت: چەند كەسێك بووین دانیشتبووین بە دەوری پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم-، وئەبوبەکر وعومەریشمان لەگەڵدا بوو، پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- هەستا وڕۆیشت، وزۆر دواکەوت ونەگەڕایەوە، وترساین شتێكی بەسەردا هاتبێت، خێرا ڕاپەڕین وهەموو ھەستاین، من یەکەم كەس بووم كە هەستام ودەرچووم بە دوای پێغەمبەری خوادا دەگەڕام -صلى اللە علیە وسلم-، هەتا گەیشتم بە باخێكی ئەنساڕەکانى بەنى نەجار، بە دەوريدا گەڕام بۆ ئەوەی دەرگاکەی بدۆزمەوە؟ ودەرگام نەدۆزیەوە! بەڵام جۆگەلەیەکی بچووکی ئاوم بینی كە لە بیرێكەوە هاتبوو ودەچووە ژوورەوە بۆ نێو باخەكە، منیش خۆم باریك وکۆ کردەوە، وچوومه ژوورەوە بۆ لای پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم-، پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووى: «ئەبو هوریرە»، ووتم: بەڵێ، ئەی پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم-، فەرمووی: «ئەوە چیتە؟»، ووتم: تۆ لەناو ئێمەدا بوویت هەستایت وڕۆیشتیت، زۆر دواكەوتیت، ئێمەیش ترساین شتێكت بەسەردا هاتبێت، هەموومان راپەڕین، من یەکەم كەس بووم كە راپەڕیم، هاتم بۆ لای ئەم باخە، وەكو رێوى خۆم كۆكردەوە بۆ ناو باخەكە، ئەو خەڵكەیش له پشتمەوەن. فەرمووی: «ئەی ئەبو هوریرە»، ونەعلەکانى پێدام، وفەرمووی: «ئەم نەعلانەم ببە، ھەركەسێکت بینى لە پشت ئەم باخەوە بە دڵ ویەقینەوە شاهێدی دەدات بە (لا إله إلا الله)؛ ئەوا موژدەی چوونە بەهەشتى پێبدە»، یەكەم كەس كە پێی گەیشتم عومەر بوو، ووتی: ئەبو هورەیرە ئەم نەعلانە چییە؟ ووتم: ئەمە نەعلەكانی پێغەمبەری خودان -صلى اللە علیە وسلم-، بە ئەمانەوە ناردمی وبە هەركەسێك بگەم كە شاهێدی دەدات بە (لا إله إلا الله) بە دڵنیایی وباوەڕەوە لە دڵیدا، ئەوا موژدەی بەهەشتی پێدەدەم، عومەر بە دەستەكانی كێشای بەسەر سنگمدا بۆیە لەسەر سمتم كەوتم بەسەر زەویدا، ووتی: بگەڕێوە ئەی ئەبو هورەیرە، منیش گەڕامەوە بۆ لای پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم-، دڵم زۆر پڕ بوو؛ خەریك بوو دەگریام، وعومەریش بەدوام كەوت، ڕێك لە پشتمەوە بوو، پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: «ئەوە چیتە ئەی ئەبو هورەیرە؟»، ووتم: گەیشتم بە عومەر، ئەوەم پێ ووت كە تۆ باستكرد، بەڵام كێشای بەسەر سینگمدا ولە سەر سمتەكانم كەوتمە سەر زەوی، فەرمووی: بگەڕێوە، پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: «ئەی عومەر، چی وایلێكردیت ئەوە بكەیت؟»، ووتی: ئەی پێغەمبەری خودا، باوك ودایكم بە فیدات بن، ئایا ئەبو هورەیرەت نارد بە نەعلەكانتەوە، وكە گەیشت بە هەركەسێك شاهێدی دەدات بە (لا إله إلا الله) بە دڵنیایی وباوەڕە لە دڵیدا؛ موژدەی بەهەشتی پێبدات؟ فەرمووی: «بەڵێ»، -عومەر- ووتی: وا مەكە، دەترسم خەڵكی تەنها پشت بە ئەمە ببەستن، وازیان لێبێنە كردەوە ئەنجام بدەن، پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: «كەواتە وازیان لێبێنە».
(مسلم) ڕیوایەتی كردووەپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- لەگەڵ كۆمەڵێك لە هاوەڵانی دانیشتبوو لەوانەیش ئەبوبەكر وعومەر، پاشان پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- هەستا وبۆ ماوەیەك نەگەڕایەوە، هاوەڵان ترسان لەوەی شتێكی بەسەردا هاتبێت لەلایەن دوژمنانەوە؛ بەدیل گرتنی یان شتی تر. بۆیە هاوەڵان بە ترسەوە هەستان -ڕەزای خوای لێبێت-، یەكەم كەس بەو شێوەیە هەستا ئەبو هورەیرە بوو -ڕەزای خوای لێبێت- هەتاوەكو گەیشتە لای باخێكی بەنی نەجاڕ، بە دەوری دەسوڕایەوە بۆئەوەی دەرگایەك بدۆزێتەوە بۆ چوونە ژوورەوە كەچی نەیدۆزیەوە، بەڵام دواتر بۆشاییەكی بچووكی دۆزیەوە كە ئاوی لێوە دەچووە ژوورەوە بۆ نێو باخەكە، لاشەی كۆكردەوە وچووە نێویەوە وبینی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- لەوێیە، پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: ئەوە تۆی ئەبو هورەیرە؟ ووتی: بەڵێ. فەرمووی: چیت دەوێت؟ ئەبو هورەیرە ووتی: لەنێوماندا بوویت، هەستایت وبۆ ماوەیەك دیار نەمایت، ترساین لەوەی تۆیان بردبێت، بۆیە بە ترسەوە هەستاین، ویەكەم كەس من بووم كە هەستام، هاتم بۆ لای ئەم باخە، وخۆم كۆكردەوە وەكو ڕێوی هەتاوەكو هاتمە ژوورەوە، وئەو خەڵكەیش لە پشتمەوەن. پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- نەعلەكانی پێدا وەكو نیشانەیەك لەسەر ڕاستگۆیی لە قسەكانیدا، وپێی فەرموو: ئەم نەعلانەم ببە، هەركەسێكت بینی لە پشت ئەم باخەوە كە شاهێدی دەدا بە (لا إله إلا الله:هیچ پەرستراوێك شایستەی پەرستن نییە بە هەق وڕاست جگە لە الله)؛ دڵنیا بێت سەبارەتی لە دڵیەوە وهەركەسێك ئەم سیفەتەی تێدا بێت ئەوا موژدەی چوونە بەهەشتی پێبدە. یەكەم كەس كە پێی گەیشت عومەر بوو، پێی ووت: ئەم نەعلانە چین ئەی ئەبو هورەیرە؟ ووتی: ئەمە نەعلەكانی پێغەمبەری خودایە -صلى اللە علیە وسلم-، منی پێیان نارد كە گەیشتم بە هەركەسێك شاهێدی دەدات بە (لا إله إلا الله)؛ ودڵنیا بێت سەبارەتی لە دڵیەوە ئەوا موژدەی چوونە بەهەشتی پێدەدەم. عومەر بە دەستەكانی دای لەسەر سینگی ئەبو هورەیرە ئەویش لەسەر سمتی كەوت، ووتی: بگەڕێوە ئەی ئەبو هورەیرە، منیش گەڕامەوە بۆ لای پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- بە ترسەوە وڕەنگم گۆڕا بوو وئامادە بووم بۆ گریان، عومەر شوێنم كەوت ولە پشتمەوە ڕێی دەكرد. پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: ئەوە چیتە ئەی ئەبو هورەیرە؟ ووتم: گەیشتم بە عومەر، ئەوەم بۆی باسكرد كە تۆ فەرمووت، دای لەسەر سینگم ولەسەر سمتم كەوتم، ووتی: بگەڕێوە. پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: ئەی عومەر، چی وایلێكردیت ئەوە بكەیت؟ عومەر ووتی: ئەی پێغەمبەری خودا، باوك ودایكم بە فیدات بن، ئایا ئەبو هورەیرەت نارد بە نەعلەكانتەوە، وكە گەیشت بە هەركەسێك شاهێدی دەدات بە (لا إله إلا الله) بە دڵنیایی وباوەڕە لە دڵیدا؛ موژدەی بەهەشتی پێبدات؟ فەرمووی: بەڵێ. عومەر ووتی: وا مەكە، دەترسم خەڵكی تەنها پشت بە ووتنی ئەمە ببەستن وكردەوە نەكەن، وازیان لێبێنە با كردەوە ئەنجام بدەن. پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: كەواتە وازیان لێبێنە.
لە عبداللەی کوڕی عەمرو -ڕەزای خوایان لێبێت- کە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «ئەوە مسوڵمانە کە مسوڵمانان لە زمان ودەستی پارێزراو بن، وکۆچکار (موهاجیر) ئەو کەسەیە کە کۆچ بکات (دوور بکەوێتەوە) لەو شتانەى کە خودا نەهی لێکردووە».
(البخاري ومسلم) هاوڕان لەسەریپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- باسی ئەوەمان بۆ دەكات كە مسوڵمانی كامڵ لە ئیسلامەتیدا ئەوەیە كە مسوڵمانان (لە زمانى پارێزراون): جوێنیان پێنادات، ونەفرەتیان لێناكات، وغەیبەتیان ناكات، و بەزمانی ئاژاوە وئازار نانێتەوە لەنێوانیان. (ولە دەستی پارێزراون): دەستدرێژی ناكاتە سەریان، وماڵ وسامانایان بە ناهەق نابات، وهتد. وکۆچکار (موهاجیر) ئەو کەسەیە کە کۆچ بکات ودوور بکەوێتەوە لەو شتانەى کە الله حەرامی كردووە -سبحانه وتعالی-.
لە موغیرەی کوڕی شوعبەوە -ڕەزای خوای لێبێت- کە پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «موسا -صلى اللە علیە وسلم- پرسیاری لە پەروەردگاری کرد: «کێ نزمترین پلەی هەیە لە خەڵکی بەهەشت؟» خودا فەرمووی: «پیاوێکە دێت پاش ئەوەى خەڵکی بەهەشت چوونە بەهەشت، پێی دەووترێت: بچۆ بۆ نێو بەهەشت. (پیاوەکە) دەڵێت: ئەی پەروەردگار، چۆن (بتوانم بچمەوە بەهەشتەوە) لە کاتێکدا خەڵکی لە خانوو وشوێنەکانى خۆیان نیشتەجێ بوون، وئەوەى پێیان بەخشراوە وەریانگرت؟ پێی دەووترێت: ئایا ڕازی دەبیت هێندەی موڵکی پادشایەک لە پادشاکانى دونیات هەبێت؟ (پیاوەکە) دەڵێت: ڕازی دەبم ئەی پەروەردگار. خودا دەفەرموێت: ئەوەت پێدەبەخشرێت وچوار هێندەی ئەوەش. لە پێنجەم جاردا پیاوەکە دەڵێت: ڕازی بووم ئەی پەروەردگار. خودا دەفەرموێت: ئەمە بە تۆ دەبەخشرێت ودە هێندەی ئەمەش، وهەرشتێک حەزت لێبوو وئارەزووت کرد وچاوت چێژی لێوەربگرێت پێت دەبەخشرێت. (پێغەمبەر موسا -علیه السلام-) فەرمووی: ئەی پەروەردگار، ئەی ئەوەى بەرزترین پلەی هەیە لە بەهەشتدا؟ خودا دەفەرموێت: ئەوانە کەسانێکن ڕێزلێنانیان بە دەستەکانی خۆم ڕواندوومە، ومۆرم لەسەری داوە، بۆیە هیچ چاوێک نەبینیووە، وهیچ گوێیەک نەیبیستووە، و بەسەر دڵی هیچ مرۆڤێک نەهاتووە (هیچ مرۆڤێک بیری لێ نەکردووەتەوە)». ولە ئیبن مەسعودەوە -ڕەزای خوای لێبێت- کە پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «من کۆتا کەس دەناسم کە لە دۆزەخ دەردەچێت، وکۆتا کەس دەناسم کە دەچێتە بەهەشتەوە. پیاوێکە بە گاگۆڵێکەوە دەردەچێت، خواى گەورە -عزوجل- پێی دەفەرموێت: بچۆرە نێو بەهەشتەوە. وا دێتە پێش چاوی کە پڕ بووە، دەگەڕێتەوە ودەڵێت: ئەی پەروەردگار، بینیم پڕ بووە! خواى گەورە -عز وجل- پێی دەفەرموێت: بچۆرە نێو بەهەشتەوە. وا دێتە پێش چاوی کە پڕ بووە، دەگەڕێتەوە ودەڵێت: ئەی پەروەردگار، بینیم پڕ بووە! خودا -عز وجل- پێی دەفەرموێت: بچۆرە نێو بەهەشتەوە، هێندەى دونیا بە تۆ دەبەخشرێت ودە هێندەی ئەوەش؛ یان دە هێندەی دونیا بە تۆ دەبەخشرێت. (پیاوەکە) دەڵێت: ئایا گاڵتەم پێدەکەیت، یان پێم پێدەکەنیت لە کاتێکدا تۆ پادشایت (الْمَلِكُ)یت!». ئیبن مەسعود دەڵێت: بینیم پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- پێکەنی هەتا خرێکانی ددانى دەرکەوت، و-صلى اللە علیە وسلم- دەیفەرموو: «ئەوە نزمترین پلەی کەسێکی خەڵکی بەهەشتە».
موسلیم گێڕاویەتیەوە - بوخاری و موسلیم هاوڕان لەسەریڕوونکردنەوە فەزڵ وبەخشینی خودایە وهەروەها ڕێزلێنانی ئەو زاتەیە مەزنەیە لە ئەهل وخەڵکی بەهەشت ومەزنی پلەوپایەیان، بە شێوەیەک ئەو کەسەی کە نزمترین پلەی هەیە لە بەهەشتدا چەندەها چەندەها هێندەى هەر پادشایەکی دونیا موڵکی هەیە.
لە ئەبو هورەیرەوە -ڕەزاى خواى لێبێت- دەڵێت: ووتیان: ئەی پێغەمبەری خودا ئايا پەروەردگارمان له ڕۆژی قيامەتدا دەبینین؟ فەرمووى: «ئايا تووشی هیچ ناڕەحەتی وپاڵەپەستۆیەک دەبن لە بینينى خۆر لە نيوەڕۆدا بە بێ ئەوەی پەڵە هەور پێشی گرتبێت؟ ووتیان: نەخێر، فەرمووی: «ئایا تووشی هیچ ناڕەحەتی وپاڵەپەستۆیەک دەبن لە بینینی مانگ له شەوی چواردەدا بە بێ ئەوەی پەڵە هەور پێشی گرتبێت؟ ووتیان: نەخێر، فەرمووى: «سوێند بە ئەو زاتەی گیانى منى بەدەستە، بۆ بينينى پەروەردگارتان تووشی هیچ ناڕەحەتی وپاڵەپەستۆیەک نابن مەگەر ئەوەندە نەبێت بۆ بينينى یەكێك لەو دووانه -خۆر ومانگ- تووشی ناڕەحەتی وپاڵەپەستۆ ببن (واتا تووشی هیچ ناڕەحەتیەک نابن لە بینینی پەروەردگارتان)، خوای گەورە لە دیداری بەندەکەی دەفەرموێت: ئەی فڵان، ئايا ڕێزم لێنەگرتیت و سەروەری ودەسەڵاتم پێنەبەخشیت وهاوسەرم پێنەدایت، ئەسپ و وشترم بۆ نەهێنایتە ژێربار، لێتنەگەڕام ببيته سەرۆك وباج وخەراج بسێنیت (لە خەڵکی)؟ (بەندەکە) دەڵێت: بەڵێ. پەروەردگار دەفەرمووێت: ئايا بە ئومێدى ئەوەبوویت بە دیدارى من بگەیت؟ ئەویش دەڵێت: نەخێر. پەروەردگار دەفەرموێت: منیش له بیرت دەکەم هەروەکو چۆن تۆ منت له بيرکرد، ئینجا دەگات بە دووەم کەس ودەفەرموێت: فڵان، ئايا ڕێزم لێنەگرتیت و سەروەری ودەسەڵاتم پێنەبەخشیت وهاوسەرم پێنەدایت، ئەسپ و وشترم بۆ نەهێنایتە ژێربار، لێتنەگەڕام ببيته سەرۆك وباج وخەراج بسێنیت (لە خەڵکی)؟ (بەندەکە) دەڵێت: بەڵێ. پەروەردگار دەفەرمووێت: ئايا بە ئومێدى ئەوە بوویت بە دیدارى من بگەیت؟ ئەویش دەڵێت: نەخێر. پەروەردگار دەفەرموێت: منیش له بیرت دەکەم هەروەکو چۆن تۆ منت له بيرکرد، ئینجا دەگات به سێیەم کەس وهەمان شتی پێدەفەرموێت، ئەویش (بەندەکە) دەڵێت: ئەی پەروەردگار، باوەڕم بە تۆ وکتێبەکەت وپێغەمبەرانت هێنا، ونوێژم کرد وڕۆژووم گرت وخێرم کرد،وبە چاكترین شێوه چەندە بتوانێت ستایشى خۆی دەكات، پەروەردگار دەفەرموێت: كەواتە لێرەدا ڕاوەستە. پاشان پێی دەووترێت: ھەر ئێستا شاهێدی خۆمانت بۆ سەر دەنێرین، دەکەوێته بيرکردنەوه له نەفسی خۆی؛ ئایا کێ دەبێت شاهێدیم لەسەر بدات؟ ئینجا مۆر دەدرێت بە سەر دەميدا، وبە ڕان وئێسك وگۆشتى دەووترێت: قسە بکەن (بێنە گۆ)! ئینجا ڕان وئێسك وگۆشتى قسە دەکەن (دێنە گۆ) وشاهێدی دەدەن لەسەر كردەوەكانى، ئەمەیش بۆ ئەوەی بیانووی بۆ نەمێنێت، ئەمە دووڕووە (مونافیقە)، ئەو كەسەيە كه خودا لێی توڕە دەبێت».
موسلیم گێڕاویەتیەوەهەندێک لە هاوەڵان ووتیان: ئەی پێغەمبەری خودا! ئایا پەروەردگارمان دەبینین لە ڕۆژی قیامەتدا؟ -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: (ئايا تووشی هیچ ناڕەحەتی وپاڵەپەستۆیەک دەبن لە بینينى خۆر لە نيوەڕۆدا بێ ئەوەی پەڵە هەور پێشی گرتبێت؟): واتا ئایا تووشی ناکۆکی وبەیەکداچوونێک دەبن کە تووشی زیانتان بکات بۆ بینینی خۆر لە کاتی بەرزبوون ودیاربوونی لە ئاسماندا وبڵاوبوونەوەى تیشکەکەى لە هەموو سەر زەویدا، بەشێوەیەک هیچ پەڵە هەورێک لە پێشی نەبێت کە نەهێڵێت تیشکی خۆرەکە بە ئێوە بگات؟ هاوەڵان ووتیان: نەخێر. وهەروەها -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: (ئایا تووشی هیچ ناڕەحەتی وپاڵەپەستۆیەک دەبن لە بینینی مانگ له شەوی چواردەدا بە بێ ئەوەی پەڵە هەور پێشی گرتبێت؟): واتا ئایا تووشی ناکۆکی وبەیەکداچوونێک دەبن کە تووشی زیانتان بکات بۆ بینینی مانگ لە شەوی چواردە وکامڵ بوونی ودەرکەوتنی لە ئاسماندا، بەشێوەیەک هیچ پەڵە هەورێک لە پێشی نەبێت کە نەهێڵێت مانگەکە ببینن؟. هاوەڵان ووتیان: نەخێر. پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووى: (سوێند بە ئەو زاتەی گیانى منى بەدەستە، بۆ بينينى پەروەردگارتان تووشی هیچ ناڕەحەتی وپاڵەپەستۆیەک نابن مەگەر ئەوەندە نەبێت بۆ بينينى یەكێك لەو دووانه -خۆر ومانگ- تووشی ناڕەحەتی وپاڵەپەستۆ ببن -واتا تووشی هیچ ناڕەحەتیەک نابن لە بینینی پەروەردگارتان-): واتا بینینێکی ڕوونە، بە بێ هیچ گومان وگفتوگۆیەک بە شێوەیەک یەکێکتان ئەوی تر بە درۆ بخاتەوە، هەروەکو چۆن گومان نییە لە بینینی خۆر ومانگ، وکەس گومانی نییە لە بینینیان، لێکچوون لێرەدا مەبەست لێی بینینی خودایە لە سەرەوەى بوونەوەرەکان هەروەکو چۆن خۆر ومانگ دەبینرێت لە ئاسماندا لە سەرەوەى بوونەوەرەکانن بە ڕوونی وئاشکرا دیارن؛ بە شێوەیەک کەسی گومانى نییە لە بینینیان، ولێرەدا مەبەست لە چواندنی خۆر ومانگ نییە بە خودا، پەنا بە خودا، چونکە هیچ شت وکەسێک لە پەروەردگار ناچێت -سبحانه وتعالى-. پاشان پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- باسی ڕووداوێک لە ڕووداوەکانى ڕۆژی قیامەت دەکات، ئەویش ئەوەیە پەروەردگار -سبحانه وتعالى- قسە لەگەڵ یەکێک لە بەندەکانى دەکات ودانی پێدا دەنێت سەبارەت بە ئەو نیعمەتانەى کە خواى گەورە پێی بەخشی بوو لە دونیادا، وپێی دەفەرموێت: ئەی فڵان، فەزڵم بە تۆ بەخشی وتۆم کرد گەورەی گەلەکەت، وهاوسەرم پێت بەخشی وخۆشەویست وڕەحمەت خستە نێوان تۆ وئەو، وئەسپ و وشتر بۆ هێنایتە ژێربار، وچارەکێکی دەستکەوتەکانت بۆ خۆت دەبرد؛ چونکە پادشاکانى جاهیلیەت بەو شێوە بۆ خۆیان دەیانبرد، بۆیە بەندە دان بەم هەموو نیعمەتە دەنێت. پەروەردگار دەفەرموێت: ئایا باوەڕت بەوە هەبوو کە بە دیداری من بگەیت؟ بەندە دەڵێت: نەخێر. پەروەردگار -سبحانه وتعالى- دەفەرموێت: (ئەمڕۆ، منیش تۆ لە بیر دەکەم هەروەکو چۆن تۆ منت لە بیرکرد): واتا ئەمڕۆ لە ڕەحمەتی خۆم دوورت دەخەمەوە هەروەکو چۆن تۆ منت نەپەرست لە دونیادا وباسی قیامەت وکردەوە کردنت بۆ قیامەت پشتگوێ خست، واتای لەبیر کردن لێرەدا بە ماناى ئەوە دێت کە خواى گەورە لە ڕەحمەتی خۆی دووری دەکاتەوە بە زانینەوە -واتا: لە بیرکردن بە زانینەوە-، هەروەکو خواى گەورە دەفەرموێت: {فَذُوقُواْ بِمَا نَسِيتُمۡ لِقَآءَ يَوۡمِكُمۡ هَٰذَآ إِنَّا نَسِينَٰكُمۡۖ وَذُوقُواْ عَذَابَ ٱلۡخُلۡدِ بِمَا كُنتُمۡ تَعۡمَلُونَ}[السجدة: 14]، واتە:{کەواتە (سزای دۆزەخ) بچێژن، چونکە گەیشتن بە ئەم ڕۆژەتان لە بیرکرد بوو بە ڕاستی ئێمەش ئێوەمان لە بیرخۆمان بردەوە وسزای بەردەوام بچێژن بەھۆی ئەوەی دەتانکرد -لە دونیادا-}. پاشان خواى گەورە قسە لە گەڵ بەندەیەکی تر دەکات، پاشان پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- وەکو کەسی یەکەم باسی ئەو نمونانەى کرد سەبارەت بە نیعمەتەکانى خواى گەورە لەسەر ئەو کەسە ودانپێدانانى ئەو کەسە وبەهەمان شێوەى یەکەم کەس وەڵامدەداتەوە وخواى گەورە هەمان وەڵامی دەداتەوە وەکو وەڵامدانەوەى بۆ کەسی یەکەم. وپاشان خواى گەورە قسە لەگەڵ کەسی سێیەم دەکات، وهەمان شتی پێ دەفەرموێت، وئەم کەسە دەڵێت: ئەی پەروەردگار باوەڕم بە تۆ وکتێبەکەت وپێغەمبەرانت هێنا، ونوێژم کرد وڕۆژووم گرت وخێرم کرد، وبە چاكترین شێوه چەندە بتوانێت ستایشى خۆی دەكات، پەروەردگار لێرەدا دەفەرمووێت: (كەواتە لێرەدا ڕاوەستە): واتا ئەوەندە بەسە کە ستایشی خۆتت کرد؛ بۆ ئەوەى کردەوەکانت پێ نیشان بدەین وشاهێدی لەسەرت بدەن، پاشان پێی دەووترێت: ئێستا شاهێدەکانت بۆ دەهێنین، کەسەکە بیردەکاتەوە لە نەفسی خۆیدا، ئایا ئەمە کێیە شاهێدی لەسەرم دەدات؟! خواى گەورە مۆر لەسەر دەمی دەدات وناتوانێت قسە بکات وبە ئەژنۆ وگۆشت وئێسکەکانى دەووترێت: قسە بکەن، بۆیە ئەژنۆ وگۆشت وئێسکەکانى قسە دەکەن، (ئەمەیش بۆ ئەوەی بیانووی بۆ نەمێنێت): واتا ئەم ئەندامانە دێنە گۆ بۆ ئەوەى عوزر وبیانووی بۆ نەمێنێت لە نەفسی خۆیدا بەهۆی زۆری تاوانەکانیەوە وشاهێدی دانى ئەندامەکانى لەسەری؛ وهیچ بیانوویەکی بۆ نامێنێت، وئەم بەندەیە دووڕووە (مونافیقە)، ئەو كەسەيە كه خودا لێی توڕە دەبێت.
لە ئەبی هورەیرەوە -ڕەزای خوای لێبێت- کە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «خودا نەوەد ونۆ ناوی هەیە، هەرکەسێک لەبەریان بکات دەچێتە بەهەشتەوە، وخودا تاکە (ویترە) وتاکی خۆشدەوێت».
بوخاری و موسلیم هاوڕان لەسەریخوداى گەورە نەوەد ونۆ ناوی هەیە هەرکەسێک لەبەریان بکات؛ ئەوا دەچێتە بەهەشتەوە، ووتراوە: ماناى لەبەرکردن ئەوەیش دەگرێتەوە کە باوەڕی بەم ناوانە هەبێت وکردەوە بە ئاماژەکانی ئەم ناوانە بکات، وگوێڕایەڵ بێت بە پێی ئاماژەی هەرناوێک لەم ناوە پیرۆزانە، ونزا بکات بە وتنەى ئەم ناوە مەزنانە، ولەم فەرموودە ئاماژە بەوە کراوە کە نەوەد ونۆ ناو هەیە لە وقورئان وسونەتدا بە دەق هاتووە، ماناى ئەوە نییە خودا ناوى تری نییە جگە لەم ژمارەیەی کە باسکراوە بەڵکو ئەم ناوانە باسکراوە چونکە بەناوبانگترین ناون و واتاکانیان ڕوونن، وئەمیش وەکو بۆ نمونە ووتنی: زەید سەید درهەمی داناوە بۆ خێرکردن، ماناى ئەوە نییە کە درهەمی تری نییە جگە لەو بڕەیە، بەڵکو ماناى ئەوەیە ئەوەندەی داناوە بۆ خێرکردن، وبەڵگەش بۆ ئەم شیکردنەوەیە فەرموودەی ئیبن مەسعودە کە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: ( «أسألك بكل اسم هو لك، سميت به نفسك، أو أنزلته في كتابك، أو علمته أحدا من خلقك، أو استأثرت به في علم الغيب عندك») واتە: (داوات لێدەکەم بە هەمو ناوێکت، کە ناوت لە زاتی مەزنی خۆت ناوە، یان لە کتێبەکەتدا داتبەزاندووە، یان فێری یەکێک لە بوونەوەرەکانت کردووە، یان لە زانستی غەیبدا -نەبینراودا- لای خۆت پاراستووتە)، ئەم فەرموودەیە بەڵگەیە لەسەر ئەوەى کە خودا هەندێک ناوی هەیە لە کتێبەکەیدا داینەبەزاندووە ولای خۆیەتی وبوونەوەرەکان نایزانن. هەروەها -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: (وخودا تاکە -ویترە-): واتا خودا تاکە وهیچ هاوەڵ وشەریکێکی نییە. (وتاکی خۆشدەوێت): واتا فەزڵی بە تاک بەخشیووە چونکە خۆشی دەوێت بۆیە زۆربەى پەرستنەکان ودروستکراوەکان تاکن بۆ نمونە پێنج نوێژی فەرز، وحەوت جار تەواف کردن بە دەوری کەعبەدا، وزۆر کردەوە هەیە کە سونەتە سێ جار ئەنجامبدرێت، ودروستکردنی حەوت ئاسمان وحەوت زەوی وڕۆژەکانى هەفتە حەوتن وجگە لەمانەش.
لە ئەبی هورەیرەوە -ڕەزای خوای لێبێت- کە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «لە دەروازەکانى مەدیندا هەندێک فریشتە هەن، بۆیە نە تاعون ونە دەجال ناتوانن ڕووی تێبکەن».
بوخاری و موسلیم هاوڕان لەسەریلەم فەرموودەیەدا پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- باسی ئەوە دەکات لە فەزڵەکانى مەدینە ئەوەیە کە هەندێک فریشتە لە دەروازە وڕێگاکانى مەدینە هەن کە دەیپارێزن، بۆیە نە تاعون* ونە مەسیحی دەجال ناتوانن ڕوو لە مەدینە بکەن وبچنە نێو ئەو شارە پیرۆزە. *(تاعون: نەخۆشی وپەتایەکە کە زۆر بە خێرایی بڵاو دەبێتەوە وخەڵکێکی زۆر دەمرن بەهۆیەوە)